ناونیشانی بابەت: شێخ مەحمود مەلیکی کورد
ئامادەکردن: #هۆشیار جەمال#
=KTML_Bold=ژیانی شێخ مەحمود=KTML_End=
زانستی شەریعەت و فیقە و داڕشتن و بنچینەی تەسەوفی خوێندووە و لە ساڵی 1904دا لەگەڵ شێخ سەعیدی باوکی سەردانی ئەستەمبوڵیان کردووە و چاویان بەسوڵتان عەبدولحەمید کەوتووە و ڕێزێکی زۆریان لێنراوە جگە لە زمانی کوردی زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی زانیوە.
=KTML_Bold=شۆڕشەکەی شێخ مەحمود:=KTML_End=
لە دەمە دەمی بڕانەوەی یەکەمین جەنگی جیهانی دا. کە نیشانەکانی شکانی تورک و سەرکەوتنی بریتانیا لە دەرکەوتندا بوو.هەلومەرجی شاری سلێمانی و دەوروبەری زۆر خراپ بوو، زۆری دوکان و بازاڕ و خان و خانو و کاروانسەرا و حەمام و مزگەوت و قوتابخانەکانی وێران بوبوون وەکوو هەندێ سەرچاوە ئەگێڕنەوە: لە 3 کەسی دانیشتووانی سلێمانی، 2 کەسی فەوتا بوون، تەنیا 1 کەسی بە زیندووی مابوو.
هێزەکانی بریتانیا خوارو ناوەڕاستی ئێراقیان گرتبوو، هەڵئەکشان بەرەو موسڵ هێزەکانی عوسمانی لە بەردەم پێشڕەوی ئینگلیزدا ئەشکان و ئەکشانەوە. شێخ مەحموود ناسراوترین کەسایەتی سیاسی و دەسەڵاتداری ناوچەی سلێمانی بوو. لە ساڵانی جەنگدا 2جار هێزی موجاهیدینی کوردی برد بوو بۆ بەشداری شەڕ. جارێکیان بۆ قۆڵی پێنجوێن بۆ بەرهەڵستی هێزی ڕووس و جارێکی تر بۆ بەرهەڵستی ئینگلیز لە شوعەیبیە.
شێخ مەحموود شارەزای زوڵم وزۆری کاربەدەستانی عوسمانی بوو. هەروەها پرنسیپەکانی وێڵسنی سەرکۆماری ئەمریکی سەبارەت بە سەلماندنی مافی ئازادی چارەنووسی گەلانی نەتورکی ناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بیست بوو.
کە هێزی ئینگلیز لە 7ی مایسی 1918دا گەیشتە کەرکووک، شێخ مەحمود نامەی بۆ نووسین، بەڵام هێزەکانی ئینگلیز لە 24 ی هەمان مانگدا لە کەرکووک کشانەوە. نامەکەی شێخ مەحمود، لەباتی ئەوەی بگاتە شوێنی مەبەست، کەوتە دەست تورک، لەسەر ئەوە شێخ مەحمودیان گرت و حوکمی ئیعدامیان دا. لەو کاتەدا باری تورک گلا بوو. لە ئیعدام کردنی شێخ مەحمود نەک هیچ قازانجێکیان نەئەکرد، بەڵکوو ئەبوو بەهۆی ناڕەزایی زۆرتری خەڵک لە تورک. عەلی ئیحسان پاشا، سەرکردەی لەشکری تورک شێخ مەحمودی بەخشی. کە کاربەدەستانی تورک سلێمانییان بە جێ هێشت، کاروباری ناوچەکەیان بە شێخ مەحمود سپارد.
ڕەوتی شەڕ وەکوو دیار بوو بە قازانجی ئینگلیز و دۆڕانی عوسمانی تەواو ئەبوو. لە 25ی تشرینی یەکەمی 1918 هێزی ئینگلیز گەیشتە کەرکووک. ئەگەرچی لە 31ی تشرینی یەکەمی 1918دا شەڕ لەنێوان عوسمانی و ئینگلیزدا ڕاگیرا. بەڵام هێزەکانی ئینگلیز بەرەوژور پێشڕەوییان کرد. لە 10ی تشرینی دووەمی1918 دا چونە ناو شاری موسڵەوە. بەمەش هەر 3 ویلایەتەکەی ئێراقیان خستە ژێر دەستی خۆیانەوە.
