ناونیشانی بابەت: لێکۆڵینەوەیەک لە شارەدێی بازیان
ئامادەکردن: #هۆشیار جەمال#
شارەدێی بازیان دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی “ئێراق!”ەوە، هەروەها ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باشووری خۆراوای پارێزگای #سلێمانی#، هەرچوارلای بە چیا دەورە دراوە، بەشی ڕۆژهەڵاتی بە زنجیرە چیای تاسڵوجە و بەشی خۆراوای بە زنجیرە چیای هەنجیرە دەورە دراوە، لە باکوورەوە چیای توکمە، دەکەوێتە سەر ڕێگای شارەکانی (سلێمانی- #کەرکووک#) واتا کەوتۆتە نێوان دوو مەڵبەندی نیشتەجێبوونی دانیشتووانەوە.
دۆسیەی نیشتمانسازی چاوی کورد، هەرجارە و سەبارەت بە ناوچە و شارێکی کوردستان توێژینەوەیەکی کوورت بڵاو دەکاتەوە. بەهیوای ئەوەی لەم ڕێگەیەوە یتوانین خزمەتێک بە ناساندنی ناوچەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان بکەین. چاوەڕوانین توێژەرانی ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش، دەستپێشخەری بکەن و توێژینەوە لەسەر ناوچەکانیان بۆ چاوی کورد بنێرن.
=KTML_Bold=هەڵکەوتەی شارەدێی بازیان:=KTML_End=
شارەدێی بازیان دەکەوێتە باکووری خۆرهەڵاتی “ئێراق!”ەوە، هەروەها ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان و باشووری خۆراوای پارێزگای سلێمانی، هەرچوارلای بە چیا دەورە دراوە، بەشی ڕۆژهەڵاتی بە زنجیرە چیای تاسڵوجە و بەشی خۆراوای بە زنجیرە چیای هەنجیرە دەورە دراوە، لە باکوورەوە چیای توکمە، دەکەوێتە سەر ڕێگای شارەکانی (سلێمانی- کەرکووک) واتا کەوتۆتە نێوان دوو مەڵبەندی نیشتەجێبوونی دانیشتووانەوە.
ئەگەر زیاتر وردی بکەینەوە ئەم ناوچەیە پێی دەوترێت حەوزی بازیان، چونکە بە زنجیرە شاخێک دەورە دراوە، شاخی بەرانان کە لە بەرانانەوە دەست پێدەکات لە شاخی تۆکمە کۆتایی دێت، لێرەشەوە بۆ دەربەند بازیان بەرەوە خۆراوا درێژ دەبێتەوە، پێی دەوترێت زنجیرە شاخی کوونە گورگ و خەربەنەلوو، لە دەربەندی بازیانەوە کە ناسراوە بە بەردە قارەمان تاسەر بەندەری باسەرە کە پێکەوە ناسراون بە زنجیرە شاخی هەنجیرە و دەربەندی بازیان لەوێشەوە بە زنجیرە شاخی قەڵای پەخش و ڕێحانە، زنجیرە شاخێکە کە دەشتی بازیان دەکات بە دووبەشەوە ، دەشتی هەیاس، دەشتی کۆیک.
=KTML_Bold=شوێنی ئەرستۆنۆمی:=KTML_End=
شارەدێی بازیان دەکەوێتە نێوان هەردوو بازنەی پانی (35، 28- 35، 43) ی باکووری و دەکەوێتە نێوان هەردوو هێڵی درێژی (44، 58-45، 19) ی خۆرهەڵات، ئەم شوێنە گەردونیەی سنووری شارەدێکە کاریگەریی هەیە لەسەر دەرکەوتنی هەرچوار وەرزەی ساڵ ، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەیە لەسەر ڕووەکی سرووشتی و خاک و دەرامەتە سرووشتییەکان بەشێوەیەکی گشتی و پاشانیش چالاکیە ئابووریەکان و مرۆیەکانی ناوچەکە.
