ناونیشانی پەڕتووک: چیرۆکی مەزنە ڕۆژنامەنووسێکی کوردی لەبیرکراو: #مەولانا زادە ڕەفعەت بەگ#
ناوی نووسەر: #یاسین سەردەشتی#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
چاپخانە: دیجیتاڵ
ساڵی چاپ: 2023
ئەم پەڕتووکەی بەردەست، لێکۆڵینەوەیەکی بەڵگەنامەیی زانستییە سەبارەت بە مەزنە ڕۆژنامەنووسێکی لەبیرکراو و پشتگوێخراوی کورد مەولان زادە ڕیفعەت بەگ کە یەکێکە لە بەناوبانگترین کەسایەتیی و ڕۆژنامەنووسەکانی دەوڵەتی عوسمانیی لە قۆناغی مەشرووتییەتی دووەمداو ڕۆڵێکی دیارو مێژوویی لەرووداوە سیاسی و فەرهەنگییەکانی ئەو قۆناغەدا هەبووە و ژیانێکی پڕ چالاکیی و کاریگەریی لە بواری بەرهەڵستیی ستەمکاریی و بەرەی ناڕەزایەتییدا لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و هەروەها لە دژی دەسەڵاتی پاوانخوازی کۆمیتەی ئیتیحادو تەرەقی و پاشان مستەفا کەمالیشدا هەبووە.
مەولان زادە، وەک کوردێک، کە خێزانەکەی لە ناوچەی سلێمانییەوە چووبوونە ئەستەمبوڵ و خۆیان بە نەوەی مەولانا خالیدی نەقشبەندیی زانیوە، بەهۆی ئەندامبوونی لە ڕێکخراوی نهێنیی تورکە لاوەکان، تێکەڵ بە کاری سیاسیی بوو. ئەو هەر لە سەرەتاوە تاکوو کۆتایی خۆی بە کەسێکی ئازادییخوازو لیبراڵ دەزانی و تاوەکوو ڕووخانی ئیمپراتۆرییەکە بڕوای بە عوسمانیزم هەبوو، لەو پێناوەشدا ئامادە بوو لەهەر هێزو کەسایەتییەک نزیکبێتەوەو دۆستایەتیی بکات کە لە دژی ستەمکاریی و پاوانخوازیی تێبکۆشێت، هەروەها لە دژی هەر لایەک و کەسایەتییەکیش بوەستێتەوە کە پێێ وابێت لەو ئامانجە لایداوە. هەر بۆیە وتراوە کە مەولان زادە ڕیفعەت لەگەڵ هەمووان بووەو پاشان لە دژی هەمووانیش وەستاوەتەوە. بەو هۆیەشەوە لەلایەن نەیارانییەوە تۆمەتی زۆری ئاڕاستەکراوە و کەوتۆتە بەر پلارەکانیان، کە هەندێک بێ کۆڵینەوەو بوونی هیچ بەڵگەیەک دەیجوونەوە .
شایەنە باسە، مەولان زادە، بەهۆی ژیانی بەرهەڵستکاریی، بەتایبەت دوژمنایەتیی سەختی بۆ شەخسی مستەفا کەمال و کەمالیزم و بەشداریی لە خەباتی نەتەوایەتیی کوردیی و هەڵوێستی لە کێشەی ئەرمەنییەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی چەندین ساڵەی تورکیاوە، هەموو کارو بەرهەم و مێژووی سانسۆر کراوە و ڕێگە بە کۆڵینەوە لە ڕۆڵ و چالاکییەکانی نەدراوە. ئەوە تەنیا ماوەیەکی کەمە، بەهۆی کاڵبوونەوەی هەژموونی کەمالیزمەوە، ئەو سانسۆرەی سەر ناو و ژیانی کەمێک لابراوەو بەرهەمەکانی چاپکراونەتەوە. هەروەها لەلایەن ئەرمەنیشەوە، بەهۆی قسەکردنی وردی لە جینۆسایدی ئەرمەن لەلایەن ئیتحادییەکانەوە، لابەلا ئاوڕی لێدراوەتەوەو لەو نووسین و کۆڵینەوانەی کراون سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان، ناوی خۆی و پەڕتووکەکەیان هێناوە، بەڵام هێشتا سەبارەت بە پێگەو ناساندنی خودی مەولان زادە، زۆربەیان کەوتونەتە هەڵەوەو خەڵکی تریشیان بە هەڵەدا بردووە وەک دواتر ئاماژەی بۆ دەکەین.
دیارە عەرەبەکانیش، بەهۆی چوونی مەولان زادە بۆ میسرو چالاکییەکانی لەوێ لە سەرەتای دەیەی دووەمی سەدەی بیستەم و هەروەها وەرگێڕانی پەڕتووکێکی لە سەرەتای نەوەتاکانی سەدەی بیستەم بۆ عەرەبیی و هەڵوێستی مەولان زادە سەبارەت بە باسی ڕۆڵی زایۆنیزم لە ڕووداوەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم و بابەتی فەلەستین کە پاشان باسی دەکەین، بەناوی مەولان زادە کەمێک ئاشنان. ئەوەی هەیە تەنیا کوردانە، بە تایبەت لە باشوورو ڕۆژهەڵات، کە ئاگادارییەکی ئەوتۆیان، یان هەر هیچ ئاگاداریان، لەبارەی مەولانزادە ڕیفعەت و ژیان و ڕۆڵ و چالاکییەکانییەوە نییە، وێڕای ئەوەی ناوبراو ڕێک دەیەیەکی تەمەنی بۆ جووڵانەوەی نەتەوایەتیی و ڕزگاریی کورد و لەپێناوی خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەختکردووە.
ئەم کۆڵینەوەیە بەڵگەنامەییە لەپێناوی ئەو ئامانجەدایە، ئەوەی زادەی کارو ماندووبوونێکی زۆرەو پشت بە کۆمەڵێک سەرچاوەی زانستیی ڕەسەن و ژمارەیەکی بەرچاو ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی ئینگلیزیی و ئەمریکیی و سویدیی و ئەڵمانیی و تورکیی و ئوستورالیی و بیانیی دیکە دەبەستێت کە یەکەمین جارە لە کۆڵینەوەیەکی لەم شێوەیەدا بەکارهێنرابن و بەوەش ئەم کارە یەکەمین کۆڵینەوەو بەرهەمی زانستییە لەم بوارەدا بەم شێوە بەرفراونە ئەنجامدرابێت، دڵنیاشم شوێنی شیاوی خۆی لەنێو پەڕتووکخانەی کوردییدا دەگرێت و کەلێنێکی گەورە پڕدەکاتەوە. هەر بژین
پڕۆفیسۆر. دکتۆر یاسین سەردەشتی
22 ی نیسانی 2023
[1]