کورد لەنێوان ئیسلامی و عەلمانی و سۆفی و سەلەفی
نووسین: ئارام محەمەد تۆفیق
وەڵڵا سەد حەیف! کە تەماشای کورد دەکەم و تەماشای ئەو هێزانەش دەکەم گریانم دێ، ئاخر برینی کورد لە دۆڵێک و ئێمەش لە دۆڵێ! جا سەیر بکەن:
1- عەلمانی لە جیاتی بوونیادنانی بناغەی دەوڵەت و بەهێزکردنی هەستی نەتەوایەتی و ژێرخانی ئابووری، خەریکی داڕماندنی ئەخلاق و کچە مۆدێل و زیناخانە و دزی و فزی و ڕاووڕووتە.
2- ئیسلامییەکان دەبوایە وێڕای گرنگی دان بە ئەخلاق و خێزان و بانگەواز و کاری خێرخوازی، ئاڵای نەتەوایەتیان بەرزکردباوە و وەک چۆن ڕێگرن لە بەردەم کەوتنی ئەخلاق و خێزان، ئاواش ڕێگربان لە بەردەم کەوتنی کوردبوون، دەبوایە ئینتیمایی نەتەوایەتیان بەرز کردباوە، نیوەی هەولێر فرۆشراوە بە عەرەب، وڵڵا دەبوایە ئاگرمان کردباوە، پێویست بوو زۆرترین هەواڵ و کۆنفڕاسمان بۆ بەستبا، بەڵێ حیجاب و سوورپۆش گرنگن، بەس کە کوردستان نەما، پڕۆژە لە کوێ پیادە دەکەی؟
بۆ تورکی ئیسلامی گرنگی بە تورک دەدا، بۆ منی ئیسلامی گرنگی پێ نەدەم.
3- سەلەفی وێڕای زۆر سیفەتی جوانیان، بەشێکی کۆمەڵگەیان سەرقاڵ کردووە بە دەستی خوا، عەرشی خوا، کێشەی قوڵی تأریخی کە لە ڕابردوودا حەل نەبووە، بەو گەنجە گیرفان بەتاڵانەی کورد حەل دەبێ، گەنجی کورد چ کاری داوە لە دەستی خودا و عەرشی خودا، کێشەی خەلقی قوڕئان و موعتەزیلە، گەنج خودا بناسێ و ئیمانی دابمەزرێ بەسە.
4- سۆفی: ئەوانیش جاران هەڵگری شۆڕش بوون، ڕزگاری کوردستان و کورد هەر کاری ئەوان بوو، دژایەتی ئیستعمار و دەوڵەتی تورک و ئێران و ئێراق هەر کاری ئەوان بوو، ئێستاش هەر خەریکی شڵپ و هۆڕی شمشێر و دانس و خۆ بادان و پرچ درێژ کردن و لیلی باوە لیلین...
بە پرچی درێژ و ڕیشی پڕ لە ئەسپێ
بناغەی کاری کوردان کوا دەچەسپێ.
بە ڕەقس و دمبک و سەما
عیلم ماریفەت لای کوردان نەما.
ئەوەی ڕێ و ڕێبازی لە کوردان گۆڕی
نەفرەتی خوا لە ئەلحەد و لە گۆڕی.
وەلحاسڵ پێویستە بە هەموانمان بە ئیسلامی و عەلمانی و سۆفی و سەلەفیەوە، کاری یەکەممان هێشتنەوە و بەرگری کردن بێ لە کورد و لە کوردستان، من بە ئیسلام، تۆ بە عەلمانییەت... هتد، گرنگ ئەوەیە ئەو میللەتە لە ناو نەچێ. [1]