=KTML_Bold=پێگەی کارگێڕی:=KTML_End=
ئەم شارەدێیە سەر بەپارێزگای سلێمانییە و بە چەند یەکەیەکی کارگێڕی دەورە دراوە، سنووری هاوبەشیان لەگەڵیدا هەیە بەم شێوەیە: لە ڕۆژهەڵاتەوە شارەدێی بە کرەجۆ، لە ڕۆژاواوە شارەدێی تەکیە و شارۆچکەی چەمچەماڵ لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە شارەدێی پیرەمەگرون لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە شارۆچکەی قەرەداغ، لە باکووری ڕۆژاواوە شارەدێی ئاغجەلەر و لە باشووری خۆراواوە شارەدێی سەنگاو، لە ئێستادا شارەدێکە لە (53) گوندی بوونی هەیە کە (40) گوندیان ئاوەدانە (13) گوندیش چۆڵە شارەدێکە لە (5) شارۆچکە پێکهاتووە، کە ئەمانەن (گۆپاڵە، بەردەقارەمان، ئەڵایی، تەیناڵ، بازیان) کە لە ڕێگای سێ دەربەندەوە بەناوچەکانی ترەوە دەبەسترێنەوە کەوانیش (دەربەندی تاسڵوجە لە خۆرهەڵات ، بازیان لە خۆراوا و باسەرە لە باشووری خۆرهەڵات) کە ئەمەی کۆتایی بازیان بە ناوچەی گەرمیان دەبەستێتەوە.
=KTML_Bold=ڕووبەر:=KTML_End=
ڕووبەری ئەم شارەدێی بازیان پێکهاتووە لە (147147) دۆنم کە دەکاتە (368) کم، هەروەها بەرزیەکەی بە تێکڕا (550) م لە ئاستی ڕووی دەریاوە.
=KTML_Bold=پێکهاتە جیۆلۆجیەکانی خاکی ناوچەکە:=KTML_End=
1/ پێکهاتەی کولۆش
2/ پێکهاتەی سنجار
3/ پێکهاتەی چەرکەس
4/پێکهاتەی پیلاسپی
5/پێکهاتەی فەتحە
6/ پێکهاتەی ئیجانە
7/ نیشتەنیە نوێیەکان
دوان لە پێکهاتانەی خاکی ناوچەکە زۆرگرنگن کە بریتین لە پێکهاتەی سنجار/ کە ئەم پێکهاتەیە بەسەر چاوەی گرنگی بەردی چەو دادەنرێت، بەشە سەرەکیەکەی ئەم پێکهاتەیە لەدەروبەری شاری سلێمانی دەردەکەوێت، کە ئەم پێکهاتەیە لە ئەستووریەکەی لە بازیان (400 -1000 ) م3، کە ئەم پێکهاتەیە لە دورگەی مەرجانی و قەوزییەکاندا نیشتووە پاشماوەی بە بەرد بووی زۆر لە ناویدا دەبینرێت و بەردەکەی لە ڕووی ئابووریەوە سوودی هەیە بۆ چەندین کارگەی چیمەنتۆ کە لە ناوچەکە درووستکراوە، هەروەها خاکی نیشتەنیە نوێیەکان کە ئەم پێکهاتانە ناوچەیەکی بەرفراوانی کشتوکاڵی دەگرێتەوە لە باکووری ناوچەکە.
تایبەتمەندییەکانی ئاو و هەوای شارەدێی بازیان
ئاو هەوای ناوچەکە تاڕادەیەک هاوشێوەی پارێزگای سلێمانییە، لەگەڵ ئەوەی تابەرەو باکوور بڕۆین پلەی گەرما نزم دەبێتەوە، پلەی گەرما لەمانگەکانی هاویندا لە ناوچەکە بەرزدەبێتەوە، مانگەکانی بەگەرمترین مانگ دادەنێین هەردوو وەرزی بەهار و پایز بە ڕاگوزەر نادەبرین کە پلەی گەرما تاڕادەیەک هاوسەنگە، مانگەکانی زستانیش نزمترین پلەی گەرمی تۆمار دەکرێت. هەروها شێ و دابارین لە مانگی ئەیلولەوە دەست پیدەکات تا سەرەتای مایس، خێرای باش بە بڕی جیاواز و بە پیی جیاوازی وەرزەکان لە ناوچەکە بوونی هەیە.
