ناونیشانی بابەت: کۆشکی پاشایەتی میدیەکان لەهەمەدانی پایتەختدا
ئامادەکردن: #فاتیح عەبدوڵڵا شوانی#
میدیەکان خاوەن شارستانییەتێکی گەورەن، بۆ نموونە گۆڕە بەردینەکانی وەک (فەقرەقا) ی نزیک مەهاباد، ئەشکەوتی (گارنی) لە سەڵماس و کونە پردێ (ئێوان فەرفادْ ) لە نزیک ماکۆ، دوکان داود لە سەرپێڵ زەهاو. ئەشکەوتی (قزقاپان ) و (نەوێ ) لە کارەکانی مادەکانن. سەرەڕای گردە شوێنەوارەکانی زێوێ و حەسەنلو و نوش- گیان وسیالک و گۆران و گەنج دەرەو حەسار وگودین وکوبا. سەرەرای کارە دەستییەکانی هونەری میدیاکان وەکوو قاپ و کەلوپەلی زیوین کە وێنەی ئاژەڵ و گیانداریان لەسەرە، لەگەڵ ئەمانەشدا زانایان شارستانییەتی ئەخمینی بە درێژەپێدەری شارستانییەتی میدیا دادەنێن و زۆرجار بە شارستانییەتی (میدی – ئەخمینی) ناویدەبەن، لە ڕاستی دا میدیەکان بناغەی شارستانییەتێکی مەزنیان لە کوردستان دانا لەسەر هونەری گەلانی پێش خۆیان وەک گوتی و ماننا و ئورارتوو. دوای ئەوەی هێز و توانای میدیاکان گەیشتە پلەی ئیمپراتۆریەت بوونە خاوەن زمانێک کە بە زمانی میدی ناسراوە وەک زمانی فەرمیدەوڵەتەکە، ئەو زمانەی ئاڤێستای پێ نووسراوە زمانی میدی بووە، پێشتریش نووسینی وێژەو نامەیان هەبووە کە دواتر بووە بناغەی درووست بوونی زمانی کوردی. ئایینی زەردەشت وەک ئایینێکی سەرەکی وڵاتی میدیا و ئاڤێستا وەک پەڕتووکی پیرۆز مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.
یەکێک لەشاکارەکانی شارستانییەتی سەردەمی میدیەکان درووست کردنی شاری هەمەدانی پایتەختی میدیەکانە کەهەرلەسەردەمی خێڵ ومیرنیشیندا درووستیانکردووە.
هەمەدانی ئێستا هەربەوناوەوەیەولەناوەڕاستی شارەکەدا قەڵاو پاشماوەی شاری کۆنی هەمەدان وکۆشکی پاشایەتی میدیەکان ماوە.
مێژووی درووستبوونی هەمەدان دەگەڕیتەوە بۆکۆتای هەزارەی دووەمی پێش زاین وەک لەسەرچاوە ئاشوریەکاندا باسی کرواوە بەتایبەتی تیگلاتپلاسەری یەکەم (1170-1117پ.ز) زۆربەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن هەمەدان پێش درووست بوونی دەوڵەتی میدیا وەک شارێکی میدی ناوەندێکی شارستانی دیاربووە بەتایبەتی سەدەی نۆی پ.ز. و ناوەندێکی گرنگی چالاکی سەربازی ورامیاری میدیەکان بووە بۆماوەیەکی زۆر تاهاتنی دیاکۆی دامەزرینەری دەوڵەتی مادودووبارەکردنەوەی بەپایتەخت، لێرەشەوە ڕۆڵی گرنگ وناوبانگی هەمەدان زیاتردەبێت ودەبێتە پایتەختێکی بەهێزو ڕکابەری ئاشوریەکان. دوای ئەوەی دیاکۆ هەستا بەیەکخستنی خێڵە میدیەکان لە چوارچێوەیەکی یەکێتی نەتەوەیدا یەکەم کاری گرنگ کە ئەنجامیدا درووستکردنی کۆشکی پاشایەتی میدیابوو لەهەمەدانی پایتەخت کە لە جوانیدا بێوێنە بووەو تەواو جیاوازو سەرسوورهێنەربووە و بە قەڵاوشورای گرنگی ڕەنگاورەنگ دەورەدراوە، بەقەڵای (حەفت حەسار) ناسراوە.
