$پشت پەردەی گرژییەکانی #شنگال#!$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#04-05-2022#
$بەرایی$
ڕۆژێک دوای گرژییەکانی ئەمدواییەی سوپای ئێراق و یەبەشە لە 2ی ئەم مانگە، عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری ئێراق چووە شنگال و، دوای ئەوەش، سوپا ڕایگەیاند کە شنگال ئارام بووەتەوە. ناوە ناوە نێوانی سوپای ئێراق و یەبەشە لە شنگال تێکدەچێت و، بەریەکدەکەون. ئەوە شەڕی پێناگوترێ، بەڵام یەکێک لە قۆناخەکانی بەرلە شەڕە و، ماوەیەکیشە زووزوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. بەهۆی دۆخی ناوخۆیی ئێراق و بارودۆخی یەبەشەوە، جارێ زووە ئەوە بۆ شەڕێکی گەورە وەربسووڕێت، بەڵام ئەو دۆخە هەروا بە نائارامی دەمێنێتەوەو جاروبار سەهەڵدەداتەوە.
لە ڕاستیدا پرسیارەکە ئەوە نییە کە بۆچی ئەمە ڕوویدا، چونکە پێشبینکراوبوو وەک چەندینجاریش ئاماژەی پێدرابوو، بەڵام گرنگە وەبیری بێنینەوە، بۆ ئەوەی بزانین دۆخی شنگال بەرەو کوێ دەڕوات!
$ئارامی و نائارامی لە شنگال$
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە ڕاگەیێندراوێکدا گوتوویەتی سوپا و پۆلیس لەنێو شارۆچکەی شنگالن، ئێستا شارەکە ئارامە و دیاردەی چەکداری تێدا نییە. ڕاستییەکەی ئەگەر شنگال تەنیا وەک شارۆچکەی ناوەندی سەیر بکەیت، لەوانەیە ئەوە ڕاست بێت، بەڵام گرژییەکانی شنگال تەنیا لە شارۆچکەی شنگال نییە و کاتێک باس لەو ناوە دەکەیت، ناوچەکانی بەری باکوور (شیمال) واتە شارەدێی سنوونێ و کۆمەڵگە و گوندەکانی دەوروبەری تا خانەسۆر، لەگەڵ ناوچەکانی بەری باشوور (قوبلەتێ) کە شنگال و کۆمەڵگە و گوندەکانی دەوروبەری لەگەڵ شارەدێی گرعزێر (قەحتانییە) لە بەعاجیش لەخۆ دەگرێت.
شنگال ئارام بووەتەوە، چونکە هەرجارە و گرژییەک لە بەینی سوپا و یەبەشە دەرکەوێت، ناوبژیوانیێک دەکرێت و کپ دەکرێتەوە. بەڵام شنگال ئارامیش نییە، هێزەکان هەر لەوێن و دوای ماوەیەک دیسان گرژییەکان سەرهەڵدەداتەوە. لە بەری باشوور کە شنگالییەکان خۆیان قوبلەتێی پێ دەڵێن، زیاتر هێزەکانی #حەشدی شەعبی# و فەوجی لالش هەن. لە بەری ڕۆژهەڵات و لەنێوان باکوور (شیمال) و قوبلەتێ، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی پاراستنی ئێزدخانی حەیدەر شەشۆ هەن و، لە بەری باکووریشەوە هەر لە بارا و خانەسۆر و بەر#ئامەد#ین شێخ شەمسەوە بگرە هەتا گەلێی کەرسێ و، لەو بەریشەوە سنوونێ و دوگورێ بەرەو دهۆلا، لەگەڵ بەشێکی زۆری سەری چیا کە #سەردەشت#ی پی دەڵێن، ناوچەیەکن کە زیاتر لەژێر کاریگەریی یەبەشەدان.
شنگال ئارام نابێت، چونکە هێزێکی زۆر و جیاوازی تێیدایە و بایەخە ئەمنی و ئابوورییەکەیشی تەنیا بە کورد و هەرێمی کوردستان و ئێراقەوە سنووردار نییە و خەریکە ڕەهەندێکی گەورەتر پەیدا دەکات.
