$رێگای سەربەخۆیی بە #سلێمانی#دا تێدەپەڕێ!$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#05-08-2017#
$لە هەر شوێنێک هێز هەبوو، بەرەنگاربوونەوەش هەیە$ (میشێل فۆکۆ)
ئەگەرچی لە بەشێکی زۆری ڕووداوە سیاسییەکانی مێژووی میللەتی کورددا ململانێ نێوخۆییەکان هەردەم لەمپەڕ بوونە لە بەردەم ئامانجە سیاسییەکانی کورد، بەڵام فاکتەرە دەرەکییەکان، یاخود ڕوونتر بڵێین باڵادەستیی زلهێزەکان و بەرژەوەندییان لە ناوچەکەدا هەمیشە خاڵی یەکلاکەرەوە بووە لە بەردەم ئەم خەونەدا، بە تایبەتیش بوونی کیانێکی سیاسی لە ناوچەکەدا. بەڵام ئەوجارەیان بە پێچەوانەی ڕابردوو، ئەوە دیبلۆماسییەتی وڵاتە زلهێزەکان نییە کە بڕیار دەدات لەسەر لەدایکبوونی دەوڵەتێکی کوردی لە کوردستاندا، بەڵکوو ئەو بڕیارە تەنیا لە دەستی کورد خۆیەتی و جوگرافیایەکی بچووکیش کە سلێمانییە، دەتوانێت دوا بڕیاری لەسەر بدات، نەک ئەوروپاو ئەمریکا.
هەڵبەتە ئەمە تەنیا پێوەندی نییە بە لاوازبوونی هەژموونی وڵاتە زلهێزەکان لە ناوچەکەدا کە وەک جاران ناتوانن نەخشە سیاسییەکان دابڕێژن، بەڵکوو پێوەندیی بەوەشەوە هەیە کە ئەوجارەیان کورد لەو بەشەی باشووری کوردستاندا هەموو ڕێگاکانی بوون بە قەوارەیەکی سیاسی و یاسایی بڕیوە و بووەتە دەوڵەتێکی تەواو، بەڵام بەبێ ئەوەی ڕابگەیەنرێت، مەراسیمی ڕاگەیاندنەکەشی تەنیا مەسەلەی کاتە و هیچی دیکە.
هەرچەندە لەوانەیە لای زۆر لە خوێنەرانی ئەم بابەتە ئەم تێڕوانینەی ئێمە زۆر ساویلکە دەربکەوێ، بەڵام بە پشتبەستن بە چەند نموونە و سەرنجی سۆسیۆ-سیاسی هەوڵ دەدەم ئەم بیرۆکەیەم پشتڕاست بکەمەوە کە دەڵێم: ئەو فاکتەرەی حەسمی سەرکەوتنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و دواتریش هاتنەئارای دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات، ئەو دەڤەرەیە کە دەکەوێتە چوارچێوەی جیۆگرافیا و دیمۆگرافیای سلێمانییەوە.
هەڵبەتە کە دەڵێم سلێمانی، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بەبێ گۆڕان و یەکێتی ئەو دەوڵەتە چاو هەڵناهێنێ! مەبەستم لە سلێمانی وەک جوگرافیایەکی سیاسی و مێژووییە کە بە دەگمەن حیزبە کوردییەکان توانیویانە تێیپەڕێنن. نە پارتی لە ڕابردوودا توانی ئەمە بکات، نە یەکێتیش کە بەشێکی زۆری شەرعیەتی سیاسی لەو ناوچە جوگرافیاییە وەرگرت، توانی ئەوە بکات. ئەمە بۆ #بزووتنەوەی گۆڕان#یش ڕاستە کە ئێستا تا ئاستێکی زۆر نوێنەرایەتی ئەو ناسنامە جیۆگرافیەی سلێمانی دەکات.
یەکێک لە خاسیەتەکانی ئەم ناسنامەیەی سلێمانی ئەوەیە ئەستەمە لایەنێکی سیاسی، یان سەرکردەیەکی سیاسی لەدەرەوەی جیۆگرافیای خۆی پەسەند بکات کە حوکمی بکات. ئەگەر سەیری سەرەتاکانی درووستبوونی پارتیش بکەین، ئەو ڕەتکردنەوەیە دەبینین کە دواجار بە جیابوونەوەی باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی کۆتایی هات. دیارە حیزبە سیاسییەکان و ڕۆشنبیرانی سلێمانی دەستێکی باڵایان لە درووستکردنی ئەو ناسنامەیەدا هەبووە. لەسەر ئاستی خەڵک و دانیشتووانی ئەو جیۆگرافیایەش ناسنامەکە ڕەگی داکوتاوە، درووستبوونی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتیش هەم سنووری ناسنامەکەی فراوانتر کرد کە جگە لە شاری سلێمانی ناوچەکانی #گەرمیان#یش بگرێتەوە، هەمیش ناسنامەی سلێمانی تۆختر کردەوە، ئەمە جگە لەوەی کە هەیکەلێکی حوکمڕانی و ئیداری و سیاسیشی بۆ درووستکرد کە ئێستا بە زۆنی سەوز/ نیلی ناودەبرێت.
