ناونیشانی بابەت: دەست درێژیکردنە سەرزەوییەکانی پەروەردە
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
لە ماوەی ئەم سی و دوو ساڵەی حوکمڕانی کوردیدا، ئەوەی من بەدیم کردبێت و بینیبێتم، ئەم دەسەڵاتە خواست ویستەکانی تەنیا بۆ خزمەتی خۆی و بنەماڵەکانیان و دار و دەستەکانیان تەرخانکردووە و چۆنی بۆ لوابێت ئاوا پەلاماری حەرەمەکانی کۆمەڵگەی داوە، لە داگیرکردنی زەوی و زاری خەڵک و پاوانەکان و لەوەڕگەکان و زەوی کشتوکاڵی و ئەو زەویانەی زانیویانە خاوەنەکانیان لەشارەکان نەماون و سەفەریان کردووە یان کۆچیان کردووە بۆ هاندەران و شارەکانی تری ئێراق، بەدواداچوونی وردیان بۆ کردن و پاشان کردیانن بە موڵکی حکومەت و پاشان هەرخۆیان بەناوی جیاجیا لەسەر خۆیان تاپۆکرد و بۆ پڕۆژەی قازانج ویستی خۆیان بەکاریان هێنان، ئەوقۆرخکاری و داگیرکاریانە هەتا ئێستا بەردەوامی هەیە بۆ سەرموڵکی خەڵک وەزارەتەکان.
چەند ڕۆژێک لەمەوپێش بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند کە هەندێ کەس و لایەن و کۆمپانیا داوایان لێدەکەن زەویەکانی پەروەردەیان بدەنێ بە مەبەستی کردنیان بە پڕۆژەی بازرگانی، یان بە پشتگیری دەسەڵاتداران ئەو کارەدەکەن.
بەڕێزیان بەڕاشکاوانە وتی: ئێمە ڕێگری دەکەین لەوهەوڵانەی بیانەوێ دەست ببەن بۆ زەویەکانی پەروەردە، ئەم بڕیارە جێی دەست خۆشییە و هەقوایە خاوەن ویژدانەکان و هەموو نووسەران و هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایان هاوکار و پشتیووانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەبن، تا هەنگاوی تەماحی پاوانخوازی ئەوانەی مەبەستیانە لەجیاتی خزمەتکردنی پەروەردە زەویەکانی داگیربکەن.
لەدوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991 یەکەم شوێن کە دەست درێژی کرایە سەر لەلایەن حیزبەکانەوە بیناکانی قوتابخانە و خوێندنگەکان بوون، هەرئەوان بوون کرانە بارەگای حیزب و شوێنی کۆڕوکۆبوونەوە، دوای ئەوە ئەوبینایانەی کە پێیان باش بوو تیایدا مانەوە و کردیان بە بارەگای خۆیان، شوێنی مەکتەب سیاسی ئێستای یەکێتی وەک نموونەیەکی بەرچاوی خەڵکی شار دەهێنمەوە، کە پێشتر پەیمانگەی مامۆستایانی کچان بوو، نامەوێ ناوی شوێنەکان بنووسم نەبا هەندێکیانم بیربچێت، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان ئەوە ڕویداوە، ئەوە وەک نموونەیەکی دیار باسم کرد، قوتابخانەی فریشتە و بیناکەی پشتی کە یادگاری سەدان لەو کەسانەیە لەو شوێنە خوێندکاربوون، کردیان بە شوێنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئێستاش چاویان لە زەویەکانی ئامادەیی بەکرەجۆیە ئەویش موڵکی پەروەردەیە کە پێکهاتووە لە (182) دۆنم، لەگەڵ ئامادەیی سەرچنار و ئامادەیی پیشەسازی سلێمانی و چەند شوێنێکیتر کە چاوی تەماحی بازرگانەکانی لەسەرە، بینای کۆنی پەروەردە و شارستانی و ڕەگەزنامە کرا بە کاسۆمۆڵی ئێستا، هەموو مێژووی جیهان بخوێننەوە بزانن هیچ لە دکتاتۆر و ستەمکارەکانیش غیرەتی ئەوەیان کردووە بەو جۆرەی دەسەڵاتی کوردی دەست درێژی بکانە سەر موڵکی گشتی و پەروەردە؟
هەرزوو نییەتی حیزبەکان دەرکەوت چیان ئەوێ بۆ خۆیان و چی لەم وڵاتە دەکەن، پێغەمبەری ئیسلام (محەمەد د.خ) لە فەرموودەیەکدا باس لە نییەت و خواست دەکات و دەفەرموویت (إنما الأعمال بالنيات، وإنما لکل امرئ ما نوى) وەک ئاماژەی بۆ دەکات، هەمووکارێک پێش ئەنجامدانی خواست ویست و پلانی گەرەکە، ئەگەر بەپێی خواستەکە بێت و بۆ باشە بیت، هیچ گومان هەڵناگریت ئاکامی باشی دەبێت، پیرەمێردی مەزنیش لەم بارەوە وتووێتی (نییەتت باش بێت ئیش ئەبەیتە سەر، درەخت زڕنەبێ هەر بۆت دێتەبەر) .