پاشان سەرۆک هۆزە کوردەکان کۆبوونەوەیەکیان کرد بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود بڕیاریاندا نامەیەک بە نوێنەرێکی تایبەتدا بنێرێت بۆ لای حاکمی ئینگلیز لە ئێراق و داواکردنی فەرمانڕەوایەتی کوردی لەژێر سەرپەرشتی بەریتانیادا بە کردەوەش ئەوە کراو نامەکە نێردرا بۆ کفری، درایە دەست ئەفسەرەکانی ئینگلیز و کاتێکیش نامەکە گەیشت بە فەرمانڕەوای سەربازی بەریتانیا سێر ئەرنۆڵد وێلسن لە بەغدا، ڕازی بوو لەسەر ناردنی مێجەرنۆئیل بۆ سلێمانی کە لە ساڵی 1918 کۆبوونەوەیەکی بەست کە پیاوانی ئایینی و سەرۆک هۆزەکان و پیاو ماقوڵانی شارەکە ئامادەی بوون تێدا بەناوی حکومەتی بەریتانیاوە شێخ مەحمودی وەک حکومداری گشتی هەموو باشووری کوردستان دەستنیشان کرد و مێجەر نوئێل-یش واتە خۆی وەک ڕاوێژکاری شێخ مەحمود دامەزراند، هەروەها چەند ئەفسەرێکی تری بریتانیش بۆ مەشقی لەشکر و کاروباری بەڕێوبەرایەتی لە سلێمانی دانران.
ستیڤن لۆنگریک لە پەڕتووککەیدا ئێراق لە 1900 – 1950دا لەبارەی فەرمانڕەوایی شێخ مەحموودەوە دەڵێت: “دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی شێخ مەحموود ناوچەکانی هەڵەبجە و سلێمانی تا دەگاتە ڕەواندزی گرتەوە و ماوەیەکیش کۆیە و ناوچەکەیشی سەربە میرییەکی شێخ بوون و بەدەیان سەرۆک خێڵی کوردی چوونە پاڵی و زمانی کوردی بووە زمانی فەرمیی میرییەکەی و فەرمانبەری لە کورد بەولاوە کەسی تر نەبوون. ئەم هەنگاوەی بریتانیا دو کێشەی لە دوای خۆی بەجێ هێشت کە هەتا ئێستاش گەلی کورد لە ئێراق دا بەدەستیانەوە گیری خواردووە:
کێشەی یەکەم: ئینگلیز وڵاتێکی بەناوی کوردستانەوە ناسی. بەڵام سنووری جوگرافیایی ئەو کوردستانە کوێیە؟
ئەوسا هیچ دەوڵەت، یا حکومەت، یا دامودەزگایەک هێشتا بەناوی ئێراقەوە نەهەبو، نە دامەزرابوو. کوردستانی جنوبی وەکوو ئەوسا پێی ئەوترا، بەشێکی لەسەر ویلایەتی موسڵ و بەشێکی لەسەر ویلایەتی بەغدا بوو. ئینگلیز شێخ مەحموودی بە حوکمداری کوردستانی جنوبی ناسی، بەڵام سنووری جوگرافییان دیاری نەکرد. شێخ مەحمود لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەریدا مایەوە، دەسەڵاتی حکومڕانی نە گەیشتە هەولێر و بادینان و گەرمیان.
کێشەی دووەم: ئینگلیز مافی گەلی کوردی لەسەر بنچینەی حوکمدار و حوکمدارێتی ناسی. بەڵام حوکمدار و حوکمدارێتی چییە و تەعریفی قانونی و سیاسی و بەڕێوەبەرایەتی ئەم زاراوانە چین؟.
ئینگلیز ئەم وشە نائاشنایانەی هێنایە کایەوە. لەکاتێکدا زاراوەیەکی لەو بابەتە لەقانونی دەستووری عوسمانی یان ئینگلیزیدا نەبوو.
ئەم دوو کێشەیە کە بوون بەهۆی تێکچونی پەیوەندی شێخ مەحمود و ئینگلیز و هەڵگیرسانی شەڕ و شۆڕش. دواتر لە هەموو گفتوگۆیەکانی کورد و حکومەتەکانی ئێراقدا ڕەنگیان دایەوە. سنووری جوگرافی کوردستان کوێیە و مافەکانی نەتەوەی کورد لە ئێراقدا، تەنیا ڕۆشنبیری و بەڕێوەبەرییە، ئۆتۆنۆمییە، فیدراڵی یە، یان کۆنفیدراڵی یە، بە دیاری نەکراوی مایەوە.
هەروەها ئەو کات پەیوەندییە دۆستایەتییەکانی نێوان بەریتانیا و فەرمانڕەوایەتی شێخ مەحمود تەمەنی درێژ نەبوو ناکۆکیەکان دەستیان بە دەرکەوتن کرد بە تایبەت دوای گواستنەوەی مێجەر نوئێل و دامەزراندنی مێجەرسۆن لە شوێنەکەی وەک ڕاوێژکاری حوکمداری کوردستان. ناکۆکیەکان توند بوون ئەویش کاتێک کە مێجەرسۆن دەستیکرد بە نانەوەی ئاژاوە و فێڵ و تەڵەکە لە دژی شێخ مەحمود و هەوڵدان بۆ کڕینی لایەنگری و پەیمانی ئاغاکان ودەسەڵاتدارە کوردەکان دژی شێخ مەحمود.
