=KTML_Bold=هەمووان ڕۆژانە ڕووبەڕووی کەسانی جیاواز دەبینەوە و بۆ هەر کەسێک بە شێوازێک مامەڵە دەکەین، کاتێکیش ڕووبەڕووی کەسێک دەبیتەوە کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، دەبێت بەم شێوازە مامەڵەی لەگەڵ بکەیت.=KTML_End=
1- ئەگەر زانیت کەسەکە پێویستی بە یارمەتییە سەربەخۆیانە یارمەتیی مەدە، بەڵکوو سەرەتا پرسی پێبکە کە ئایا یارمەتیی دەوێت، ئەگەر ڕەزامەندی دەربڕی، ئەو کاتە یارمەتیی بدە.
2- پێش ئەوەی هیچ وشەیەک بڵێیت لە پێش ئەوان، بیری لێبکەرەوە، بۆ نموونە لە بەردەمی کەسێک کە ناتوانێت ڕێبکات باسی توانای ڕۆیشتنت مەکە. لە پێش چاوی کەسێکی نابینا باسی جوانی دیمەنێک مەکە. لەپێش چاوی کەسێک کە دەستەکانی نییە، باسی دەستەکانت مەکە.
3- بە چاوی بەزەیی و قوربانییەوە تەماشایان مەکە، ئەوانیش وەکوو هەر کەسێکی دیکەن، چۆن بۆ کەسێکی دیکە بەزەیی نیشان نادەیت، بۆ ئەوانیش وامەبە، ڕەنگە ئەوان خاوەن پێداویستی تایبەت بن، بەڵام بێ توانا نین.
4- بە پێی کەسەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکە، کاتێک کەسێک لەسەر کورسی جوڵاوە و قسەی لەگەڵ دەکەیت، خۆت بچەمێنەرەوە تا ئاستی چاوی ئەو. کاتێک قسە لەگەڵ کەسێک دەکەیت کە ناتوانێت بەباشی بدوێت، پەلەی لێمەکە، کاتی پێبدە، وشەکانی بۆ ڕاست مەکەرەوە و ڕستەکانی بۆ تەواو مەکە. کاتێک قسە لەگەڵ کەسێک دەکەیت کە نابینایە، هەوڵبدە تۆ چاوی ئەو بە، بەو واتایەی کاتێک نزیکی دەبیتەوە ڕێگەی بدە بزانێت، کاتێکیش جێی دەهێڵیت بە هەمان شێوە ڕێگە بدە بزانێت.
5- ئەگەر کەسەکە بەهۆی ڕووداوێکەوە تووشی ئەو دۆخە بووە، هەوڵمەدە لێی بپرسیت کە چۆن ڕویداوە، وە دووربکەوەرەوە لەوەی پێی بڵێیت، بەداخەوەم، خۆزگە واتلێنەهاتبایە.
6- هەرگیز لێیان دورمەکەوەرەوە تەنیا لەبەر ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، ڕەنگە هۆکاری دوورکەوتنەوەکەی تۆ ئەوەبێت نەزانیت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت، بەڵام جێهێشتنیان ئازاریان دەدات.
7- بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکە، ئەگەر داوای یارمەتیان لێکردیت ڕەتی مەکەرەوە، نەک تەنیا خۆیان، بەڵکوو بۆ خێزانەکانیشیان بە هەمان شێوە بە. [1]