ناونیشانی بابەت: ئەو نامەیەی ئیمپراتۆریەتی میدیای کوردانی ڕووخاند
ئامادەکردن: #فاتیح عەبدوڵڵا شوانی#
ئاستیاگ وەک دوا پاشای ئیمپراتۆری گەورەی میدیا بەهۆی بینینی خەوێکەوە کەوتە کێشە لەگەڵ قەمبیزی میری فارس کە کچەکەی خۆی پێدابوو بەناوی (مەندانە) . لەو خەونەیدا کوڕی کچەکەی -کە کۆرش بوو- دەبێتە پاشا، پاشان ئاستیاگ، هارپاکی ڕاسپارد بۆ لەناوبردنی ئەو کوڕە، بەڵام ئیشەکە جێبەجێ نەکراو کۆرش گەورەبوو، گەڕایەوە لای دایک و باوکی خۆی لە پارسوا.
هیرۆدۆتس دەڵی: “ئەستیاگ ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ منداڵەکە دەکات و پێی دەڵێ کوڕم، من بەهۆی خەونێکی هەڵەوە ئەم هەڵانەم بەرانبەر بە تۆ کرد، کە هیچ نەبوو تەنیا هەڵەیەک بوو. تۆ ئەمڕۆ پارێزراوی لەلایەن خاوەنی خۆتەوە، ئەتوانی برۆی بۆ لای دایک و باوکی خۆت لە پارسوا، من هاوکاریت دەکەم بڕۆی بۆ لایان، هەروەک دایک و باوکی ئێستەت کە میتردایتس و خێزانەکەیەتی”. بەم وشانە ئەستیاگ ماڵاوایی لە کچەزاکەی کردو گەڕایەوە بۆ لای قەمبیزی باوکی و پێشوازی گەرمی لێکرا، کە دەیانزانی ئەوە منداڵەکەی خۆیانە.
دوای گێڕانەوەی چیرۆکی ڕووداوەکەو بەسەرهاتەکان، پاشان لێرەوە هارپاک هات بۆ لای کۆرش و بیریان لە دانانی پلان و تۆڵەکردنەوە کردەوە. باشترین کارنامەیان ئەوە بوو کۆرش بکەن بە بیانو و سەرکردەی شۆڕش بۆ لەناوبردنی ئەستیاگ و میدیا، چونکە پێان وابوو ئەستیاگ هەڵەی گەورەی کردووە، بەمەش هارپاک ئامادەکاری کرد و ئامادەی شۆڕش بوو دژی میدیا. کۆرش ئەوەی پێ باش بوو، بەڵام جێبەجێکردن و بەدیهینانی ئەو کارەی بەلاوە زەحمەت بوو، چونکە ڕێگای نێوان میدیاو فارس هەروا ئاسان نەبوو.
هارپاک زیاتر کارئاسانی بۆ کۆرش کرد، نامەیەکی نووسراوی لەسەر کەوڵی کەروێشک بۆی نارد کە تێیدا دەنووسێ: “ئەی کوڕی قەمبیز تۆ خودا هاوەڵیت دەکات و چاودێرت دەبێت، هەرگیز تووشی کێشە نابیت، ئەوەش کارێکی گرنگ دەبێت، کاتێکی گونجاوە بۆ تۆڵەکردنەوەت لە ئەستیاگی بکوژت، مردن و ژیانت بەدەست خوایە، ئەگینا ئێستا لە ژیان نەدەبووی، بەبڕوای من تۆ ئەمە هەرگیز لەبیر ناکەی کە چیت بەسەر هاتووە لەلایەن ئەوەوە (ئاستیداگ) ، ئەگەر من نەبوومایەو نەمبردیتایە بۆ ماڵی شوانەکە، تۆ کوژرابووی یان مردبووی. ئێستا گوێم لێبگرە، وشەکانم لێوەرگرە، هەموو ئیمپراتۆری میدیا بۆ تۆدەبێت و ئەبێتە هی تۆ، هەر ئێستا لە وڵاتی فارس هەڵگەڕانەوە ڕاگەیەنەو پاشان بەئاڕاستەی میدیا بڕۆ، ئەگەر ئاستیداگ هێزی هێنا دژی تۆ، هەروەها میدیا دژی تۆ وەستانەوە من هەمووی بەکاردەهێنمەوە دژی خۆیان تۆ لەلایەک، منیش لەلایەکی ترەوە هەمومان بۆ لەناوبردنی میدیاو ئەستاگ یەکدەگرینەوە، لەم پێناوەدا هەستە بە کارەکەت زۆر بەخێرایی”.