درووستبوون و بەهێزبوونی بزووتنەوەی گۆڕان کە بەشێکی زۆری پێوەندی بە پەراوێزخستنی سلێمانی و پاشکۆیەتی یەکێتییەوە هەبوو بۆ پارتی، بۆ نموونە هەر ئەو ڕۆژەی گۆڕان لەگەڵ پارتی ڕێککەوت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ناڕەزاییەکیش لەسەر ئاستی خەڵک و جەماوەری گۆڕان دەرکی پێدەکرا لەبەرانبەر ئەو بڕیارەی بزووتنەوەی گۆڕان، چونکە گۆڕان بەڵێنی چوار ساڵی ئارامی دابوو بە پارتی و خەریک بوو واز لە ڕوحیەتی بەرەنگاربوونەوەی پارتی بهێنێ و وەک برا بچووک برا گەورەیی پارتی قبووڵ بکات.
واتا هەمان ئەو هۆکارەی کە خەڵک یەکێتی لەسەر بەجێهێشت. هەرچەندە یەکێتی ویستی لەسەر ئەو خاڵە لاوازەی گۆڕان کار بکات، بەڵام گۆڕان هەرچەندە شەریکی حکومەتەکەی پارتیش بوو، لەبەر کاریگەریی ئەو ناسنامەیەی سلێمانی هەر بە ڕۆحی ئۆپۆزسیۆن و بەرەنگاربوونەوە سیاسەتیان دەکرد، تا دواجار گەیشتە بنبەست لەگەڵ پارتی و بە داخستنی پەڕڵەمان کۆتایی هات. بۆ نموونە زۆرجار کادیرانی سیاسی یەکێتی دەڵێن، یەکێتی تا لە پارتی نزیک بێت، بچووک دەبێتەوە، ئەمە بۆ گۆڕانیش ڕاستە، بۆ یەکگرتووش هەر ڕاستە، یاخود دەڵێن: پارتییەکانی ناو یەکێتی، یان گۆڕانەکانی ناو یەکگرتوو. واتا سیاسییەکانی ناو هەمان حیزبی سیاسی ئەوانەی لە سلێمانین وتاریان جیاوازترە لە ئەوانەی لە #هەولێر#ن یان لە دهۆکن.
تا ئەو ئاستەی دەکرێت بڵێین ناسنامەی سلێمانی تا ئاستێک لە سەرووی ناسنامەی ئایدیۆلۆژییەوەیە. ناسنامەی سلێمانی پارتێکی دەوێت کە سەرکردایەتی بکات نەک دەستی دووەم بێت، بڕیاری لە دەست بێت نەک جێبەجێکار، سەرمەشق بێت نەک پاشکۆ و.. تاد. پێدەچێت #نەوشیروان مستەفا# باش لەو کۆدە سیاسی و کولتوری جیۆگرافیە گەیشتبێت، بەڵام لە بواری سیاسیدا جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە و بەردەوامبوون لەسەری ئاسان نییە. ئەمەش وای کردووە پارتە سیاسییەکان بە تایبەتی ئەوانەی قووڵایی جەماوەرییان لە شاری سلێمانییە، نەتوانن وەک پێویست بە دڵی خۆیان سیاسەت لەگەڵ پارتی بکەن.
ئەو ناڕوونی و دوو جەمسەرییەی سیاسەتی یەکێتیش لەبەرانبەر پارتی و گۆڕان هەر سەرچاوەی لەو خاڵەوە گرتووە. دواکەوتنی کاراکردنەوەی پەڕڵەمان و ڕێککەوتنی گۆڕانیش لەگەڵ پارتی هەر پێوەندیی بەو ترسەوە هەیە لەبەرانبەر ناسنامەی سلێمانی، هەر لایەنێکی سلێمانی نوێنەرایەتی ئەو ناسنامەیە و تایبەتمەندیی سلێمانی نەکات، دواجار خەڵکەکەی لەسەر سندوقەکانی دەنگدان سزای دەدەن، ئەمەمان بینی بەرانبەر یەکێتی، دەکرێت بەرانبەر گۆڕان و ئیسلامییەکانیش ڕووبدات، بەڵام گۆڕان تا ئێستا سنوورەکانی ئەو ناسنامەیەی نەبەزاندووە.
