$سازانی نێو ترازان؛ هەوڵە کوورتخایەن و درێژخایەنەکانی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#09-06-2022#
$بەرایی$
کۆبوونەوەی لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان لە سایەی هێرشێکی دیکەی درۆنی بۆ سەر #هەولێر#، هەوڵێکی سازانە لەنێو ترازنێکی قووڵتر، کە دەشێ بۆ کورد چارەنووسساز بێت. درۆنەکەش نەبێ، دیارە کە سازانی نێوخۆیی کورد دڵی هەموو لایەک خۆش ناکات، بەڵام ئەمە بۆ کوردستانییان ئیدی وەک پێویستییەکی ژیانی لێهاتووە.
لە ماوەی ڕابردوودا دوو هەوڵی نێوخۆیی و دەرەکی بۆ کردنەوەی گرێکویرەی هەڵبژاردن بە دەستپێشخەریی #نێچیرڤان بارزانی# و جێنین پلاسخارت کراون و بە ئەگەری زۆر، سەرئەنجام ئەمەش بە سازانی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردن لە وادەیەکی نوێدا کۆتایی دێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا بایەخی زیاترە، نەک تەنیا بابەتی هەڵبژاردن، بەڵکوو هەوڵی سازاندنی لایەنەکانە لەنێو ئەو ترازانە چەند ئاستەی کە لە کوردستانی دوای- #داعش# قووڵتر بووەتەوە.
$هەڵبژاردن، یەکخستنی پێشمەرگە و سەقامگیری$
بێگومان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش، کارکردنی چەرخی هەڵبژاردن لە ئێراق و هەرێمی کوردستان بە هەموو کەموکووڕییەکانییەوە، باشترە لەوەی کە نەبێت و نەکرێت. هاوشێوەی ئەو هەوڵانەی کە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئێراق درا، پلاسخارت کە لەوانەیە ناوەکەی وەک چالاکترین نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق تۆمار بکرێت، بە هاوکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کار دەکات بۆ ئەوەی ڕێسای گەمەی سیاسی لە کوردستان تێکنەچێت و هەرجۆریک بێت چەرخی هەڵبژاردن بسووڕێت.
ئەمە هەوڵێکە بۆ ئەوەی لە ماوەی کوورتخایەندا سەقامگیریی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت، چونکە قەیرانە کەڵەکەبووە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، وایانکردووە کە هەڵبژاردن بۆ تازەکردنەوەی متمانەی لایەنە سیاسییەکان و دابینکردنەوەی ڕەواییەکی ڕێژەیی، پێویست بێت. بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی 1992وە تاوەکوو ئێستا ڕێژەی بەشدارینەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردن لە 12.6%ەوە بۆ 41% بەرزبووەتەوە و ئاماری نافەرمیش باسی زیاتر لەوە دەکەن. هەرچۆنێک بێت، ناڕەزایی دەنگدەر بابەتێکە حاشای لێناکرێت و ئەگەر لە دۆخێکی وادا هەڵبژاردنیش پەکی بکەوێت، ئەوسا لەوانەیە ناسەقامگیری زیاتربێت. وەک چۆن تەنیا ماوەیەکی کەم لە دوای بەشدارییە کەمەکەی خەڵک لە هەڵبژاردنی 2018ی ئێراق، ڕشتەیەکی ڕووداوە نێوخۆییەکان سەقامگیریی ئێراقیان خستە مەترسییەوە! لە تەنیشت ئەوەشدا ژمارەی ئەو گەنجانەی کە تەمەنیان لەنێوان 15-39دایە لە هەرێمی کوردستان، لە سەرووی 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس دەبن و بەشێوەی سرووشتی، ئەمانە داوای دابەشکردنەوەی کار، سەروەت، بەشداری سیاسی و...تاد دەکات. بۆیە ئەگەر چەرخی هەڵبژاردن کار نەکات و دەنگدەری تۆراو بۆ بەشداری سیاسی هان نەدرێن، دەشێ ناڕەزایی و بێهیواییەکان بە ئاڕاستەی جیاجیادا بچن و تەگەرەی گەورە بۆ سەقامگیری هەرێمی کوردستان درووست بکەن.
بێگومان دەتوانین چەندین هۆکاری دیکەی وەک هێرشی بێ ئامانی گرووپە چەکدارەکان، کردەوەکانی داعش و ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا، لەگەڵ دەستوەردانی سەربازییانەی تورکیا و ئێران کە بە پاساوی جۆراوجۆر، لە ڕیزی ئەو هۆکارانە دانێین کە هەڕەشە بۆ سەقامگیری کوردستان درووستدەکەن و، کاتێکیش کە گرفتی هەڵبژاردن و متمانەی لایەنەکان و ڕەوایی هەبێت، ئەو هەڕەشەیە کاریگەرتر دەبێت. ئالێرەوەیە کە هەوڵە نێوخۆییەکان بە دەستپێشخەری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەوڵە دەرەکییەکان کە جێنین پلاسخارت سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق تێیدا پێشەنگە، واتایەکی زۆریان بۆ پرسی سەقامگیری هەرێمی کوردستان هەیە.