واتە حەوت دیواری هەبووەوهەردیوارێک بەرەنگێک ڕازاوەتەوە کۆشکەکەش لەهەزار ژوور پێکهاتووەو چەندین شوێنی گەورەوگرنگی هەبووە بۆهەڵگرتن وپاراستنی خۆراک و پێویستییەکانی دەوڵەت، هەروەها کۆشکەکەی لەهاوشێوەی بورجی بابل بووە لەگەورەی و گرنگیدا. هێرۆدۆتس دەڵێت (دیاری کردنی شوینێ بۆکۆشکی پاشایەتی لەهەمەدان بە ڕاوێژ بووە دواجار بڕیار درا لە سەردرووستکردنی کۆشکێکی گەورەی شاهانە لەهەمەدان) .
هەروەها بەم شێوەیەش باس لەکۆشکی پاشایەتی هەمەدان دەکات: شاری هەمەدان شارێکی گەورەبوو، دیاکۆ کۆشکێکی گەورەی تێدا درووستکرد ولەچواردەوری کۆشکەکەش ماڵی خەڵک هەبوون، دیاکۆ ئەوشارەی وەک پایتەخت ناساند وسەرجەم نوێنەروراوێژکارەکانی دیاکۆ لەوێداکۆ دەبوونەوە، چاویان بەیەک دەکەوت. هەر بۆیە شوێنی هەمەدان مانای شوێنی یەکتربینین، یان چاوپێکەوتن دەگەیەنێت دیوارەکانی ئەوشارە درێژ وپان وفراوان بوون، بازنەیەکی پتەوی بەدەوری کۆشک و شاردا پێکدەهێنا، ئەندازیاریەکی هونەری گەورەی تێدا بەکارهێنراوە و بۆهەردیوارێک چەندین قولەی سەربازی وچاودێری درووستکراوە، بە مەبەستی بەرگری وهێڵی پاراستنی شارەکە. دیوارەکان یەک لەدوای یەک درووستکراون، ئەمەش لەسەربەرزاییەک یان گردێک هەڵکەوتوبوو، سەرجەم دیوارەکان بەدیمەنی کاری هونەر وشێوازی ئەندازیاری ڕازاوەبوون. ژمارەی دیاوارەکان حەوتبوون، لەناوەڕاستیدا کۆشکی پاشایەتی ( ڕۆیال پالاس) هەڵکەوتبوو، لەگەڵ گەنجینەیەکی گەورەدا کەسەرجەمیان بەهونەری جوانکاری بەشیوازێکی جوان ڕازێنرابوونەوە، هەروەها دیوارەکانی دەرەوەی تاقیان هەبووە و وتاقداربوون بۆشووێنی شەڕ، هەروەها بەئاگر وئاگردان ڕازاوەبوون وەک ئەوانەی ئەسینا وابوون.
دیواری یەکەم ڕەنگی سپی بوو، دووەم دیوار ڕەنگی ڕەشبوو، سێیەم دیوار ڕەنگی سوور (قورمزی) چوارەم دیوار ڕەنگی شین بوو، پێنجەم دیوار ڕەنگی پرتەقاڵی بوو، دوو دیوارەکەی تریش بەرەنگی سلڤەر وئاڵتونی ڕەنگ کرابوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەمانە بەرەنگی ڕەنگاورەنگ وکاری هونەری وێنەکێشان نەخشێنرابوون. ئەم دوودیوارەش بە دوا دیواری دەرەوەی شارەکە دادەنرێت، چونکە قولەی سەربازیان هەبووە. هەمووئەم قایمکاری لێزانینەش دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزی دیاکۆ، کۆشکەکەشی لەبازنەی ناوەڕاستی شارەکەبووە، واتە دیواری یەکەم کەرەنگی سپی بوو لەدەوری کۆشکی پاشایەتی بووە. پاشان خەڵک ودانیشتووان بەدەوری کۆشکی پاشایەتیدا بلاوبوونەتەوە، دوای تەواوکردنی کۆشکەکە لەم شارەدا ئاهەنگی گەورە ڕێکخراوە، دیاکۆ وەک فەرمانڕەوایەکی دادپەروەر کاروباری بەڕێ دەکرد و لەخۆی نەگۆڕا، هەمووئەمانە بەهێزی لایەنی یاسای و کارگێڕی و دەستەڵاداری سەردەمی دیاکۆ دەردەخەن.
