ڕانانی ژان ڕۆژ (مەنووچیهر ڕەزایی) بۆ نۆڤلێتی (شین) ی ئەرسەلان چەلەبی
نۆڤلێتی (#شین#) نووسینی #ئەرسەلان چەلەبی# نموونەیەک لە ئەدەبیاتی مۆدێڕنی کوردییە کە تکنیکە فۆڕمی و گێڕانەوەکەی جێگای ستایشە، بە ڕاوێژێکی سیاسی ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژێکی هەینی لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان و گوندەکانی دەورووبەر دەگێڕێتەوە.
چیرۆکەکە بە شێوەیەکی لەناکاو لە وتوێژێکی دوو نەفەرە لەنێوان “وەستا ڕەسوو” و هەروەها کاراکتەری سەرەکیی چیڕۆکەکە “هیوا” دەست پێ دەکات بەڵام چیڕۆکەکە لەسەر هێڵێکی ڕاستەوڕاستی کلاسیکی “خەتی” ناچێتە پێش، بەڵکوو زەمان بە بەردەوامی دەشکێ و دەپچکڕێ و گێڕانەوەکە هێڵێکی ڕاستەوڕاستی زەمانیی دیاریکراو و ڕوونی نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی بەردەوام لە زەمانی حاڵەوە دەچێنە ڕابردوو و هەروەها لە ڕابردووەوە دێینەوە زەمانی حاڵ.
ئەو نۆڤلێتە لە کۆمەڵێک وردە تەرح “PLOT” (خردە پیرنگها) وەکوو لەتەکانی پازلێک لەپاڵ یەک دەچندرێن و خوێنەر وردەوردە کۆمەڵێک زانیاری لەسەر کاراکتەرەکان و ڕووداوەکان دێتە دەستی و لە کۆتاییشدا پەیوەندییەکی مەنتقی و زەمانی لەنێوان هەمواندا بۆ بەردەنگ و خوێنەر دێنێتە ئاراوە.
ئەگەرچی نۆڤلێتەکە کاراکتەرێکی سەرەکی بە ناوی هیوای هەیە بەڵام گێڕانەوە لەوێدا هەڵگری وتارێکی داسەپاو نییە و بەڵکوو چیڕۆکەکە لە زمان کاراکتەرەکانی تریشەوە دەگێڕدرێتەوە و گۆشە نیگاکان یەک لە دوای یەک لەنێوان یەکەم کەس و سێیەم کەسەوە لە هەڵکشان و داکشان دایە، تەنانەت زۆر جاران دەبێتە مۆنۆلۆگێکی زەینی کاراکتەرەکان کە بیرکردنەوە و هەست و نووستی خۆیان نیشان بەردەنگ دەدەن.
ڕووداوگەلێکی زۆر هاوکات بۆ کاراکتەرەکانی ئەو نۆڤلێتە ڕوو دەدات بەڵام هەموو ئەو ڕووداوگەلە لە ناو جەغزی ڕووداوێکی گەورەتردا کۆ دەبنەوە و لێک گرێ دەدرێن، ڕووداوێک کە هەموو کاراکتەرەکان چاوەڕوانن ڕوو بدا بەڵام هیچ کاتێک ڕوو نادا، کە ئەویش زەماوەندێکە کە لە ئاکامدا دەبێ بە شین! ئەوە پاڕادۆکسێکە کە لە تایتڵی نۆڤلێتەکەشدا شاردراوەتەوە کە کۆبەندییەکی تا ڕادەیەک ڕێئاڵی لە بنەماگەلی سوننەت، ئایین و قەومییەت لەبەرانبەر لەگەڵ دەوڵەت، سیاسەت و ئاشکرابوونی هێماکانی مۆدێڕنیتە دێنێتە بەر دیدە و زەینی بەردەنگ.
لە کاتێکدا نۆڤلێتی شین بە کەڵکوەرگرتن لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی گێڕانەوەی پێشکەوتوو، چیڕۆکی خۆی دەباتە پێش، هاوکات بە ڕاوێژێکی خۆماڵی و ساکار باسی ڕووداوە ڕاستییەکانی ناو بەستێنی گوند و شار دەکا و دەبێتە شانۆی هیوا و خۆزگە و ئاوات و شکست و بیر و هەستی مێرمنداڵەکان و تازەگەنجگەلێک کە لەنێوان ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەو دواییانەی کوردستان و ئێران دان و نایانهەوێ خیانەت لە خولیا و هیواکانیان بکەن.
سیانەی شین سێ پەڕتووکی سەربەخۆ و لە هەمان کاتدا تەواوکەری یەکن و لە پەیوەندی لەگەڵ یەکدی دان، واتە سەر بە فەزا و دەلالەتی شیعرییەتی یەکترین و یەکدی تەواو دەکەن.
شینەپەڕ یەک شیعری درێژە کە بەشی یەکەمی ئەو شیعرە “ئێمە چوار داهۆڵی زیندوو بووین” کە یەک شیعری یەک لاپەڕەییە لە دوو توێی پەڕتووکێکی فارسیدا بە ناوی “ما چهار مترسک زندە بودیم” وەکوو شیعری یەکەمی ئەو پەڕتووکە هەیە و حەوتووی داهاتوو لە تاران لەلایەن وەشانخانەی داستان بڵاو دەبێتەوە.
شینهەڵات بە فۆڕمی نۆڤلێتەشیعر وەک درێژەی نۆڤلێتی شین لە ساڵی 2021 دا بڵاو دەبێتەوە.
(ئەرسەلان چەڵەبی) لە ساڵی 1986 لە شاری بۆکانی لە دایکبووە و لەوێش دوو کۆمەڵە شیعری بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی 2016وە لە وڵاتی دانیماڕک دەژیت و خوێندنی هەتا دیپلمۆم زمانی دانیمارکی تەواوکردووە و ئێستاش سەرقاڵی خوێندنی کۆرسەکانی “VUC” پێش زانکۆیە لە کۆپنهاگن. ناوبراو ئەندامی ناوەندی قەڵەمی دانیمارک و ئەندامی دامەزرێنەرانی ئەنیستیتووتی کوردی کۆپنهاگە و شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی تر وەکوو ئینگلیزی و فەڕەنسی و دانماڕکی و ئاڵمانی و فارسی وەرگێڕدراون و بڵاو بوونەوە و لە ئێستاشدا سێ پەڕتووکی بە دانماڕکی و فەڕەنسی و ئینگلیزی وەرگێڕانیان تەواو بووە و هەرسێکیان لە کۆتاییەکانی ئەوساڵ و هەروەها ساڵی 2021 لە ئورووپا بڵاو دەبنەوە. [1]
تێبینی: ئەو بابەتە بە فارسی نووسراوە و کراوەتەوە بە کوردی