ناونیشانی بابەت: لە شەقراوێ لۆ نەمسای بەشی پێنجەم
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
$شەڕەشەق و ژیانی بەغدا$
لەبەر خاتری فێربوونی مۆسیقای، خۆم تووشی ژیانەکی زۆر زەحمەت و پڕ دۆخە کرد، خۆ ئەمن دەمتوانی لە جێیەکی حکوومی بی یا ئەهلی بە معاشەکی کەمیش بی تەعین بم، بەران ئەمن حەزم دەکرد هەموو سارێ هاوینان بچمۆ شەقراوێ (#شەقڵاوە#) چونکە هاوینی بەغدایێ گەلە گەرم بوو. باجەکەشی ئەوە بوو دەبوو هەر کوەکی بی پارەی کرێ و خواردن و جلک و بەرگ و قەرەم و دەفتەرم پەیا کردبا، لەگەر ئەوەش تەلەبەکی زیرەک بووم و زۆر دەمخیند و تەمرینم دەکرد.
لەو شەش سارەی خیندنێ جێ نەما نەکەم، سارەکی لە خانیەکی دووقاتی کۆنی بەغدایێ، وەکی خانیەکانی تەمسیلی (تەحتە مووس ئەلحەلاق) ی حاجی ڕازی، دوو سێ مارێ تێدابوون لەوانە ماری خار قادری ڕەحمەتی و خزمەکان و لەوێ ژوورەکم بە پارەکی کەم بەکرێ گرتبوو لە نزیک جادەی (کیفاح) مەنتیقەکەش ناوی (ئەبوو دەو دەو) بوو، مەنتیقەکی شەعبی و پیس کۆڵانەکانی بۆگەنیی لێ دەهات، بە هەموان یەک ئەدەبخانە هەبوو ئەویش دەبوو سڕەی لۆ بگری هەر بەبەر نەدەکەت، ئەوجا چ بۆنەکی ناخۆشی لێ دەهات، هەر لێی گەڕێ!
لە سەری کۆڵانەکەی مەتعەمەکی گچکۆکە هەبوو پەتاتەی لە ڕوونی سۆر دەکردەوە، هێلکەی لە ڕوونی دەکرد، چونکە زۆر هەرزان بوو، ئێواران هەر بەبەر نەدەکەت، ئۆندەم لەوێ پەتاتە و هێلکە خوارد هەتا تووشی حەساسیەی لەشخورانێ بووم، هەنکە کە فیکری لێ دەکەمۆ، دەرێم هەر باش بوو بە ساغی دەرچووم.
لەوێ کوڕەکم لێ پەیا بوو ناوی (حسێن نۆشە) بوو، موتڕیبەکی شەعبی بوو ئەمنی بە بەلاش دەبردە حەفلەی ژنهینانێ، شەوەکی ئەمنی بردە حەفلەکی مەنتیقەی (سەورە) ئێستا (حەی ئەلسەدر) ی پێ دەرێن، کاکە بووە شەڕە دەبانجە، سەربان و سەربان هەراتین، هەر باش بوو گولەکمان پێ نەکەت، پاش هەنگینێ ترسام ڕۆژەکی لە تڕی سەی بچین و بە بەلاش بکوژرێین، بە هەزار ناری عەلی، هەتا خۆم لێ قوتار کرد و لە مەنتیقەکەش هەر بارمکرد.
سارەکی هەر لە مەنتیقەی (سەورە) ی ژیام، پاش ئەوەی لەگەر کوڕەکی عەرەب تەعاروفم کرد کە لە وزاڕەتی سەقافە و شەباب ڕەزام بوو، بە ماتۆڕی کاغەزی دەهێنا مەعهەدی و دەیبردە جێی دیکەش ، ئەو گۆرانیی دەگۆت و حەزی دەکرد فێرە عوود بی لۆیە ئیتیفاقم لەگەری کرد، مقابلی ئەوەی کە فێری عوود و مۆسیقای بکەم، ئەو غورفە بەتارەی قاتی سەرێم بداتێ! ئەو وەختی هەندە شتەم نەبوو، عوودەکەم بوو لەگەر هەندەک جلک و بەرگی هەر بە ماتۆڕی گواستمانەوە.