هەر بۆیە شێخ مەحموود هەستی دەکرد بەریتانیا بەدڵ لەگەڵ کورد نییە و وردەوردە لە پەیمان و بەڵێنەکانی، کە بە کوردی دابوون پاشگەز دەبێتەوە، بۆیە لە ڕۆژی 21ی مایسی 1919دا سەربەخۆیی دەسەڵاتەکەی ڕاگەیاند و مەحمود خانی دزڵی، کە کەسایەتییەکی بەهێزی ناوچەی هەورامان بووە شێخ داوای هاوکاریی کردنی لێ دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای ئینگلیز، ئەویش بە سوپاکەیەوە دێت و هاوکاری شێخ مەحمود دەکات سوپای ئینگلیز دەشکێنن و سلێمانی ڕزگار دەکەن لە دەستی ئینگلیزەکان. ئینگلیزەکانی لە سلێمانی و ناوچەکانی وەدەرنا و بەشێک لە ئەفسەرەکانی ئینگلیزیان بەدیلگرتن.
زۆری پێنەچوو ئینگلیزەکان هێزێکی چەکداری گەورە و گرانی خۆیان کۆکردەوە لە قۆڵی کەرکووکەوە بەرەو سلێمانی هاتن، هێزێکی شۆڕشگێری کوردی بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود لە تاسڵوجەی نزیک شاری سلێمانی بەرەنگاری بووە، شکستیان بە هێزەکەی ئینگلیز هێنا زیانێکی زۆری بەرکەوت لە کوژراو بریندار و دەستکەوتنی بڕێکی زۆر چەک و کەرەستەی جەنگی.
ئەم جەنگە لەنێوان هێزەکانی شێخ مەحمود و سوپای ئینگلیز بەردەوام بوو تا لە ڕۆژی 19/6/1919 کاتێک شەڕێکی مەزن لە دەربەندی بازیان لەنێوان لەشکری شێخ مەحموود و سوپای ئینگلیزدا ڕووی دا کە کەریم بەگی فەتاح بەگ چونە لای شێخ مەحمود و تکای کرد کە لەهیچ شوێنێکی دونیا دانەبوە مەلیک خۆی بچێتە شەڕەوە تکایە جەنابت بگەڕێرەوە بۆ سلێمانی شەڕەکە بە ئێمە بسپێرە ، چونکە تۆ وەک سەری میللەتەکە وایت، گەر سەرت کەلاشەت بکەوێ، ئەو دەمە لاشەش خۆی ناگرێ و شکست دەهێنین.
لەوەڵامدا شێخ مەحمود دەڵێت: (من هەربۆ ئەوە هاتووم چاوم لە بازووی شێرە کوڕانم بێت تا ببینم چۆن ئەم دەربەندە دەکەنە گۆڕ بۆ سوپاکەی ئینگلیز) .
کە سوپای ئینگلیز بە چەندین جۆر چەکی نوێ وەک تانک و فڕۆکە و تۆپ و یەک فیرقە هێزەوە لە کوردیان دەدا و لە ئەنجامی ناپاکی و خیانەتی هەندێک لە ئاغاکانی هەمەوەند هێزەکانی ئینگلیز پشتیان لە هێزەکەی کورد گرت و دوای شەڕێکی سەخت شێخ مەحمود لە پەنا بەردە قارەماندا بەبرینداری بەدیلگیراو گواسترایەوە بۆ کەرکووک و پاشان بۆ بەغدا و دادگای سەربازی فەرمانی لەسێدارەدانیدا، ئەگەر چی شێخ مەحمود ڕەتی کردووە دان بەوەدابنێت کە ئەو دادگایە شایستە بێت بۆ دادگای کردنی بەو پێیەی ئەو حکومداری کوردستان نەک ئینگلیز بەڵام دوایی بیریان لەوەکردەوە، گەر شێخ مەحموود بکوژرێ باری کوردستان پتر ئاڵۆز دەبێ و شێخیش دیلەکانی ئینگلیزی نەکوشتوون و هێرشێ نەکردۆتە سەر سوپای بەریتانیا، بەڵکوو لەباری بەرگری لە خۆکردندابووە، بۆیە بڕیاریاندا فەرمانی سزاکەی سووک بکرێ بۆ 10 ساڵ و دوور خرێتەوە بۆ هیندستان و پاشان گواستیانەوە بۆ وڵاتی کوێت.
لەپاش دوورخستنەوەی شێخ مەحموود لە سلێمانی، باری ئاساییشی کوردستان پتر تێکچوو، بۆیە بەریتانیا بیری لە هێنانەوەی ئەو پاشایەی کوردستان کردەوە بۆ دامرکاندنەوەی ئەو پەشێوییە، وابوو ئینگلیزەکان لەدوا دوایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 1922دا شێخ مەحموودیان هێنایەوە بۆ کوردستان و پێشوازییەکی گەرمی لێکراو ناوی نا پاشای کوردستان و لە مانگی تشرینی دووەمی 1922دا میرییەکی نوێ دامەزراند و میری بەریتانیا و مەلیکی ئێراق فەیسەڵی یەکەم دانیان پێدانا کە پێشتر چەندین کۆبوونەوە لەنێوان (شێخ مەحمود و وڵسن حاکمی ئینگلیز لە ئێراق و مەلیک فەیسەڵ) کرابووتابیەت بەو پرسە.
