$هەنگاوەکانی حکومەتەکەی برا گەورە$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#27-08-2019#
زاراوەی برا گەورە، لای بەشێکی زۆری پارتییەکان بۆ بەڕێز مەسروور بارزانی بەکاردێت. لە ئەدەبیاتی سیاسی کورد و جیهانیشدا زاراوەکانی برا، کاک، مام، هاوڕێ، هەڤاڵ، هاوبیر و.. تاد، جگە لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەی ڕەهەندێکی سیاسیشیان هەیە. بۆ نموونە زاراوەی ڕەفیق، یان هاوڕێ تا ئێستاش لەناو ڕیزی گشت پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهاندا بەکاردێت. زاراوەی برا گەورە لە ئەدەبیاتی کوردیدا گوزارشتە لە کەسێک کە ئەرکێکی سەرەکی خانەوادەکەی یان گرووپێک لەئەستۆ دەگرێت، لە هەمانکاتدا دەسەڵاتیشی پێدەبەخشێت و دەبێتە جێگای هیوا و ئومێدی کەسەکانی. کەچی بەپێچەوانەوە ئەو چەمکە لە ڕۆمانەکەی جۆرج ئۆروێڵدا (1984) گوزارشتێکی دکتاتۆریانە و نێگەتیڤی هەیە، بەڵام من لێرەدا کارم بە گوزارشتە نێگەتیڤەکەی نییە، ئەوەی کارم پێیەتی گوزارشتە کوردییەکەیەتی کە پڕە لە ئەرک و بەرپرسیارێتی بەو مانایەی دوای نزیکەی سێ دەیە لە چاوەڕوانی، کەسێک یان چەند لایەنێکی سیاسی چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکرێت ئەو وڵاتە بخەنە سەر ڕێگای حوکمڕانیی درووست، واتا گەر هیچ نەبێت بناغەیەکی سیاسی، ئابووری، یاسایی و دەوڵەتداری بۆ دابنێن کە بەداخەوە تا ئێستا ئەو بناغەیە نەبووە. بۆ نموونە، کوا بناغەی کەرتی کشتوکاڵ، گواستنەوە و گەیاندن، کارەبا، پیشەسازی، تەندرووستی، ژینگە و.. تاد. ئەوەی هەیە تا ئێستا تەنیا بناغەی کەرتی وزەیە، ئەویش لەبەر ئەوەی وزە دەتوانێت پارەیەکی خێرا و کاشی زۆر بخاتە دەست حکومەتەوە. ئابووریی هەرێم تا ئێستاش هیچ بنەمایەکی زانستی ئابووری نییە، بەڵکوو لە کوورتترین واتادا بریتییە لە بەفیڕۆدانی هەڕەمەکیانەی سامان و داهات.
$هەنگاوەکانی چاکسازی چۆن دەڕۆن؟$
سەرەتای هەنگاوەکانی هەر حکومەتێکی تازە بۆ ڕای گشتی زۆر گرنگن، چونکە یەکەم ئینتباعی خەڵک لەسەر حکومەت درووست دەکەن، لەرووی سایکۆلۆجیشەوە ڕای زۆربەی خەڵک لەسەر حکومەت لە یەکەم هەنگاوەوە درووست دەبێ.