کۆڵەگەی ڕاگرتنی هەموو حکومەتێک چەندەی یاسا و ڕیساکانی گەمە سیاسییەکان بێت وەک هەڵبژاردن، ئەوەندەش ئەو زۆرە ڕەوایەیە کە پێویستە هەر حکومەتێک هەیبێت بۆ ئەوەی بتوانێت یاسا و بڕیارەکانی جێبەجێبکات. بۆیە هەر کاتێک لە هەر شوێنێک، هەر حکومەتێک کۆنترۆڵیکی یەکدەستی بەسەر هێزە سەربازی و چەکدارییەکاندا نەبوو، ئەوسا زیاتر لە ڕێکخراوی، پشێوەی زاڵ دەبێت. کەلێنی ئەمنی درووست دەبێت و ئەو وڵاتە سەقامگیر نابێت. دۆخی ئێستای کورد و فەلەستینییەکان باشترین نموونەیە بۆ ئەوەی کە چۆن فرەهێزی و یەکنەبوونی باڵی سەربازی وادەکات وڵاتێک بە پەرتەوازەیی بمێنێتەوە. ئا لێرەوە، ئەگەر گوتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پێویستی کێشانەوەی دەستی حیزب لە کاروباری پێشمەرگە وەک یەکێک لە هۆکارە بنچینەییەکانی سەقامگیری سەربگرێت، ئەوسا هەرێمی کوردستان قەڵەمبازێک دەکات و بەکردەوە پڕۆسەی بنیاتنانی خۆی تۆکمە دەکات. بێگومان ئەوەش هەوڵە درێژخایەنەکەی سەقامگیرییە!
$سازان یان ترازانی زیاتر؟$
هەرێمی کوردستان لە بەردەم گوشارێکی زیاتر لە جارانە. لە دووڕێیانێکدایە کە یان دەبێ لەنێوخۆ بسازێ یان زیاتر بترازێ! بەرلە هەموو شتیک ترازانێک لە نیو کۆمەڵگەدا هەیە. لە هەرێمی کوردستان نەوەیەکی تازە کە داینامیکی گۆڕانە گەشەی کردووە و هێزە سیاسییەکان ئیدی ناتوانن لەمە زیاتر چاوی لێ بپۆشن. و دووریش نییە کە ئەم نەوە تازەیە لە دوو خولی داهاتووی هەڵبژاردن دا ڕووخساری سیاسەت لە کوردستان زیاتر بگۆڕێت.
ترازانی سیاسی لە کوردستان بەشێکی پەیوەندی بە هاتنی نەوەی دووەمی سەرکردەکانەوە هەیە کە هەریەکەو تەقەلای قایمکردنی پێگەی خۆی دەدات. ئەگەر ڕکابەریی نێوان سەرکردە تازەکانی کورد ڕیسایەکی نوێ وەرنەگرێت و وەک ساڵانی سەرەتای بزاڤە کوردستانییەکان بێت، ئەوا لێکترازانی زیاتر لە ئاسۆیە و زۆر دەر و دراوسێش بە گەرمی پاڵپشتی لە قوڵکردنەوەی ڕکابەرییە نێوخۆییەکانی سەرکردەکانی کورد دەکەن کە تەنیا سیاسی نییە و بەهۆی نایەکانگیریی هێزی سەربازییەوە، هەمیشە پۆتانسییەلی ئاڵۆزی و گرفتی زیاتری تێدایە.
ترازانێشکیش لە پەیوەندی کورد و دەوربەرەکەیدا هەیە. ئێستا ئیدی کاریگەرییەکانی قۆناخی پۆست - داعش لەسەر سیاسەتی کوردی خەریکە ڕوونتر لە جاران دەردەکەون. شەڕی وەرگرتنەوەی خاک لە داعش کۆتایهات و ئەو بایەخەی کورد چی لە هەرێمی کوردستان و چی لە ڕۆژاوای کوردستان وەک لەشکری پیادەی شەڕی دژی تیرۆر بۆ دنیا هەیبوو، هاوشێوەی ساڵانی گەرمەی شەڕی داعش نییە و ئەمەش وادەکات کە کورد بە ناچاری بە پەیوەندییە دەرەکییەکانی خۆیدا بچێتەوە، بەڵام بەر لەوە پێویستی بە سازانی نێوخۆییە! [1]