$کورد و ئەگەری شەڕێکی دیکەی ئەوروپایی$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#24-02-2022#
کوردستان نزیکەی 1500 کیلۆمەتر لەو هەرێمی دۆنباسەوە دوورە کە ڕووسیا لەوێ تەنگژەکەی ناوەتەوە، بەڵام کاریگەرییە سیاسییەکەی ئەو قەیرانەی ئەوێ لەسەر کورد، ئەوەندەی مەودا جوگرافییەکەی دوور نییە.
بڕیارەکەی ڤلادیمێر پووتین بۆ پاڵپشتیکردنی ڕووسیا لە سەربەخۆیی دوو کۆماری تازە و ناردنی هێز بۆ لوهانسک و دۆنتێسک، قەیرانی ئۆکراینای بردووەتە قۆناخێکی نزیک لە شەڕ. هەڵبەت شەڕ ببێ و نەبێ، ئەوەی لە ئۆکراینا دەگوزەرێ، تەنیا بەو ناوچەیەوە سنووردار نییە و، دەشێ خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ بێت لە سیاسەتی نیودوڵەتیدا کە ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوردستانیش هەبێت؛ بەکارهێنانی زیاتری کارتی گۆڕینی سنوورەکان و دەرکەوتنەوەی کاریگەرانەیشەڕ و هەڕەشەی شەڕ وەک یەکێک لەکۆنترین، بەڵام کاریگەرترین ڕێگەکانی گۆڕان لە سیستەمی نێودەوڵەتی دا!
ئەوەی لێرەدا زیاتر بە دوایدا دەگەڕێم، ئەوەیە کە ئایا ئەو قەیرانە چۆن لێرە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕەنگ دەداتەوە و ئەمە دەتوانێت چ واتایەکی بۆ کورد هەبێت؟
چ ڕوودەدات؟
دنیا یان درووستتر، ڕۆژاوا چۆن لەگەڵ ڕووسیا دەجوڵێتەوە؟ ڕاستییەکەی هەرچەند واشنتن ڕایگەیاندووە کە ئەوان پشتی هاوپەیمانەکانیان دەگرن و ئەورووپاش بڕیاری سزادانی ڕووسیای داوە، بەڵام هێشتا هەردوولاش نەیانگەیاندووەتە مریشکەڕەشە!
جۆزێف بایدن ڕایگەیاندووە کە ئەوان هێز و جبەخانەی وڵاتەکەیان لە ئەورووپا بەرەو باڵتیک، وڵاتانی وەک ئەستۆنیا، لاتڤیا و لیتوانیا دەجوڵینن، ئەمەش دەریدەخات کە واشنتن زیاتر بایەخ بە شریتێکی باکووری لە ڕۆژهەڵاتی ئەروووپا دەدات. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکە لە بەشی باشووری ناوچەکە و لە سەرووی دەریای ڕەشدایە. لەوانەیە ئەمە کاریگەریی لەسەر ڕاگرتنی پێشڕەوییەکانی ڕووسیا هەبێت، بەڵام هەبوونی مۆتەکەی ڕووسیا لەسەر ئەورووپا، شتیکی بی کەڵک نییە بۆ ئەمریکا! هەبوونی هەڕەشەیەکی ڕووسی لەسەر ئەورووپا، دەتوانێ هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی ئەورووپا بۆ ئاساییشی خۆی زیاتر وابەستەی ئەمریکابێ و لە پرسە جیهانییەکانی دیکەشدا، زیاتر هاوڕای واشنتن بێت کە ماوەی چەند ساڵێکە، کەمتر گوێڕایەڵی ئەمریکایە. دواجار هیچ دەوڵەتێکیش نایەوێ هاوپەیمانەکەی ئەوەندە بەهێزبێ کە پێویستی بەو نەمێنێ و لە کۆنترۆڵی دەربچێت. بەدەر لەوە، ڕەنگە ئەوە بە قازانجی ئەمریکاش نەبێ کە ئەوەندە بەرانبەر ڕووسیا تووندبێ، کە دەرگای هاوپەیمانییەکی بەهێزی نێوان ڕووسیا لەگەڵ ڕکابەر و نەیارەکانی ئەمریکا بکاتەوە. ئەمە بەدەر لەوەی کە هاوسەنگی ترس و ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی هۆکاریکە بەوەی کە زۆر سەرنەنێنە سەر پووتین. چونکە ئەو چەند جارێک هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر دنیا بۆ ئێمەش نەبێت ناهێڵین بۆ کەسی دیکەش بێت!
