ناونیشانی بابەت: خۆ ئامادەکردن بۆ چاوپێکەوتنێکی سەرکەوتوو
ئامادەکردن: #وەهاب حەسیب محەمەد#
دەستپێک: ساڵانی ڕابردوو جیهان گۆڕانکاری گەورە و سەرنجڕاکێشی بە خۆیەوە بینی، وەک دەرکەوتنی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، خانەنشینی زۆرەملێ، ئاڵووگۆڕی زانیاری و ڕکابەری سەرسەختانەی نێوان کۆمپانیا بازرگانێکان. هەموو ئەو هۆکارانە هەلی کاری جۆراوجۆریان ڕەخساند دەرئەنجامەکەشی دەرکەوتنی شێوازێکی تازەی دامەزراندبوو، لەم نێوەندەشدا گەنجان و دەرچووانی ڕشتە جیاوازەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەپێناو بە دەستهێنانی پارویەک ناندا ئاستەنگ و ئاریشەی جۆراوجۆریان بۆ درووست بوو. تەنانەت کۆمپانیا بە ناوبانگەکان ناچاربوون بەرپرسی بەشی سەرچاوە مرۆیەکان ڕابسپێرن لە کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان کاری دامەزراندن لە ئەستۆ بگرن. زۆرجار خوێندکار لە بواری ئەکادیمیادا سەرکەوتوو بووە، بەڵام ناتوانێت لە جێگایەک دابمەزرێت یاخود شوێن خۆی بیکاتەوە، چونکە ناتوانێت بە شێوەی پێویست خۆیی بناسێنێت. کۆمپانیاکانیش لەنێوان داواکارو ئەو (CV) یی خراواوەتە بەردەستیان هەوڵدەدات باشترینیان هەڵبژێرێت.
لەم نووسینەدا هەوڵدەدرێت، ڕێکارە زانستی و واقعێکان بخرێتە بەر دیدەی داواکار چۆن بۆ چاوپێکەوتنێکی سەرکەوتوو ئامادەباشی بکات، چونکە مەرج نییە کەسەکە گشت ئەو لێهاتوویی و شارەزایانەی تیادا بێت کە دڵخوازی خاوەن ئیشەکەیە، بەڵکوو گرنگە بتوانرێت بە گونجاوترین شێوە خۆی بناسێنیت لە کاتی گتووبێژدا برەو بە توانا و لێهاتوویەکانی بدات بەشێوەیەک مایەیی ڕەزامەندی خاوەنکار یان خاوەن دامەزراوەکە بێت.
مەبەست و ناساندنی چاوپێکەوتن: چاوپێکەوتن گفتوگۆیەکی زارەکییە لەنێوان نوێنەری بەڕێوەبردن لە ڕێکخراوەکەداو پاڵێوراو یان ئەو کەسانەی پاڵێوراون بۆ ئیشکردن ڕوودەدات بۆگەیشتن بەم ئامانجانە.
1. دڵنیابوون لە گونجاوی ئەو کەسەی کە بۆشوێنکاری بەتاڵ لەڕێکخراوەکەدا پاڵێوراوە ئەوەش بە هاوتای تواناکانی پاڵێوراو لەگەڵ داواکاریەکانی کارەکەدا.
2. دوای ئەوەی بەشێوەیەکی گشتی زانیاری پێویست دەربارەی ڕێکخراوەکە ڕادەستی پاڵێوراو دەکرێت چاوەڕێی دەکرێت پاڵێوراو ئارەزووی ئیشکردن لە ڕێکخراوەکەدا پیشان بدات.
3. درووستکردنی کەشێک لەنێوان ڕێکخراوەکە و پاڵێوراودا کە لێکگەیشتن و خۆشەویستی باڵی بەسەردا کێشابێت بەشێوەیەک هانی پاڵێوراو بدات بۆئیشکردن پاشئەوەی دادەمەزرێت.
پێویستیت بە کارە: خوێندنت تەواوکردووە یان شوێنکارەکەت بەجێهێشتووە یاخود لە ئیشەکەت مەرەخەس کرایت و پێویستت بەکارێکی نوێ هەیە، شایەد هۆکار گەلێکیتریش لەو نێوەندەدا بوونیان هەبێت، خاڵی سەرەتا پێویستە بەوردی ئەو کارە دەستنیشان بکەیت کە هەوڵی بە دەستهێنانی دەدەیت، نابێت بە زۆر بێت یان بە خواهیشیت پەلاماری هەموو هەلی کارێک بدەیت، شایەد لە دۆزینەوەی هەلی کاردا بەخت یاوەرت بوو، بەڵام کارەکە تاقەتپڕوکێن بوو، یاخود لەگەڵ زەوق و سەلیقەی تۆدا نەدەگونجا، چونکە لە مێژە گوتراوە: هەوڵبدە کارەکەت ئارەزووە دڵخوازەکەت بێت، چونکە هەرگیز ناتوانیت بۆ دووەم جار ئیشبکەیت، چۆن؟ گەنجێکی خاوەن بە هرە لە بەشێکی ” پەیوەندی گشتی” کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکاندا “بانک” کاریدەکرد، ئیشەکەی خۆشدەویست و داهێنەر بوو لە بوارەکەدا، لەتەک سەردانیکەراندا، دەم و لەفز شیرین و خۆشخۆان بوو سەرباری ئەو بوارانە کەسێکی داهێنەرو شارەزایەکی دیاری بواری کۆمپیوتەریش بوو، دواتر هەلێکی ڕاهێنانی لە زانکۆی “هارفارد” بۆ هەڵکەوت و بەشی دیزانی هەڵبژارد، کاتێک گەڕایەوە لە کۆمپانیایەکی وڵاتەکەیدا و لە بواری نەخشەسازیدا دەستبەکاربوو، ڕۆژانە تووشی ئاریشە و ئاستەنگی نوێ دەبووەوە، ڕۆژێک بریاریدا کارەکەی یەکلایبکاتەوە، لە کۆتاییدا بڕیایدا بگەڕیتەوە هەوارەکۆن، چونکی کارەکەی لا خۆشەویستبوو، پارەش هۆکارێکی ناوەندی بوو نەک سەرەکی.
