ئەندامێکی پەڕڵەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات پارتی بە بەرنامە دەستیکردووە بە ئەنجامدانی زەبر و زەنگ و سووکایەتیکردن بەرانبەر بە هاووڵاتییانی بێدەستەڵاتی #هەولێر#. ئەوەش لەپێناو ئەوەی هاووڵاتییان پێیان بڵێن بەڕیشی مەردانەتان قەسەم.
ئەوەش دەخاتە ڕوو دەبوو سەرۆکی حکومەت سەردانی ماڵی پارێزەرەکەی هەولێری بکردایە و داوای لێبوردنی لێبکردایە، چونکە لەژێر سایەی دەسەڵاتی ئەودا ئەو پارێزەرە ئەتک کراوە.
#باڵامبۆ محەمەد#، ئەندامی پەڕڵەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند: پارتی و باڵی #مەسرور بارزانی# زۆر بەباشی ئەو ڕاستییە دەزانن کە ئەوان خۆشەویستی خەڵکییان لە دەستداوە ئەو خەڵکەشی کە ئێستا چەپڵەیان بۆ لێدەدات لە خۆشەویستیان نییە بۆ ئەوان، بەڵکوو لە ترسی زەبر و زەنگی پارتییە بەرانبەر بە هاووڵاتییان. ترسیان لەوە هەیە ئەتک نەکرێن، چونکە پارتی بە بەرنامە دەستیکردووە بە ئەتککردنی خەڵکی هەولێر ئەوەش لەپێناو ئەوەی پێیان بوترێت بە ڕیشی مەردانەتان قەسەم.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو قەرەباڵغییەی شەوی ڕابردوو بینیمان لە کاتی سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ چاخانەیەکی هەولێر، تەنیا شۆیەک بوو، ئەوان زیاتر لەسەر ڕاگەیاندن و پڕ و پاگەندە کاردەکەن، چونکە ئەگەر سەرۆکی حکومەت بەڕاستییەتی و دەیەوێت بچێتە ناو خەڵکەوە دەبوو لەبری ئەوەی سەردانی ئەو چایخانەی بکردایە سەردانی ماڵی ئەو پارێزەرەی بکردایە کە سەریان تاشی و داوای لێبوردنی لێبکردایە و پێی بوتایە لەژێر سایەی دەسەڵاتی مندا ئەو کارە کراوە بۆیە ئەوەی بەرانبەر بە تۆکرا بەرانبەر بە من کراوە، بەڵام ئەوەمان نەبینی. [1]