$ڕێگای سێیەم بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#10-09-2019#
بۆ کورد چۆنییەتی مەمەڵەکردن و دانووستاندن لەگەڵ بەغدا و ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی ئێراق چ لە پێش ڕاپەڕین یان لە دوای ڕاپەڕین یەکێک بووە لە گەورەترین ئاڵنگارییەکان، تا ڕووخاندنی بەعس لە 2003 کورد و بەغدا نەیانتوانی بگەنە میکانیزمێک بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ یەکتر، ئەگینا نە ئێراق و نە ڕژێمی سەدامیش بەو دەردەی ئێستا دەگەیشتن. ئەمە جگە لەوەی پێوەندییەکانی بەغدا و کورد هەمیشە کێشەی خستووەتە ناوماڵی کوردیش، بە جۆرێک بەشێکی زۆری ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە 1984، 1991 ، 1996 تاوەکوو 16ی ئۆکتۆبەریش کێشە سەرەکیەکە هەر لەسەر میکانیزمی مەمەڵەکردن لەگەڵ بەغدا بووە. لە دوای نەمانی ڕژێمی بەعس و پڕۆسەی نووسینەوەی دەستووریش لە 2005 کێشەکانی بەغدا و هەرێم هەر بەردەوامن. بە جۆرێک لەگەڵ هاتنی مالیکی بۆ سەر دەسەڵات لە خولی دووەمیدا، واتا دوای 2010، کێشەی نێوان بەغدا و هەرێم لە چوارچێوە دستووریەکەش دەردەچێت. لەڕاستیدا دەرچوون لەناو قەفەسی بەغدا چەندە زەحمەتە، مانەوەش لەگەڵ بەغدا بە ئەندازەیەکی زیاتر. بۆیە کێشەی گەورەی هەرێمی کوردستان تا چەند ساڵێکی تریش نە لەگەڵ تورکیا دەبێت و نە لەگەڵ ئێران، بەڵکوو لەگەڵ بەغدا و نوخبەی حوکمڕان لە بەغدا دەبێت. بۆیە سەرکردایەتی کورد دەبێت زیاتر لە ڕێگایەکی هەبێت و هیوای زۆر هەڵنەچنێت لەسەر ڕێککەوتنی درێژخایەن لەگەڵ بەغدا.
ئەوەی من مەبەستمە لێرەدا بیڵێم، ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە ئابووری و دارایی بەغدا هەرگیز لە دەستێکی ئەمیندا نییە، بەغدا نە دەوڵەتێکی دامەزراوەیی تۆکمەیە، نە وڵاتێکی بێ کێشە. هەرێمی کوردستان دەبێت ئەو ڕاستییە بزانێت کە قەیرانەکانی ئێراق زۆر لەوە قووڵترن بە 10 ساڵی تریش چارەسەر بکرێن. ئەوە 16 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر گۆڕینی ڕژێمی بەعس لە ئێراقدا کەچی قەیرانەکان ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبن. یەکێک لە سەرەکیترین ئەو کێشانەی ئێراقی دوای 2003 بریتییە لە کۆبوونەوە یان گواستنەوەی بڕیاری سیاسی بۆ دەرەوەی دامەزراوەی حکومەت و ئەنجوومەنی وەزیران. واتا بوونی دوو دەسەڵات، یەکێکیان ڕووکەشە و خۆی لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی کۆمار و کۆمەڵە گرووپێک لە پەڕڵەمانتاردا دەبینێتەوە کە دابەشبوون بەسەر بەرژەوەندیی تایبەتی و هەرێمی و دوور نییە هەر لە بنەڕەتدا پۆستەکانیان پێشوەختە کڕدرابن. دووەمیش دەسەڵاتە ڕاستەقینەکەیە کە لەژێر دەستی کۆمەڵێک گرووپ و پارتی ئایدیۆلۆژیست و سەرکردەی سەربازیدایە و ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و بەرژەوەندیی ئێراق لە چاوی ویلایەتی فەقیهەوە دەبینن.
ئێران تا دێت قووڵتر شۆڕدەبێتەوە ناو جومگەکانی حوکمڕانی لە ئێراق. دەسەڵاتی ئەوانەی پشتگیری لە شەریکایەتی لەگەڵ ئێران دەکەن زۆر بەهێزترە لەوانەی دژایەتی ئەو هەژموونەی ئێران دەکەن. ئێراق بە تێپەڕبوونی کات خەریکە دەبێتە شەریکێکی زۆر ستراتیجی بۆ ئێران، بە جۆرێک گەرەنتی مانەوە و بەردەوامیی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژتر دەکاتەوە. لە سەروبەندی جەنگی ساردی ئەمریکا و ئێراندا ئەو گرنگیەی ئێراق بۆ ئێران خەریکە دەردەکەوێت.