گەڕان بە شوێن ئیشێکی دڵخوازدا: هەنگاوی دووەم، گەڕانە بەشوێن کارێکدا کە ڕاحەتی دڵ و گیان بێت، لێرەدا هەوڵدانە بە شوێن ئەو کەس و لایەنەی بتوانێت شارەزایی، توانا و کارامایەکانی تۆ بگرێتە خۆی و هاوکات گەشەیان پێ بدات. داواکار لەم جێگانەدا دەست بەگەڕان دەکات:
أ. ڕۆژنامە، گەڕان بەناو ڕۆژنامەکاندا، ڕۆژنامە ڕۆژانە و هەفتانەکان و هەڵدانەوەی پەڕەی بانگەشە و ڕیکلامەکانیان.
ب. گۆڤارەکان، بەتایبەت ئەو گۆڤارانەی گرنگی بە بابەتی کاردەدەن و لیستی جێگا بەتاڵەکان و هەلی کار دەخەنە بەر چاوی خوێنەرانی.
ج. ئینتەرنێت: ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت سیخانخن بە بابەتی کارو دامەزراندن، چون لەوێدا خاوەن کار و دەستی کار هەرتک هەڵوەدای دابینکردنی پێداویستێکانیانن.
د. گفتوگۆو ڕاگۆڕینەوە: شایەد دۆست، خزم و ناسراو لە میانە گتووبێژو قسەکردندا هۆکارێکبن بۆ دۆزینەوەی کار و هەلی کار، بە تایبەت ئەو کەسانەی لەتەک دامەزراو ڕێکخراوەکاندا دەست و پەنجە نەرم دەکەن.
ها. کۆمپانیاکان: کۆمپانیاگەلێکن کۆشش و خەباتی ئەوان گەڕانە بە دوای شارەزایی و لێهاتوویی خاوەن بەهرەکان، لەم بوارە دەکریت لەتەک (CV) دا شارەزایی وتوانستی خۆت بۆ لایەنی بەرانبەر بەیان بکەیت.
د. پۆست یان Email پاشئەوەی کۆمپانیای یان شوێنکاری دڵخوازی خۆتت دەستنیشانکرد و بڕیارتدا لە بەرژەوەندی کاربکەیت، ئەگەر بنکەو بارەگەیان لە شارەکەت یان شارەدێیەکی دەوروبەر هەبوو دەتوانیت لە ڕێگای پۆستەوە ژیننامەی خۆتیان بۆ بنێریت، شایەد دەست پێشخەرێکەت ڕەد بکرێتەوە یان کۆمپانیاکە ڕەزامەندی لەسەر داواکاریەکەت دەرببڕێت.
CV یان زانیاری کەسی: گەڕان بەشوێنکاردا پێویستی بە نووسین و ڕێکخستنی ژیننامەی داواکارە، چونکە داواکار لە CV دا گشت چالاکییە کەسی و پیشەیەکانی ڕێکدەخات. سەرباری ئەو ئامانجانەی لە بواری پیشەییدا بە دەستی هێناوە، باشترە ژیاننامە سەرچاوەیەکی زانیاری بێت بۆ خاوەنکار، پێویستە CV گشتگتیر بێت و بەشێوەیەک وێنای خۆیبکات کە کەسێکە خاوەن بەهرەیە، هەروەها قەناعەت بە لایەنی بەرانبەر بکات، بۆ نموونە دەنووسێت: خۆشحاڵم لە کۆمپانیا، دامەزراوە و ڕێکحراوەکەتان کاربکەم، لە ئێستادا لەپاڵ CV نووسراودا دەکرێت بە دەنگ و ڕەنگیش (فیدیۆ) ژیاننامە بۆ لایەنی بەرانبەر ڕەوانە بکرێت، باشترە ماوەی گرتە ڤیدۆیەکە لە یەک خولەک زیاتر نەبێت، بە گشتی نابێت ژیاننامە تولانی و بێزار کەر بێت، پێویستە کوورت و پوخت بێت.
