ناونیشانی بابەت: کولتووری لێبوردن
ئامادەکردن: #وەهاب حەسیب محەمەد#
کولتووری لێبوردن؛ ببوره، من هەڵە بووم
لە مێژە گوترایە؛ مرۆ هەرچییەک بێت شیری خاوی خواردووه، گووفتار و کردارەکانی ڕەنگدانەوەی دەورووبەرن، ئەوانیش بەرمەبنەمای پەروەردەی خێزانی و کۆمەڵگەن، لەبەرانبەردا؛ توێژینەوەیەک لە زانکۆی “کۆلۆمبیا” لە “ئەمریکا” دا کراوە دەریخستووە 90% ئەو بیرۆکانەی ڕۆژانە بە مێشکی ئادەمزادا گووزەر دەکەن، یان وەک غایلە دەردەکەون ڕەنگدانەوەی دەورووبەر و پەروەردەی باوانن و بەکەڵکی ئەمڕۆنایەن، سەرچاوەی زۆرێک کێشە و ئالەنگارێکانن لەتەک دەورووبەردا، بە واتایەکی دیکە دەورووبەری ئادەمزاد بە نەفامی پیرۆز تەنراوە، چەندێک زۆرن ئەو کەسانەی قوربانی نەفامی پیرۆزی ئایین، بیروباوەڕ و کولتوور و …هتد. لە کاتێکدا گشت ئایینەکان داوای لێبوردن و سینە فراوانی دەکەن لە پەنای ئەم بیرۆکەیەدا، کەم نین ئەو بیرمەندانەی بە ناوی ئایینەوە تا ئاستی غافڵکوژی چەوسێنراونەتەوە.
هەروەسا، ئەو تاوانانەی بە نێو نەتەوە و نیشتمان پەروەرییەوە کراون و دەکرێن کەمترنین لە نەفامی ئایینداران، ئاخر ئەوانیش بە نێوێکی دیکە ئایینپەوەرن، هاوکات تەواشای ستەمی کۆمەڵایەتی بکە و ئەوجا لە گژ فکران ڕاچۆ، دەبینیت ستەم لێکراو دەکەوێتە نێوان چەندین جۆر دژوارییەوە بێ ئەوەی خەتایەکی کردبێت! لەبەرانبەردا دامەزراوەی ئایینی و نەتەوایەتی ئامادەنین داوای لێبوردن بکەن، بەمجۆرە هەندێجار نەفامی و بڕێجاریش مێژوو بە هەڵەیدا بردووین، ئەو بیرۆکە و داب و نەریتانە کە بۆخۆیان لە خەیاڵێک زیاتر نەبوون و لێمان کراون بەڕاستی ڕەها. بۆ ڕزگاربوون لەم ئاستەنگانە پێویستە بە ناخی خۆمان و دەورووبەرماندا ڕۆبچین، سەرەتا بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە داوای لێبوردن لە خۆمان بکەین، تا بۆ داهاتوو بە چاوێکی تیژ، دڵێکی پاک مەژگێکی ساخڵەمەوە مامەڵە بکەین و ناتەواوێکانی ژیانمان ڕێکبخەین.
بۆ نموونە کاتێک یاریزانی گۆڕەپان و مەیدانی ئەمریکی (ماریۆن جۆنز) ی (21) ساڵ فرمێسک بە چاوەکانیا هاتە خوارێ و وتی؛ خۆم، خانەوادەکەم و هاندەرەکانم سەرشۆڕکرد من داوای لێبوردن دەکەم! ئەم دەستەواژەیە لە زۆر کۆمەڵگە و دەوڵەتاندا کارێکی باو و دیار نییە، دوای ئەوەی ددانینا بە بەکارهێنانی ماددەی وەزە بەخشدا، (ماریۆن جۆنز) مەدالیایەکی ئاڵتوونی و دوو مەدالیای برۆنزی گەڕاندەوە بۆ لێژنەی ئۆڵمپیادی ئوسترالی کە لە ئۆڵمپیادی (سیدنی) ساڵی 2000 بە دەستی هێنابوو، پاشان لیژنەی ئۆڵمپیادی ئەمریکی داوای لێبوردنی لە هاو شێوەکەی لیژنەی ئۆڵمپیادی ئوسترالی کرد و وتی؛ داواکەی جۆنز بۆ هەموو بەرپرسان و وەرزشەوانان و بەشدار بووانی “ئۆڵمپیادی سیدنی” ڕاستگۆیانە و خۆبەکەم زانانە بوو. کۆمەڵگە دیموکراتییەکان پوختەی ئەزموونی مرۆڤایەتین، لەزۆرکاردا کاتێک تەماشایان دەکەیت، درووستبوونیان چەندین سەدەی خایاندووە، سیاسەتمەداران، بیرمەندانن ڕۆشنبیران بە خۆراگری و پێداگری کۆمەڵگەکەیان گەیاندۆتە ئەو ئاستە، کاتێک بە هێمنی تەماشای زۆر لایەنی ئەو کۆمەڵگەیانە بکەین و بمانەوێ بەهێواشی شوێن پێیان هەڵبگرین و دەبینین زۆرێک دەستپێشخەری نموونانەمان وهلادا خستووە، کە ئەم بەهایانە لە ناو کۆمەڵگەکانماندا بڵاو بکاتەوە. لە کۆمەڵگە دیموکراتێکاندا، لە هەموو بوارەکانی ژیان و کاری ڕۆژانە و سیاسەتدا هۆشیاری لێبوردن بەربڵاوە، داوای لێبوردن لەو کۆمەڵگەیانەدا کە درووست بوونیان ساڵەهای خایاندووە لە ڕۆشنبیریاندا قووڵاییەک یان ڕابردوو بۆ داوای لێبووردن هەیە. داوای لێبووردن بریتییە لە؛ هەستێکی بەرزی بەرپرسیارانە، هەستکردن بە تاوان و پەشیمانی، ئەم کارە بریتییە لە چڵە پۆپەی ڕابەرایەتی دەروون بە سەر کۆت و بەند دا. لە بەر ئەوە زۆر شت لەو کەسە وەردەگیرێتەوە کە داوای لێبوردن دەکات.
