لە قۆناغی سێی ئەنفالدا لە سنووری شارۆچکەی #خورماتوو# کە مانگی نیسانی ساڵی 1988 کرا و بەشێکی بەرچاو لە ڕزگاربوانی ئەنفال و تاقانەکانی ئەنفالیش خەڵکی خورماتوون و یەکێک لە ڕزگاربوانی ئەنفال کە منداڵەکانی ئەنفال کراون، لەو کاتەوە تا ئێستا بەتەنیا دەژێت.
خەیرییە محەمەد، ناسراو بە میم خەیری، ئەو ئافرەتەی کە لە سیمایدا هێشتا عاجزبوون دەردەکەوێت و کاتێک کە دەیبینیت وا دەزانیت تازە پڕۆسەی ئەنفال ڕووی داوە، لە دیمانەیەکی کوورتی (باسنیوز) دا ڕایگەیاند: ''ئێمە خەڵکی گوندی ساڵەیی بانشاخی سەربە شارۆچکەی خورماتووین و لە گوندەکەمان کاتی خۆی ژیان ئاسایی و خۆش بوو و خەڵک زیاتر بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵییەوە سەرقاڵ بوون، بەڵام لە ساڵانی هەفتەکان بەتایبەتی، سوپای ئێراقی کاتی بەعس زووزوو هێرشیان دەهێنایە سەر گوندەکانی ناوچەی داودە کە یەکێکیان گوندەکەی ئێمە بوو، بەهۆی ئەوەی کە لەو گوندانە پێشمەرگەی لێ بوو و تاکوو وای لێهات ئیتر بەتایبەت لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانەوە ژیانیان لە خەڵک تاڵ و ناخۆش کرد.
میم خەیری، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە ساڵی 1988 ڕۆژەکەی بە دیاریکراوی نازانم، بەڵام ئەوەندە دەزانم ژمارەیەک لە جاشەکان لەگەڵ هێزەکانی سوپا بە چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازییەوە هاتن و ئێمەیان بەزۆر سەر خست و بردراین بۆ مەرکەز شەبابەکەی خورماتوو و لەوێش بینیمان خەڵکێکی زۆر زیندانی کراون و بە چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی ئێمە ببرین بۆ مەرکەز شەبابەکەی خورماتوو، مێردەکەم کۆچی دوایی کرد.
ئەو ئافرەتە ئەوەشی خستە ڕوو: من کچێکم هەبوو بە ناوی یازی عەبدولڕەحمان و کوڕێکیشم هەبوو بە ناوی فەرەج عەبدولڕەحمان، ئەوانیش لەگەڵم بوون و دوای چەند ڕۆژێک لە مەرکەز شەبابەکەی خورماتوەوە لەگەڵ ئەوانەی تر کە لەوێ زیندانی کرابوون، بردراین بۆ تکریت، ئینجا لە گۆڕەپانێک ئێمەیان دانا و لەو کاتەدا من دەستی کوڕ و کچەکەم گرتبوو، بەڵام ئەفسەرێک هات، بەزۆر دەستی کچەکەمی لە دەستم کردەوە و بردی بۆ لای کچە گەنجەکان کە کچە گەنجەکانیان لەگەڵ کوڕەکان جیا دەکردەوە و دواتر هەر ئەو ئەفسەرە هات کوڕەکەمیشی برد و دوای ئەوەی لە یەکمانیان کرد، ئینجا هەر لە تکریت پیاو و ئافرەتە بەتەمەنەکانیان زیندانی کرد و گەنجەکانیشیان بەجیا زیندانی کرد، بەڵام ئاگامان لە یەک نەبوو و دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لە تکریت، ئینجا بردراین بۆ نوگرە سەلمان.
هاوکات میم خەیری، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ئەو ماوەیەی کە لە نوگرە سەلمان زیندانی کراین، ژیانێکی زۆر ناخۆش و تاڵمان بەڕێ کرد، چەندین ژن و پیاو و منداڵ لەو زیندانە کۆچی دواییان کرد و چەندینی تر لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دا و هەر ئەوەندە خواردنیشیان دەدا کە ئەوانەی لەناو گرتووخانەکەن لەبرسا نەمرن و ئەشکەنجەی دەروونیی ئەو خەڵکەیان دەکرد و ژیانێکی زۆر ناخۆشمان بەڕێ کرد و دوای شەش مانگ زیندانیکردنمان ئێمەی ژنان و پیاوان، ئەوانەی کە تەمەنیان هەبوو ئازاد کراین. دواتر گەڕامەوە بۆ خورماتوو نیشتەجێ بووم، لەو کاتەوە تا ئێستا بەتەنیا دەژیم و ڕۆژانە کاتێک بیری منداڵەکانم دەکەم جلوبەرگەکانیان دەردەکەم کە پاراستومن، تێر بۆنیان دەکەم. [1]