خۆئامادەکردن بۆ چاوپێکەوتن: بەر لە چاوپێکەوتن، پێویستە بەشێوەیەک خۆت ڕێکبخەیت تا لەکاتی دیدەنێکەدا بەشێوەیەکی زۆرباش دەربکەویت، پێویستە لە بەرچاوی لێژنەکە جێگای بایەخ بیت، لەم قۆناغەدا گرنگە پەرۆشیت تەنیا بۆ کارەکە پیشان نەدەیت بەڵکۆ بۆ کۆمپانیا، گارگەو شوێنکارەکە دەربخەیت. بۆ نموونە شایەد شوێنکاری داهاتووت بانک بوو، پێویستە زانیاریت لەسەر دامەزراوەکە هەبێت، یاخود دەرمانخانەیەک بوو گرنگە کەڵک و تایبەتمەندی بەرهەمی ڕکابەرەکان بزانێت.
ئەو زانیاریانەی پێویستن بۆ داواکار لەسەر کۆمپانیا یان کارگە: زانیارێکان تەنیا پەیوەستنین بە ژمارەی بەشەکان، شوێنکاری کارمەندان و قازانج و زەرەری ڕێکخراوەکە، بەڵکە پێویستە لەسەر پەیکەری ڕێکخراوەکە، ژمارەی کارمەندان، ڕکابەرە سەرەکییەکان، بەرهەم و خزمەتگوزارە سەرەکییەکان و ژمارەی نووسینگەکان و…هتد زانیاری لە کن بێت. دەکرێت ئەم زانیاریانە لە ڕێگای هەمیشە کڕیار، ڕکابەرەکان و بەشی پەیوەندی گشتییەوە بەدەستبهێنرێت.
ئەو زانیاریانە پێویستن بۆ داوخوازیکار لەسەر کاری داهاتووی: ئەو بانگەشەی کە داواکار لە ڕێگایەوە داواکاری پێشکەشکردووە، ئەرک و مافەکانی ئەو شوێنکارە بەتاڵەی تیادا دیاریکراوە، هاوکات پێشبینی کۆمپانیاکە بەرانبەر داوخوازیکار خراوەتە ڕوو. پێویستە ژیننامە و گتووبێژەکانت گونجاوبن لەتەک پەرۆشیت بۆ کارەکە.
=KTML_Bold=لێرەوە ئاشنا دەبیت بەم لایەنانە:=KTML_End=
•ناوی کارو و شوێنکاری داهاتووت.
•بەرپرسیاریتی کارەکەت.
•پێداویستێکانی ئیشکردن.
• پەریکەری ڕێکخراوەکە.
دەربارەی چاوپێکەوتن: هەوڵبدە هەموو زانیاریەک لەسەر گشت ئەو چشتانە بە دەستبهێنیت کە پەیوەستن بە دیدەنێکەوە. چون یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر خۆت ئامادەبکەیت.
•ناو، پلە و پایەیی ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنت لەتەکدا دەکەن.
•شێوازی ئەو پرسیارانەی ڕووبەڕووت دەکرێنەوە.
پرسیارە چاوەڕوانکراوەکانی چاوپێکەوتن: پێویستە ئامادەباشی بکەیت بۆ چاوپێکەوتن و پرسیارە چاوەڕوانکراوەکانی، وەک ئەو شارەزایی و لێهاتوویانەی کە دەستپێکی گشت دیدەنیەکن، بیربکەرەوە لەو زانست و لێهاتوویانەی ئەو کارە پێویستییەتی، دەکرێت هەموو پرسیارە چاوەڕوانکراوەکان و بابەتە گرنگەکانی دیدەنێکە تۆماربکەیت، هاوکات بیر لە خراپترین پرسیاربکەرەوە کە ڕووبەڕووت دەکرێتەوە. ئەگەر توانیت بە سەر ئەم ئاستەنگەدا سەرکەویت ئەوا وەڵامی پرسیارەکانی تر بە ئاسانی دەدرێتەوە. لەم بوارەدا دەکرێت چاوپێکەوتنێکی گریمانەیی لەتەک ڕاوێژکارێک لە بواری دامەزراندا یان کەسێکی خانەوادەکەت بکەیت، تەنانەت دەتوانیت لە بەردەم ئاوێنەیەکدا لەتەک خۆتدا بکەویتە گتووبێژ، پرسیارەکانیش لەم خاڵانە تێناپەڕێت:
1. کەسایەتیت: ئەم پرسیارە لە زۆربەی چاوپێکەوتنەکاندا ڕووبەڕووی داواکار، لێرەدا هەوڵبدە ڕاستگۆیانە بپەیڤە، زیادە ڕەۆیی مەکە و خۆت بەکەم مزانە “نرخ و بایەخی خۆتت لە بەرچاو بێت” پرسیارەکانیش زیاتر پەیوەستن بە توانستی زانستی، چالاکییەکانت و ئارەزووەکانت لە داهاتوودا، بۆ نموونە قسەمان بۆ بکە دەربارەی لایەنی سۆزداریت، ئەوەی پەیوەستە بە ئیشەکەتەوە، کام خەسڵەتت زیاتر کاریگەریی لەسەر کارەکەت هەیە، باشترین هەڤاڵت چۆن باستدەکات، باشە ئەی خراپترین مێمڵت کو وەسفت دەکات؟ و …هتد.