داوای لێبوردن؛ هەندێکجار هەڵبژاردنێکی گرانە، چونکە پێویستی بە هەڵوەستەیەکی ڕاستگۆیانەیە لەگەڵ خود، کاتێک داوای لێبوردن دەکرێت پێشینەیەک لە هەستی مرۆڤایەتی تیا درەوشاوە بێت و بە ئازاری مرۆڤانەدا تێپەڕ ببێت. شایەد ئەو ژانە زیاد لە دەیان ساڵی گەرەک بێت ببینە سەرۆکی پێشوی حکوومەتی ئوسترالیا (جۆن هوارد) بۆ ماوەی زیاد لە (10) ساڵ ئامادە نەبوو دان بە تاوانەکەیدا بنێت، دەرهەق بە دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو وڵاتە کراوە. تا سەرەک وەزیران (کیفن ڕاد) هاتوو بە و پەڕی بوێرییەوە لە بەردەم پەڕڵەمانی وڵاتەکەیدا دانی بە تاوانەکەدا ناو وتی؛ ئێمە بە داخین بۆ ئەو ئێش و ئازار و نەهامەتییانەی کە دووچاری نەوەکانی ڕابردووی وڵاتمان هات، ئێمە بەرپرسیاری هەموو نەهامەتییەکانین. بە داخەوە لە ناو زۆر وڵات و گەلاندا ئەم ڕۆشنبیرییە کارێکی نادیار و نامۆیە، بگرە هەندێک نکوڵی لێ دەکەن و بە ڕۆشنبیرییەکی دۆڕاوی دەزانن، یان کەسانێک ئامادەن گیانیان بسپێرن، بەڵام داوای لێبوردن نەکەن وەک سەرانی ڕژێمی پێشو و بەگشتی و (عەلی حەسەن مەجید) بەتایبەتی، کاتێک دادگا پرسیاری کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی دێهاتەکانی کوردستانی لێکرد، وتی؛ من هەڵەم نەکردووە! وەک ئەوەی بەرپرسانی ڕژێمی پێشوو فریشتەبن، یاخود کۆمپیتەرئاسا کارەکانیان هیچ هەڵەیەک و بەوپەڕی وردەکاریەوە جێبەجێکردبێ؟ بێگومان لیستی وڵاتانی سێیەم، بۆ گەندەڵی لیستێکی ناوازەیە، بەشێک لە هۆکارەکانی بیرنەکردنەوە و پیادەکردنی کاری هەڵە و کاری تاک ڕەوانەیە لە ڕاپەراندن و جێبەجێکردنی کارەکان بەهەموو جۆر و شێوازەکانێوە. بەڵام لە کۆمەڵگە پێشکەوتووکاندا؛ گەورە و بچوک دەزانێت چۆن داوای لێبوردن دەکات (ببوەرە من هەڵەم، داوای لێبوردن دەکەم) ئامادەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی هەڵەکانێتی.
چۆنێتی دەربڕین و بەکارهێنانی دەستەواژەی لێبووردن کاریگەریی گەورەی لەسەر مرۆڤ و لابردنی ڕق و کینە لە ناخیدا هەیە، هەندێجار داوای لێبوردن کاریگەریی گەورە لە سەر بەرژوەندی وڵاتیش دادەنێت، وەک ئەوەی کەمینەی سپی پێست لە ئەفریکای باشوور داوای لێبوردنی لە ڕەش پێستەکانی ئەو وڵاتە کرد، کە زۆرینەی وڵات و دانیشتووانی ڕەسەنی ئەو وڵاتەن، ئەنجامەکەی ئەوە بوو، گەورەترین بەندی ئەو وڵاتە (نیلسۆن ماندیڵا) کە (27) ساڵ لە زیندان بوو، لە کۆتایدا بوو بەسەرۆک کۆمار و لەو وڵاتەدا کۆتایی بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی هێنا. پێویستە ئێمەش لەسەر ڕابردووی خۆمان هەڵوەستەیەک بکەین، ئاوڕێک لە کارو بڕیارەکانمان بدەینەوە، بەراوردێک لەنێوان درووست و نادرووستدا بکەین، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت سەرەتا بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە داوای لێبوردن لە خۆمان بکەین و بتەکانی ناخمان بشکێنین، دواتریش بەئاشکراو لە ڕووناکیدا دان بەهەڵەکانماندا بنێن و بتوانین داوای لێبوردن بکەین. [1]