ناونیشانی بابەت: نازدار و ئەسمەر فەرهاد گەڕانەوە زێدی خۆیان!
ئامادەکردن: #دڵدار داڵەڕێ#
کاتێک گۆرانی کوردی بە دەگمەن دەبیسترا، بەتایبەت دەنگی هونەرمەندانی ئافرەت. لە کۆتایی چلەکانی سەدەی ڕابردوو، لە ڕێی ڕادیۆی بەغدا - بەشی کوردی دەنگی دوو خوشکی پڕ ناسک و سۆز بە گۆرانییەکانی (نەجیبە یار نەجیبە) و (جوانین ئێمە جوانین بولبولی کوردستانین) و چەندین گۆرانی و ئاوازی خۆشی تر بیسترا.
بە هەوڵ و تێکۆشانی مامۆستا (کامیلی کاکەمین) لە ساڵی 1939 بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا دەکرێتەوە، کە هەر خۆشی سەرپەرشتیار و پێشکەشکاری بەشەکە بوو. سەرەتا ماوەی پەخشەکە تەنیا 15 پازدە خولەک بوو. ئەو کات ئەو دەنگ و هونەری هونەرمەندانی ئەوکات کە لەسەر قەوان تۆمار کرابوون، لە ڕێی ڕادیۆی کوردییەوە پەخش دەکران. ئەوکات گوێگران بە دەنگی هونەرمەندان (دایکی جەمال، مەلا کەریم، سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، عەلی مەردان، کاوێس ئاغا و مەریەم خان) ئاشنا بوون.
دواتر ماوەی پەخشەکەیان زیاد کرا بۆ یەک کاتژمێر، پێویستیان بە ماددی و بەرهەمی هونەرمەندانی تر بوو تا ماوەی پەخشەکەیانی پێ پڕ بکەنەوە. هەر بۆیەش هونەرمەندان (مامۆستا عەلی مەردان، حەسەن جەزیری، محەمەد عارف جزیری، فەوزییە محەمەد) دەچن بۆ ڕادیۆی بەغدا بۆ ئەوەی بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەرهەمەکانیان لە کۆمپانیان (بەیزافۆن) بە ئامێری قەوان تۆمار بکەن.
دوای ئەوانەش بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا بەخێرایی گەشەی کرد و پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی. هەر بۆیەش ماوەی پەخشەکەیان کرا بە 3 سێ کاتژمێر. (کامیلی کاکەمین) هەستا بە گەشتێکی مەیدانی بۆ گەڕان بەدوای دەنگی نوێ لە تەواوی کوردستان، تا لە ساڵی 1948 گەیشت بە شاری ئاکرێ. لەوێ پرسیاری کرد، ئایا کێ لەم ناوچەیە دەنگی خۆشە و گۆرانی دەبێژێت؟ ناونیشانی گوندی دالە ڕێیان پێی دا و پێیان گوت؛ لەوێ دوو خوشکی دەنگخۆشی ئایینزا (جوو) هەن. (کامیلی کاکەمین) ڕوو دەکاتە گوندی دالەڕێ و دەچێتە دیوەخانی موختاری گوندی دالەڕێ بووە. لەوێ داوای دوو کچەکە دەکات کە بێن لە دیوەخان گۆرانی بۆ بڵێن. هەردوو کچەکە دێن و پێکەوە وەک بولبولێکی خۆشخوان گۆرانی بادینی دەچڕن. هەر دوای گۆرانییەکە (کامیلی کاکەمین) سەرسام دەبێت بە توانا و لێهاتووەکانیان، ڕای لە دەنگیان دەبێت و لەسەر ئەرکی خۆی داوایان لێ دەکات کە بێن لە بەغدا پەرە بەو دەنگە ناسکەیان بدەن و خزمەت بە هونەری کوردی بکەن. ئەوانیش بە داواکەی ڕازی دەبن و ڕوو لە بەغدا دەکەن.
ماڵیان لە قوڵاغی گوندی دالەڕێ بوو، خۆخی کە خوشکە گەورەکە بوو لە ساڵی 1927 و ماری لە ساڵی 1929 لە گوندی دالەڕێ لەدایکبوونە. باوکیان ناوی موشێ و دایکیان ناوی بەستێ بووە. خانەوادەیەکی نەدار بوون. موشێ کاری گاوانی دەکرد. خێزانەکەشی کاری چنینی دەکرد. خۆخی و ماری لە داوەت و ئاهەنگەکان بانگ دەکران بۆ گۆرانی گوتن.
دوای ئەوەی دەچن بۆ بەغدا و لەوێ نیشتەجێ دەبن، (کامیلی کاکەمین) مامۆستا عەلی مەردان ڕادەسپێرێت تا هەڵیان بسەنگێنێت و بزانێت دەنگیان چۆنە.