پاشان شێخ مەحمود دەستی بەدامەزاندنی کابینەی حکومەتەکەی کرد لە ڕێکەوتی 10/10/1922 پێکهات کە هەر ئەو ڕۆژە شاری سلێمانی بە پایتەختی حکومەتەکە ناسێنرا و شێخ مەحمود وتارێکی خوێندەوە، بەڵام شێخ مەحمود ئاواتی زۆر لەوە گەورەتری هەبوو هەر بۆیە پاش کەمتر لە مانگێک ناوی حکومداریەکەی گۆڕی و نازناوی مەلیکی کوردستان دانا، پاشان دەستی کرد بە پڕۆژەی ئاوەدان کردنەوەی شارە کوردییەکان، هەروەها ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە کە پێکهاتبوو لە (مانگێکی سوور و پارچەیەکی سەوز و لەگەڵ تاجێکی ڕەنگاوڕەنگ لەسەر ئاڵاکە. هەردوو حکومەتی ئێراقی و بەریتانی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردووە کە تێدا ڕایانگەیاند دان دەنێن بە مافی کورد و حکومەتەکەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراقدا.
=KTML_Bold=ناوی وەزیرەکانی حکومەتەکەی شێخ مەحمود.=KTML_End=
1/ شێخ قادری شێخ حەسەن - سوپاسالار.
2/ شێخ حەمە غەریب - وەزیری ناوخۆ.
3/ عەبدولکەریمی عەلەکە - وەزیری دارایی.
4/ مستەفا پاشای یاموڵکی - وەزیری مەعاریف (پەروەردە و ڕۆشنبیری) .
5/ شێخ عەلی ئەفەندی قەرەداغی - وەزیری داد و شەریعەت.
6/ ئەحمەد بەگی فەتاح بەگ - بەڕێوەبەری گومرگ.
7/ سەید ئەحمەد بەرزنجی - بەڕێوەبەری ئاساییشی گشتی (ئەمنی عام) .
شایەنی باسە لەو ماوە کەمەدا کە مستەفا پاشا وەزیری پەروەردە بووە، سەرەڕای نەبوونی داهات و کەمی مامۆستا، مستەفا پاشا توانی دوو قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی (مەحمودییە) و (قادرییە) لە سلێمانی درووست بکاتەوە.
=KTML_Bold=هەوڵدان بۆ کوشتی شێخ مەحمود.=KTML_End=
ئەگەرچی لە مانگی حوزەیرانی 1925دا ئێراق بە تەنگوچەڵەمەیەکی وەزاریدا تێ ئەپەڕی، یاسین هاشمی ئیستیقالەی ئەکرد و وەزارەتەکەی ئەڕوخا و وەزارەتێکی تازە لەسەر تەکلیفی مەلیک فەیسەڵ، بە سەرۆکایەتی عەبدولموحسین سەعدون تەشکیل ئەکرا. بەڵام دیارە ئەم ڕووداوانە کاریان لەو بڕیارە نەکردووە کە ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر داوای مەندوبی سامی بە دەستییەوە بووە.
=KTML_Bold=بڕیاری چوارەمی ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنی 13ی حوزەیرانی 1925دا:=KTML_End=
نووسراوی (ژمارە بی. نۆ/122ی 8ی حوزەیرانی1925) ی موستەشاری فەخامەتی مەندوبی سامی ئێراقی خوێندەوە سەبارەت بە تەرخان کردنی 100 هەزار ڕوپیە پاداشت (جائیزە) بۆ گرتن وە یا کوشتنی شێخ مەحمود و، کەریمی فەتاح بەگ و سابیری کوڕی. لەوە 60 هەزار ڕوپییەی بۆ کوشتن وە یا گرتنی شێخ مەحموود و 20 هەزار ڕوپیەش بۆ هەر یەکێ لە کەریمی فەتاح بەگ و سابیری کەریم بەگ. بۆ مەرجەی ئەو پارەیەی بۆ کوشتنی یەکێ لەو سیانە ئەدرێ چوار یەکی ئەو پارەیە بێ کە بۆ گرتنیان ئەدرێ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا ئەم پێشنیارە قبووڵ بکات”
=KTML_Bold=بریاری دووەمی ئەنجوومەنی وەزیرانی لە دانیشتنی ڕۆژی 30ی حوزەیرانی1925 دا:=KTML_End=
نووسراوی (بی.نۆ/151ی 19ی حوزەیرانی 1925) ی فەخامەتی مەندووبی سامی خوێندەوە. سەبارەت بە ڕاسپاردنی موفەتیشی ئیداری سلێمانی بۆ دانانی جائیزە بۆ ئەو مەبەستەی لە بڕیاری چوارەمی دانیشتنی 13ی حوزەیرانی ساڵی 1925 دا باس کراوە، بۆ کەسانێک جگە لە ئەفرادی هێزی ئاسووری. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا دەسەڵات بدا بە موفەتیشی ئیداری سلێمانی کە بۆ هەندێ کەسی هەڵبژێردراوی ڕون بکاتەوە کە ئەگەر ئەنجامی ویستراو بەهۆی ئەوانەوە بۆ جائیزەکەیان ئەدرێتێ بەو مەرجەی لە سنووری ئەو مەبلەغەدا بێ کە ئەنجوومەن لە دانیشتنی 13ی حوزەیرانی ساڵی 1925 دا موافەقەتی لەسەر کردووە”.