=KTML_Bold=سەرچاوەکانی ئاوی ناوچەکە:=KTML_End=
1/ ئاوی سەرزەوی
لە سنووری شارەدێی بازیان سەرچاوەکانی ئاوی سەرزەوی پێکدێت لە چەندین چەم کە ئەوانیش بریتین لە (چەمی لازیان، چەمی گۆپاڵە، چەمی دەرگەزێن و بابە عەلی و هەمەوەند، چەمی تەیناڵ، چەمی هەیاس، چەمی خاڵدان، چەمی هۆرمزیار، چەمی هەرکین) .
2/ ئاوی ژێر زەوی
1/کانی: شوێنێکە ئاوی ژێر زەوی لێ دێتە دەرەوە بە پێی سیستەمی ئاوی ژێر زەوی گەنجینەی ئازاد کە لە شوێنێکدا توێکڵی زەوەی دەبڕێت و دێتە سەرزەوی، بەشێوەیەکی گشتی کانیاوەکان لە کەناری جۆگە و دەریاچەکان و لە نزمایی ناوچە تۆبۆگرافیە جیاوازەکان دێنە دەرەوە. لە سنووری شارەدێی بازیان (173) کانی تێدایە کە نزیکەی (75) یان وشکی کردووە (83) کانی کەمی کردووە و تەنیا (15) کانی ئاوی باشی هەیە
2/کارێزەکان: ئەمیش دانیشتووان هەر لە کۆنەوە بەکاریان هێناوە بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی کە بریتییە لە لێدانی کۆمەڵێک بیر بە قوڵای جیاواز و بەستنی بنکەی بیرەکان بە یەکەوە لە سنووری بازیان نزیکەی (14) کارێزبوونی هەیە لەم ژمارەیە (6) کارێزیان وشکی کردووە (7) کارێزیان کەمی کردووە تەنیا (1) کارێزیان ئاوەکەی باشە، کەم ئەم ڕێژانە ساڵانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت بەهۆی جیاوازی لە بڕیی دابارین لە ناوچەکە.
=KTML_Bold=بیرەکانی ناوچەکە:=KTML_End=
1/ بیرە کەم قوڵەکان: ئەم بیرانە قوڵی دەگاتە (35 ) مەتر کە لە ناوچەی بازیاندا زیاتر لە (70) ی لەم شێوەیە بوونی هەیە، کە (41) یان وشکی کردووە (29) یان ماوەتەوە کە هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی باران و لێدانی بیری ئیرتیوازی.
2/بیرە قولەکان: ئەم بیرانە قوڵی لە (35) مەتر زیاترە، کە لە ناوچەی بازیاندا زیاتر لە (91) ی لەم شێوەیە بوونی هەیە، کە (28) یان وشکی کردووە (63) یان ماوەتەوە ، ئاوی باشی هەیە.
=KTML_Bold=دەشتی بازیان:=KTML_End=
ئەم دەشتە کەوتۆتە کەوتۆتە نزمایی بازیانەوە، کە لەوڕگا و کێڵگەی بەپیتی تێدایە، هەرچەندە لەبەشی خۆراواوە ڕێرەوە ئاوە سەرەکییەکان زەلکاوی درووستبووە، بەڵام بەشە بەرزیەکەی خاکی بەپیتی هەیە، درێژی دەشتی بازیان نزیکە (15) کم و پانیەکەی (10) کم، ئاوی بازیان و سەرچاوەکانی تر ئاودێری دەکەن.
=KTML_Bold=دارستانەکانی ناوچەکە:=KTML_End=
بازیان نزیکەی (23839) دۆنم کە دەکاتە (11%) ی ڕووبەری دارستانی شارۆچکەی سلێمانی، بەڵام ئەم ڕێژەیە کەمی کردووە بۆ (18663) لە ساڵی (2010) دا کە ئەمەش هۆکاری سەرەکی دەگرێتەوە بۆ ساڵانی دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەمان کە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری خەڵک دارستانەکانی دەبڕیەوە بە مەبەستی خۆپارێزی لە سەرما یاخود بۆ فرۆشتن، کە دارستانەکانیش پێیان دەگوترێت (دارستانە کراوەکان، دارستانە مامناوەندە کەم چڕەکان، دارستانە چرەکان.
