ناونیشانی بابەت: هاواری گەرمیان ئاسمانیشی تێپەڕاند
ئامادەکردن: #ئەسرین عاسی شوانى#
ئەنفال چیرۆکی قڕکردنی کوردە لە باشووری کوردستان، کە ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بە ناوی ئەنفال قێزەونترین تاوانی جینۆسایدی ئەنجام دا، ئەنفال واتا تاڵانی ناوی سوورەتی هەشتەمی قورئانە، هەروەها ناوێکیشە ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ لە زنجیرەیەک کردەوەی سەربازی ناوە کە لە 23ی شوبات تا 6ی ئەیلولی 1988ی خایاندوە، ڕژێمی بەعس لە دوای کۆتای هاتنی جەنگی (ئێراق - ئێران) کە هەشت ساڵی خایاند دەرفەتێک بوو پەلاماری گەلی کورد بدات و پڕۆسەی بەدناوی ئەنفال ئەنجام بدات و قەتڵ و عامی گەلی کورد بکات، لەلایەن عەلی حەسەن مەجید کە دەسەڵاتی ڕەهای پێ درابوو لەلایەن سەدام حسێنی ئامۆزای و سەرۆکی ئێراق کە لەپای ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە تا ئێستاش لەنێو کوردا بە عەلی کیمیایی دەناسرێت لەبەر ئەوەی بۆ یەکەم جار بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی چەکی قەدەغەکراو بەرانبەر خەڵکی سڤیل بەکار بهێنرێت.
ئەوانەی ڕۆڵی کارایان هەبوو لەپڕۆسەی ئەنفال کە سەرکردایەتییەکەی عەلی حەسەن مەجید دەیکرد، فەیلەقی یەک و پێنجی سوپای نیزامی ئێراق، بەڕێوەبەری ئاساییشی گشتی، دەزگای هەواڵگری سەربازی، لەگەڵ فەوجە خەفیفەکانی کورد کە بەجاش دەناسران، بە تێکڕای کەرەستەی سەربازی و ئەمنی و مەدەنی لە بەرەی جەنگ دا بەکار هات بە هەموو پێداویستی سەربازی و لۆجستی و دارایی، شاڵاوی ئەنفال بەرانبەر بەگەلی کورد پڕاوپڕ بوون لەپێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئیعدامکردنی خەڵک و بێسەروشوێن کردنی بەکۆمەڵی خەڵکی سیڤل و شەڕنەکەر کە ژمارەیەکی زۆریان ئافرەت و منداڵ بوون کە زۆرجار قڕکردنەکە لە گوندێک یان ناوچەیەک زیندەوەریان تیا نەدەهێشت، لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە گازی خەردەل و دەمارەگاز یان سارین، وە وێرانکردنی نزیکەی 2000 لادێ کە لە بەڵگەنامەکانی خودی بەعس دا هاتووە کە سووتاوە، تەخت کراوە، تێکدراوە، پاکسازی کراوە لەگەڵ چەندین قەزاو شارەدێ و شارۆچکە چارەنووسیان وەک و لادێکانی بەسەر هاتووە، وێرانکردنی نیشانە مەدەنیەکان لەلایەن ئەندازیارانی سەربازیەوە وەک قوتابخانەو مزگەوت و بیرو کانی و سەرچاوە ئاوییەکان، تاڵانکردنی سامان و ماڵی هاووڵاتییان لە ئاژەڵ و مەڕووماڵات و گرتنی هەرەمەکی لادێنشینان لە ناوچە و زێدی خۆیان کە بە بڕیاری حکومەتی ئێراق کرابوو بەناوچەی قەدەغەکراو، گرتن و دەسبەسەرکردنی دەیان هەزار منداڵ و ئافرەت و بەتەمەن، بەزۆرەملێ نیشتەجێکردنی پاشماوەکانی ئەنفال لە ئۆردوگا زۆرەملێکان و چاودێریکردنیان لەلایەن دەزگا سیخوڕیەکانەوە، لەگەڵ تێکوپێک دانی ژێرخانی ئابووری دێهاتەکانی کورد، هەموو ئەمانەو زۆر لەوە زیاتر لە ماوەی قۆناغەکانی ئەنفال دەرهەق بە گەلی کورد کرا کە بە قۆناغی یەکەم دەس پێدەکات لە 23ی شوبات تا 19ی مارسی 1988 ناوچەی سەرگەڵوو بەرگەڵوو دۆڵی جافایەتی بوو، ئیتر ناوچە بە ناوچە و قوناغ بەقۆناغ هەڵمەتەکەیان ئەنجام دەدا لەقڕکردن و کاولکردنی کوردستان هیچ سڵیان نەدەکردەوە، ئەنفالی دووەم ناوچەی قەرەداغی گرتەوە لە 22ی مارت-1ی نیسانی1988.
