ناونیشانی بابەت: هونەرمەند لاڤین دیار: بەداخەوە هەندێ دەرهێنەری دراما بەدوای کچە ناهونەرمەندەکانی سۆشیال میدیادا دەگەڕێن و ڕۆڵیان دەدەنێ!
ئامادەکردنی: یادگار چاوشین
#لاڤین دیار#، هونەرمەند و ئەکتەری بواری نواندن، دۆبلێر و میدیاکار و دەرچووی کۆلێژی هونەر، کارەکتەری (هێرۆ) لە زنجیرە درامای (باران) ، لە دیمانەیەکدا بۆ (باسنیوز) ، باس لە ڕەوشی هونەر و درامای کوردی دەکات.
(باسنیوز) : دەسپێکی هاتنە ناو دنیای هونەرت بۆ کەی دەگەڕێتەوه؟
لاڤین دیار: ئەگەر باس لە دەسپێکی کاری هونەرییم بکەم، پێشتر من کاری دۆبلاژم کردووە، ئەوکات زۆر منداڵ بووم، هەر لەو تەمەنەدا کاری نواندنم کردووە، تا گەیشتمە قۆناغی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، ئیتر لەو کاتەوە لە پەیمانگا دەستم بە کاری هونەری کردووه.
(باسنیوز) چۆن بوو هونەری نواندنت هەڵبژارد؟
لاڤین دیار: پێم وایە هەر یەکێکمان لە شتێکدا خۆمان دەدۆزینەوە، وەک هەریەک لەو مرۆڤانەی خەونیان هەیە، خەونی منیش هونەری نواندن بوو، ئەگەرچی من لەو جۆرە کچانەم سەلیقەی ڕەنگ و خۆگۆڕین و مایکەپ و ئەو شتانەم نییه، تەنیا خولیای لاساییکردنەوە بووم، کە لە تەمەنی منداڵیشدا لەگەڵ کچە پوور و هاوڕێکانم یارییمان دەکرد، بەردەوام وەک پاڵەوانی فیلمەکان خولیای دەرکەوتنم هەبوو، لەو سەردەمەشدا لە دنیابینیی دەرهێنەرێکدا بووم، بەردەوام دەچوومە بەر ئاوێنە و نماییشم دەکرد، تا بزانم لە چ ڕۆڵێکدا خۆم دەبینمەوە، بۆیە کاتێک چوومە پەیمانگا، تێگەیشتم بەڵێ من بۆ ئەم کارە درووست کراوم، سوپاس بۆ خوای گەورە لە کۆتاییدا خەونی منداڵیم هاتە دی.
(باسنیوز) لە زنجیرە درامای باران، لاڤین ڕۆڵی (هێرۆ) دەگێڕێ، چۆن بۆ ئەو کارەکتەرە دەستنیشان کران؟
لاڤین دیار: دیارە وەک هونەرمەندان هەموومان هاوڕێین، هەر هاوڕێیانەش بەشدار بووم، ئەگەرچی بۆ بەشداریی لە درامای باران هەندێک درەنگ پەیوەندیم کرد بە ستافی دراما، ئەوەش لەبەرئەوەی تازە چووبوومە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیری، بۆ من لەو کاتەدا ئەستەم بوو زۆر بمێنمەوە، کە مەبەستم ئەوە بوو، لە پشت کامێراوە کار بکەم، بەڵام برای دەرهێنەر منی بۆ ڕۆڵی هێرۆ پێشنیار کرد، ئەگەرچی فەیسی من بۆ ئەو کارئەکتەرە نەدەگونجا، بەڵام هەرچۆنێک بوو بە ڕێگای مایکەپ چارەسەر کرا تا ئەو ڕۆڵەم بینی، هەرچەندە ڕۆڵی من لەناو زنجیرە درامای باران ڕۆڵێکی کەمە، نزیکی چوار بۆ پێنچ ئەڵقەیه، بەڵام زۆر بەختەوەر بووم، کە لەگەڵ ستافێکی بەتوانا و بەئەزموون کارم کرد، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو درامایە سیناریۆیەکی تا بڵێی جوان و هونەرییە، ستافێک بە مانای ستاف، هەمووان وەک یەک ماندوون تێیدا، چیرۆکی ئەم زەمەنەیه، کە بینەر دەباتەوە ناو قووڵایی دراماکه، هیوادارم بینەر لێی ڕازی بێت.