پارتی و بارزانی بەپێی ئەو ئەزموونە سیاسییەی کە هەیانە لەگەڵ یەکێتی و ئێستاش لەگەڵ گۆڕان، دەبووایە زوو لەو تایبەتمەندییەی سلێمانی گەیشتبان، تۆ ناکرێت لایەنێکی سیاسی پەراوێز بخەیت کە نوێنەرایەتی ئەو ناسنامە جیۆگرافیە دەکات، دواتریش ئومێدی ئەوەیان لێبکەیت کە لە بەرژەوەندیی ڕیفراندۆم دەنگ بدەن، بەتایبەتی کە گۆڕان لە ئێستادا ئەم نوێنەرایەتییە دەکات، نە یەکێتی و نە ئیسلامییەکانیش ناتوانن بە پێچەوانەی ئەو تایبەتمەندییەی سلێمانی سیاسەت بکەن.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە سەرەتای درووستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان سەرەتای گۆڕینی باڵانسی هێزە سیاسییەکانیش بوو لە کوردستان، لە دوو جەمسەریەوە بۆ سێ جەمسەری، بۆیە چیتر پارتی بە تەنیا لەگەڵ یەکێتی ناتوانێت پڕۆسەی حوکمداری و بڕیاری سیاسی یەکلایی بکاتەوە. پارتی زۆر ویستی ئەو دوو جەمسەرییە بپارێزێت، بەتایبەتی لە دوای داخستنی پەڕڵەمان کە زۆر هەوڵیدا لەگەڵ یەکێتی وەک جاران سەرکردایەتی پڕۆسەی سیاسی بکەن، بەڵام ئەمە هیچ دەرئەنجامێکی نەبوو، تا دواجار پارتی لەپێناوی شکستنەهێنانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم دانی بەو نەخشە سیاسییە نوێیەدا نا.
ئەوەی گرنگە بۆ هەر یەکە لە پارتی و گۆڕان، ئەوەیە کە نە گۆڕان بە هاوکاریی یەکێتی دەتوانێت بەبێ پارتی حوکمڕانی بکات، نە پارتیش بە هاوکاریی یەکێتی دەتوانێت بە پەرواێزخستنی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان حوکمی کوردستان بکات، هەر یەکە لەو دوو لایەنە دەبێت میکانیزمێک بۆ پێکەوەژیان و سیاسەتکردن بدۆزنەوە، ئەگەرنا ئەم دۆخەش تەواو بێت گرێیەکی تری سیاسی دێتە پێشەوە.
ئێستاش کە هەرێمی کوردستان لە بەردەم چرکەساتێکی مێژوویی و سیاسیی هەستیاردایە، پاڵپشتیی سلێمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ڕیفراندۆم بە خاڵی یەکلاکەرەوە دەبینم نەک هەڕەشەکانی تاران و ئانکەرە. ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەبێ گەرەنتی بەشداریی سیاسی ناسنامەی سلێمانی، دەکرێت سەرەتایی دابەشبوونێکی تری سیاسی و جیۆگرافی لێ بکەوێتەوە و هەموو کوردستان باجەکەی بدات. کورد ئەگەر بیەوێت مێژووی سەدان ساڵەی سیاسی خۆی بگۆڕێت، دەبێت ئەم دەرفەتە لەدەست نەدات، بە تایبەتی لەئێستادا کە ئەوە یەکەم جارە جیهانی عەرەبی (سوننی) نەک دژایەتی کورد ناکەن، بەڵکوو بەو هیوایەن ئێراقێکی هەڵوەشاوە ببینن.
لە ڕاستیدا ئەمجارەیان فاکتەرە دەرەکییەکان هەم کەمبوونەتەوە هەمیش زۆر بێهێزن لە بەردەم وەستاندنی درووستبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لە کوردستاندا، فاکتەری یەکلاکەرەوەش فاکتەری ناوخۆیە، بە تایبەتیش سلێمانی، ئەم فەرمانە هەرێمییەی بەم زووانەش دەرچوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەڕڵەمان و حکومەت لە یەکی نۆڤەمبەردا، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بە جیاواز لە تەواوی مێژووی کورد بە واشنتن و برۆکسل و مۆسکۆ و ئەنکەرە و تاراندا تێناپەڕێت، بەڵکوو کلیلە سەرەکیەکەی لە سلێمانییە و بەوێدا تێدەپەڕێت. [1]