2. چی پێشکەشی کۆمپانیا، ڕێکخراو و دامەزراوەکەمان دەکەیت؟ پێویستە باسێکی تولانی بخەیتە بەرچاویان وەک یارمەتیی و دەستگرتن لە کاتی کاردا بۆ شوێنکارەکەتی دابیندەکەیت، چیت بۆ سەرکار و خاوەنکاری پێشووت کردووە، ڕوونیبکەیتەوە هەبوونی تۆ بۆ ئەوان چەند گرنگە، چۆن دەتوانیت دەستباریان بیت لە کارکردندا، لێردە دەتوانیت بپرسیت: پێویستیان بە چییە، پێداویستێکانی کارەکە چیین؟ دەکرێت بەشێوەی چیرۆک ئامێز و حیکایەتخوان سەرنجی لێژنەی چاوپێکەوتن بۆ گفتووکە ڕابکێشیت، بۆ نموونە نوێنەری فرۆش پێویستە کەسێکی کۆمەڵایەتی بێت و توانای مامەڵەکردنی لەتەک کەسایەتییە جیاوازەکاندا هەبێت، گشت دامەزراوەیەک بیرۆکەی تایبەتی هەیە، دەکرێت وەڵامەکانت بە شێوەیەک بێت هەستبکەن کەسێکی گونجاو لەباری بۆ شوێنکاری داهاتوو.
=KTML_Bold=بۆچی گەرەکتە پەیوەندی بە کۆمپانیا، کارگە، ڕێکخراوو دامەزراوەکەمانەوە بکەیت؟=KTML_End=
پێویستە پاساوی لۆجیکی و ڕاست دەربارەی کارکردنت یان گواستنەوەی ئیشەکەت بۆ ئەو شوێنکارە بخەیتە بەرچاو و دەستی لێژنەکە پاساوەکەش دەبێت هەڵگۆزراوی لێکۆڵینەوە بێت دەربارەی ئەو شوێنکارە و هۆکارانەی پاڵنەرن بۆ ئیشکردن لە جێگایەدا شایەد پرسیارەکان بەمشێوەیە بێت:
1. هۆکار چی بوو ئەو کۆلێژەت هەڵبژارد بۆ خوێندن بۆ نموونە کۆلێژی بازرگانی، کار و …هتد.
2. کام بواری فێرکردنت دەتوانیت لەم کارەدا جێبەجیبکەیت؟
3. ئەو خولانە چین تیاندا بەشداربوویت و بۆ ئەمکارە سوودیان لێ دەبینرێت؟
4. دەربارەی چالاکییە کەسییەکانی تر قسەمان بۆ بکە و …هتد.
هەوڵبدە وەڵامەکان تێکەڵ مەکە یاخود سەرو خواریان مەکەرەوە، بۆ نموونە ئەگەر پرسیاری وازهێنانیان لە کاری پێشووتکرد، هەوڵبدە وەڵامەکە لۆجیکی و باوەڕهێنەر بێت، لەو بارەوە دەبێت نیازی پاکی خۆت بەجوانی ڕا دەستیانی بکەیت. پێویستە ئەوان دڵنیابن کە تۆ ماوەیەکی زۆر لەتەکیاندا کاردەکەیت و دەمێنیتەوە، بۆ نموونە کەسێک دیدەنی لەتەک بەرپرسی سەرچاوە مرۆیەکانی کۆمپانیایەکدا کرد، ئەگەرچی کەسێک زیتەڵ، شارەزای بوارەکە و جێگای باوەڕبوو، بەڵام وەریان نەگرت، بۆچی؟ چونکە لە ماوە دە ساڵدا هەشت شوێنکاری گۆڕیبوو.
5. باسی بارودۆخێکی دژوارمان بۆ بکە، چۆن زاڵبوویت بە سەریدا؟
6. چی ئەزموونێکت هەیە؟ ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی گەلێک خوێندکار دەبێتەوە، تووشی بێ هیوایی دەکات، مرۆڤ چۆن دەبێتە خاوەنی ئەزموون ئەگەر دەرفەتێکی بۆ نەڕەخسا بێت. ئەزموونیش بە گوێرەی کات و تێپەڕبوونی کەڵەکە دەبێت، ئەمکارە نەعەیبە و نە خەوش، ئەگەر داواکار کارا، ماندوونەناس بێ و بتوانێت بەزوویی فێربێت، ئەوکات ئەم ئاستەنگە لەمپەڕێکی دژوار نییە، پێویستە لێرەدا تێڕوانینێکی بە هێز لای خاوەنکار و دەستەی بەڕێوەبەر بەجێبهێڵدرێت.
خاڵە بەهێزەکانی داواکار لەم دۆخەدا بریتین لە دەستپێشخەری، توانای شیکاری ئاریشەکان، گیانی تیپ و بڕیاردان کە هەر خاڵێکیان کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆیی هەیە و پێویستن بۆ دوای دەستبەکاربوونی داواکار لە شوێنکارەکەی.
