بە زانستکردنی موزیک
#ئامانج غازی#
هێنانەدی ئامانجە هونەرییەکانی ئێستای تیپە هونەرییەکان ئەرکێکی پیرۆزە و کردنەوەی دەروازەیەکی تری هونەرییە بۆ ئەوەی تیپ و گرووپە موزیکییەکان بتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر و بەرچاو لەبەرەو پێشخستن و بەرەو پێشچوونی موزیکی کوردی ببینن.
لەهەزارەی سێیەمدا هەموو هەوڵەکان دەبێ بچنە باوەشی (موزیکی کوردی) . دەبێ گوێگرو بینەری کورد (چێژی موزیک) بەمانا فراوانەکەی هەزم بکات و سەرجەم بەرهەمە گۆرانییەکانی کوردی ئەوانەی زیاتر تام و بۆ و قوڕگ و ڕەسەنایەتی کوردییان پێوە دیارە، لەسەرەتاداو وەک قۆناغی یەکەم بکرێن بە میلۆدییەکی چاک تا بتوانێ هاڕمۆنیای ئاوازداری لەسەر بنیات بنرێ!..
لەهەزارەی سێیەمدا (موزیکی کوردی) دەبێ ببێتە بابەتێکی پراکتیکی بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی هونەری، مامەڵەکردنمان با لەسەر بنەڕەتە سەرەکییەکانی موزیکی جیهانی بێ، بەڵام با هەمیشە ناوەرۆک و کاکڵی تام و بۆنی کوردەواری بێ!
بنەما زانستییەکانی هاڕمۆنیا با لە خزمەت ئەو گۆرانییە فۆلکلۆریانەدا بن کە تا ئێستا نەکەوتوونەتە بەر هەناسەی سرووشتی ژیان، موزیکی کوردی وەک ئەرکێک وا بەسەر شانی هەموومانەوە ناز دەکات.
چێژ وەرگرتن عیبرەتێکی زۆر گرانبەهایە گەر لێی گەیشتین، ئەو بابەتانەی ئەمڕۆ لەنێو تیپ و گرووپە موزیکییەکاندا زیندوو دەکرێنەوە و پێویستە پانتایی ژیانەوەیان فراونتر و فراوانتر بکرێ، بەمانایەکیتر بەدواداچوون و پرسیارکردن لە پسپۆرانی (زانستی فۆلکلۆر) هەمیشە لەو ئامانجە هونەریانە نزیکمان دەکاتەوە کە مەبەستمانە!
لە هونەرستانی ڕۆحی هەر یەکێکیشماندا جیهانێک لە ئەڤین و خۆشەویستی بە ژیلەمۆی داهێنان داپۆشراون، با ئەمڕۆ هەوڵی زانستی لە خزمەت بەها هونەرییەکان بن، نەسرەوتنی دڵە بێ ئارامەکانمان با بەئۆخەی میلۆدییەکی دابەشکراوی هاڕمۆنیا ئامێز بحەسێتەوە، دەروازە هونەرییەکان با بەرەو ئاسۆی دەرگا لەسەر پشتەکانی ئەفراندن بمانبەن، ڕۆحی هونەریشمان با هەمیشە دەست لە ملانێی ئەو ئاوازانە بن کە بەسەر پشتی سرووشتی تاشە بەرد و ئەشکەوت و دۆڵ و چیا سەرکەشەکانی کوردستان لەدایک بوون!
بەخۆدا چوونەوە هەنگاوی یەکەمە بەرەو لوتکە، بەڵێ لوتکه.[1]