لانی کەم تاوەکوو ئێستا ڕەفتاری ئەمریکا وای نیشانداوە کە پرسی گەورە لای ئەو چینە نەک ڕووسیا. بۆ نموونە لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا لە چەند هاوپەیمانییەکی گرنگی سەربازی و ئەمنیی بە چواردەوری چین و ناوچەی پاسیڤیک دا بەشداریکردووە کە هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی وەک فەرەنسایشی لەبەر هەندێکیان ڕەنجاندووە. ساڵی 2021 هاوپەیمانیی ستراتیژی (AUKUS) لەنێوان بەریتانیا، ئوسترالیا و ئەمریکا ڕاگەیێندرا کە ڕێگە بۆ گەشەپێدانی ژێردەریایی ئەتۆمی و جێگرکردنی هێزی سەربازیی زیاتری ڕۆژاوا لە ناوچەی پاسیڤیک خۆشدەکات و بە ئەگەری زۆر هێڵی باشوور لە ناوچەی پاسیڤیک لە دژی چین بەهێزتر دەکات. هەر بە هەمانشێوە، ساڵی 2021 گفتوگۆی ئەمنیی چوارلایەنە لەنێوان ئەمریکا، هیندستان، ژاپۆن و ئوسترالیا بەهێزترکرا و، ناوەکەی لە (Quad) وە بووە (Quad+) کە نوێنەرانی نیوزلاند، کۆریای باشوور و ڤێتنامیش تییدا بەشداربوون. ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای دەستیێشخەریی ژاپۆن لە 2007 دامەزرا، بەڵام دوای ماوەیەک ڕاگیرا و، دواتریش لە 2017 لە سەردەمی ترەمپدا زیندووکرایەوە. هەرلەو ساڵانەی دواییدا کارەکانی گرووپی هەواڵگری فایڤ ئایز نیگەرانی زیاتریان لای چین درووستکردووە.
خاڵیکی دیکە ئەوەیە کە ئەوروپاش بۆ خۆی کاردانەوەیەکی وا گەورەی لە ژدی ڕووسیا پیشاننەداوە. بۆ نموونە لە سزادانی بەرپرسانی مۆسکۆدا، بڕیاربەدەستی یەکەمیان لێ دەرکردووە کە خودی ڤلادیمێر پووتینە و ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەرگایەکی بەکراوەیی هێشتووەتەوە. ڕاستییەکەی، بەدەر لە شەڕ و توانستی سەربازی، ئەورووپا لە زۆر ڕووی دیکەی وەک وزە و ئابوورییەوە پەیوەندیی لەگەڵ ڕووسیا هەیە و ناتوانێ بە تەواوی یان لانی کەم لە ماوەی کوورتخایەندا چاویان لێ بپۆشێت. ڕووسیا چوارەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی یەکێتی ئەورووپایە. لە ساڵی 2020دا 36.5% ی هاوردەی ڕووسیا لە یەکێتی ئەورووپا بووە و، 37.9% هەناردەکردنی ڕووسیا بۆ ئەورووپا بووە. لە ساڵی 2019دا سەرمایەی ڕاستەوخۆی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە ڕووسیا گەیشتووەتە 311.4 ملیار یۆرۆ، لەکاتێکدا وەبەرهێنانی ڕووسی لە ئەورووپا تەنیا 136 ملیار یۆرۆ بووە. ئەمە بێجگە لەوەی کە ڕووسیا دەتوانیت هاوشێوەی ئەوەی کردی، لە پشتی قەیرانی کۆچبەرانەوە بوەستێ و سەرئێشە بۆ ئەرووپا درووستبکات وەک ئەوەی کە لە 2021دا لە سنووری بێلاڕووس- پۆلەندا ڕوویدا.
بێجگە لەوانە، ئەورووپا و ئەمریکا پێشتریش ڕووسیایان بە بۆنەی دیکەوە سزاداوە و، وەک لە نموونەی ئیران و کۆریای باکوور و تەنانەت ڕووسیاشدا دەرکەوتووە، پێناچێت سزا ئامرازێکی زۆر کاریگەربێت یان لانی کەم یەکلاکەرەوە بێت بۆ گۆڕینی هەڵوێستی لایەنێک. ئینجا ڕووسیاش بێ بژاردە نییە و بۆ نموونە لە هەر کاتیکدا کە ئەگەری چاوگێڕانی ئەوروپا بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی جێگرەوەی گازی سرووشتی هەیە، ڕووسیاش بۆ کڕیاری تازە و ڕێککەوتنی نوێ دەگەڕێت وەک ئەوەی کە لەگەڵ چین کردی کە تێیدا کۆمپانیای گازپرۆم و کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی چین ڕێککەوتنێکی 30 ساڵەیان لەبارەی هەناردەکردنی10 ملیار مەتری سێجا (ساڵانە) ی گاز لەرووسیاوە بۆ چین واژۆ کرد. بەپێی ڕاپۆرتی کۆنفرانسی ئەمنی میونشن یەکێتی ئەورووپا بۆ 173 کاڵا، زۆر گرێدراوی دەرەوەیە کە دەبێ چارەیەکیان بۆ بدۆزیتەوە. بێگومان بەشێکی ئەو وزەیەیە کە لە ڕووسیاوە هاوردەی دەکات. بە کوورتی ئەوەی ئەرووپا و ئەمریکاش بەرانبەر ڕووسیا بیکەن، ڕەنگە شتیکی زۆر گەورە نەبێت ئەگەر شەڕی ڕاستەوخۆ ڕوونەدات.