ڕۆژێک بەر لە چاوپێکەوتن: ڕۆژێکی گرنگە، چونکە خۆئامادەکردنە بۆ ڕۆژانی داهاتووی گرنگتر، لەم ڕۆژەدا داواکار ئامادەباشیدەکات بۆ کۆمەڵێک پرسیار و گریمانەی چاوەڕواننەکراو، پێداویستێکانی ئەو ڕۆژە بریتبن لە:
1. دڵنیابوون لە گشت ئەو بەڵگانەی بۆ ئەو دیدەنییە گرنگن، وەک بڕوانامەی زانستی ددانپیانراو، بانگهێشتی چاوپێکەوتن، دراوی پێویست بۆ هاتوچۆو … هتد
2. پێاداچوونەوە: دووبارە تەواشاکردن و تاوتووێی ئەو بەڵگەنامە و پێداویستیانەن کە بۆ چاوپێکەوتن کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، بۆ نموونە دەعوەتنامەی چاوپێکەوتنەکە و …هتد.
3. کوورت کردنەوە و ڕێکخستنی سەرو سیما: پێویستە لە کاتی چاوپێکەوتندا بە جوانترین شێوە دەربکەویت، ئەمکارەش پێویستی بە کوورت کردنەوەی قژ و ڕدێن یاخود تاشینییان هەیە.
4. جلوبەرگ: پێویستە ئەو پۆشاکەی لەو دیدەنییەدا دەیپۆشیت بە جوانترین شێوەتیادا دەربکەویت، دڵنیا بە لە خاوێنی پێڵاوەکان و ڕێکپۆشیت.
5. خواردنی ئێوارە: دەبێت ژەمی شێوان کەمخۆری تیادابکەیت، بۆ ئەوەی لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا تووشی هیچ دژواریەک نەبیت، ئەگەر میوە بێت باشترە، هاوکات ئەگەر شەرابخۆربیت باشترە ئەو شەوە پارێزی ئەو خواردنەوەیە بکەیت، تاوەکوو سبحەینێ گورج و گۆڵ و چالاک بیت، پێویستە شەو زوو سەر لە سەرین بکەیت.
چۆن خۆت بۆ چاوپێکەوتن ئامادە دەکەیت: یەکەم تێڕوانین گرنگە، هۆکارێکی یەکلاکەرەوەیە لە بە دەستهێنان یان لە دەستدانی هەلی کار، گرنگە لە یەکەم تێڕوانینیدا بە شێوەیەکی جوان بکەویتە بەرچاو، ئەوکارەش پەیوەستە بە دیمەن و ڕێکپۆشی داخوازیکارەوە، بۆ نموونە کەسێکی جوان پۆش لە یەکەم تێڕوانیندا پەیامی کەسێکی سەرکردە و گورجووگۆڵ دەخاتە بەرچاوی لێژنەی چاوپێکەوتن، بە پێچەوانەوە کەسی شڕپێوو ناڕێک وێنای مەردمێکی هەڕەمەکی و ناڕێک دەخاتە بەر دیدەی لێژنەکە. چونکە بەمشێوەیە وێنەی پیشەییی خۆت ناشیرین دەکەیت و وەک کەسێکی سست و تەمبەڵ دەردەکەویت.
لە پەیامێکدا Silent Messagesکە Albert Mehrabian نووسیوێتی: 55% ی یەکەم نیگا دەکەوێتە سەر ڕێکپۆشی و قیافەت. لە ڕاپرسیەکدا “1250” کەس تیادا بەشداربوون، ئەوان کەسانێک بوون لە لێژنەی چاپێکەوتن و دامەزرانددا بەشدارییان کردبوو، ئاماژەیان کردبوو کە 75% بڕیاری دامەزراندن لەلایەن خاوەنکارەوە پشت ئەستوورە بە قیافەت و ڕێکپۆشی، هاوکات “8% بۆ 20%” جیاوازی کڕێی کارکردن دەکەوێتە سەر هەمان هۆکار.
جوانپۆشی و ئامادەکاری: زۆرجار لە تەنیشتمانەوە کەسانێک وێستاون یاخود دانیشتوون بۆنی زاریان گەنیاو ناخۆشبووە، چەندێک تۆڕەو قەڵسی کردوویت، چی تێڕوانینێکی ناشیرینت لە مەڕ ئەو مەردمە بۆت درووست بووگە، پێچەوانەکەش ڕاستە، چونکە ڕێکپۆشی پیشاندانی سیمای دەرەوەی مرۆڤە بە جوانترین شێوە، هاوکات باوەڕ بە خۆبوونی لێ دەبارێت. شایەد ناخۆشی هەناسە و جەستە هۆکاربن خاوەنکار جێگای دیدەنێکە بە جێبهێڵێت.
زۆر خواردنی ڕۆهەڵاتی و ڕۆئاوای بە سیرو پیاز ئامادە دەکرێت پێویستە خۆمانی لێ بە دووربگرین. لە کاتی دیدەنیدا نووخان، قژ و پێست بە شێوەیەکی پاک و خاوین دەربکەون، بۆ نموونە شیاو نییە لە شوێنکار قژ و پرچ بەربدرێنەوە بە تایبەت لە دوکانی ئاڵووگۆڕی دراو، بۆ ئافرەت پرچیان دەبێت لە ئاستی شانیان درێژتر نەبێت، تەنانەت پیاوان دەبێت ئاگاداری مووی زیادەبن تەنانەت بە سەر گوێچەکەکانیانەوە و ڕێکیان بخەن. هەروەسا مووی زیادەی برۆ، زولف “خنافس” ڕێکخستنەوەی نینۆکەکان لە بیر نەکرێت. هاوکات پلک و خاوێنکردنەوەی ددانەکان پێویستن، چونکە ڕوو خۆشی و زەردەخەنەش لەو نێوەندەدا کارێکی سیحراوی دەکەن. پێویستە شێواز و چۆنێتی لە بەرکردنی پۆشاکیش ڕەچاوبکرێت، واتە لە گشت ڕوویەکەوە پۆشاکەکانت گونجاو و تەواوکاری کەسایەتیبن، بۆ نموونە پێویستە گۆرەوی شین لەتەک شەروال دوولەنگە” ی شیندا لە بەربکەیت و بەو شێوەیە.