=KTML_Bold=ڕووەکی سرووشتی ناوچەکە:=KTML_End=
پشتێنەی گژوگیای کوورت ( لەوڕگا) گژوگیای ئەم ناوچەیە بە ئەستێپسی شێدار دادەنرێت، کە پشت دەبەستێت بە ڕادەی باران بارین ساڵانە لەنێوان (400-1000) ملم دایە، وە ئەم ناوچەیە زیاتر لەوەڕگای سرووشتی بەکاردەهێنێت بۆ ئاژەڵ بەخێوکردن، تێکڕای ڕووبەری گژوگیای گەرمەسیر لە ناوچەکەدا بریتییە لە (62698) دۆنم، کە لە کاتەکانی پایزدا دەڕوێت و لەکاتەکانی هاویندا لەکاتی نەمانی باران وشک دەکات.
=KTML_Bold=کشتوکاڵ لە بازیان:=KTML_End=
بەگۆی ئەوەی ناوچەی بازیان زۆر گونجاوە بۆ کشتوکاڵ کرد و بەرهەم هێنانی دانەوێڵە ساڵانە بەبەردەوامی جوتیارانی سنوورەکە گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدەن کە بڕبڕەی پشتی ئاساییشی خۆراکە ، لەرووی بوونی (بەیت) خانووی پلاسیکیەوە کشتوکاڵی بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2014 – 2015 (2392) خانووی پلاسیکی بوونی هەبووە لە شارەدێی بازیان کە ئەم ڕێژەیە بەرزبۆتەوە بۆ (8500) خانووی پلاسیکی بۆ ساڵی 2018 و زیاتر لە (10000) خانووی پلاسیکی بەرزبۆتەوە لە ئێستادا.
هەروەها ڕووبەری چینراو بۆ بەروبوومی دانەوێلە لە ساڵی 2014 بریتیبووە لە (33410) دۆنم کە جۆری دانەوێڵەکە بریتی بوو لە گەنم و جۆ ، تور و شێلم، نۆک نیسک، پاقلە، سڵ و سەوزەی زستانە.
=KTML_Bold=پەلەوەر و ئاژەڵداری لە بازیان:=KTML_End=
شارەدێی بازیان بەهۆی بوونی لەوەڕگای زۆر و کێڵگەی بەپیتەوە دانیشتووانی گوندەکانی بەردەوامن لەسەر ئاژەڵداری لە ناوچەکە، بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی لە ساڵی 2014 دا (27) کێڵگەی پەلەوەر و (41) هۆڵ بوونی هەبووە، هەروەها هەر لە هەمان ساڵدا (45853) سەرمەڕ (7814) سەربزن (7400) مانگا بوونی هەبووە، ئەمە جگە لە بوونی (101) هەنگەوان و کۆلی کۆن (484) بوونی هەیە.
=KTML_Bold=دانیشتووانی بازیان:=KTML_End=
بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی 1957 دانیشتووانەکەی بریتیبووە لە (5479) کەس لە ساڵی 1965 دانیشتووانەکەی گەشەی کردووە بۆ (8447) لە ساڵی 1977 دانیشتووانی شارەدێکە بووە بە (10606) کەس، بەڵام لە ساڵی 1988 ژمارەی دانیشتووانی شارەدێکە بووە بە (11546) کە مەش نیشانەی کەمی گەشەکردنی دانیشتووانە بەراورد بەسەرژمێری دە ساڵی پێشوو تر کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری سیاسی وەک جەنگی ئێراق- ئێران، هەروەها سیاسەتی ڕەگەز پەرستی حکومەتی ئێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن دژی گەلی کورد کەوای کردبوو چەندین کەس بێ سەروشوێن بن.