$ئەلهۆل و گرژییەکانی شنگال$
گەلێک پێیانوایە، لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی شنگالەوە لە ساڵی 2020، ئەمە یەکەمجارە حکومەتی بەغدا بە تەمابێت بەشێوەیەکی جیدی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات. لەشکر و چەک و چۆڵەیەکی زۆری ناردووەتە ئەو دەڤەرە و، لە ڕۆژی 26ی مانگی ڕابردووشدا مستەفا کازمی بڕیاریدا نەجم جبووری پارێزگاری ئێستای نەینەوا بکاتە قایمقامی شنگال! وەک دەزانرێت دابینکردنی ئاساییش و ئارامی لەلایەن سوپا (لەدەرەوەی شارۆچکەی شنگال) و پۆلیسی فیدراڵی (لەناو قەزا) و درووستکردنی هێزیکی 2500 کەسی کە شنگالی بن، لەگەڵ گۆڕینی قایمقام لە بەندەکانی ڕێککەوتننامەی شنگال بوون کە لە مانگی 10ی ساڵی 2020دا واژۆ کرابوو.
هەرزوو بەهۆی ناڕەزاییە جیاوازەکانەوە، کازمی ناچار بوو بڕیارەکەی خۆی سەبارەت بەدانانی نەجم جبووری وەک قایمقام ڕابگرێت. تا ئەو جێگایەی من بزانم سەرۆکوەزیران لە دانانی نەجم جبووریدا پرسی بە هاوبەشی دووەمی ڕێککەوتننامەی شنگالیش نەکردبوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستانە. بۆیە ڕێی تێناچیت ئەمە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال بووبێت.
دەستنیشانکردنی کۆنە سەربازێکی وەک نەجم جبووری بۆ شوێنێکی وەک شنگالیش دەریدەخات کە لەوانەیە حکومەت هەندێک پرسی ئەمنیی لە کاری لەپێشینەی خۆی دانابێت.
وەک دەزانرێت لە دوای ڕوواوەکانی ساڵی ڕابردوو لە زیندانی گوێڕانی حەسەکە، ترسێکی گەورە لەسەر کەمپی ئەلهۆل درووستبووە و ئێستاش هەرچی دەکەن ئەو کەمپە بە تەواوی کۆنترۆڵ ناکرێت. #داعش# لەناو کەمپەکە خەڵک دەگرێ، خەڵک دەکوژێ و جارێ کەسیش ناتوانێ بیانگرێ و بیاندۆزێتەوە. ئێراق ترسێکی زۆری لە چارەنووسی کەمپی ئەلهۆل هەیە کە دەوری 10-15 کم لە شنگالەوە دوورە. قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئێراق، پێشتر گوتبوی ئەلهۆل مەترسییەکی ڕاستەقینەیە. لەبیرمان نەچێت کە بە پێی ڕێککەوتنی شنگال دەزگای ئاساییشی نەتەوەیی یەکێکە لە بەرپرسانی دۆسییەی شنگال. ئێراق بڕیاریداوە بەشێک لەو ئێراقییانەی ناو کەمپی ئەلهۆل بهێنێتەوە بۆ کەمپی جدعا لە سنووری پارێزگای نەینەوا. هەروەها بەشێک لە شەڕکەرە گیراوەکانی داعشیش بهێنێتەوە کە بەشێکیان کە لەوانەیە دەوری 5000 –تا 6000 کەسێک بن لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان جێگیربکرێن. هەڵبەت پێدەچێت بڕیاربەدەستانی ئێراق بە شێوەیی سەرەکی خۆیان ناچار بە قایمکردنی سنوورەکان ببینن. دوای ڕووداوەکەی زیندانی غوێڕان لە حەسەکە، مستەفا کازمی بۆخۆی چووە سنوور و لەو کاتەوە کارەکانی درووستکردنی دیوار و تەلبەند لە بەشێک لەو سنوورانە زیادیان کردووە. ئا لێرەوەیە کە جووڵەی سوپا بەرەو شنگال زیاتر واتا پەیدا دەکات. ئێراق دەزانێت کە بەو فرە هێزییەی وا لە شنگال هەیە، ئەستەمە لە کاتی دەرچوونی گرفتێکدا بتوانێ بەسەریدا زاڵ بێت. هەڵبەت لەلایەکی دیکەشەوە، مەترسیی ڕاستبوونەوەی داعشیش نەبێت، ئەوە هەر خواستی حکومەتە کە بتوانێت بە تەواوی بەسەر بارودۆخی شنگالدا زاڵ بێت. ئەگەر حکومەت بەهێز بێتەوە، ئاییندەیەک بەدی ناکرێت بۆ ئەوەی یەبەشە و ئیدارەی خۆسەری شنگال بتوانن بەمجۆرەی ئێستا بمێننەوە.