تەرخانکردنی 60 هەزار ڕوپیە بۆ گرتن وە یا کوشتنی شێخ مەحمود. لەبەر ئەوە بوو کە شێخ مەحموود سەرکردەی جووڵانەوەکە بووە لایان وا بوە بە لەناو بردنی ئەو جووڵانەوەکەیش تەواو ئەبێ. هی کەریمی فەتاح بەگ و سابیری کوڕیشی لەبەر ئەوە بووە تاوانبار بوون بە کوشتنی کاپتان بۆند و ماکانت کە دوو ئەفسەری ئینگلیزی بوون.
لەو کاتەدا سێر هێنری دوبس مەندوبی سامی بووە لە ئێراق. کاپتن لاین موفەتیشی ئیداری سلێمانی بووە، پێ ئەچێ نەیانویست بێ تەرخان کردنی ئەم جائیزەیە لەناو خەڵکدا بڵاو بکەنەوە. بەڵکوو ویستویانە لە ڕێگەی چەند کەسێکی هەڵبژێردراوەوە کارەکە ئەنجام بدەن، بەڵام سەرەڕای تەرخان کردنی ئەم پارە زۆرە نەیانتوانیوە کەسانێک پەیدا بکەن شێخ مەحمودیان بۆ بکوژێ.
=KTML_Bold=شێواندنی ناوبانگی شێخ مەحمود.=KTML_End=
دەسەڵاتدارانی ئینگلیز بۆ شێواندنی ناوبانگی شێخ مەحمود و زڕاندنی ناوی خۆی و لایەنگرەکانی، هێرشێکی پڕوپاگەندەی فراوانیان دەست پێ کردووە. لەلایەکەوە ژیان کەوتۆتە نووسینی وتار و لێدوان و لەلایەکی ترەوە بە تۆمەتی بەفیڕۆدانی پارەی شارەوانی داویانەتە دادگا.
=KTML_Bold=وشککردنی سەرچاوەکانی دەرامەتی شێخ مەحمود.=KTML_End=
شێخ مەحموود ئەرکێکی دارایی گەورەی لەسەر شان بووە، بەرپرسی دابینکردنی پێویستییەکانی ژیانی خێزانەکەی خۆی و هەموو چەکدارەکانی بووە، نە هیچ دەوڵەتێک هەبووە یارمەتیی دارایی بدا و نەخۆیشی دەزگایەکی دارای هەبووە ئەم کارە ئەنجام بدا. سەرچاوەی دەرامەتی بریتی بووە لە مڵکانەی زەویی و زاری گوندەکانی خۆی و لەو باجەی لە دانیشتووانی دێهات و خێڵە ڕەوەندەکانی کۆ کردۆتەوە.
هەر بۆیە بۆ بۆ بنبڕکردنی بزووتنەوەکە، ئینگلیز و ئێراق ڕێوشوێنی وشک کردنی سەرچاوەی دەرامەت و دارایی شێخ مەحموودی دانا. لە لایەکەوە بە زەوت کردن و دەست بەسەرا گرتنی هەموو موڵکەکانی خۆی و کوڕەکانی و هاوسەرەکانی و خوشکەکەی و لە لایەکی ترەوە بە ڕێگرتن لە کۆکردنەوەی باج و سزادانی ئەوەی باج ئەدا.
=KTML_Bold=خۆپیشاندانی بەردەرکی سەرا و شێخ مەحمود.=KTML_End=
ئەمجارەش بەریتانیا لەگەڵ کورد سەر ڕاست نەبوو، بەتایبەتی کە پەیمانی سیڤەر پووچەڵکرایەوە و لەشوێنی ئەو پەیمانی لۆزان لە 24-07-1923دا لەگەڵ تورکیا کەمالی مۆرکرا، دووبارە لە میریەکەی شێخ مەحموود درایەوە و ماوەیەک مەلیک مەحموود چووە چیای سوورداش و دوایی گەڕایەوە سلێمانی، بەڵام لە ساڵی 1924دا سوپای ئێراق بە پشتگیری تانک و تۆپ و فڕۆکەی بەریتانیا سلێمانی داگیرکرد و ئەندامی بەریتانیا خودموختاریشی بۆ کورد ڕەوانەبینی تەنیا ئەو مافەی دا بە کورد کە فەرمانبەرەکانی کوردستان کوردبن یا کوردی زان بن و زمانی کوردی بکرێ بە زمانی فەرمی لە ناوچەکەدا. ئەمەیش بە نامەیەکی فەرمی بۆ شێخ مەحمود ناردوە تێیدا نووسی لەوە زیاتر چیدیکەتان پێنادرێ.
بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەسەر ئەوەی مافی نەتەوەیی کورد لە پەیماننامەی ئێراقی-بریتانی دا باس نەکرابوو. خەڵکی سلێمانی بڕیاریان دا کە بەشداری لە هەڵبژاردنی دەورەی سێیەمی مەجلیسی نوابدا نەکەن. ئەو مەجلیسەی ئەبوو پەیماننامەکە تەسدیق بکا. بەڵام کاربەدەستانی بەریتانی و ئێراقی ئەیانویست هەرچۆنێ بێ ئەگەر بە ڕواڵەت و ڕوکەشیش بێ، هەڵبژاردن لە سلێمانی بکرێ.
ڕۆژی 6ی ئەیلولی 1930 کە ئەبو هەیئەتی تەفتیشیە لە سەرای سلێمانی دا کۆ ببێتەوە بۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنی مەبعوسەکانی سلێمانی، شاری سلێمانی خرۆشا، دوکان و بازاڕ داخرا و خەڵک لە بەر دەرکی سەرای سلێمانی کەوتنە خۆپیشاندان دژی هەڵبژاردن. لە ئەنجام دا بو بە تەقە، جەیشی ئێراقی بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکە تێکەڵاوی ڕووداوەکە بوو. دەیان کەس کوژران و دەیان کەس بریندار بوون و دەیان کەسایەتی ناسراوی سلێمانی گیران. ئەم ڕووداوە شێخ مەحمودی بزواند و لە گۆشەگیری دەرچوو، 3 ئەفسەری کورد: مەحمود جەودەت، حەمید جەودەت، کامیل حەسەن، ڕیزی جەیشی ئێراقیان بەجێ هێشت و دایانە پاڵ شێخ مەحمود.
شێخ مەحمود چەند نامەیەکی بۆ موفەتیشی ئیداری سلێمانی، مەندوبی سامی بریتانی لە ئێراق، کۆمەڵەی گەلان نووسی. داوای لێ کردن کە حکومەتی ئێراق لە زاخۆوە هەتا خانەقین چۆڵ بکات و دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لەژێر ئینتیدابی بریتانیا یا هەر یەکێ لە دەوڵەتە گەورەکان درووست بکرێ. کاربەدەستانی بریتانیا زۆر بەتوندی چونەوە بە گژ ئەم داوایانە و بە گژ شێخ مەحمودا.
دوا ڕاپەڕینی شێخ مەحموود لە دژی میری ئێراقی ژێر چاودێری بەریتانیا لەدوای شەڕەکەی بەردەرکی سەرای سلێمانی و کوشتنی دەستەیەک لەخۆپیشاندەران بوو، کە ئەو کاتە لەدیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە (پیران) دادەنیشت، کە هەواڵی ئەو ڕاپەڕینەی میللەتی زانی، هاتەوە پێنجوێن و ئەو ناوچەیەی ئازادکرد و پیاوماوقوڵی ئەو ناوەی کۆکردەوە و بە هەموویان لەسەر ڕاسپاردەی شێخی نەمر یادداشتێکی توندیان بۆ نوێنەری بەریتانیا لەبەغدا نووسی و داخوازییەکانی گەلی کوردیان تێدانووسی، کە بریتی بوون لە مانەی خوارەوە:
* دامەزراندنی وڵاتێکی کوردی لە زاخۆوە تا پشتی خانەقین و هیچ عەرەبێک نە سەرباز نە سیڤیل لەم شوێنەدا نەمێنێت.
* ئەم ناوچەیە واتە کوردستان لەژێر چاودێری بەرتیانیا دابێت تاکوو کۆمەڵی ئەقوام (عێبە الامم) بڕیارێکی لەسەر دەدات .
* ئازادکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی (شەڕی بەردەرکی سەرا) وە گیراون و دوورخراونەتەوە.
* هەر ئەفسەر و فەرمانبەرێکی کورد لە وڵاتی عەرەبستاندا هەیە بنێردرێنەو بۆ کوردستان .