ئەم نامەیە باشترین هاندان بووە بۆ کۆرش و فارس بەوەی بیروباوەڕیان بە هەڵگەڕانەوە هەبێت، دوای ئاڵوگۆڕی بیروڕاکان و گۆڕینەوەوی نامەی زیاتر، بڕیاردرا ئەم کارە کەمێ دوابخرێت. ئیتر لێرەوە کۆرش نەتەوەی فارسی درووستکرد و کۆمەڵێ هۆزی تریشی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی ئامادەبن بۆ هەڵگەڕانەوەو شۆڕشکردن دژی میدیاو بنەمای سەرەکی شۆڕشەکەیان سەربەخۆی بێت. بەوەش زۆربەی خێڵە فارسەکانی کۆکردەوە وەک: (مارافیان، ماسباتییەکان) . هەروەها پاسارگادەی وەک شاری خانەدان ناساند و بنەماڵەی ئەخمینی وەک بنەماڵەی پاشایەتی ناساند، کە یەکێک بوو لە خێڵە فارسەکان. پاشان کۆمەڵێ هۆزی تریش دوای کەوتن وەک؛ (پانسییەکان، دێروسییەکان، گێرمانیەکان، درۆپیکان، ماردیەکان، پاننس، ساگارتییەکان) . ئەمانە کۆمەڵێ هۆزی کۆچەری بوون گوێڕایەڵی خۆیان دەربڕی بۆ کۆرش.
بەو هەنگاوانە، کۆرش دەستی کرد بە کارەکانی خۆی و لە سەرەتاوە لە ماوەی یەک ڕۆژدا توانی کۆمەڵێ ناوچە بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆیەوە. لە ڕۆژی دووەمدا هەرچی مەڕو ماڵاتی قەمبیزی باوکی بوو کۆیکردەوە بۆ خواردنی هێزەکانی سوپای فارس. هەروەها نان و ئاوو کەلوپەلی تەواوەتی بۆ ئامادەکردن بۆ بەرزکردنەوەی ورەی سوپاکەی. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەهێز دەبوو وتاری بۆ سوپاکەی دەدا بەناوی پیاوی فارسەوە. هەروەها وتاری توندو وروژێنەری بۆ سەربازەکانی دەدا بۆ هاندان و شۆڕش دژی میدیاو باسی ئازایەتی پیاوی فارسی دەکرد.
لەم کاتەدا ئەستیاگ درەنگ وەڵامی دانەوە، سەرەڕای ئەوەی فارسەکان بڕیاری هێرشیان داو هەستان بە داگیرکردنی زەویەکی زۆری خاکی میدیا. دواجار ئەستیاگ ئارامی نەماو نامەیەکی بۆ کۆرش نارد وەک شازادەیەک و داوای بینینی لێکرد، بەڵام کاتێ کۆرش نامەکەی دەبینێ و وەڵامی دەداتەوە، دەڵێ: “ئەمە بە ئەستیاگ بڵێ، من دەیبینم زیاد لەوەی خۆی حەزی لێدێتی”.