$ململانێی ڕێڕەوەکان لە شنگال$
شنگال ئێستا ناوچەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی هێزەکان لەوێ ڕکابەریی یەکدی بکەن، هێزە وەکیلەکانیان بدەنە گژی یەکدیدا بە بێئەوەی خۆیان بکەونە ناو شەڕێکی ڕاستەوخۆوە، بەڵام تەنیا ئەوە نییە و، پرسی شنگال خەریکە ڕەهەندێکی جیۆئیکۆنۆمی گرنگیش پەیدا دەکات. لەم ساڵانەی دواییدا ئێراق خەونێکی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە کۆریدۆریک بۆ گواستنەوەی دەریایی- وشکانی و، بە تەمایە بە پڕۆژەی بەندەری فاو لەنێو بەندەرەکانی مێرسین (تورکیا) ، بەندەر عەباس (ئێران) و شاریجە (ئیمارات) دا شوێنێک بۆخۆی بکاتەوە و، لە ڕێی بەستنەوەی فاو بە فیشخابوور، بەڕێی ئاسن و جاددەوە، بایەخە ڕێڕەوییەکەی خۆی بۆ بازرگانی زیاتر بکات. ساڵی ڕابردوو، داخرانی کەناڵی سوێز زیانێکی گەورەی ئابووری لێکەوتەوە و بۆ ماوەیەک گرفتی بۆ هاتوچۆی نێوان دەریای سپی و دەریای سوور درووستکرد. ئا لێرەوەیە کە دۆزینەوەی کەناڵی جیگرەوە، ڕەهەندێکی نێودەوڵەتیشی هەیە. لە دیسێمبەری 2021دا یەکەم باری کەشتی لە شاریجەی ئیماراتەوە بۆ بەندەرعەباسی ئێران و، لەوێشەوە بە ڕێگەی وشکانی بۆ تورکیا گوازرایەوە و، ئێستا ئەو هێڵە لە کاردایە. وادیارە ئەگەر بارەکان لەو ڕێگەیەوە بگوازرێنەوە، 6 بۆ 8 ڕۆژی پێدەچێ تا بگاتە تورکیا بەڵام، ئەگەر لە ڕێی دەریای سپی- کەناڵی سوێز و دەریای سوورە بێت، ئەوا دەوری 21 ڕۆژی پێدەچێت. جا ئەگەر ئێراق پڕۆژەی بەندەری فاو تەواو بکات و ڕێگەی ئاسان و ڕێگە وشکانییەکانییەکانی بەرەو تورکیا چاکبکاتەوە، ئەوسا ڕێگەیەکی ئاسانتر دەبێت بۆ گواستنەوەی شتومەک لەنێوان دوبەی بۆ تورکیا و بە پێچەوانەکەیشی. دوای ئەوەی هەندێک لە وڵاتانی کەنداو گەمارۆیان خستە سەر قەتەر، ئێراق کەناڵێکی ئاوی بۆ قەتەر کردەوە و شتومەکی هاوردەکراوی لە ڕێی بەسرەوە ڕەوانەی قەتەر دەکرد، بۆیە ئەزموونێکی لەمەشدا هەیە. بەمدواییانە تورکیا و ئیمارات 13 ڕێککەوتننامەیان واژۆکرد کە یەکێکیان لەبارەی گواستنەوەی دەریایی- وشکانییەوەیە. مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیاش گوتوویەتی کە ئێراقیش یەکێک لە ڕێگەکان دەبێت بۆ گواستنەوەی شتومەک لەنێوان تورکیا و ئیمارات.