=KTML_Bold=گفتوگۆی شێخ مەحمود و ئینگلیز لە خورماڵ.=KTML_End=
مەندوبی سامی ، سێر هێنری دوبس، لەبەر نەخۆشی یان خۆ نەخۆش خستن نەچوو. لەباتی ئەو کۆرنوالیس کە ئەودەم موستەشاری وەزارەتی داخلیەی ئێراق بوو. ڕۆژی 9ی 10ی 1926 چوو بۆ نزیک خورماڵ بۆ بینینی شێخ مەحموود. شێخ مەحموود لەگەڵ خۆی هەردوو دیلی هێنا بوو بە سەلامەتی ڕادەستی کۆرنوالیسی کردن. ماوەی چەند کاتژمێرێ گفتوگۆیدان کرد، خواستەکانی شێخ مەحموود دوو جۆر بوون: هەندێکیان تایبەتی بوو، پەیوەندی بە گێڕانەوەی ماڵ و مڵکەکانی خۆیەوە و بە چۆڵکردنی پێنجوێنەوە هەبوو، بۆ ئەوەی لێی دابنیشێ. هەندێکیشیان گشتی بوون، پەیوەندییان بە مافی نەتەوەیی کوردەوە هەبوو. شێخ مەحموود داوای ئەکرد حکومەتێکی کوردی سەربەخۆ لەژێر ئینتیدابی بریتانی دا درووست بکرێ.
کۆرنوالیس بە ڕاشکاوی بە شێخ مەحموودی ڕاگەیاند کە مەسەلەی حکومەتی کوردی بابەتی باس نییە. بۆ ئەوەی واز لە خۆی بهێنن و مڵک و ماڵەکانی بۆ بگێڕنەوە، ئەبێ دەست نەخاتە کاروباری سیاسیەوە.
شێخ مەحمود چەند نامەیەکی بۆ موفەتیشی ئیداری سلێمانی، مەندوبی سامی بریتانی لە ئێراق، کۆمەڵەی گەلان نووسی. داوای لێ کردن کە حکومەتی ئێراق لە زاخۆوە هەتا خانەقین چۆڵ بکات و دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لەژێر ئینتیدابی بریتانیا یا هەر یەکێ لە دەوڵەتە گەورەکان درووست بکرێ. کاربەدەستانی بریتانیا زۆر بەتوندی چونەوە بە گژ ئەم داوایانە و بە گژ شێخ مەحمودا. لەزنجیرەیەک شەڕ و پێکداداندا کە دواینیان لە گوندی ئاوباریک بوو، بە شکان و خۆ بەدەستەوە دانی شێخ مەحمود کۆتایی هات. بەهۆی نابەرانبەری هێز ساڵی 1931 جارێکی تر دەستگیرکرایەوە و بەدەستبەسەری گواسترایەوە بۆ بەغدا، تاکوو لە ساڵی 1941دا لە کاتی شەڕەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لە دژی بەریتانیا خۆی لە ژیانی دەستبەسەری لە بەغدا ڕزگارکرد و چوو لە گوندی داریکەلی لە سنووری شارەدێی بازیان نیشتەجێ بووە.
=KTML_Bold=ڕاگەیاندن لە سەردەمی حکومڕانی شێخ مەحمودا.=KTML_End=
لەو ماوە کەمەی حکومڕاندا شێخ مەحمود گرنگی بە ڕاگەیاندن داوە، توانیویەتی لەسەر باری سەختی باردودۆخەکە سێ ڕۆژنامە لە سێ کاتی جیاواز دەربکات.
1/ ڕۆژی کوردستان، کە ژمارە 1 ی لە 15 تشرینی دووەمی 1922 دەرچووە، دوا ژمارەی کە ژمارە 15 یە لە 3 مارتی 1923 دەرچووە، کە زمانحاڵی حکومەتەکەی شێخ مەحمود بووە، بەهۆی پەلامار و هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر شاری سلێمانی وەستاوە، خاوەن ئیمتیازی ئەم هەفتەنامەیە عەلی کەمال بووە، شێخ نووری شێخ سالح سەروتاری یەکەم ژمارەی نووسیوە. کە ئامانجی ڕۆژنامەکە داکۆکی بووە لە مافی ئازادی کورد و سەربەخۆی کوردستان، کە ئەم ڕۆژنامەیە جگە لە تۆمارێکی بەنرخی ڕووداوەکانی سەردەمی خۆی، ڕەنگدانەوەی بیروبۆچوونی هەڵبژاردەی کورد و ئاواتەکانیانە لە بواری سەربەخۆی سیاسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پەروەردەی.
2/ بانگی حەق، ئەم ڕۆژنامەیە بەهۆی هێرشی بەریتانییە.انەوە کە شێخ مەحمود ناچاربوو لە سلێمانی بکشێتەوە لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری سوورداش دەرچوو، چونکە لەگەڵ چوونی بۆ ئەو ناوچەیە چاپخانەکەشی بردبوو. ژمارە 1 ی لە 8 ی مارتی 1923 دا و ژمارە 3 ی کە دوا ژمارەیەتی لە 12 ی نیسان 1923 دا دەرچووە، کە دواتر هێزەکانی ئینگلیز پەلاماری ناوچەکە دەدەن و ئەشکەوتەکە کۆنترۆڵ دەکەن و چاپخانەکەیان گێڕایەوە بۆ شاری سلێمانی.
