$دەڤەری باتیفا لەسەر گۆڕی زەمبیلفرۆش$
چیرۆکی #زەمبیلفرۆش#
لە پێداهاتنەوە و وەڕگێڕانی:#ئارارات عەزیزی بۆکانی#
لە پێشدا، دەمەوێ لەسەر وشەی زەمبیل و زەنبیل بدوێین و لەسەر ئەسایێکی زمانەوانی کۆنی کوردی، بە ئەوە دڵخۆش بین کە هەر دوو وشەکە کوردییە.
لە ڕووی ماتڕیاڵی زمانی کوردی و شێوەزارەکان، چەند خاڵێکی زەق و بەرچاو دەکەوێتە گۆڕێ کە هەموو هەر دڵخۆشکەرن و وەک میناکی زیندووی زمانەکەمان، ئەوڕۆش بە کار دێن.
نموونە:
لە زمانی کوردیدا، زۆر جار لە شێوەزارێک بۆ شێوەزارێکی دیکە و زۆر جار لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە، پیتەکان لە ڕووی گوتنەوە گۆڕانکارییان بەسەر دێت، کە ئەوانەش هەمووی لە دەوڵەمەندی زمانەکەماندا خۆی دەبینێتەوە.
باران، واران
بەهار، وەهار
تەورێز، تەبرێز
“ئەنبار، ئەمبار”
زمان، زوان
وەهرە، بەهرە.
زەمبیلفرۆش، لەسەر ئەساسی ڕاستەقینەی گوتنەکەی وەک کورمانجی ژووروو.
زەمبیلفرۆش ناوی داستانێکی کوردییە، کە مەلا حەسەنی باتەیی (1417-1491 جۆلەمێرگ) نووسیوییەتەوە.
ناوی ڕاستەقینەی زەمبیلفرۆش، میرسەعید کوڕی میرحەسەن، لە فەرمانڕەواکانی ئامەدی باکووری وڵاتە و میر سەعید کوڕێکی جوانچاک و ئاشقە ڕاو بووە.رۆژێک کە لە دەوری زاخۆ لە نێچیرڤانی دەگەڕێنەوە، دبینن کە خەڵکێک خەریکی ناشتنی تەرمێکن و ئەویش پرسێار دەکا، ئەوە چ بووە؟
وەڵام هات کە کورێکی گەنجی تەمەن چاردە ساڵ مردووە.هەر لە وێ میرسەعید هزر هەڵیدەگرێ و لە دەروونیدا ئەو پرسیارە لە؟خۆی دەکا کە بڵێی منیش بمرم و لە گۆریچەیەکی ئاوا تەسکدا بمنێژن؟
ئەم ڕووداوە وا لەسەر میر کاریگەریی دەبێ کە لە گەڕانەوە بۆ کۆشک، بڕیار دەدا دەست لە میرایەتی هەڵگرێ و جلی دەرۆیشان لە بەر بکا.
ژنی میر دەست دەکا بە لۆمە کردنی و دەڵێ: ئەی میر تۆ دەستت لە میرایەتی هەڵگرت و ڕووت لەم ژیانە کردووە، ئێمە ژیانمان دەوێ.ئەوەی تۆ بڕیارت داوە گوناهی ئێمەی تێدا نییە.میر قسەی خێرانەکەی دەسەلمێنێ و لە شاری ئامەد (ئامەد) ەوە دەڕۆن بۆ شاری ماردین (مێردین) و دوای پرس و ڕایەکی زۆر پیشەیەکی مرۆڤانە هەڵدەبژێرێ کە نەکا لە لای خواکەی خۆی گوناهبار بێت، هەر بۆیە ڕۆژانە لە قامیشەڵانەکانی شاری مێردێن، دەست دەکا بە قامیش و شووڵ بڕینەوە و بە یارمەتیی خێزانەکەی زەمبیل (سەلک) درووست دەکات و لە فرۆشی زەمبیلەکان، ژیان بەرەو پێشەوە دەبەن.
ڕۆژێک لە ناو هات و هاواری زەمبیل فرۆشتندا، لەناکاو کچێکی میرزادە چاوی بە زەمبیلفرۆش دەکەوێ و لەسەر خۆ دەچێ، لە دوای بە هۆش هاتنەوەی یەکسەر بە قەرەواشێکی دەڵێت کە بچێت و زەمبیلفرۆش بۆ کۆشک بانگ بکات.زەمبیلفرۆش دەگاتە کۆشک و هەر زوو لە نیگای میرزادە تێدەگا.ئەوەی کە گرینگە ئێستا زەمبیلفرۆش دەروێشێکی تۆبەکار و کەسێکی بەحدینە (وەهدین)، هەر بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە کە خۆی دەرباز بکات و داوا لە خاتوون دەکات کە بچێ دەستنوێژ بگرێ و دوای نیاز لەگەڵ خواکەی بگەڕێتەوە بۆ لای. زەمبیلفرۆش بیر لەوە دەکاتەوە کە بە خۆهەڵدان لە سەربانی کۆشکەوە خۆی ڕزگار بکات و لە چنگ میرزادە هەڵبێت بەڵام سەرکەوتوو نابێت.میرزادە دەکەوێتە ئەو بیرەوە کە لە ناو جێدا لەگەڵ زەمبیلفرۆش نزیکی بکات، هەر بۆیە لەگەڵ ژنی زەمبیلفرۆش جێی خۆی دەگۆڕێتەوە و بە پۆشینی جلەکانی ئەو، دیسانیش هەر سەرکەوتوو نابێت.
زەمبیلفرۆش کە دواتر دەبینێت میرزادە دەستی لێ هەڵناگرێ، بە ناچاری دەگەڕێتەوە شاری ئامەد و لە دوای مردنی باوکی بە زۆری خەڵک، میرایەتی دەکات، بەڵام شەوانە دیسان بە فرۆشتنی زەمبیل خۆی بەخێو دەکات و هیچ کات سامانی میرایەتی بۆ ژیانی خۆی بەکار ناهێنێت.قەبری زەمبیلفرۆش لە گوندی سیرکوتکی سەربە شاری زاخۆیە.
لە زۆربەی ئەو بەیتانەی کە لەسەر زەمبیلفرۆش هەیە، دەگوترێت کە گوایە خۆی لە سەربانی کۆشکەوە فڕێ دەدا یان دەڵێن، بە نزا و پاڕانەوە دەبێ بە کەو و لەوێ نامێنێ، کە هەمووی ئەوانە لەو خاڵەدا جێدەگرێ کە دەیانهەوێ مافیقەتی ئەم داستانە بکەن بە ئەفسانە و لە ڕێبازی خۆی بە لارێیدا ببەن.
چیرۆکی زمبیلفرۆش یەکەمجار، وەستا جەمۆ مجێوری گوندی خەتارێ لە باکوور گوتوویەتی.
مامۆستا گێو موکریانی ساڵی 1967 زەمبیلفرۆشی لە دوای کۆکردنەوەی سەرچاوە کورمانجی و لکە زاری بادینی بە سۆرانی بە چاپ گەیاندووە.[1]