ئێستا ڕێگەی وشکانی لەنێوان ئێراق و تورکیا هەیە و بە ئاسانی دەتوانرێت ئەو شوێنانەی کە پێویستیان هەیە چاکبکرێنەوە. تەنیا کێشەیەکی گەورە کە هەیە لەنێوان تەلعفەر بۆ سنووردایە. بۆ ڕێگەی ئاسنیش، حکومەتی هەڵمەتێکی نۆژەنکردنەوەی ڕێگەکانی ئاسانی دەستپێکرد وە کە یەکێک لە گرنگترینەکانیان بە موسڵدا تێپەڕ دەبێت. تۆڕی ڕێگەی ئاسن لە بەسرەوە دەگاتە ناسریە و سەماوە، دیوانیە و حیللە و لەوێشەوە بۆ کەربەلا و بەغدا هەیە و لە بەغداشەوە بۆ بەعقوبە- سامەڕا، تکریت دەڕوات و، لەوێوە دەگاتە (وادی المر) لە سنووری پارێزگای نەینەوا. دواتر دەچێتە حەمام عەلیل و لەوێشەوە بۆ موسڵ و دواتریش تاوەکوو ڕەبیعە دەڕوات. کاتی خۆیشی ئەو ڕێگە ئاسنانە هەر بە تورکیاوە بەسترابوونەوە، بەڵام شەڕ و نۆژەننەکردنەوە، وایکردووە کە بەشێکی زۆری ڕێگەکانی ئاسن لەکاربکەون. ئێستا حکومەت خەریکە بە چڕی کار لەسەر نۆژەنکردنەوەی ڕێگەکانی ئاسان دەکات و، یەکێک لەوانەش وێستگەی (وادی المر) ە لە موسڵ کە نزیکەی 120 کیلۆمەتریک لە شنگالەوە دوورە.
هەڵبەت کردنەوەی کۆریدۆری تورکیا- ئێراق- خەلیج واتای ئەوە دەدات کە بایەخە ڕێڕەوییەکەی ئێران ئەگەر کەمیش نەبێتەوە، ئەوا جێگرەوەیەکی هەبێت! خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە ئێراق بۆ ئەوەی ئەم کۆریدۆرە بکاتەوە، دەبێ ئاساییشی نەینەوا دابینبکات. ئەگەر لەم دیدەوە تەماشا بکەین و بپرسین ئاساییشی نەینەوا بە گشتی نەک تەنیا شنگال هەبێت، بۆکێ باشە و بۆ کێ باش نییە؟ ئەوسا گرژییەکانی شنگال زیاتر واتادار دەبن.
هەڵبەت ئەم بابەتە تەنیا پرسێکی نیودەوڵەتیش نییە. بۆ پەکەکە و ئیدارەی ڕۆژاوای کوردستانیش، شنگال ڕێڕەوێکی گرنگە و نایەوێ لە کیسی بکات. بۆیە تەڤدەم لە ڕۆژاوای کوردستان پاراستنی شنگالی وەک دەینی سەر ملی خۆی هەژمار کردووە. هەروەها بۆ هەندێک لە گرووپە چەکدارییەکانیش، شنگال و باکووری پارێزگای موسڵ بە گشتی، ڕێگەیەکی گرنگە بۆ قاچاخ و، دەتوانێت سوودێکی زۆری بۆ هەندێک لە فەرماندە محەلییەکان هەبێت. ئا لێرەدایە کە فاکتەری محەلی و ناوچەیی دەست بە دەستی یەک دەدەن و، خواستێک دەردەکەوێت کە حەز دەکات نەک تەنیا شنگال، بەڵکوو دەشتی نەینەواش هەمیشە تەشقڵەی تێدا بێت. بۆیە گرژییەکانی شنگال و هێرشە مووشەکییە بەردەوامەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە دەشتی نەینەواوە گرێدراوی یەکن، وەک حەڵقەیەک یەکدی تەواو دەکەن کە یەکێک لە ئامانجەکانی درووستکردنی ئاستەنگە لە بەردەم کۆریدۆری خەلیج- ئێراق- تورکیا.