بە جۆرێک خەریکە ئاگری جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی تاران لە بەغدا هەڵدەگیرسێ. چەک و جبەخانەکانی #حەشدی شەعبی# کە سەرۆک وەزیرانی ئێراقیش نازانێت لە کوێن، خەریکە لەلایەن ئیسرایلەوە دەکەونە بەر هێرش. لەڕاستیدا ڕژێم و سیستمی سیاسی لە ئێراق خەریکە ڕۆژبەڕۆژ نزیکدەبێتەوە لە ڕژێمێکی هاوشێوەی ئێران کە پارێزەرەکەی بریتییە لە پاسەوانانی شۆڕش. ئێراقیش خەریکە لە هەمان مۆدێل نزیک دەبێتەوە، بە تایبەت لە دوای کۆبوونەوەی دەسەڵاتی سەربازی و عەسکەری لە دەستی حەشدی شەعبیدا. ئێراق ڕۆژبەڕۆژ لە ستراتیجیەتی ئێراندا پێگەی گرنگتر دەبێت، بە تایبەتی لە هاوکێشەی بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو بەشێک لە پسپۆڕانی ئەو بوارە پێیانوایە ئێستا ئێران لە ڕێی سییەکانی ئێراقەوە هەناسە دەدات. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەزیری بەرگریی ئێران وتی: بەهێزکردنی بوونیادی بەرگریی سوپای ئێراق یەکێکە لە ستراتیجە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگریی ئێران ئەو وابەستەییەی ئێراق بە ئێرانەوە دووپات دەکاتەوە. هێشتا سوپای ئێراق نەبووەتە هێزێکی نیشتمانی، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو هەندێک لە سەرکردە شیعەکان وای دەبینن کە تا زووە دەبێت سوپا لەناو حەشدی شەعبیدا بتوێتەوە، چونکە بە پارە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە درووستکراوە و بەرگری ناکات. بۆیە زۆر هەڵەیە ئەگەر هەرێمی کوردستان پێیوابێت کێشەکانی هەرێم و بەغدا تەنیا ڕادەستکردنی چەند سەد هەزار بەرمیلێکە و ئیتر هەرێم دەتوانێت بەپارەی بەغدا بژی. ئابووریی هەرێم هەرگیز سەقامگیر نابێت تا پشت بەخۆی نەبەستێ.
هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراقدا گەرەنتی نییە، چونکە نە خودی بڕیاری سیاسی لە ئێراق سەقامگیرە نە نوخبەی حوکمڕانیش نوخبەیەکی ئێراقیە.
دوای 16 ساڵ لە گۆڕینی ڕژێمی سەدام، تا ئێستا ئێراق لە لیستی هەرە گەندەڵترین و فاشیلترین وڵاتانی دونیادایە، تا ئێستا #هەولێر# و #دهۆک# و #سلێمانی# شوێنی سەرەکی گەشتیارانی ئێراقن کە پێیانوایە زۆر لە ناوچەکانی خۆیان باشترن. ڕاستە بەغدا بە حوکمی پێگەی سیاسی و یاسایی و دارایی دۆخی لە هەرێم باشترە، بەڵام هەرگیز ئەو وڵاتە سەقامگیرە نییە کە هەرێمی کوردستان بتوانێ تاسەر پشتی پێ ببەستێ. بۆیە لەم چوار ساڵەی حوکمڕانی، ستراتیژی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بریتی بێت لە پێداچوونەوە بە فۆرمی کارگێڕی و ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و بنیاتنانەوەی دامەزراوەکان کە بتوانێت بەرگەی چەند ساڵێک مانەوە بگرێت بەبێ بەغدا. ڕاستە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان لە تاران و ئەنکەرە باشترە و دەبێت لەم چەند سەڵەدا بە ناچاری ڕووی لە بەغدا بێت، بەڵام ئەمە چارەسەرێکی کاتییە و نابێت پشتی پێ ببەسترێ. هەرێمی کوردستان دەبێت وەک دەرفەتێکی کاتی سەیری بەغدا بکات کە ئەگەری هەیە لە هەر کاتێکدا نەمێنێ. بارودۆخی مووچەی هەرێمی کوردستان باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو ناسەقامگیریە. بە جۆرێک لە حاڵەتی نەمانی سەرۆک وەزیرانی ئێستادا (کە ئەگەرێکی دوور نییە) ، تەواوی گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا شکست دێنن. هێزی ناوچەیی ڕژێمی ئێران لەسەر ئەوە بنیاتنراوە کە تا دەکرێت کێشە و قەیرانەکان بەکراوەیی جێبهێڵێت بۆ ئەوەی لەلایەک بتوانێت دەست لە کاروباری ئەو وڵاتانە وەربدات، لەلایەکی تریش ئەجێندای وڵاتانی نەیاری خۆی ئاڵۆز بکات. ئێستا ئێران لە هەریەکە لە ئێراق و لوبنان و یەمەن ڕێک ئەو کارە دەکات ، بۆیە هەرێمی کوردستان دەبێت تا زووە خەریکی بنیاتنانەوەی ناوماڵی خۆی بێت، لە ڕێگای بنیاتنانەوەی دامەزراوە سیاسی و ئابووری و یاساییەکان بۆ ئەوەی بتوانێ لە کاتی ڕوودانی قەیرانی لەناکاودا بەرگە بگرێت و نەبێتە قوربانیی ململانێ هەرێمییەکان. هیچ دوور نییە بەیانیەک لەخەو هەستین و لە چاوتروکانێکدا سەرۆکوەزیران و سەرۆک کۆمار لادرابن، یان لە پەڕڵەمانی ئێراق متمانە لە سەرۆکوەزیران وەرگێڕابێتەوە. گشت ئەم ئەگەرانە بۆ ئێستای دۆخی ئێراق فاڵگرتنەوە نین، بەڵکوو ئەگەری زۆر نزیکن. [1]