دەرکەوت ئاغاکانی کوردایەتی چ مەرام و نییەتێکی پاوانخوازی دڵ و هزری داگیرکردوون، خۆزیا من وەک نووسەرێک و مامۆستایەک و ڕۆژنامەنووسێکی چاودێر، ئەو پڕۆژانەی کەبەناوی وەبەرهێنانەوە دراون بەو کۆمپانیایانە، لەجیاتی ڕەخنە و سەرنج لەسەریان، وایان بکردایە بەشان و باڵیاندا هەڵم بدایە و بمووتایە خزمەتەکانیان بەرچاوە بۆ هەژارانی مەملەکەت، بەڵام نەمبینیوە هەژاران لەو باڵاخانە گەورانەدا ئارام بگرن.
ئەوەندەی من بزانم و ئاگاداربم بەشێک لەو کۆمپانیایانەی خەریکی بەناو وەبەرهێنانن، فێڵەڕێیەک ئەدۆزنەوە تا ئەو زەویانە لە ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزارەتی تایبەتمەند وەربگرن، هەندێکجار هیچ پرس و ڕایەک و ڕەزامەندیەک لەلایەنی تایبەت بەو زەویانە وەرناگرن، هەمووشمان دەزانین تا ئێستا زۆنەکان دابەشکراوون لەبەر ململانێی حیزبی کارکردن و بڕیاری دژ بەیەک جێبەجێ دەکرێت، لەم ناوەشدا زەرەرمەندی یەکەم خەڵک و خاوەنی زەویەکانن، ئەوەی بۆ من و هەموو خەڵک بووەتە مایەی نیگەرانی، دەسەڵاتی کوردی لە ماوەی سێ دەیە نەیتوانی نموونەیەکی جوان پێشکەش بکات.
بەداخەوە هەر ئەوهۆکارەیە وایکردووە زۆربەی خەڵکی کوردستان، پشتییان لەم دەسەڵاتە کردووە و ئاوات بە چوونە سەرمەرکەز دەخوازن.
چانسی نەتەوەکان و گەلانی ئەم ڕۆژهەڵاتە ئەو نادادی و پاوانخوازییە کە دەسەڵاتداران دەیکەن و ئەنجامی دەدەن.
وەک نووسەری دیاری عەرەب (جەلال ئەمیر) دەڵێت: (لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا فەرمانڕەوا خاوەنی دانایی لوقمانی حەکیمی هەیە، بازرگانیش خاوەنی پارە و دارایی قارونی هەیە، خەڵکەکەشی ئارامگری ئەیوبیان هەیە) .
دڵنیام ئەو نووسەرە کە ئەو وتەیەی دەربڕیوە، دەزانێ هەموو ناوچەکە بە هەمان دۆخی ڕامیاری و ئەقڵیەتی سیاسیە پاوانخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەند هاوشێوەن، ئەمانەی خۆمان ئەوانەشیان تێپەڕاندوە.
بەهیوام هەموومان دەنگ و هاوار و پێنووسەکانمان لەئاست ئەو غەدرەی بەرانبەر زەوییەکانی پەروەردەی سلێمانی دەکرێت بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبین، داواش لەو کۆمپانیایانە دەکەم ببنە هاوکار و پشت و پەنا بۆ خزمەتی پەروەردە و نەوەکانی داهاتوو، واز لەو چاوتێبڕینە نایاساییە بێنن کە زەوییەکانی پەروەردە بکەنە پڕۆژە، تا مێژوو بەناشیرین ناویان نەبات، داواشم لەپەڕڵەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانە ئەو یاسا شکێنیانە ڕابگرن و نەهێڵن تاڵانی جێی ئاوەدانی بگرێتەوە. [1]