ناونیشانی بابەت: منداڵ بووین بەڵام خەونمان بە ئاشکراکردنی ژێر ئاوەکان دەبینی
ئامادەکردن: #دڵدار داڵەڕێ#
بەر لە بیست ساڵ، بیرمە کاتێک منداڵ بووین بەدیار زێی گەورە دادەنیشتین، دەمانگوت؛ تۆ بڵێی ژێر ئەو زێیە چی تێدابێت! شتی دەگمەنی تێدایە؟ ئایا ڕۆژێک دادێت بە چاوی خۆمان زەویەکە ببینین؟! بەڵام کاتێک لە قوڵەشین ڕادەماین، دەمانگوت نا… مەحاڵە ئێمە بە ڕاستی قوڵاییەکان بکەوین. قوڵەشین قوڵترین شوێن بوو کە کەس نەیدەتوانی ژێرەوەی ببینێت، یان کاتی مەلەوانی، مەلەوانەکان لە کاتی نوقومبوون قاچی لێ بدەن، بۆیەش ترسناک بوو.
کاتێک زێی بەهار دەهات، کە دەبووە ئەومل و ئەومل، کەفی دەکرد. تەوژمی زۆر دەبوو. پێشییانی ئێمە کاتێک دەیانبینی زێیەکە کەفی هێناوە و هاژەی زۆر بووە، دەیانگوت؛ «نەچنە دەرەوە، ئەمشەو زێ خوێنی دەوێت، تا خوێنی خۆی نەستێنێت دانامرکێتەوە.» ئێمەی سەرکێش لەپاڵ ترسەکە، زیاتر تامەزرۆی ئاشکراکردنەکە دەبووین.
هەمیشە خەیاڵمان بەوە دەکرد کە ئەم قوڵاییانە زیندەوەری سەیر وسەمەرەی تێدایە، یان بەردی گرانبەها، یان ئاسەواری پێشیمانی تێدایە…
ئەوانە خەیاڵی ئێمەی منداڵ بوو.
تەمەن ڕۆیی و گەورە بووین و سرووشت ئاشکرا ئەوێی بۆ کردین! قوڵاییەکانی نیشان داین. هەموو شتێکمان بە چاوی خۆمان بینی. لە قوڵەشین قاچمان دانا و شوێنپێی خۆمان بەجێ هێشت. لە قوڵاغ پیاسەمان کرد، چەماینەوە بۆ تاتەشاخەکان، ئەو تاتە شاخانەی کە ترسمان لێ هەبوو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بکەوینە ژێری، بخنکێین و کەس تەرمەکەمان نەدۆزێتەوە.
ئەوەتە ئێستا ئێمە تەرمی شاخە بێنازەکان بە چاوی خۆمان دەبینین. نە زیندەوەرێکی نامۆی لەژێرە، نە گەوهەرێک، نە پاشماوەیەک….
دیمەنەکان لەگەڵ یادەوەریەکانمان پێک نایەن، ترسناکن!
هەندێک جار خەونەکانمان وا باشە تەنیا بە خەونی بمێننەوە. وا باشە ئاشکرای ژێر ئاو و قوڵاییەکان نەکەین. شتانێک هەن وەک خۆیان جوانن. با دەست بۆ قوڵایی هەموو شتێک نەبەین.
چەند جوانە تامەزرۆی ئاشکراکردنی مەتەڵەکان بین، چەند ناخۆشە بە کارەساتی سرووشتی ئاشکرا ببێت! [1]