هەڵوەستەیەکی موزیکیی
#ئامانج غازی#
کاتێک موزیکی کوردی بە ڕووتەڵەکی دەبیسترێت، بەبێ ئەوەی یاوەری گۆرانی بکات، لەوێدا
خەسڵەتە دەنگیی و خەسڵەتەکانی دەروونیی باشتر دەردەکەون. ئەم پڕۆسەیەش پێویستی بە ھەستێکی بەرزی چێژی موزیکی و توانستێکی ڕادەبەدەری ڕامانی ھونەریی ھەیە. بۆیە ئەم شێوازە زیاتر لەنێو بژاردەی ڕووناکبیریی کوردییەوە باوە، لەوەی کە لەنێو جەماوەرە میللییەکەدا ھەبێ. موزیکی کوردی لەنێو جەماوەر و بینەرە میللیەکاندا باوە و پتریش ئاشنای ئەم شێوازەن. موزیک لێرەدا بە یاوەری گۆرانی و ئاوازی
گۆرانیبێژەکە لەگەڵیدا گوزارشت دەکات و بە شێوەیەکی تۆکمەتر دەردەکەوێت.
شوناسی ھەر کەسێک بە زمان و ھونەر و فۆلکلۆر و داب و نەریت و مێژوو دیاری دەکرێت، ئەم
بابەتەش بە دڵنییاییەوە بەسەر گەلی کوردیشدا پڕاکتیزە دەبێت. بۆ ئێمە وەک موزیسیانان، ھێشتنەوە گەشەکردنی ڕۆحی موزیکی کوردی، پێشکەوتنێکی جدییە لە ڕێگەی شاکار ودانانی موزیک وچالاکی زانستی و، ئەکادیمی و، پەروەردەییەوە، کە تێکڕایان دەکەونە ژێر خاڵی دیاریکردنی شوناس وناساندن
وبرەودان بەو ناسنامە ڕەسەنەی کە ھەیەتی.
کاتێک دەڵێین دەبێت کار بۆ پەرەپێدانی موزیکی کوردی بکەین، ئەم پەرەپێدان وپێشکەوتنە نابێتە
ھۆی ئەوەی کە موزیک لە ڕۆحی خۆی دووربکەوێتەوە، بەڵکوو ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە ئاگامان لە کەلەپوور وفۆلکلۆری کوردیی خۆمان ھەیە و، توانیومانە لەنێو سینە ودەروونماندا ھەڵیبگرین و، ڕەگە داکووتراوەکەشی بەباشترین شێوە بپارێزین. پێویستە ئەو گەشەسەندنە زانایە جیاوازی لە گۆڕان یان ڕەتکردنەوەی ئەو فۆلکلۆرە بکات، ئەمەشیان تەنھا بۆ بەردەوام بوون لەنێو کاتەکاندا نییە. مانەوە لەنێو کاتەکاندا وشەیەکی بریسکەدارە بەواتای دەورەدراو بە شتی پڕوپووچ دێ، کە لە کەناڵە ئاسمانیەکاندا پەخش دەکرێن، کە بریتیین لە شێواندنی پەیامە شکۆدارەکەی موزیک، بۆیە پێویستە لە ئاستی فۆلکلۆر تێبگەین ومامەڵەی ھونەرییانەی لەگەڵدا بکەین ودواتریش بەو شێوەیە زیندووی بکەینەوە کە لە ناوەرۆکەکەی تێبگەین وبوارەکانی مەقام و، ڕیتم و، بنیادی میلۆدی و، بابەتەکانی تری بکەینە پێوەری مامەڵەکردنی
زانستیانەی ھونەریی بەردەوام.[1]