کاتێ ئەستیاگ ئەم نامەیەی پێگەیشت وخوێندیەوە، خێرا فەرمانیدا سوپا ئامادەکەن و سەرجەم سەرکردەکان کۆبوونەوەو لە ناویشیاندا هارپاک هەبوو، بەڵام ئەستیاگ بیری چووبوو کە چۆن هارپاکی بریندارکردووەو توڕەی کردووە. کاتێ دوو سوپاکە (میدیا و فارس) بەیەک گەیشتن شەڕ ڕوویدا، دوای ئەوەی ژمارەیەکی کەمی سەربازی سوپای میدی کوژراو زۆرینەی ڕایان کردو چوونە پاڵ سوپای فارس، کەس لەم نهێنییە نەگەیشت کە بووە هۆی ترس و دڵەراوکێیەکی زۆر بۆ سەربازەکانی تر، بەوەش ئەستیاگ تووشی شکان و شەڕێکی گەورە بۆیەوە. پاشان بڕیاریدا پاشەکشە بکەن و بگەڕێنەوە ناو قەڵای شارو لەوێ بەرگری بکەن بە گەورەو بچوکەوە، بەڵام لەم شەڕەشدا شکستی خواردو تەواوی سوپاکەی لەناو چوو، تەنانەت خودی ئەستیاگ خۆیشی بەدیلی گیراو خرایە زیندانەوە. پاشان هارپاک لە زینداندا چاوی بە ئەستیاگ کەوت گفتوگۆی لەگەڵ کرد، باسی ئەوەی بۆکرد کە چۆن کوڕەکەی پارچەپارچە کردووەو کردی بە گۆشتی خواردن.
هارپاک داوا لە ئەستیاگ دەکات وەڵامی باتەوە، کە چۆن کۆیلەیەکی خستە شوێن پاشا. ئەستیاگ سەیری دەموچاوی هارپاک دەکات و لێی دەپرسێ بگەڕێرەوە بۆ ڕووداوەکە بۆچی هاوکاری و پاڵپشتی کۆرشت کرد؟
هارپاک وەڵامیدایەوە وتی: “نامەکەی من وای لێکرد ئەوان شۆڕش دەستپێ بکەن، هەر ئەوەی منیش بووە بنەما و پایە گرنگەکانی پڕۆژەی کارەکە”.
پاشان ئەستیاگ ئەوەی پێووت: “ئەوەی تۆ کردت ئەوپەڕی بێشەرمی و سوکی بوو، ئەوپەڕی زوڵم بوو لە میدیەکان، ئەوپەڕی سووکایەتی بوو، چوونکە تۆ لەوپەڕی بەهێزی توانادا بووی، ئەتتوانی تاجەکە بکەیتە سەری خۆت نەک بیگانەیەک، تۆ هەموو شۆڕشەکەت کرد کە دەبوو بیکەی، بەڵام بۆ کەسێکی ترت کرد، تاجەکەش بۆ سەری کەسێکی ترە، ئەوپەڕی زوڵمت کرد، چوونکە کۆیلەیەکت کردە پاشای میدیاو میدیات لەناوبرد، میدیات کردە کۆیلەی فارس، کۆیلەیەکت خستە جێی پاشا، بۆچی خۆت ئەوەت نەکرد؟ لەکاتێکدا دادپەروەری ئەوەبوو میدیا بەدەست بهێنی و میدیا بمینێتەوە نەک فارس، نەک میدیا بگۆڕیتەوە بە فارس، ئەوە سەروەری بوو نەک ئەوەی کردت، لەگەڵ ئەوەشدا میدیەکان هاوبەش و لایەنگری هەڵەکەت نین کە بۆی دەگریت، کۆیلەیەکت هێناو گۆڕێتەوە بە پاشاکان”.
لەم گفتۆگۆیەدا زۆرشت ڕوونە، پەشیمانی ئەستیاگ و بێدەنگی بەرانبەر بە کوشتنی کوڕەکەی هارپاک. بەم شێوەیە ئاستیداگ دوای 53 ساڵ فەرمانڕەوایەتی، دەسەڵاتی لەدەست دەرچوو لەگەڵ تەواوی ئیمپراتۆریەتی میدیا، بەهۆی هەڵەکانیەوە، لەکاتێکدا (128) ساڵ فەرمانڕەوایەتی ئاسیان کرد، لێرەشەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستەڵات کەوتە دەست فارس.
لەم کاتەدا کۆرش، ئاستیداگی لە زینداندا هێڵایەوە بەبێ هیچ ئازاردانێک تا لە ژیاندا مابوو، بەڵام لەم کاتەدا میدیەکان ڕاپەڕینیان دژی کۆڕش ئەنجامداوەو دواتریش لە سەردەمی دارادا میدیەکان جارێکی تر شۆڕشیان کرد دژی فارس، بەڵام تێکشکان و جارێکی تر ملکەچی فارس بوونەوە.