(باسنیوز) دەرهێنەرەکان تا چەند ڕۆڵ وەک خۆی دەدەنە کارەکتەرەکان؟ تۆ لە ڕۆڵی خۆت ڕازی بوویت؟
لاڤین دیار: مەسەلەی دەرهێنەرەکان ڕاستییت بووێت وەک خۆم زۆر ڕازی نیم لە دەستنیشانکردنی ئەکتەر، هەر ئەو هۆکارەیە کە دوورم لە کار و ڕۆڵبینین، حەزم لە کاری جوانه، بەداخەوە هەندێک لە دەرهێنەرەکان تەنیا بۆ ڤیو کار دەکەن، تا ئیشەکەیان بڵاو بێتەوە و ڤیویان زۆر بێت، کەمینەن ئەوانەی بەدوای ئەکتەری باشەوەن، بەڕاستی ئێستا زۆر کەس ڕۆڵی پێ دەدەرێت و ئەزموونی هونەرییشی کەمە، بەتایبەتی خانمێکی جوان لە سۆشیال میدییا چالاک بێ، ڕۆڵی زیاتر بەوانە دەدرێت، وەک گوتم ئەمانە هۆکارن، ئەگەر دوو تا سێ ساڵیش دوور بم لە شاشە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە کارێک بکەم لەلای بینەر پێشوازیی لێ بکرێت.
(باسنیوز) هەست دەکەیت هونەر ئەو خەونە بووە، کە خۆت بۆ ئامادە کردووە؟
لاڤین دیار: بەڵێ هونەر ئەو خەونەیە بوو کە خۆم بۆ تەرخان کرد، ئەگەر شانۆ بێت یان سینەما یان تەشکیلی یان مۆسیقا یان نواندن، ئەمە لەگەڵتدا گەورە دەبێت، وەک دەگوترێت هەموو کەس دەبێت بە ئەکتەر، یان بە هەر بەشێکی دیکەی هونەری، بەڵام هەموو کەس ناتوانێ بە و شێوازە بێت، خۆم زۆر حەزم لە ئیشە و بەردەوام سەیری فیلم و کاری باش و جوان دەکەم، هەر کارێک جوان بێت، چەندین جار سەیری دەکەمەوه، لە جووڵە، لە دەموچاو، تا زیاتر ئەزموونی لێ وەربگرم، من کارێک ناکەم هەر بۆ دەرکەوتن بێت.
(باسنیوز) ئایا مەرجە هونەرمەند ئەکادیمی بێت، بەتایبەتی لە بواری نواندندا؟
لاڤین دیار: هونەرمەندی دەرکەوتووی باش و ئەکادیمیمان هەیە کە خاوەن بڕوانامەن و نازانن ماندووبوون چییە، ئەگەرچی زۆرجار بڕوانامە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە بڵێین ئەم هونەرمەندە بڕوانامەی نییە ئیدی توانای نییە، بەڵکوو هونەرمەند هەیە خاوەنی بڕوانامەش نییە، بەڵام ئەوەندە بەتوانایه، بووەتە ئەستێره.
(باسنیوز) ئایا پەیمانگای هونەرە جوانەکان دەروازیەک بوو بۆ گەیشتنت بە هونەری نواندن، یان لاساییکردنەوەی منداڵیت تۆی کردە ئەکتەر؟
لاڤین دیار: وەک لە سەرەتاوە گوتم، هونەر خەونی منداڵیم بووە کە زۆرجار لەبەر ئاوێنە و یاریکردنی ناو منداڵان حەزم کردووە ڕۆژێک بێت ببمە هونەرمەند، هەر ئەو خولیاییە بوو قوناغەکانی خوێندن لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و دواتریش بۆ کۆلێژی هونەرم خوێند، ئەگەر بۆم بڕەخسێ و تەمەن باقی بێت پێم خۆشە ماستەر لەو بوارەدا بخوێنم.
(باسنیوز) جگە لە کاری هونەری، بە چی دیکەوە سەرقاڵن؟
لاڤین دیار: جگە لەوەی لە بواری نواندن ئیش دەکەم، لە هەمان کاتدا لە کەناڵی (وار) لە سلێمانی پێشکەشکارم و بەرنامەی زارۆکی بەهرەمەند پێشکەش دەکەم.