برا گەورە سەرەتا بە کارنامەیەکی پوخت و ئومێدبەخش هاتە مەیدانەوە کە لەڕاستیدا هەموو بڕگەکانی کارنامەکەی گوزارشت بوون لە ناخی خەڵک. هەرچەندە هێشتا زۆر زووە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی ئەم حکومەتە، بەڵام وەک ئەکادیمیستێکی ئەو بوارە دەتوانم بڵێم کە گشت هەنگاوەکان هەتا ئێستا بە ڕێگای درووستدا دەڕۆن. هەوڵی جددی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، تەبەنیکردنی پڕۆژەی چاکسازی و بە تایبەتیش دەستکاریکردنی پلەی خانەنشینی و پێداچوونەوە بە پلە تایبەتەکان، گەڕانەوەی سەرجەم داهاتەکانی وەزارەتەکان بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە لەمەودوا هیچ وەزارەتێک بۆی نەبێت بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئەو پارەیە خەرج بکات، بەکارنەهێنانی موڵکی گشتی و گەڕاندنەوەی بۆ حکومەت. ڕاستە ئەمانە هەمووی هەنگاوی سەرەتایی ڕاستکردنەوەی بواری حوکمڕانین لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام دەبێت لەبیرمان نەچێت کە هەر بڕیارێکی گەورە بە هەنگاوێکی بچووک دەستپێدەکات. بۆ پاڵپشتیکردن لەو هەوڵانە دەبێت خەڵک لە ورد و درشتی ئەو پڕۆسەیە ئاگادار بێت و زووزوو ئەنجامەکانی بخرێنە ڕوو بۆ ڕای گشتی، هەر لایەنێکیش بەربەستی بۆ درووستبکات حکومەت دەتوانێت پەنا بباتە بەر ڕای گشتی کە پاڵپشتێکی گەورەی پڕۆسەی چاکسازیە بۆ ئەو حکومەتە. قسە شکاندنی سەت کۆنە وەزیر و ڕاوێژکار زۆر باشترە لە دۆڕاندنی متمانەی چەند ملیۆنێک هاووڵاتی. لەڕاستیدا دەرفەتێکی زێڕین لە بەردەم ئەو کابینەیەدایە کە مێژوویەک بۆ خۆی تۆمار بکات.
$کێ دەتوانێ نوێنەری بارزانی بێت لە بەغدا؟$
گومانی تێدا نییە کە کورد لە بەغدا کاریگەریی جارانی نەماوە بەسەر پڕۆسەی سیاسییەوە، بە نەمانی #مام جەلال# کەلێنێکی گەورەی تێکەوت، لە دوای نوشستییەکەی شانزەی ئۆکتۆبەریش گەیشتە لووتکە. هەندێک پێشنیاز دەکەن ئەو ڕۆڵەی جارانی مام جەلال بە دکتۆر بەرهەم بسپێردرێت. لەڕاستیدا نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا نە بە دکتۆر بەرهەم و نە بەهیچ سەرکردەیەکی تریش دەکرێت. ئەو قۆناغە بەسەرچوو لایەنە کوردییەکان گوێرایەڵی یەک سەرکردە بن. ئەو قۆناغە سیاسەی ئێستا لە بنەڕەتدا بە ئاڕاستەی یەکدەنگیی نەتەوەیی و مەزهەبی نییە. دابەشکردنی پێکهاتەکانی ئێراق بەپێوەرە کۆنەکانی پێشوو، واتا سێکوچکەی شیعە، سوننە کورد، ئێستا کێشەی تێکەوتووە، چونکە دابەشبوونەکە چیتر تەنیا لەسەر ئەو بنەمایە نییە، خودی سێ پێکهاتەکان چەندین دابەشبوونیان تێکەوتووە. لەلایەکی ترەوە بەشی هەرە زۆری هێزی هەر سەرکردەیەکی سیاسی لە خودی حزبەکەی خۆیەوە دێت، ئاشکرایە دکتۆر بەرهەم ناتوانێ سەرچاوەی یەکخستنی ناو حزبەکەی خۆیشی بێت چجای هی کورد. دواتریش سەرەرای ئاشتبوونەوەی پارتی لەگەڵ دکتۆر بەرهەم، بەڵام هێشتا بەستەڵەکی نێوان پارتی و دکتۆر بەرهەم نەتواوەتەوە. خودی پارتیش ئامادە نییە ئەو ڕۆڵە بداتە دکتۆر بەرهەم. بۆ دەربازبوون لە بەشەخسەنەکردنی پێگەکانی حوکمڕانی کە لە پێشوودا کورد زۆر زیانی لێ بینیوە، دەکرێت ئەم ڕۆڵە بدرێت بە پەڕڵەمانی هەرێمی کوردستان کە لە بەغدا ڕۆڵی مەرجەع ببینێ بۆ کورد. ئەم پرسە سیاسی و یاساییانە دەبێت بە دامەزراوەیی بکرێن ئەگەرنا کورد هەر لە دەوری یەک بازنەی داخراودا دەسوورێتەوە. پەڕڵەمان بە حوکمی ئەوەی نوێنەری هەموو پێکهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە، دەکرێت ئەو ڕۆڵە ببینێ. لەو چوار ساڵەدا گرنگە کار بۆ ئەو پرسە بکرێت، چونکە پەڕڵەمانتارەکانی کورد لە بەغدا بە دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا و دەبێت پارێزەری بەرژەوەندییەکانی هەرێمیش بن. [1]