بەڵام بە گوێرەی ئەو خەمڵاندانەی کە لە ساڵی 2009 کراوە ژمارەی دانیشتووانی شارەدێکە بووە (36723) کەس، بەگوێرەی ئەو پێشبینیانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی کردویەتی بۆ ساڵی 2018 ژمارەی دانیشتووانی شارەدێی بازیان (هەر پێنج شارۆچکەکەی) دەکاتە (49915) کەس هەروەها لە ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتووانی دەکاتە (50833) کەس.
=KTML_Bold=پیشەسازی بازیان:=KTML_End=
لە دوای ساڵی 2003 وە ناوچەی بازیان بەتەواوەی سیمای گۆڕاوە و بووە بە ناوچەیەکی پیشەسازی کە لە ئێستادا ڕێژەی (30%) پیشەسازی ئێراق لەم ناوچەیە کە خۆی لەدامەزراندنی چەندین کارگە دەبینێتەوە کە بەهۆی بوونی کەرەستەی خاوو و ئاو و هەوای گونجاو شوێنی جوگرافی لەبار وپاڵپشتی حکومەت بۆ سەرمایەدارەکان بۆ ئەوەی ڕوو بکەنە ئەم ناوچەیە و سەرمایە گوزاری بکەن چەندین پڕۆژەى پیشەسازی لە ناوچەکەدا بنیات بنێن و، لە ئێستادا نزیکەی 200 پڕۆژەی ئابووری جۆراوجۆر لە سنووری بازیاندا هەیە ، کە هەندێکیان پڕۆژەی عیملاقی گەورەن و شایەنی ئەوەن تیشکیان بخریتە سەر لەوانەش زیاتر لە (30) کارگەی جۆراوجۆرن وەک:
1/چوار کارگەی چیمەنتۆى گەورە بە ناوەکانی ( ماس – بازیان – وڵوبڵاخ – گاسن )
2/پالیۆگەی نەوتی بازیان کە ڕۆژانە بڕێکی باش لە نەوت لەم پاڵێوگەیەدا دەپاڵێوریت.
3/دوو کارگەی درووستکردنی گازی شل بە ناوەکانی: کارگەی گازی سرووشتی ( ساتیار و بازیان) .
3/سێ کارگەی درووستکردنی بیبسی و ئاوی کانزایی .
4/دوو کارگەی گەورەی ئاسن .
5/کارگەیەکی گەورە بۆ درووستکردنی ( کێبڵی کارەبایی و سۆندەی ئاوو و بۆری ئاو )
6/کارگەیەک بۆ درووستکردنی ستیل بەناوی کارگەی ( سوپەر ستیل) .
7/کارگەی درووستکردنی دەرمان.
8/کارگەی بەرهەمهێنانی قیر .
9/کارگەی درووستکردنی ئارد.
10/کارگەی درووستکردنی کیسی چیمەنتۆ بەناوی کارگەی مۆند کاسۆ.
11/کارگەی درووستکردنی بەردی مەرمەڕ.
12/کارگەی کلکان بۆ درووستکردنی خانووی پلاستیکی
13/دوو کارگەی درووستکردنی سەهۆل.
14/شەش کارگەی درووستکردنی بلۆک.
15/کارگەیەکی درووستکردنی کەلەبستۆن.
16/کارگەی خویی یۆد.
17/کارگەی سەربرینی مریشک.
18/کارگەی هەڵکەندنی کانەبەرد لەبەر ئەوەی بەردی بەشێکی زۆرى شاخەکان زۆر گەنجاوون بۆ درووستکردنی چیمەنتۆ هەر بۆیە چوار کارگەی گەورەی چیمەتۆ دەست بەکارن و لەبەرنامەشدایە کارگەی تری چیمەنتۆ لە سنوورەکەدا بکریتەوە.
ئەمانە لەگرنگترینەکانن بەڵام جگە لەمانە ژمارەیەکی زۆرى کارگە و پڕۆژەی بچووک لە سنووری بازیاندا خەریکی بەرهەمهێنان بەشێکی کەمی ئەم کارگەو پرۆژانە پڕۆژەىی حکومین و بەشی هەرە زۆیان سەربەکەرتی تایبەتن.