3/ ئومێدی ئیستیقلال، ئەم ڕۆژنامەیە پاش گەڕانەوەی هێزەکەی شێخ مەحمود دەرچووە کە ژمارە 1ی لە 20 ئەیلولی 1923 و ژمارە 25ی کە دوا ژمارەیەتی لە 15 مایسی 1924دەرچووە. کە سەرنووسەرەکەی ڕەفیق حیلمی بووە، هەفتەی جارێک دەرچووە، ئەم ڕۆژنامەیە لە ڕۆژگارێکدا دەرچووە کە ململانێی سیاسی- چەکداری لەنێوان جووڵانەوەی سەربەخۆ خوازی کورد و دەسەڵاتداری ئینگلیز لە ئێراقدا چۆتە قۆناغی شەڕ و پێکدادانەوە، هەر بۆیە بیروبۆچوونی دەستە سەربەخۆخوازانی کوردی دەربڕیوە.
=KTML_Bold=هۆکارەکانی کۆتایی هاتنی شۆڕشی شێخ مەحمود.=KTML_End=
1/ شێخ مەحمود چووە ناو جەنگێکی بەرەیەوە، لە کاتێکدا هیچ پشتوانییە.ی دەرەکی نەبوو.
2/ دانیشتووانی ناوچەکانی ڕەواندوز و شەقلاوە و کۆیە پشتیووانی خۆیان بۆ شۆڕشی شێخ مەحمود دەربڕی و ئامادەبوون بۆ پەیوەندی کرد بە شێخەوە، بەڵام شێخ مەحمود نەیتوانی چەند یەکەیەک لە هێزەکانی بنێرێت بۆ ئەو ناوچانە.
3/ شێخ مەحمود کەسایەتییەکی ئازا و پاڵەوانی هەبووە، بەڵام یاریدەدەری بەتوانا و دڵسۆزی نەبوون.
4/ هیچ بزووتنەوەیەکی نیشتمانی ڕێکخراو بوونی نەبوو لە کوردستان تاوەکوو هەموو لایەنەکانی کوردستان کۆبکاتەوە، دژی ئینگلیز.
5/ باڵا دەستی تەواوی ئینگلیز لە ڕووی هێز و چەکەوە کە نوێترین جۆری چەکی سەربازیان پێ بووە.
6/ پشتگوێخستنی داواکاریەکانی شێخ مەحمود لەلایەن ئینگلیزەکانەوە بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندی بەریتانیا لە درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردی دا نەبوو، بۆ ئەمەش بیانوی ئەوەیان دەهێنایەوە کە ویلایەتەکانی بەسرە و بەغداش دوای ویلایەتی موسڵ هەمان داواکاریان دەبێت، و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی تورکیای نوێ لەلایەن بەریتانیاکانەوە و ترسی ئەوەی کاریگەریی دەوڵەتی کوردستان لە باشوور بگاتە وڵاتانی تری وەک تورکیا و سووریا و ئێران.
7/ پەرتەوازەبوونی نەتەوەی کورد بە تایبەت یەک نە بوونی هۆزە کوردییەکان هۆکارێکی تری کۆتایی هاتنی شۆڕشەکەی شێخ مەحمود بوو.
=KTML_Bold=کۆچی دوایی شێخ مەحمود.=KTML_End=
لە ڕۆژی 9/10/1956دا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەغدا بەناوی “حەیدەریە” کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی بەڕیزێکی زۆرەوە لەناو ئاپۆڕەی خەڵکی دڵسۆزی کوردستان گەیەنرایەوە شاری سلێمانی، لە تەنیشت گۆڕی کاک ئەحمەدی شێخ لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی بەخاک سپێردرا.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
1/ عەلائەدین سەجادی، شۆڕشەکانی کورد و کورد و کۆماری ئێراق، چاپی تاران، چاپخانەی ئەتڵەس چاپی دووەم ساڵی 2005.
2/ جەلال تاڵەبانی، کوردستان و بزووتنەوەی نەتەوەی کورد، بڵاوکار، پەڕتووکخانەی جەمالی عەلی باپیر، سلێمانی.
3/ نەوشیروان مستەفا ئەمین، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، پەڕتووکی دووەم، بەرگی یەکەم، الدار العربیە للوم_ ناشرون بیروت، لوبنان، چاپی یەکەم، ساڵی 2013.
4/ نەوشیروان مستەفا ئەمین، بەدەم ڕێگاوە گوڵچنین، پەڕتووکی دووەم، بەرگی دووەم. الدار العربیە للوم_ ناشرون بیروت، لوبنان، چاپی یەکەم، ساڵی 2013.
5/ ئومێد حمە ئەمین، شێخ مەحمودی حەفید، پڕۆژەی تیشک، چاپخانەی چوارچرا، چاپی یەکەم، ساڵی 2008.
[1]