هێرۆدۆتس باس لە هەڵەی ئەستیاگ دەکات کە چۆن وڵاتی میدیا تووشی شکست کرد بەو سزادانەی هارپاکی پیاوی باوەڕپێکراوی خۆی.
بەپێی گێڕانەوەکانی هێرۆدۆتس، هارپاک دوای ئەوەی هاوکاری کۆرشی کرد لە ڕوخاندنی میدیا و بەردەوام بوو لە هاوکاریکردنی کۆرش لە داگیرکردن و هێرشەکانیدا بۆ سەر وڵاتی لیدیاو لە زۆربەی شەڕەکانی کۆرشدا دژی لیدیا بەشداربووە، وەک سەرکردەیەکی باڵا دەرکەوتووەو باس کراوە، تەنانەت بە فەرماندەیەکی لێهاتوو سەرکەوتوو ناوی دەبات و دەڵێ: “هارپاک ئەو کەسەی کۆرشی خستە شوێن ئەستیاگی پاشای میدیا”.
هەروەها لەدوای سەرکەوتنی کۆرش و هارپاک بەسەر میدیادا، باسی ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای فارس دەکات بە سەرکردایەتی هارپاک دژی لیدیا، ناوی زۆربەی ئەو شارانە دێنی کە هارپاک هێرشی کردۆتە سەریان.
بەم شێوەیە بەهۆی هاوکاری و نامەکانی هارپاکەوە کۆرش توانی شوڕش دژی میدیاو ئەستیاگی باپیری خۆی بکات و ئیمپراتۆری میدیا بروخێنیت و ئیمپراتۆریەتی ئەخیمی فارسی درووستبکات، لەسەر بنەما شارستانی و کلتورییەکانی میدیای کوردان.
=KTML_Bold=سەرچاوە و پەراوێزەکان:=KTML_End=
(1) ئەستیاگ- ایشتوویگو: دواپاشای ئیمپراتۆری میدیابووکوڕی کەیخوسرەوی کوڕی فرائورتیسی کوری دیاکۆی دامەزرێنەری دەوڵەتی ماد بووساڵی 585-550پ.ز فەرمانڕەوایەتی ئیمپراتۆری میدیابوو.
(2) هارپاک-هارپاکوس: بە یەکێک لەشالیاروپیاوەمتمانەپێکراوەکانی ئەستیاگی پاشای میدیا دانراوەوسەرۆکی سوپای بەهێزی میدیاش بووە. دوای سەرهەڵدانی کێشەی نێوان ئاستایگ وهارپاک وسزادانی هارپاک لەلایەن پاشای میدیاوە، هارپاک بیرلەتۆڵەکردنەوەدەکاتەوەوناپاکی نیشتمانی ئەنجام ئەدات وکاربۆسەرخستنی فارسەکان دەکات کەدواجار پلانەکەی سەری گرت ومیدیای خستەدەست فارسەوە.هەتامردنیشی وەک خزمەتکاری کۆرش وفارس کاری کرد.
(3) Herodotus; The Persian Wars، Translated By ، George Rawlinson، The Modern Library، New York، 1942، First Book ، p 67-69.
(4) (ئەمە وتانەی هارپاک نیشانەی ئەوەیە تائەم کاتەش هارپاک خاوەن متمانەبووەلەلای ئەستیاگ ومیدیا)
(5) Herodotus; The Persian Wars، Translated By ، George Rawlinson، The Modern Library، New York، 1942، First Book ، p73.
(6) Herodotus; The Persian Wars، Translated By ، George Rawlinson، The Modern Library، New York، 1942، First Book ، p86-89..
(7) Herodotus; The Persian Wars، Translated By ، George Rawlinson، The Modern Library، New York، 1942، First Book ، p90-93..
(8) Herodotus; The Persian Wars، Translated By ، George Rawlinson، The Modern Library، New York، 1942، First Book ، p94-96.
[1]