کە لەم کارگانەدا زیاتر لە 5000هەزار کەس وەک کارمەند لە کارگەکانی سنوورەکە کاردەکەن کە زیاتر لە 3000 هەزار کەسی دانیشتووی سنووری بازیانە.
=KTML_Bold=مێژووی بازیان:=KTML_End=
ئومێد خەتاب، توێژەری مێژووی و مامۆستا لە زانکۆی چەرموو وتویەتی سەبارەت بەناوی بازیان بیروبۆچوونی جیاواز هەیە بۆ نموونە مامۆستا مەسعود محەمەد نووسەر پێیوایه، کە بازیان له (باجیان) ەوە هاتووە ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەربەندەکە یاخود ناوچەکە شوێنێک بووە بۆ وەرگرتنی باج له خەڵک، بەڵام مامۆستا کەریم زەندی و جەمیل ڕۆژبەیانی پێیانوایە بازیان لە (باسیان) ەوە یان سیانەوە هاتووە کە ناوی دوو هۆزی کۆنی کوردن پێش هۆزەکانی هەمەوەند و کافرۆش لە ناوچەکەدا جێگیربوون پاشان کۆچیان کردووە بەرەو یەمەن و دورگەی عەرەبی”.
هەروەها مامۆستا شاکر فەتاح مێژوونووس، پێیوایە بازیان له (بێت زیان) ەوە هاتووە، ئەوەش ناوێکی سریانییە، وەک چەند ناوێکی دیکەی سریانییمان هەیە باعەزرا (بێت عەزرا) ، باتۆڤا (بێت تۆڤا) ، هەروەها لە پەڕتووکی مورشید-یشدا ناوی بازیان لە (زیان) ەوە هاتووە، چونکە بەشێک له مێژوونووسان پێیانوایە ئێرە شوێنێک بووە بۆ کوردەکان تووشی زیان و دۆڕاندن بوونەتەوە، هەروەها دەربەندی بازیان چەندین ناوی دیکەشی پێوتراوە وەک (دەربەندە وشکه) و (دەربەندە ڕووته) ، بەڵام ئەو بۆچوونەی کە زۆر نزیکە لە ڕاستییەوە (باز) بەواتای (هەڵۆ) یان بەواتای (هێلانه) دێت کە واتا ئێرە شوێنی یاخود هێلانەی هەڵۆ بووە و کاتی خۆی بوونیان هەبووە، هەرچەندە لەسەردەمی ئیسلام-یشدا مامۆستا تۆفیق وەهبی بەگ پێیوایە ئاماژەیەکی کۆن کە پێی کرابێت لە پەڕتووکی (نسهەت لقلوب) ئێرە بە (دەربەند خەلیفه) ناسێرنراوه، ئەوەش ناوێکی باتن-ییە و ئاماژەیەکە بۆ ئیماندار”.
یەکێک لە شوێنەوارە مێژوویەکانی بازیان دەبەندی بازیانە کە مێژوویەکی کۆنی هەیە دەبێت بگەڕێیینەوە بۆ ئەو نووسینە بزمارییانەی کە مێژووی پێنووسراوەتەوە، تێیدا باس لەوە دەکرێت له ساڵانی 804- 805 پێش زایین، ئاشور ناسر پاڵی دوو هێرشی هێناوە بۆ سەر مەملەکەتی زاموا و هەزار و 460 کەسیان لە خەڵکی ئەو مەملەکەتە کوشتووە، لە ناوچەکە 100 گوند بوونیان هەبووە.
لەسەردەمی سوڵتان سلێمانی قانوونی دووەم، کاتێک هێرشیان هێناوە بۆ سەر بەغدا و به و دەربەندەدا تێپەڕیوون، لەسەردەمی نادر شای ئەفشاری ئێران لە 9ی تشرینی دوومی ساڵی 1734دا کاتێک لەشکرکێشی کردووە بۆ سەر ئەم ناوچەیه، لێرە سوپای جەمشید پاشا بەرەنگاری بووەتەوە، دیارە سوپای تۆباڵ عوسمان پاشا 12 هەزار چەکدارەوە هاتووە بۆ ناوچەکه و دەربەندەکەی به دەربەندی سپی ناوبردووه، وەک دیاریشە چواردەوری دەربەندەکە بەردەکانی سپین.