بەگوێرەی سەرچاوەئاشوریەکان بۆیەکەم جار ناوی هەمەدان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ( 1100پ.ز) وەک تیکلات بلاصری یەکەم باسی دەکات بەشێوەی (ئامدانا) یان بە (ئایدانا- هانکمتانا ) . لەسەردەمی ئاشوری نوێدا بە ( ابدانانی ) ( Abadani ) و ( Kur bit ab – Dani) . لای سەرجۆنی دووەمی ئاشور بە (Agbatana) ( Bit – Daiaakku ) ( اکبتانا ) ( بیت – دیاکو ) هاتووە. لای بابلی نوێ بە (Agamatanu) ولای ئارامیەکان بە (Hegmataneh، Akhmetha) (15) و لای هێرۆدۆتس بە ( اکباتان – أکباتانا ) ، لەخمینیدا بە ( هکمتانا ) لەزمانی میدیا دا بەشێوەی ( هانک متانا ) . ناوی هەمەدان ناوێکی میدیەوگەلانی تربە کاریان هێناوە وەک شارێکی میدی، بۆ نموونە لای ئاشوریەکان ( ێمدانه) ( امادانا) بەکارهێناوە بەمانای شوێنی نیشتەجێ مێدیەکان دێت. و (Hangmatana) بەردەوام بووە بە (اکبتانا) ی پاتەختی میدی ودواتربووە بە (هەمەدان) . ناوی هەمەدان (اکباتانا) ی کۆن بەچەندین مانای جیاوازهاتووە بەشوێنی کۆبوونەوەو شوێنی دانیشتن وبازاڕوبەیەک گەیشتنی ڕێگاکان، هەروەک چۆن زۆرترین کۆبوونەوەورێکەوتنی ڕامیاری تێدا ئەنجام دراوە، بەتایبەتی کۆبوونەوەکانی هۆزەمیدیەکان وهێزەکانی ناوچەکە.
هەروەها هەمەدان ناوەندیکی گرنگی شاروناوچەکانی تربووە بۆبازرگانی، دواتر گەشەی کردووە بووەتە ڕێگای گواستنەوەی نێوان ڕۆژهەڵات ورۆژئاوا. ئەم شارە چەندین ڕێگای سەرەکی وبازرگانی دەچنەوەسەر. ئەمەش گرنگی خۆی هەبووە وەک ڕێگاکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی قەزوین وباختریاتا وناوەندی ئاسیا وباشووری هیند. ئەم شارە بەدرێژای سەردەمی میدیەکان وەک شارستانێتێکی گرنگ هەمولایەنەکانی پێشکەوتنی تێدابەدی دەکرێت. پاشاکانیان ویستی گەشەکردنی شارستانییەت ودەرکەوتنی پایتەختەکەیان هەبووە وەک ناوەندێکی بەهێزی ڕامیاری.
