$پشت پەردەی گوشارەکانی ئەم دواییەی تاران لەسەر هەرێمی کوردستان$
#زریان ڕۆژهەڵاتی#
#09-10-2022#
$بەرایی$
خۆپێشاندانەکانی ژینا پێی ناوەتە هەفتەی چوارەم و لە ڕۆژانی ڕابردووشەوە گوشارەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان لەبارەی مانەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات زیادیکردووە. ئێران لە 28ی سێپتەمبەردا بۆ لێدانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بەجارێک نزیکەی 70 مووشەک و درۆنی نا بە خاکی هەرێمی کوردستانەوە کە بەشێکی ئامانجەکانیش بە دووری زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە سنوور بوو و شوێنی کەسانی سڤیل بوو.
لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەکانی ئێران سەبارەت بە ئەگەری دەستوەردانی زیاتر و تەنانەت هاتنی هێزی ئێرانی بەردەوام بوو. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە دوا گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بەو بابەتە چین و پشت پەردەی ئەو بابەتە چی تێدایە کە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی تاران مژاری مانەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان لە هەرێمی کوردستان گەرم کردووەتەوە؟
$بۆچی ئاگربەست؟$
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران دەستەواژەی ئاگربەستیان بۆ دۆخی دوای هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بەکارهێناوە و جەختیان لەوە کردووە کە درێژەکێشانی ئەو ئاگربەستە، پەیوەندی بە ڕەفتاری بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. وا پێدەچێت کە ئێران سەبارەت بە مانەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوار شوێنی نزیک سنوور (بەردە سۆر، سەقەر، بەربزین و ئالانە) لە ناوچەیەکی نێوان #چۆمان# و سیدەکان لە پارێزگای #هەولێر# زۆر هەستناک بووبن.
هەروەها نیگەرانیش بووبن لە ئەگەری پەیوەندی کۆنسوڵخانەی وڵاتانی دەرەوە و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات. هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە کە ئەم بابەتە بە کوێ دەگات، بەڵام لەوانەیە دانووستاندنەکانی پشت پەردە جۆرە ڕێککەوتنێکی کاتیی لێکەوتبێتەوە، بۆیە باسی ئاگربەست دەکرێت! هەڵبەت بەکارهێنانی دەستەواژەی ئاگربەست دەتوانیت بۆ خۆی نیشانەی هەبوونی ئامانجێکی فراوانتر لە بابەتی شوێنەکانی مانەوەی پێشمەرگەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات یان دیداریان لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانیش لەخۆ بگرێت. ئەو حیزبانە بە نزیکەیی لە ساڵی 1996ەوە چالاکییە چەکدارییەکانیان لە دژی ئێران ڕاگرتووە و پرسی مانەوەییشان لە ساڵانی ڕابردوودا نەبووەتە گرفتێکی گەورە لەنێوان هەولێر و تاران. بەڵام ئەوە پرسیارەیە، بۆچی لەم کاتەدا وەک پرسێکی گەورە لە پەیوەندییەکانی هەردوولادا قیت بووەتەوە؟
$پاڵنەری گوشارەکانی تاران$
بێشک یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی پشت ئەو هێرش و گوشارانەی ئەمدواییەی تاران دوورخستنەوەی سەرنجەکانە لەسەر خۆپێشاندانەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە کە بە یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی 4 دەیەی ڕابردووی ئەوێ هەژمار دەکرێت. هەبوونی ناڕەزایی لە شوێنێکی وەکوو کوردستان یان بەلوچستان لە ئێران شتێکی ئاسایی بووە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا جیاوازە ئەوەیە کە خۆپێشاندان بە شێوەیەکی بەرچاو لە شارە شیعەنیشنەکانی ئێرانیش دەکرێت و ئەمەش دوور نییە لەو شەپۆلە ناڕەزاییە جەماوەرییەی کە چەند ساڵێکە لە لوبنان، ئێراق و ئێستاش لە ئێران درووستبووە. ڕەنگە بەرپرسانی ئێران بە هیوابن بەوەی کە ئەگەر خۆپێشاندانەکان بە دەستوەردانی دەرەکی، پلانی وڵاتان و هەوڵی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ببەستنەوە، ئەوسا دەتوانن بە لەونێک ڕای گشتی وڵاتەکەیان ئارامتر بکەنەوە!
خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە لەوانەیە ئێران دڵنیا نەبێت لەوەی کە لە ماوەی درێژخایەندا چی لە ئێراق ڕوودەدات. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شەپۆلە بیرکردنەوە دژە ئێرانییەی کە لە 2018وە لە ئێراق بەردەوام گەشە دەکات، لەوانەیە دۆخی ئێستا بە باشترین دەرفەت بزانێت بۆ ئەوەی پرسی مانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان یەکلابکاتەوە، وەک ئەوەی کە سەبارەت بە موجاهیدنی خەڵق کردی. لە بیرمان نەچێت ئەو کاتەی کە عادل عەبدولمەهدی بووە سەرۆکوەزیران، بۆ جاری یەکەم لە دوای 2003وە، چارەسەرکردنی پرسی مانەوەی هێزی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتان لە ئێراق لە بەرنامەی حکومەتدا جێگیر کرا. بۆیە ئەم بابەتە شتێکی تازە نییە و دەتوانێت ڕیشەیەکی درێژتر لە خۆپێشاندانەکانیشی هەبێت.
هەڵبەت ئەمە تاکە فاکتەر نییە و دەشێ مژاری پێکەوەنانی حکومەتی بەغداش بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار بەو گوشارانە بێت. سەرەڕای ئەوەی کە لە مانگی ڕابردوودا ڕێککەوتنێکی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموکراتی کوردستان و سوننەکان هاتە ئاراوە، بەڵام پێدەچێت ئەو ڕێککەوتنە کێشەیەکی تێکەوتبێت! لایەنە کوردییەکان هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و ئەمەش بۆ خۆی دەتوانێت ڕەنگدانەوەیەکی ڕێکنەکەوتنی کۆتایی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پارتی دیموکراتی کوردستان بێت.
دیدگایەکی بەهێز لەنێو ئێران هەیە کە پێویستە دەسەڵاتی ئێران یەکدەست بێت و ڕەنگە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، تاران زیاتر حەزی لەوە بێت کە لە بەغداش حکومەتێکی یەکدەست و نزیکتر لە خۆی ببینێت، یان لانی کەم حکومەتێک بێت کە مەرجی زۆر قبووڵ نەکات. بێگومان ئەمەش دەتوانێت کاریگەریی لەسەر هەوڵەکانی ئەوان بۆ کۆنترۆڵکردنی شەپۆلی ناڕەزایی نێوخۆی وڵاتەکەیان هەبێت و ئەگەر لە ئێراقیش خۆپێشاندانێکی دیکە ڕووبداتەوە، لەوانەیە هاوشێوەی پێشتر بە تووندی هەوڵی سەرکوتکردنی بدرێت وەک ئەوەی پێشتر کرا. بۆیە پێدەچێت یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو گوشارانە ناچارکردنی پارتی بێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە مەرجێکی کەمترەوە.
فاکتەرێکی دیکەش دەتوانێت پەیوەندی بە پرسی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە هەبێت و لەوانەیە، هاوکاتبوونی هێرش و گوشارەکان لەسەر هەرێمی کوردستان لەگەڵ زیادبوونی هێرشی گرووپە چەکدارییەکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سووریا و تەنانەت ئێراقیش نیشانەیەکی ئەوە بێت. دەشێ ئەمەش بۆ ئەوە بێت کە تاران بە تەمابێت کاریگەریی خۆی لەسەر ئارامی و نائارامی ناوچەکە پێشانی ئەمریکا بداتەوە.
$کۆتایی$
بابەتی مانەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان بۆ سەردەمێکی زۆر زووتر دەگەڕێتەوە و بۆ چەند دەیە دەچێت کە ئێران بە جۆرێک لەگەڵ ئەو پرسەدا ڕاهاتووە. حیزبەکانیش تەنانەت چالاکییەکی چەکداریی ئەوتۆیان لە دژی ئێران ڕێکنەخستووە. بگرە هەندێک لەو بارەگایانەی کە کراوەنەتە ئامانج نزیکەی 150 کیلۆمەتر لە دووری سنووریش بوون. بۆیە دەشێ هۆکاری گوشارەکان لە ڕێی ئەو بابەتەوە، زیاتر پەیوەندی بە خۆپێشاندانەکانی ژینا، پرسی پێکهێنانی حکومەت و دۆخی ئێراق، هەروەها مژاری ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی تارانەوە هەبێت. [1]