(کە هاتن و چاومان پێیان کەوت، هەروا بیست یا بیست و چوار ساڵان دەبوون، گوێم لێگرتن، دەنگێکی جوان و پوخت و کاریگەرییان هەبوو، لەوەبەر شتی وام نەبیستبوو، توانایەکی وتنی باشیان هەبوو)
مامۆستا عەلی مەردان پێشتر لە دالەڕێ لە داوەت و ئاهەنگەکان گۆرانییان بە شێوەزاری کورمانجی سەروو دەچڕی. بە هاوکاری مامۆستا عەلی مەردان زوو فێری گۆرانی فۆلکلۆری کوردی شێوەزاری سۆرانی دەبن، لەو کاتەدا تەنیا دەنگێکی ئافرەت بە زاراوەی سۆرانی گۆرانی چڕی بێت تەنیا خانمە هونەرمەند (دایکی جەمال، یان (فەرحە) ، بەهیجە ئیبراهیم یەعقوب) ئەویش ئایینزای (جوو) بووە، بە یەکەم ئافرەتی گۆرانیبێژی سۆرانیی هەژمار دەکرێت کە لە کۆمپانیای (بەیزافۆن) لەسەر قەوان گۆرانی تۆمار کردووە.
دەربارەی گۆڕینی ناوەکانیان لە خۆخی و ماری بۆ نازدار و ئەسمەر فەرهار، مامۆستا عەلی مەردان دەڵێت؛ (زۆر وریا و گورج و زیرەک بوون، یانی گوێچکەی مۆسیقایان زۆر هەستیار و ناسک بوو، بچووکەکەیان (ماری) ئینگلیزییەکی باشی دەزانی و قسەی پێدەکرد، لاوازی و نەخۆشییەکی لەگەڵبوو، بەڵام گەورەکەیان (خۆخێ) جوان و ڕووخۆش و زیتەڵە بوو، ڕۆژێک لەگەرمەی پرۆڤەکانماندا لەسەر یەکێ لەو گۆرانیانەی بۆمان دانابوون کە بیڵێن، کاک کامیلی کاکەمین پێشنیاری کرد کە دوو ناوی لەبارو جوانیان بۆ هەڵبژێرین، ئەوە بوو گەورەکەیان کە خۆخەی ناوبوو کردمان بە (نازدار) بچوکەکەشیان کە ماری ناوبوو کردمان بە (ئەسمەر) ، (فەرهاد) یش وەک نازناوێکی هونەری بۆ هەردوکیانمان دانا، ئیتر بوونە (نازدار و ئەسمەر فەرهاد) و نزیکەی (10) دە گۆرانیم بۆئامادەکردن، یەکیان بەدووقۆڵی دەبێژرا ئەویش گۆرانی (بڕوانە بزانە) بوو من و ئەسمەر یان دەمانووت)
بە هاوکاری کامیل کاکەمین و مامۆستا و هونەرمەندی مەزن عەلی مەردان توانییان هەشت گۆرانی لەسەر قەوان تۆمار بکەن ئەوانیش؛
(دەمەگری مەگری چاوانت دێشێ، نەجیبە یار نەجیبە، وەک قومری سەرباڵم شیینە، گەردوون من چی بکەم، کزەی جەرگانم، ئامێنێم نازەنینێم، ئەرێ هۆ لەیلی، هەی لاوە گوڵێ و جوانین ئێمە جوانین بولبولی کوردستانین) .
دوای درووستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ساڵی 1948، بەهۆی ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەی ئەو کاتەی ڕژێمی ئێراق لە ساڵانی (1949 بۆ 1950) و بڕیاردان لەسەر کۆچی بەکۆمەڵی زۆرەملێ بۆ (جووەکان) و ڕەوانەکردنیان بۆ وڵاتی (ئیسرائیل) و زەوتکردنی سەروەت و سامان و کەلوپەل و کاڵاکانی ژیانیان لەلایەن ڕژێمەوە، هەردوو خوشکی دەنگخۆش و خۆشخوان بەر ئەو کۆچە زۆرەملێیە دەکەون.