سەرەڕای خزمەتکردنی زۆری شارەکە هەوڵیان داوە وەکوو لایەنی سەربازیش بەهێز دەرکەوێت وەکوو مانایەک بۆنەمری وناویان هەربمینیتەوە. بۆیەکەم جارلەلایەن (دی مۆرگان) ەوە پشکنین بۆگردی (هەگمەتاین-هەمەدان) کراوە لە ساڵی 1896، دوای ساڵی 1913دەستەیەکی شوێنەواررناسی بەسەرۆکایەتی (تشارلز فوسی) کاری تیداکراوە. پاشان بۆماوەیەکی زۆر کاری تێدانەکراوە تا ساڵی 1969بەهۆی ئەوەی شارە نوێەکە لەسەرشوێنەوارەکە درووستکراوبوو، دواتر ئەوەش ڕاگیرا تا ساڵی 1983لە پاشاندا دەستیان بەکارکردەوە لە ساڵی 2007 هەتائەمڕۆش بەردەوامەو چاوەڕێی دەرئەنجامی زیاتردەکرێت. لەگەڵ ئەوکارانەشدا هەست بەکەمتەرخەمی دەوڵەتی ئێران دەکرێت لەوکارەدا، چونکە ناسنامەی میدی وکوردستانەو هەوڵی لەناوبردنی دەدات وەک چۆن لە شاریکی کوردییە کردیانە فارسی وبەتەواوەتی بە فارسکراوە. لەئەنجامدا جگە لەپاشماوەی شاری کۆنی هەمەدان وکۆشکی پاشایەتی چەندین شتی تری تێدادۆزراوەتە کەبۆسەردەمی جیااز وگرنگتریان سەردەمێکە بەناوی هەگمەتان، هەروەها دۆزینەوەی پەیکەری شێرێک کە لەدرەوازەی شارو بەردەم کۆشکی پاشایەتی دانراوە، بەڵام بەداخەوە زۆری شکاوە. هەروەها دۆزینەوەی تابلۆیەکی زێڕ نووسراو بەخەتی میخی سومەری کەجێی سەرسوورمان ولێکدانەوەی زیاترە.
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
(1) حەبیبەڵڵا تابانی: هاو نەتەوەی قەومی کورد و ماد، بەرگی1، چ1 ، ل242.
(2) عەبدولڕەقیب یوسف: شوێنەوارەکانی نەوێ لە شاخی سوورێن ، ل 15-38.
(3) Calmeyer,P، MesopotamaandIran.p340.
(4) فاتح عەبدوڵڵا محەمەد: العلاقات السیاسیە و العسکریە بین الاشوریین و المیدیین، جامعە السلێمانییە ، 2008 ، ص 107.
(5) بەهزاد خۆشحالی:فیلۆلۆجیای زمانی کوردی ومێژووی کوردستان ، چ1، 2008، ل238.
(6) دیاکۆنۆف: مێژووی ماد لەزنجیرەی کامبرج، وە، عوبید سوورخانی ، 2013، ل120-121.
(7) Grason , A . K. Assyrian Rulers of the Early First Millennim B . C .Vol ( I ) landan ROO 2 . P37.
(8) Grishman R.,Iran .P . 90.
(9) Huart, Clement. Ancient Persian and Civilization Iranian . 1972 . p.299) .
(10) Custis,J, p62-63 31.
(12) Herodotus; The Persian Wars,George Rawlinson ,1942,First Book , p56-57.
(13) Parpola, Simo, Neo – Assyrian Toponoms, 1970 , p 2.
(14) فاتح عەبدوڵڵا محەمەد: ص 209.
(15) Yaghoub Mohammad: Preliminary Report of the16th Season of Excavations at Tepe Hegmataneh; Hamedan , University of Tehran, Tehran,: 21/ 07/ 2012 ) p1-3.
(16) Clement.Huarti Ancint porsia and civilization, p 29.
(17) دیاکونوف ، میدیا ، ص719.
(18) ادریس محەمەد حەسەن ، ص 30 .
(19) .E.Herzfeld.p23.
(20) دیاکونوف ، میدیا ، ص 260.
(21) .E.Herzfeld.p23.
(22) سامی سەعید واخرون: ایران والاناچول، ص 93-94.
(23) Fisher,W,B,.”EarlyManIran”,TheCambridgehistoryofIran,Vol (I) ,Part (2) ,Cambridge, 1968,p399.
(24) Yaghoub Mohammads: Tepe Hegmataneh, p1-3.
(25) کریشمن: ایران ازاغارتا اسلام: ص 120.
(26) سامی سەعید واخرون: ص 95.
[1]