ئەنفال سێیەم ئەنفالی ناوچەی گەرمیانە کە لێرەدا باسەکەمان هەڵوەستەی دەوێت، گەرمیان واتا وڵاتی گەرم ناوچەیەکی هەردە و دەشتێکی پان و بەرین و لە بەشی باشووری سۆرانی زمانی باشووری کوردستانەو هاوسنووری ناوچەکانی عەرەب نشینی ئێراقە، دوای ئەنفالی یەک و دوو خەڵک و پێشمەرگەی دەربازبوو ڕوویان کردە ناوچەی گەرمیان، لەگەڵ ئاگاداری ڕژێم لەو جموجۆڵانە لە بەرەبەیانی 7ی نیسان سوپاو فەوجەکانی جاش لە دووزخورماتوەوە کەوتنە پەلاماردانی باشووری ڕۆژاوای گەرمیان، لە دوو ڕۆژی دواتریشدا هێزەکان لە کەرکووک و لەیلان و چەمچەماڵ و سەنگاوەوە بەرەو شاروچکەی قادرکەرەم پێشڕەوییان کرد، ڕەتڵی دوزخورماتوو خێرا بوە سێ هێزی هاوبەش بۆ باشووری ڕۆژهەڵات لە شارۆچکەی نەوجول بەرەو چەمی ئاوەسپی، دووەم بەهێزێکی گەورەتر بەرەو ڕۆژهەڵات جوڵەی کرد، هێزی هاوبەشی سێیەم هێرشێکی توندی کردە سەر تازەشار لە کەوانەی چەمی ئاوەسپی.
لەبەر فراوانی ناوچەی گەرمیان ڕژێم پەلامارەکانی دابەشکردبوو دووەم پەلاماری لە شاڵاوی ئەنفالی گەرمیان قادرکەرەم و باکووری گەرمیان بوو بە سەرکردایەتی عەمیدی هێزی تایبەت بارق حاج حنتە، ئەو ڕەتڵانەی لە ڕۆژاوا پێشڕەوییان کرد هیچ تەگەرەیەکیان نەهاتە ڕێگا، چونکە ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان کەرکووک چەمچەماڵ و ناوچەکانیان لە بەهاری 1987 وێران کرابوون و خەڵکەکەی ڕاگوێزرابوو، بۆیە هەر زوو دوای نیوەڕۆیەکی درەنگ لە 10ی نیسان گەیشتنە قادرکەرەم، لە پلانی پەلاماری سێ دا ناوچەکانی سەنگاو باشووری گەرمیانی کردە ئامانج هەرچی گوندو ئاوەدانی لەو ناوچەیە هەبوون وێران کران و خەڵکەکەی دەسبەسەرکران، کەوتنە کۆکردنەوەی خەڵکە گیراوەکە پاش وێرانکردن و تاڵانکردنی دێهاتەکان لەلایەن سوپا و جاشەکانەوە.
ئەنفالی چوارەم دۆڵی زێی بچووک لە 3_8ی مایسی 1988ی خایاند لەم پڕۆسەیەدا گەورەترین تاوان ئەنجام درا بە هێڕشی کیمیایی بۆ سەر هەردوو گوندی گۆپتەپەو عەسکەر و دەیان هاو وڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی چەکی قەدەغەکراو، دوا پەلاماری ئەنفالی چوار ڕۆژهەڵاتی تەقتەقی گرتەوە، ستراتیژیەتی سوپای ئێراق ئابلوقەدان و پەلاماردانی ناوچەکە بوو کە دە تا دوانزە ڕەتڵی جیاجیا لە چەند قۆڵێکەوە لە یەک کات دا هێرشیان کرد لەپێناوی سڕینەوەی ژیان لە ناوچەکە، دوای کاولکردنی ناوچەی تەق تەق یەکەکانی سوپای ئێراق بە هاوکاری جاشە سووکەکان شارۆچەی شارەدێی شوان (ڕێدار) کە 70گوندی لە خۆی گرتبوو لە بەهاری 1987دا پاکسازی کرابوو لەگەڵ زەوی تەخت کرابوون و دانیشتووانەکەی لە ئۆردوگای زۆرەملێی درووستکراوی بنەسڵاوەو دارەتووی باشووری شاری هەولێر نیشتەجێی زۆرەملێ کران.
قوناغی ئەنفالی پێنجەم و شەشەم وحەوتەم دۆڵی نێو چیاکانی شەقڵاوەو ڕەواندزی گرتەوە لە 15ی مایس تا 26ی ئابی 1988بەردەوام بوو، کۆتا شاڵاوی ئەنفال لە 25ی ئاب تا 6ی ئەیلولی 1988ئەنفالی بادینان بوو، لەسەرەتای شاڵاوە بەدناوەکەی بادینان هێزێکی یەکجار قەبە بەدرێژایی ڕێگا سەرەکییەکانی پارێزگای دهۆک بەدی دەکران کە بەردەوام ناوچەکەیان بە تۆپی قوورس تۆپباران دەکرد لەگەڵ بۆردومانی فڕۆکەو هەندێ بۆمبی هیشو. [1]