=KTML_Bold=شاری نمایش=KTML_End=
#سروشت نەوزاد#
ئیدی ئەمە بووە شار یاخود ماڵی من.
ڕەنگە خراپ نەبووبێت، دەبێت خۆشحاڵ بووبم
هەندێک جار بە درێژایی شەقامەکانی،
لە ژێر تیشکی پەرش و دەست لێ نەدراوی ڕۆژەکەدا پیاسەکردن.
وەک ئەوەی بیەوێ وا دەربخات هەوری چڵکنی خۆنەشۆر هەرگیز هیچ ئاسەوارێکی نەبووبێت.
بەڵام ئەمە شاری من بوو،
ئەو پەیکەرەی خۆی دەنواند،
ئەبستراکتێک ڕووت لە تابلۆیەکدا
هەڵواسراو بە دیوارەکەوە،
ئەوەی کە دەیویست عاباکە لە ژێر پێستیدا بشارێتەوە.
کەشتییەکی زەبەلاح بەسەر ڕووی ڕووبارەکەوە،
ئەگەرێکی مسۆگەریش بۆ دۆزینەوەی ڕاوچییەکان
لە ژوورێکی بێدەنگدا
ڕاستگۆیانە ئەگەر بڵێم:
قولابەکانیان دەست بەتاڵ کاتێک پێ ڕانەگەیشتن،
زەنگی تەلەفۆنەکە لێی دەدا.
ئەو کەناڵەی ئەگەر هاتوو هاوار بکات سنوور دەبڕێت
ئینجا ئۆتۆمبێلەکەی پێ دەکات و
سەدەی بیست تا بەر پێی شەقامەکە دەگەیەنێ
لەوێش کەسێک جانتا کەسییەکەی توند لە شان دەکات
پاشان ئاوڕدەداتەوه و
بە هاوپیادەکەی پشتەوەی دەڵێت:
ئاگات لە هەنگاوەکانت بێت.
بەڵام من بۆ خۆشەویستیی وێنە وردەکەم،
بەهۆی یەکبوونێکی سادە
لە ژمارەیەکی تاکدا کە هێشتا
نۆیەمین ساڵی پڕ نەکردووەتەوە
لەبەر ئەو پایسکیلە بچکۆلەیەی کە ئێستاش
لە تاریکترین گۆشەی ماڵەکەدا بە ناوەندی گەردووندا تێ دەپەڕێت، یادی ئەم شارەم دەکرد.
بەهۆی ئایدیا گەلێک کە قۆپچەی کراسە سپییەکانیانم دەکردنەوە بە دەستێکی هەردەم کراوەوە.
بەهۆی سندووقی پڕ لە پۆست و
مەکینەی ڕیش تاشینەکەم کە لەسەر مێزێکی نزیک ئاوێنەکە بەجێم هێشتووە.
لێ ڕۆژێکی سووتێنەری تەمووز
لە ناکاو ڕا پیاوێکی ڕێک پۆشی پۆستاڵ لە پێم بینی،
بە خۆیی و جبەخانە و ڕیزێک لە پاسەوانەکانییەوە.
دەربارەی ئەو
بەو هەموو ژانەی کە لەسەر زارمن و
وا خەریکن پەیتا پەیتا بە ڕووی خۆرهەڵات
خێوەته شڕەکانیان هەڵدەدەن،
تەنیا ئەوەندە دەتوانم بڵێم:
کە پیاوێکی قەڵەوی ورگن بوو.
ئێستاش لە باخێکی کۆنی قەد پاڵ چیاکە
خەریکی ڕەز بڕینم
هاوڕێکانم بانگهێشت دەکەم
ئەوانەی ئەگەرچی بە ڕێوەن
جار نا جار لە دامێنی ڕێگا بەرد ڕێژکراوەکەدا لا دەدەن و
بەدەم تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی میوزیکەکەیانەوە دەنوون.
خەون دەبینن
لەوێ گەشتیارەکان بە سواری ئەسپێکی زەبەلاحەوە سەرکێشییان نمایش دەکەن، وەر دەسوڕێن
کاتێک ئازادی کاتژمێرێکی ڕاستەقینەیە.
پاکیزەیش زار دەکاتەوە، کاژەکەی بەری فڕێ دەدا حەبلێک لە کلکی کۆلارەکە دەبەستێت و دەفڕێت
کاتێک مردووانی کۆگا قوفڵ دراوەکە هەڵدەستنەوە و
هیچ کارێکیان نییە جگە لەوەی ناچار بن
ئوتوو هەڵمەکە داگیرسێنن و چاکەت و پانتۆڵەکانیان
ڕێک بخەن.
ئەمانەش شت گەل یاخود ئایدیالێک بوون:
هێڵێکی باریک کە بە بنارێکی سەوزدا هەڵدەگەڕێ و پاشان دەچڕێت
خانەنشینێک کە ڕۆژانی پێشتر پۆزی لێ دەدا،
دادپەروەرانە جل و بەرگەکانی دەپۆشی و
گۆرانییەکانی پێ دەکرد لەسەر تەسجیلی ئۆتۆمبێلەکەی.
ئێستاش لە باخێکی کۆنی قەد پاڵ چیاکە
هەنار دەڕنم، هاوڕێکانم بانگهێشت دەکەم
دەمەوێت بخۆینەوە و سەما بکەین
دەمەوێت بۆیان بنووسم، سەبارەت بە خەون،
ئەگەر دەنگ بەرز بکەینەوە و بمانەوێ بە کرێی بگرین نازانین ئاخۆ
مۆبایلەکەی هەڵدەگرێت یاخود نا؟
سەبارەت بەو کۆدەی کە دەکرێتەوە
لە کلیلێکی سادەتردا
ئەو کاتەی چاویلکەکانی گەنجینەکە و پارەکانی
لەسەر کورسییەکی بچووک لە سندووقێکی پلاستیکیدا
دادەنیشن.
سەبارەت بە وەی دەست پێ دەکات کاتێک
چەرخەکە دەخولێتەوە و تایەکانی فڕێ دەدات.
دەمەوێت بنووسم،
تا لە ناکاو ڕا کەسێک، ئیمپراتۆرێک وەک هەمیشە دەردەکەوێت،
بە کورسییەکی دزراوەوە دێت و لە ناوەوەم ڕا دادەنیشێت،
پێم ڕادەگەیەنێت کە دەبێ هەرچی زووە بەرەو ماڵ بگەڕێینەوە. [1]