هەندەک جار لە پشت ماتۆڕەکەی سوار دەبووم و لە گەری دەچوومە دەوامێ. بابی کوڕەکەی تڕێلەی هەبوو لە خەتی مابەینی بەغدا و هەولێری ئیشی دەکرد، ڕۆژەکی کابرا بە سۆراغ ماری بابم دەبینتەوە و دەبیتە مێوانیان و پاش ئەوەی پێیان دەرێ ئەمە غورفەکمان لە بەغدایێ دایتە ڕزگاری کوڕتان، ئەوانیش زۆریان پێ خۆش دەبی و لەسەر وەزعی مادی خراپیان، خواردنی لۆ حازر دەکەن و شەویش هەر لەوێ دەمینێ و لەگەر داک و باب و مام و خوشک و برایەکانم کە بە هەمووان یەک غورفەیان هەبوو، دەنوی و هەر جارێ دێتە هەولێرێ ماری مە دەکاتە فندەق بەلاش خواردن و نووستن .
هەتا ڕۆژەکی بابم قسەی لەگەر کردم و باسی کرد، ئەمنیش زۆر توڕە بووم! گۆتم ناکا کابرا بەنگۆی گۆتبی، غورفەمان دایتە ڕزگاری بە بەلاش، بابم گۆتی لۆ پارەی غورفەی دەدەی؟ گۆتم نا پارەی نادەم، بەس هەموو ڕۆژێ دەرسی موسیقای پێ دەرێم بە بەلاش و موقابیلی وەی غورفەیان دایتە من. بە بابم گۆت ئەگەر ئەو جارە هات ڕووی مەدەنێ، با بچتە ئوتێلی.
وەختی مامم مەسەلەکەی زانی، گۆتبووی لۆ من لێی گەڕێن، ئاخر جاری کە هاتبووە مارمان، مامم هەتکی کردبوو پێی گوتبوو ئەرێ ئەتوو شەرمێ لە خۆت ناکەی، داناوەشێی خۆت کردتە یەکەک لەمە نە دەمانناسی و نە دەتناسین دێی لێرە لە ماری برام دەخۆی دەنووی خۆت پان دەکەیەوە، ئەمن برای ویمە، شەرمەزارم کە لە یەک غورفەی لەگەریان دەنووم! دەرێن کابرا لەو ڕۆژیوە سەری شۆڕ دەکا و دەڕوات و نایبیننەوە.
هەتا دەهات لە بەغدایێ شارەزاتر دەبووم و خەرکم زیاتر دەناسی، ئەوەی لەکنم عەنتیکە بوو، هاوینان کە تەلەبەی مەعهەدی یا ئەو خەرکەی لە بەغدایێ دەمناسین لە بۆ سیاحەی دەهاتنە شەقراوێ، ئینتیزاریان دەکرد جێیەکی باشیان لۆ پەیا کەین و مساعەدەیان بکەین، بەران لە بەغدایێ خۆیان غەشیم دەکرد کەئەنەهو هەر ناشمان ناسن!
کوڕەکم دەناسی بابی لە (شاڕع ئەلبەنات - ئەلنەهڕ) دوکانی جلک و بەرگی ژنانی دەفرۆشت، ڕۆژانی جومعە کە دەچووە جەماعەتێ، یان ئیشی دائیرەی هەبا ئەمن و کوڕەکەی ئاگامان لە مغازەکەی دەبوو، هاوینەکی هاتنە شەقراوێ، ئەمن ڕەزەکی هەرزانم لە نزیک ماری خۆمان لۆ گرتن، زۆر مەمنوون بوو بەران گۆتی قەروێلەی نووستنێی تێدا نییە و ئەمەش فێر نەبووینە لەسەر عاردی بنووین، ئەگەر بتوانی لۆمان پەیا بکەی بە چەندەکی بوو موشکیلە نییە، ئەمنیش مەسەلەکەم بە بابم گۆت و ئەویش گۆتی باشە قەروێلەکانی مەی لۆ ببە، ئەمنیش بە قسەم کرد و لە بۆم بردن، ئەمە 10 ڕۆژی ڕەبەق، هەموو لەسەر عاردی نووستین، دووایێ بە مەشیان نەگۆت، گەڕابوونەوە بەغدایێ...[1]