بۆئافرەتانیش ئەو هۆکارانە گرنگن بۆ نموونە نابێت لە کاتی چاوپێکەوتندا تەنوورەی کوورت، یاخود پۆشاکی تەنک لە بەربکات، هاوکات پێویستە توانای گونجاندنی ڕەنگەکانی هەبێت تا بە شێوەیەکی تایبەت دەربکەوێت. پێویستە لەو دیدارەدا قاپ قاپە لە پا ناکەت و پێڵاوی تەخت هەڵبژێرێت، خشڵی زۆر و بەرچاوی نەکات بە خۆیدا، بە گشتی دەبێت داخوازیکار بەشێوەیەک بکەوێتە بەرچاو کە شاد و کامەرانە، نەک دلتەنگ و ڕا ڕا.
=KTML_Bold=“ڕۆژی چاوپێکەوتن”=KTML_End=
1. بەر لە جێهشتنی ماڵ دڵنیا بە لە گشت ئەو بەڵگەنامانەی پێویستن بۆ چاوپێکەوتنەکە، هاوکات گرنگە پاک وخاوێن بیت، چونکە خۆشۆرین بارسوکی بۆ جەستە و متمانە بۆ گیان درووست دەکات، باشترە خواردنێکی سووک بخۆیت، زۆری خۆری کێشەیە، شایەد تووشی ئینتەلات بکات، تاشت نەکردنیش ئاوەزی مرۆ تێکددات، بۆ ئەوەی لە قەڕەباڵغی ڕێگاو بان بە دووربیت، گرنگە چلوو پێنج خولەک بۆ کاژێربەر لە چاوپێکەوتن لە جێگای داواکراو ئامادە بیت.
2. پێویستە بەر لە پازدە خولەک ئامادەبیت، کارمەندی پێشوازی بە گەیشتنت ئاگادار بێت، چونکە لێژنەی چاوپێکەوتن خۆشیان لەو کەسانە نایەت تاوێک دوا دەکەون و بە هەناسە سواری خۆیان دەگەیەنە لێژنەکە، بەگشتی هەوڵبدە بە جوانترین و باشترین شێوەدەربکەویت.
3. دواکەوتن نییە لە ڕۆژی دیدەنییدا تەنیا بەم پاساوانە نەبێت:
أ. نەخۆشکەوتن.
ب. ژینئاوایی کەسێکی خانەوادەکە.
ج. هۆکاری چاوەڕواننەکراو. لە کاڵفامی داخوازیکار ئەوەیە لێژنە ئاگادار نەکاتەوە بە نەهاتنی لە وادەی دیاریکراودا.
=KTML_Bold=جۆرەکانی چاوپێکەوتن:=KTML_End=
ڕێکخراوەکان لەوڵاتاندا بەچەندین شێوازی جیاجیا چاوپێکەوتن وەک هۆکارێک بەکاردەهێنن بۆهەڵبژاردنی باشترین پاڵێوراو بۆشوێنکار یان جێگابەتاڵەکان لەوانە:
1. چاوپێکەوتنی سەرەتایی: زۆرێک لەڕێکخراوەکان بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری سەرەتایی ئەمجۆرە چاوپێکەوتنە دەکەن، تا لەداهاتوودا کار لەسەر ئەو زانیارانە بکرێت، گریمانەی ئەوەش هەیە ئەوکەسەی دیدەنی لەگەڵدا دەکرێت دابمەزرێت.
نەریت وایە ئەوکەسانەی دیدەنی سەرەتایی ئەنجام دەدەن ئەو کارمەندانەن کە پێشوازی لەمیوانەکان دەکەن یان سکرتێرەکانن، چاوپێکەوتنەکەش لەڕێگای چەند پرسیارێکی زارەکییەوە دەبێت و کارەکە بەوە کۆتایی دێت پاشان داوا دەکرێت دامەزراوو (موچف) پەیوەندی بەکارەکەیەوە بکاتو ئەو ئیشە جێبەجێبکات کەدەخرێتە ئەستۆی.
2. چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو: لەم شێوازەدا ڕووبەڕووی تەنیا کەسێک دەبیتەوە، ئەو گشت پرسیارەکانت لێ دەکات، زۆربەی جار ئەو کەسە دەسەڵاتی تا ئەندازەی دامەزراندە، ئاریشەی ئەمجۆرە دیدەنییە ئەوەیە وەرگرتنی داخوازیکار پەیوەستە بە ڕاو بۆچوونی ئەو کەسەوە.