دەربارەی دیار نەمانیان هونەرمەند و مامۆستا عەلی مەردان پەیوەندی خۆیی و هەردوو خوشک و دوا دیدارییان بەشێوەیەکی دیکە لەبیرەوەرییەکانیدا دەگەڕێتەوە (دۆستایەتییەکی گەرم و بەتین لەنێوانماندا پێک هات، ماڵەکەیان لەنزیک (ساحە الطیران) ی ئێستە بوو، لێرە و لەوێ دەربارەی ئەو دوو خوشکە زۆر شتم دەبیست و دەمخوێندەوە، وابزانم ئەمانە گشتی لەڕاستییەوە دوورن و ئەسڵیان نییە..! چونکە من لەوسەردەمەدا لە هەموو کەس زیاتر لێیانەوە نزیک بووم، گەلێ جار شەوانە سەردانیانم دەکرد خۆ هەرهیچ نەبێ (نمەک لەبەینماندا بوو) ئیتر چۆن دەمهێشت ئەو دووانە بەو حاڵەی باس دەکرا، بژین و داماو ببن؟!
هەتا سەرەتای پەنجاکان لەو خانووەی (ساحەی الطیران) مانەوە لە گەڕەکی (بستان الخس) ی بەتتاوین، بەرانبەر کۆلیژی پۆلیسی ئەو کاتەو هەروا یاریگەی پۆلیس (ملعب الشرطە) دوایی کەوتنە خۆئامادەکردن بۆسەفەر، لەگەڵ هەزاران جوولەکەی تردا موهەییا بوون کەبەرو ئیسرائیل بچن، کۆڕەوێکی گەورە لە جێنزرگەی باوو باپیرانیانەوە بەرەو داهاتوویەکی نادیار، وەک وتم ماڵەکەیان بەرانبەر (کڵێسەی ئەرمەن) ەوە بوو لەسەر شەقامە گشتییەکە ئەو جێیە ئێستا بەنزینخانەیە، دواجار کەسەردانم کردن جەنجاڵی خۆ کۆکردنەوە بوون، دەبوو ئەو ڕۆژە بڕۆیشتنایە، هەرچێکیان بوو فرۆشتبوویان جگە لە پایسکیلێکی منداڵانەی سێ پێچکە، وتیان (ئەوەش وەک دیاری بۆ (کاکە) ی کوڕت) (واتە کوڕی مامۆستا عەلی مەردان) بەڵام دڵم بڕوایی نەهێنا لێیان وەرگرم و قبووڵم نەکرد. دواجار یەکتر بینین.. دڵتەنگ و مات و پەست، گریاین و حەسرەتمان کێشا دەبوو بڕۆن، بەخۆشیی یا خوایشت، هەردەبووایە بڕۆن، جگە لەو ناڕەحەتی و تەشقەڵە و زوڵمەی لە ئێراقیەکانەوە تووشیان دەبۆوە، کەڕۆیشتشن ئیتر دەنگو باسیان بڕاو وەک بەردێ بکەوێتە گۆمێکەوە، ببڕای ببڕ هیچم لێیان نەبیستەوە، داخ و حەسرەتیان تائێستەش ئاسەواری خۆی لەدڵمدایە)
نازدار و ئەسمەر فەرهاد ئەو ترپە پڕ سۆز و ناسکە بوون کە بۆ هەمیشە لەناو دڵی هونەری کوردیدا لێدەدەن و تا نەتەوەی کورد بمێنێت لە بیر ناکرێن. هەر کاتێک باس لە مێژووی ڕادیۆی کوردی بەغدا و دەنگ و هونەری ئافرەتانی دەنگخۆش و دەنگ زوڵاڵی نەتەوەکەمان بێتە پێش، ناو و نازناوی هەردوو جووتە خوشک پێشەنگی ئەو کاروانە هونەرییەن لەتەک خانمە هونەرمەندانی وەک (مریەم خان و ئەڵماس خان و فەوزیە محەمەد و نەسرین شیروان و ئایشەشان و گوڵبەهار..تاد) ئێستاش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر دیارنەمانیان، تاقانە ئەلبوومەکەیان وەک بەرهەمێکی بەنرخ و دەستکەوتێکی نیشتمانی گەڕێنرایەوە بۆ زێدی خۆیان کە گوندی دالەڕێ یە.
(ئێستا مێژوو و ئەلبوومی گۆرانییەکانیان لە کۆشکی پەڕتووکخانەی داڵەڕێ پارێزراوە.)
=KTML_Bold=ژێدەر:=KTML_End=
⁃ جووتێک بولبولی خۆش ئاواز نازدار و ئەسمەر فەرهاد، کەمال ڕەئووف محەمەد، گۆڤاری کاروان، ژمارە (14) تشرینی دووەم، ساڵی دووەم 1983، لاپەڕە (101) .
⁃ پەڕتووکی گەڵای پایز، بیرەوەری عەلی مەردان، ئامادەکردنی عەبدولقادر عەلی مەردان، ڕێکخستن و لێکۆڵینەوە، ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی، لاپەڕە (192 و 194) .
⁃ گۆڤاری ئیسرائیل _کورد، ژمارە (15) ساڵی (2010) .
[1]