$کۆتایی$
گرژییەکانی شنگال لە بابەتی یەبەشەگەورەترە. ئەمە لە ماوەی کوورتخایەندا پەیوەندی بە چەندین فاکتەری گرنگی وەک دۆخی کەمپی ئەلهۆل، ئاساییشی سنوورەکانی سووریا- ئێراقەوە هەیە. لە ماوەی درێژخایەندا خواستی حکومەت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی لە ئارادایە. چەندەی حکومەت بەهێزبێت، ئەوەندەش شوێن بە یەبەشە لێژ دەکات. حکومەت تەنگی بە هەرێمی کوردستانیش هەڵچینوە لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە سەروەری، ئینجا چۆن لە ماوەی درێژخایەندا ڕێگە دەدات هێزێکی دیکە بە ئیدیعای سەروەرییەوە لە شنگال بەردەوام بێت؟ هەڵبەت جارێ حکومەت زۆری ماوە تا بەهێزبێتەوە و، کۆمەڵێک گرفتی ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە کە تاقەتی لێ بڕیون. بۆیە ئەوەی کە ئێستا دەیکات زیاتر لەبەر ترسەکەیەتی لە کەمپی ئەلهۆل. بۆیە ئەو دۆخەی شنگال جارناجار بەردەوام دەبێت و جارێ تەحەمولی مانەوەی یەبەشە لەوێ دەکات. ئەگەر گرژییەکانی ئەم جارە لەسەر ڕێگەی سنوونێ و خانەسۆر بووبێت، گرژی داهاتوو لەسەر زۆربەی ناوچەکانی بەری باکووری شنگال دەبێت. بە ئەگەری زۆر لە ماوەی کوورتخایەندا حکومەت دواجار ڕازی دەبێت یەبەشە لە شوێنەکانی وەک خانەسۆر و گەلیێ کەرسێ و سەردەشت (سەر چیای شنگال) بمێننەوە. چیای شنگال لە دەست هێزێکی وەک یەبەشەشدا بێت کە مووشەکی دوورهاوێژی نییە و زیاتر بە چەکی سووکەوە دەگەڕێت، هەڕەشە بۆ ئێراق درووستناکات.
هەڵبەت کۆنترۆڵکردنی دۆخی شنگال بە تەواوی لەلایەن حکومەتەوە، لە دژی هەندێک بەرژەوەندیی ناوخۆیی و دەرەکییە، بۆیە بە ئەگەری زۆر حکومەت لە کوورتخایەندا ناتوانێت هەموو پلانەکانی لەبارەی شنگال سەربخات، وەک چۆن کاتی خۆی ڕێککەوتنەکەی شنگال تەنیا لەسەر کاخەز مایەوە، بەڵام پرسی شنگال ئیدی تەنیا مژارێکی تەنیا کوردی- کوردی و ئێراقیش نییە. بەڵکوو ڕەهەندێکی گەورەتری وەک شەڕی داعش و ململانێیەکی جیۆئیکۆنۆمیشی پەیدا کردووە. بۆیە لەڕووی سیاسییەوە یەکلاکردنەوەی ئاڵۆز دەبێت. ئالێرەدایە کە ئەگەر بیرۆکەی ئیدارەیەکی ئۆتۆنۆم بۆ دەشتی نەینەوا و شنگال زیندوو بکرێتەوە و سەربگرێت، یارییەکی براوە-براوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغداش دەبێت. هەم مافی کەمینەکانی دەشتی نەینەوا و شنگال پارێزراو دەبن، هەم ئاساییشی هەرێمی کوردستان پارێزراوتر دەبێت، هەم ئێراقیش ئاسانتر دەتوانێت خەونە ڕێڕەوییەکەی بهێنێتە دی! [1]