3. چاوپێکەوتنی لێژنە: زۆرجار ئەم لێژنانە لە سێ کەس پێکدێت و هەرسێکیان داخوازیکار دەدەنە بەر دەمڕێژی پرسیار، زۆربەی کات بە هەمائاهەنگی لێژنەکە پرسیارەکان ئامادە کراون، ئەم جۆرە لێژنانە لە بارن بۆ داخوازیکار ئەگەر شوێنکاری بە تاڵ هەبێت، یاخود کارمەندێک لە ئان وساتی مەرەخەسەیدا بێت. شایەد لە کاتی دیدەنێکەدا کارەکتەرەکان هەریەک بە شێوازێک دەربکەون، چون؟ بۆ نموونە کەسێکیان کارەکتەرێکی سادەو دەم و لەفز شیرین و لەسەرخۆ بێت، دووەمیان قسە ڕەق و ناخۆش، ئەوی تریان ڕقاوی و تووڕە بێت، لێرەدا پێویستە وەڵامەکانی داخوازیکار خێرابن، تۆڕەیی و هەڵچوونی داخوازیکار دەرنەخەن. بۆ نموونە لە کاتی چاوپێکەوتن خانمێک پرسیاری شوێنی نیشتە جێبوونی لێ کرابوو لە وەڵامدا گوتبووی خەڵکی کەلکەتام، چەند شوێنکی پیس و ناخۆشە، وەڵامی ئەندامێکی لیژنەکە!
هەڵژاردنی داواکار بەمشیوازە یارمەتیی نوێنەران دەدات بەبڕیارێکی لۆژکیانە کارەکەیان تەواوبکەنو باشترین داواکار دەست نیشان بکەن، زۆربەی کات نوێنەرانی ڕێکخراوەکە کەسێکیان سەرۆکایەتی لێژنەکەدەکات و دواتر لەکرداری دامەزراندا ڕای سەرۆک ئیشی پێ دەکرێت.
4. چاوپێکەوتنی ناو بە ناو: ئەمجۆرە چاوپێکەوتنە کۆمپانیا و دامەزراوە فرە ڕەگەزەکان پێی هەڵدەستن، لەلایەن چەند کەسێکەوەو پیادەدەکرێت و هەر یەکێکیان مەبەستێکی تایبەتی هەیە و بە دوو شێواز پیادە دەکرێت:
أ. حەوت کەس لە کۆتایی ڕۆژدا سەرنج و تێبینێکانیان لەسەر کەسەکە تۆماردەکەن و دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت.
ب. دوورخستنەوە، واتە ئەو کەسە لەلایەن یەکێک پلەو پایەیی لەو کەمترە تاقیدەکرێتەوە ئەگەر توانی لەو ئاستەنگانە دەربازبێت، ئەوکات کۆمپانیا یان دامەزراوەکە حساوی تایبەت بۆ ئەو کەسە دەکات، لە کۆتاییدا دەگات بە سەرۆکی لیژنەکە، بە نموونە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی “دلە البرکە” دەڵێت: کاتێک داوای دامەزراندنم کرد کاژێر 9:30 سبحەینیانیان بۆ دیدەنیەکە دیاریکرد، بەڵام سعات 4:30 ئێوارەی گەیشتنە شوێنی مەبەست و کاتژمێر 8:00 شەو چاوپێکەتنیان لەتەکدا کردم. بە ڕاستی کاری قوورس و گران بوو.
5. چاوپێکەوتن بە شێوەی زنجیرە: ئەمجۆرە دیدەنییە کاتێک ڕوو دەدات کۆمەڵێک کەسی زۆر داواکاری بۆ شوێنکارێک پێشکەش دەکەن، لێرەدا بەرپرسی سەرچاوە مرۆیەکان سەرپەرستی ئەمکارە دەکات، بە شێوەیەکی سرووشتی کارمەندانی سەرچاوە مرۆیەکان هەڵدەستن بە پاکتاوکردنی ئەو کەسانەی شیاوی ئەو کارە نین، پاشان لە ڕێگای دانانی خاڵەوە کەسە باشەکان جیا دەکرێنەوە تاوەکوو بەڕێوەبەر تاقیان بکاتەوە، لەمشێوازەدا لە بەرژەوەندی ڕێکخراوەکەدایە لە یەککاتدا چاوپێکەوتن لەگەڵ گشت داواکاراندا بکات، «بەرژەوەندیەکە بریتییە لە هەڵبژرادنی داواکاران» ئەگەر ژمارەیان ڕێگە بدات، یان داواکاران دابەشبکرێن بۆچەندین گرووپی بچوک و پرسیاری دیاریکراویان ئاڕاستە بکرێت، یەکێک لە ئاستەنگەکانی ئەم شێوازە ئەوەیە کاتێکی زۆر دەبات، یاخود ئەندامانی لێژنەکە کەسانی بە توانا و گونجاو نەبن.
لە ئەنجامدا بەشێک لە ئەنجامی کارەکەیان پێچەوانە دەبێتەوە وەک قانعی شاعیر دەڵێت: کا دەخاتە بەردەم … و گۆشتیش دەداتە ئەسپ.