مێژووی درووستکردنی شواری دەربەندی بازیان
لە ساڵی 1805 بەدواوه، عەبدولڕەحمان پاشای بابان، کاتێک سلێمان پاشای مەمالیک لە بەغدا دێتە سەر تەخت و دەسەڵات دەگرێتە دەست، عەبدولڕەحمان پاشای بابان پیرۆزبایی لێناکات، بۆیە ئەویش بە سوپاوە هێرش دەکاتە سەری، لەبەر ئەوە پاشای بابان بڕیاری درووستکردنی ئەو دیوارە دەدات لەنێو دەربەندی بازیان، بەڵام بەهۆی ئەوەی سوپای مەمالیک زیاتر له 100 هەزار کەس دەبێت، هێزی بابانییەکان 200 هەزار چەکدار دەبن، هەرچەندە لەسەرەتاوە سوپای مەمالیک تێک دەشکێت، بەڵام دواجار بەهۆی چاوساغی خەڵکی ناوچەکەوە، سوپای بابانییەکان تێکدەشکێن و عەبدولڕەحمان پاشای بابان پەنا دەباتە بەر ئێران.
=KTML_Bold=شەڕی دەربەند بازیان:=KTML_End=
له 17ی مایسی ساڵی 1919 کاتێک ژەنەراڵ فرایزەری ئینگلیز پەلاماری شێخ مەحمودیان داوە و شەڕێک لەنێوانیان ڕوودەدات، شێخ به دیلی دەکەوێتە دەست ئینگلیزەکان و شێخ ڕەوانەی هیندستان دەکرێت، ئەوەش بەهۆی نابەرانبەری هێز و چەک و ژماری سوپا لەلایەک و ناکۆکی لەنێوانی سەرۆک هۆزەکان بۆ نموونە بابەکر ئاغای پشدەری لە ناوچەی پشدەر و عادیلەخانمی جاف لە هەڵەبجە و تاڵەبانیەکان لە لیوای کەرکووک و تەنانەت کەسایەتی دیاری هۆزی هەمەوەند مشیر حەمەی سڵیمان کە لە نەیارەکانی شێخ مەحموود هەژمار دەکرا هۆکاربووە بۆ بەدەستەوەدانی شێخ مەحموود، ئەمەش واتای هەڵەی ئەوکەسانە نییە بەڵکوو هەریەکەیان خاوەنی پێگەی خۆی بووە لە ناو هۆزەکەیدا، بەڵام ناکۆکیان لەگەڵ شێخ مەحموود هەبووە لەسەر دەسەڵاتداری باشووری کوردستان، جیاوازیان هەبووە بۆ سیاسەت و تێروانینیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئینگلیزەکان.
لە ساڵی 2013 دەربەندی بازیان نوێ کرایەوە کە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکانی ناوچەکە و بە سێ قوناغ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بنیادنرا و درووستکرایەوە وەک شوێنێکی گەشتیاری و شوێنەواری مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
=KTML_Bold=بەشارەدێ بوونی بازیان:=KTML_End=
لە ڕووی مێژووییەوە دەتوانین بڵیین مێژوویەکی دێرینی ى هەیە و تەنانەت لەلایەنی کارگێڕیەوە لە ساڵی1927 وە بوەتە شارەدێ و سەرەتا شارۆچکەی تەیناڵ مەرکەزی شارەدێى سنوورەکە بووە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە مێژووی بوون بە شارەدێی بازیان لەوە کۆنترە و دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی بابانەکان و دواتر لە سەردەمی شیخ مەحمودیشدا هەر شارەدێ بووە و سەربە شارۆچکەی ناوەندی سلێمانی بووە و پاشان لە ساڵی 1928 دا بەڕیوەبەرایەتی شارەدێ لە گوندی مۆرتکەی نزیک تەیناڵ دانرا و ( مەحمود فەقێ محەمەد هەمەوەندی) کراوە بە بەڕێوەبەرى شارەدێ و بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتی شارەدێ لە تەیناڵدا دامەزراوە وبەردەوام بووە دواتر کاتێک کە ڕژێمی بەعس لەنێوان ساڵانی 1987- 1988دا چەند کۆمەڵگەیەکی زۆرەملێی لە سنوورى بازیاندا درووست کرد و دانیشتووانی گوندەکانی لە چەند شوێنێکی جیاوازەوە ڕاگوێزا بۆ ئەو کۆمەڵگەیانە، ئیتر گۆڕانکارى بەسەر یەکەی ئیداری ناوچەکەدا هات و لە ساڵی 1988 بە فەرمانی حکومەتی ئێراق شارۆچکەی بازیان کراوە بە مەرکەزی شارەدێ بۆ سنوورەکە و تا ئێستاش هەر بەو شێوەیە.