(باسنیوز) : کاروانی هونەری نواندت بەردەوام بێت؟
لاڤین دیار: بەدڵنیاییەوە بە کاری باش بەردەوام دەبم، بە کارێک، کە حەزم لێی بێت، بەتایبەت ئەو ڕۆڵەی بە دڵی بینەر بێت، دەمەوێت بە و جۆرە بمێنمەوە، کە بینەر خۆشی بوێم، نەک کاتێک بینەر منی بینی لێم بێزار بێت، هەرچەندە مەرج نییە هەمووان لێت ڕازی بن، یان هەمووان خۆشیان بوێیت، بەڵام بەدڵنیاییەوە زۆرینە شەرتە خۆشیان بوێیت، (بەپێکەنینەوە) وا نییە توخوا!
(باسنیوز) ئێستا ئەوەی دەبینرێت و بەرهەم هاتووە لە زنجیرە دراماکان بۆ کەناڵە کوردییەکان، تا چەند بینەری دوور خستووەتەوە لە دراما تورکی و هندییەکان؟
لاڤین دیار: بینینی هەر درامایەک هۆشیاربوونەوەی بینەرە، ئیتر ئەو درامایە تورکییە، هندییە، یان هەر جۆرێکە، وەک گوتم ئەمە بینەر هۆشیار دەکاتەوە، کە چی دەگوزەرێت، بۆیە بینەری ئێستا لەوە هۆشیارترە، بینەر بەردەوام سەیر دەکات و هەڵەکان لەناو فیلم و دراماکان دەدۆزێتەوە، ئەگەرچی ئیشی باش و خراپ جیا دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە فیلم و درامای کوردی هەبێت، چونکە درامای کوردی ئیشێکە هەموو خێزان بە یەکەوە دەتوانن بینەری بن.
(باسنیوز) هیچ کات هونەر گرفتی بۆ درووست نەکردوویت؟
لاڤین دیار: سوپاس بۆ خوا هیچ کات هونەر ئاستەنگ و گرفتی بۆ درووست نەکردووم، هەتا ئێستا هیچ فیدباگی خراپم بۆ نەهاتووەتەوە، هیچ کەس نەیگوتووە ئەمە وایە، یان ئەمە خراپە، لەگەڵ ئەوەشدا من خۆم دەرنەخستووە، حەزم بە دەرکەوتن نییە، یان ئەو ستافەی پێشووتر کارم لەگەڵ کردوون، ئێستا لەلای بینەر خۆشەویستین، بۆیە لەوە دەچێ منیش بەهۆی ئەوانەوە خۆشەویست بووبم، بۆیە هەر ئاستەنگێگ هاتبێتە ڕێگام، (بە پێکەنینەوه) وتی هی ئەوەیە من مرۆڤێکی ناڕێکم لە پۆشینی جلوبەرگ و تەنانەت بۆ خۆجوانکردنیش، بۆیە هەمیشە بینەرەکانم دەمبینن، دەیانەوێت وێنەم لەگەڵ بگرن، هەمیشە لەناو وێنەکاندا ناشیرین دەردەکەوم، چونکە هەر کاتێک لە ماڵەوە دەڵێن با بچینە دەرەوە، گرنگی بە خۆم نادەم و ناڕێک دەردەکەوم.
(باسنیوز) چوونە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیری، یاخود هاوسەرت نەبووەتە ئاسەتەنگ لە بەردەم کارە هونەرییەکانت؟
لاڤین دیار:، پێش ئەوەی بچمە ناو پڕۆسەی هاوسەرگیری، باوکم و دایکم پشتیووانییەکی باش بوون، بە ئێستاشەوە ئەگەر باس لە پشتیووانیکردنم بکەم، هاوسەرەکەم نەک ڕێگر نییه، بەڵکوو زۆرزۆر هاوکارمه، تەنانەت هەندێک جار مەبەستم نییە لە کارێکی نواندن بەشدار بم، هاوسەرەکەم خۆی زیاتر هانم دەدا، پێم دەڵێت مەوەستە و کار بکە با دوا نەکەوی، هاوسەرەکەم لە بنەماڵەیەکی ڕەسەنی شاری #سلێمانی# و بنەماڵەیەکی هونەرین و کوڕەزای خوالێخۆشبوو هونەرمەند #کەریم کابان#ە، دەنگێکی تایبەتی هەیە و کلارنێت دەژەنێ، وەک لەپێشتر ئاماژەم پێی دا، بنەماڵەیەکی هونەرین، هەر بۆیە هەموویان لێم تێدەگەن.[1]