6. چاوپێکەوتنی شەوان: بە سرووشت ئەم دیدەنییە پاش نانخواردنی ئێواران لە یانەیەک یان چێشتخانەیەکدا دەکرێت، لێرەدا زیاتر پایە و جێگای داخوازیکار ڕەچاو دەکرێت، چونکە زیاتر ئەمجرە کەسانە خاوەن پلەو پایەن، هەندێجار پێشتر لەمەڕ ئیشەکە لێکگەیشتنێک لەنێوان هەردوو لادا هەبووە.
7. چاوپێکەوتنی حەرەمی زانکۆ: زیاتر کۆمپانیا زەبەلاحەکان ئەمجۆرە چاوپێکەوتنانە ساز دەکەن، کاتێک مەبەستیان بێت پوختەی داواکارێکانیان لە کەس و خوێندکاری لێهاتوودا بدۆزنەوە، لێرەدا سەرەتا ناوی کەسەکان دیاریدەکرێت و دواتر بە شێوەی گونجاو چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت.
8. چاوپێکەوتنی دڵنیایی کە کۆمەڵێک پرسیاری چاوەڕواننەکراو ڕووبەڕووی داخوازیکار دەکرێتەوە، لێرەدا لایەنی بەرانبەر گەرەکێتی پەرچەکردار و فشاری داخوازیکاری بۆ دەرکەوێت، ئەمجۆرە دیدەنییە لەکاتی جەنگی جیهانی دووەمداو لە ڕێگای حکوومەتی ئەمریکاوە سەریهەڵدا، لەم چاوپێکەوتنەدا فشار دەخرێتەسەر داواکار کەنهێنی کارەکەی بپارێزبێت، بەتایبەت ئەوکارانەی پەیوەندیان بەئاساییشی دەوڵەتەوە هەیە. تایبەتمەندی ئەمجۆرە چاوپێکەوتنانە لەوەدایە کەنوێنەری ڕێکخراوەکە لەڕێگای پرسیارەکانەوە فشار دەخاتە سەرداواکارو دەیخاتە حاڵەتی بەرگرییەوە، چونکە پرسیارەکان شێوازی ڕەخنەگرانە لە خۆدەگرێت، بەشێوەیەک داواکار تووشی هەڵچوون وروژاندن دەکاتو دەیخاتە دۆخێکەوە بەرگری لەخۆیی بکات، ئامانج لەبەکارهێنانی ئەم پرسیارانە هەڵبژاردنی کەسانێکە کە زۆر ڕوو بەڕووی ئەو بارودۆخانە دەبنەوە. لەکۆتایدا کەسانێک دەست نیشان بکرێن زیاتر توانای بەرگری ودان بەخۆدا گرتنیان هەبێت.
9. چاوپێکەوتن لەسەر هەڵوێستێک: شێوازەکەی بەمجۆرەیە، ڕێکخراوەکە ئاریشەیەک یان پڕۆژەیەکی دیاریکراو دەخاتە بەردەست پاڵێوراو، داوا لەپاڵێوراو دەکرێت بەشێوەیەکی زانستی چارەسەری کێشەکە یان گفتوگۆی پڕۆژەکە بکات.
10. چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەوکەسانەی ڕێکخراوەکان بەجێ دەهێڵن: لەمجۆرە دیدەنیەدا ڕێکخراوەکە هەوڵدەدات لەوهۆکارانە تێ بگات دامەزراوە «موچف» کانی ڕێکخراوەکە دەست بەرداری ئیشەکانیان دەبن، ئەوبڕیارانە کاریگەریان لەسەر ڕێکخراوەکە دەبێت، لەبەرئەو هۆکارانە لەڕێگای ئەمجۆرە چاوپێکەوتنەوە هەوڵدەدرێت زانیاری پێویست بۆ لێکۆڵینەوەو شیکاری لە هۆکارەکانی وازهێنان بەدەست بهێنرێتت هەروەها لە ڕێگای ئەوزانیارانەوە لەپلانە جیاوازەکان و بەهای ڕێکخراوەکە تێ دەگەن، کەڕێکخراوەکە کردویەتی بە بنەمایەک بۆ بەڕێوەبردنی کەسەکان.
بە هەر مەبەستێک دیدەنێکان پێکبهێنرێن لێکۆڵینەوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە پێویستە دوو بنەما لە چاوپێکەوتنەکەدا هەبێت تا ئەنجامی درووست بەدەستەوە بدات ئەوانیش (خۆڕاگریو ڕاستگۆییە) ، بەخاتری ئەو هۆکارە ئەوکەسانەی بۆ چاوپێکەوتن دیاریکراون، هەڵبژاردن و ڕاهێنانیان بۆ جۆری دیدەنێکە، چۆنێتی ئامادەکردنیان بۆ چاوپێکەوتنو پرسیارەکان، دیاریکردنی ئامانجو ئەوشوێنەی دیدەنێکەی تیادا ئەنجام دەدرێت، گشت ئەو هۆکارانە یارمەتیدەرن لە سەرکەوتووی کرداری هەڵبژرادنی کەسەکان، لە کۆتایدا دەرکردنی بڕیار لەدەستنیشانکردنی گونجاوترینیان لەنێوان ئەوانەی خواستیانە لە ڕێکخراوەکەدا ئیشبکەن. [1]