خەڵکی شارەدێی بازیان لە 6/3/1991 وەک دووەم شوێن دوای شارۆچکەی ڕانیە ڕاپەڕینی دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری بەعس و سەددام حسێنی دیکتاتۆر ئەنجامدا و ناوچەکەیان بەیارمەتیی هێزی پێشمەرگە لە هێزەکانی ڕژێمی بەعس پاک کردنەوە و ناوچەکەیان ئازادکرد.
=KTML_Bold=لیستی سەرچاوەکان:=KTML_End=
1- پەڕتووک
1/ د، هاوڕێ یاسین محمەد ئەمین، لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای هەرێمی کوردستان، ناوەندی غەزەلنووس بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپی سێیەم، سلێمانی، 2014.
2/ حیسم عوسمان/ ئالان بەکر، دیاردەی بە بیابان بوون و ڕووبەڕوو بوونەوەی لەشارەدێی بازیان، چاپخانەی سیما/ سلێمانی، چاپی یەکەم، ساڵی 2012.
3/ شیروان عومەر ڕەشید، بنەماکانی جوگرافیای سرووشتی و گەشەپێدانی گەشتوگوزار لە پارێزگای سلێمانی، سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجی کوردستان، ساڵی، 2007.
=KTML_Bold=سەرچاوەی حکومی:=KTML_End=
1/سایتی ڕەسمی بەڕێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی، http://sulamar.com/ku/publications.php?cat_id=1
2/ چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز زانیار تۆفیق ، بەڕێوبەری کشتوکاڵی شارەدێی بازیان.
=KTML_Bold=سەرچاوەی ئیتەرنێت=KTML_End=
1/ سایتی ڕۆژنیوز چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستای زانکۆ ئومێد خەتاب، توێژەری مێژووی و مامۆستا لە زانکۆی چەرموو، https://rojnews.news/%DA%A9%D9%84%D8%AA%D9%88%D9%88%D8%B1-%D9%88-%D9%87%D9%88%D9%86%D9%87-%D8%B1/%D9%85%DB%8E%DA%98%D9%88%D9%88%DB%8C-%D8%AF%D9%87-%D8%B1%D8%A8%D9%87-%D9%86%D8%AF%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B2%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D8%A8%DB%95%D9%88%DB%8E%D9%86%DB%95-21262
2/سایتی مێژووی کورد، شەڕی دەربەندی بازیان لە دیدی مێژووە د.کەیوان ئازاد، http://www.historyofkurd.com/2016/11/01/%D8%B4%D9%87%E2%80%8C%DA%95%D9%89-%D8%AF%D9%87%E2%80%8C%D8%B1%D8%A8%D9%87%E2%80%8C%D9%86%D8%AF%D9%89-%D8%A8%D8%A7%D8%B2%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D9%84%D9%87%E2%80%8C-%D8%AF%DB%8C%D8%AF%D9%89-%D9%85%DB%8E/
3/مەریوان ابراهیم، چەند زانیاریەک لەسەر شارەدێی بازیان، سایتی مەودا میدیا، https://mewdamedia.com/articles/3589
4/ سایتی پیوکەی میدیا، کردنەوەی شورای دەربەند بازیان، https://www.pukmedia.com/KS_Direje.aspx?Jimare=8685
[1]