کاریگەرییەکانی قەیرانی ئۆکراینا لەسەر کورد
$یەکەم: ئەگەری شەڕ$
لە دنیا هەندێک ناوچە هەن کە گۆڕانەکانی ئەوێ کاریگەرییەکی فراوان لەسەر شوێنەکانی دیکەش دادەنێن، ئەورووپاش یەک لەوانەیە. شەڕە گەورەکانی دنیا هەمیشە لە ئەرووپاوە دەرکەوتوون. شەڕی جیهانی یەکەم و دوومیش هەرلەوێوە سەریان هەڵدا و، کاریگەریی شەڕەکانیش بەو کیشوەرەوە سنوودار نەمان. لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم، ئیمپراتۆرییەکانی دنیا وەک عوسمانی ڕووخان و نەخشەی ئەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە شکڵی گرت و لەو نێوەدا کوردستانیش دابەشترکرا. شەڕی جیهانی دووەمیش کە هەر لە ئەورووپاوە سەریهەڵدا ڕێگەی کردەوە بۆ ئەوەی بزاڤی سیاسی کوردی گیانێکی تازە بگرێ، بەڵام هەرگیز ڕێگەی بۆ ئەوە نەکردەوە تاوەکوو وەک ئەکتەرێکی دەوڵەتی دەرکەویت و سنوورەکان وەک خۆیان مانەوە.
ئەگەر قەیرانی ئۆکراینا بۆ شەڕێکی دیکەی ئەورووپایی وەربسووڕێت، ئەوا دۆخی سیاسی کورد و پێگەی هەردوو دەسەڵاتە دیفاکتۆ ( ڕۆژاوا) و دیجۆرە ( هەرێمی کوردستان) کوردستانییەکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەکەونەوە بەرباس. ئەگەر شەڕیش نەبێت و ململانێی هێزدارە گەورەکانیش هەروا بەردەوام بێت ئەوسا جەمسەرگیرییەکانی دنیا بەرەو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەم ناوچەیەش شۆڕ دەبنەوەو لەوەشدا، چۆنییەتی سیاسەتی هاوپەیمانیکردنی کورد کاریگەر دەبێت لەوەی کە چ ڕوودەدات.
$دووەم: ئەگەری بەهێزبوونی هەڵویستی دەوڵەتانی ناوچەکە$
ئێستا تەرکیزی هێزە گەورەکانی جیهان لەسەر سێ ناوچەی گرنگی دنیایە. ئەوانیش ناوچەی ئاسیا و پاسیڤک، ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و ناوچەی دەریای سوور.
لە ئاسیا و پاسیڤیک، گەورەبوونی خێرای هێزدارییەکەی چین و هەبوونی هەژموونی زۆر و ناوچەیەکی فراوان سەرنجی زلهێزەکانی ڕاکێشاوە. ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا - هێڵێکی نێوان دەریای باڵتیک و دەریای ڕەش- زۆنیکی گەرمە و وەک نموونە مێژووییەکانیش دەریانخستووە، پۆتانسیێلی ئەوەی هەیە کە گرژییەکان بۆ ناوچەی دیکەی دنیاش بنێرێت. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان سەرنجێکی زیاتریان خستووەتە سەر ناوچەی دەریای سوور کە بە شاڕێی بازرگانی چین و ئەرووپاش دادەنرێت. ئەمە بێجگە لەو کاریگەرییەی کە لەسەر ئاساییش و ململانێ جیۆپۆلیتیکییەکانیش هەیەتی. بە گوێرەی ڕاپۆرتی 2022ی کۆنفرانسی ئەمنی میونشن، نزیکەی 20 بنکەی سەربازیی 14 هێزی جیهانی و ناوچەیی لەگەڵ سێ خاڵی پشکنینی نێودەوڵەتی لەو ناوچەیە هەن کە زۆریان لە بابولمەندەب، تەنگەبەری تیران و کەناڵی سوێس چڕ بوونەتەوە و، ئەمەش بایەخی ئەو ناوچەیە بەگشتی دەردەخات. لەو بەینەشدا، بەگشتی سەرنجەکان لەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تۆزێک کەمتر بوونەتەوە. ئەمەش دەستی هێزە ناوچەییەکان لێرە ئاوەڵاتر دەکات.
ئەمە بێجگە لەوەی کە ململانێی هێزدارە گەوەرەکانی جیهان لەسەر ئەو سێ ناوچە گەرمەی جیهان، پێگەی هێزە ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش گرنگتر دەکاتەوە. بۆ نموونە پێگەی تورکیا ئێستا بۆ ڕووسیا و بۆ ناتۆش بایەخێکی زۆتری لە ساڵی ڕابردوو پەیداکردووە. ئەگەر شەڕێک ڕووبدات، ئەوە تورکیایە کە دەتوانێت بەهۆی گەرووەکانی ئیستەنبووڵ و ڕیککەوتننامەی مۆنترۆوە کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر بەرەی باشووری شەڕ لە ملی دەریای ڕەشەوە دابنێت. ئەمە بێجگە لەو بنکە سەربازییانەی کە ناتۆ لە تورکیا هەیەتی. ڕۆڵی تورکیا وەک پاسەوانی باشووری ئەورووپا بەهێزتر دەبێت و ئەمەش وای لێدەکات کە وڵاتانی ڕۆژاوا لانی کەم لەم قۆناخەدا کەمتر دژی سیاسەتەکانی ئەنقەرە لە سووریا یان شوێنەکانی دیکە بوەستنەوە، یان لانی کەم تۆنی ناڕەزاییەکانیان کەمتر بکەنەوە.
سەرنجڕاکێشە کە هاوکات لەگەڵ قەیرانی ئۆکراینا باسی ئەگەری ڕێککەوتنی ئێران و ڕۆژاوا لەسەر پرسی ئەتۆمی گەرمتر بووە. ڕەنگە لەم قەیرانەی ئێستا، ئەمریکا و ئەورووپاش نەیانەوێت ئێران هەڵوێستێکی تەواو نزیکی لە ڕووسیا هەبێت و بۆ ئەوەش لە ئاستی گرژییەکانی خۆیان لەگەڵ تاران کەمبکەنەوە. هەروەها بایەخی کەنداو وەک سەرچاوەیەکی دابینکردنی وزە زیاتر دەبێت. بە تایبەت کە ئەورووپا بەدوای سەرچاوەی زیاتردا دەگەڕێت. ئەگەر وەک ئەوەی سەرۆککۆماری تورکیا باسی کردووە، گازی سرووشتی هەرێمی کوردستانیش لە ڕێی تورکیاوە بگوازرێتەوەو، دۆخی ناوخۆیی ئێراقیش دەرفەت بدات، ئەمە دەتوانێت بە قازانجی هەولێریش بێت.
$سێیەم: گۆڕینی سنوورەکان وەک بەشێک لە ململانێی هێزداری$
یەکێک لە بنەماکانی کاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێزگرتنە لە یەکپارچەیی خاک و سەروەری دەوڵەتان. هەڵبەت ئەمەش لەگەڵ بەشێک لەو مافانەش لە ناکۆکیدایە کە پەیماننامەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەلان و نەتەوەکانی جیهان دایانناون. هەرجۆرێک بێ، ڕەفتارەکەی ڕووسیا پێشێلکردنی ئەو بنەمایەیە، بەڵام ئەوە تەنیا ڕووسیا نییە کە بۆ مەرامی سیاسی خۆی کاری وادەکات و زۆر وڵاتی دیکەش ئەوەیان کردووە.
لەڕاستیدا ئەو ئەزموونەی کە ڕووسیا خەریکە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا جێی دەهێڵێت، لە ماوەی دریژخایەندا بە زیانی کورد نییە و نەتەوە بێدەوڵەتەکان نییە. ڕەنگە یەکێک لەو هۆکارانەی کە یەکسەر تورکیا و وڵاتێکی وەک چین کارەکەی مۆسکۆیان ڕەتکردەوە، ڕێک بۆ ئەو کاریگەرییە گریمانەییە بگەڕێتەوە کە لەوانەیە ڕەفتاریکی وەها لە درێژخایەندا لەسەر پرسەکانی وەک هۆنگ کۆنگ، تایوان یان پرسی کوردستان داییبنێ نەک ئەوەی کە دژی گرژییەکانی ڕووسیا و ڕۆژاوا بن. ڕاستییەکەی کورد کەڵکی لە دەستوەردانی ڕۆژاوا لە ناوچەکە وەرگرتووە بۆ ئەوەی لەڕووی سیاسییەوە خۆی پیناسە بکات، بەڵام ڕۆژاوا کەمتر مەیلی بۆلای دەستکاریکردنی سنوور دەچێت کە بە تایبەتی لە زۆرجێگەشدا ئەندازەییەکەی هەر لە ڕۆژاواوە کراوە. [1]