$تورکیا؛ هیوایەک بە هەڵبژاردنەکانی ئێراق$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#06-06-2018#
ئەنجامی هەڵبژاردنە پەڕڵەمانییەکەی ئێراق ئەگەرچی مایەی نیگەرانی بوو بۆ ئێران و ئەمریکا، بەڵام بۆ تورکیا بە پێچەوانەوە مایەی دڵنیایی بوو
بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی 2010، ئەمجارەیان تورکیا بە هیچ جۆرێک نەهاتە نێو کێبڕکێی لایەنە سیاسییە ئێراقییەکانەوە، کەچی بە پێچەوانەوە هەر یەکە لە ئێران و ئەمریکا هەر چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دەستیان کرد بە جموجۆڵ و دانیشتن لەگەڵ لایەنە ئێراقییەکان. زیاتر لە هۆکارێک هەن بۆ ئەم خەمساردیەی تورکیا، بەڵام سادەترین و ئاسانترینیان دەکرێت ئەوە بێت کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئێراق، بە تایبەتیش سەرکەوتنی لیستی سائیرونی موقتەدا سەدر، ئەگەر تەواویش بە دڵی تورکیا نەبێت، بەڵام تورکیا بژارەی لەمە باشتری نەبوو، کەچی ئەمە بۆ هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا وا نەبوو، چونکە هەر یەکە لەو دوو هێزە بژارەی پێشوەختی خۆیان هەبوو، نەک هەر ئەمە بەڵکوو ئامادەکاریشیان بۆ کردبوو.
عەبادی هەرچەندە لەکاتی ئازادکردنی مووسڵدا لەسەر دەستێوەردانی تورکیا و نەکشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە بەعشیقە تا ئەوپەری دژایەتی دەستێوەردانی سوپای تورکیای کرد، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت کە هەماهەنگی لەنێوان تورکیا و عەبادیدا لە کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم گەیشتە ئەوپەڕی، تا ئەو ئاستەی عەبادی هاوکاریی سوپای تورکیاشی نەشاردەوە بۆ دژایەتیکردنی پارتی کرێکاران، تا دەگاتە هاوکاریی لۆجیستی و سەربازی لەنێوان ئێراق و تورکیادا. هەڵبەتە ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە سەیری دۆڕانی عەبادی بکەین لەبەرانبەر سەدردا، ئەوا دەتوانین بڵێین کە ئەمە خەبەرێکی ناخۆش بوو بۆ تورکیا.
بەڵام لەڕاستیدا من وای دەبینم کە هەڵکشانی پێگەی سەدر و ئەو جۆرە فۆرمەی حوکمڕانی کە سەدر جەختی لەسەر دەکاتەوە، بە تایبەت بەرانبەر هەر یەکە لە ئێران و ئەمریکا، تەواو یەک دەگرێتەوە لەگەڵ ئەو سیاسەتەی کە تورکیا دەیەوێت لە ئێراقدا پراکتیزەی بکات. بۆ نموونە تورکیا نایەوێت حکومەتێکی تاکهەژموونی شیعە هەبێت لە بەغدا، بە تایبەتیش فەرامۆشکردنی سوننە مایەی نیگەرانیی ئەردۆغان بووە و وەبەرهێنانێکی زۆریشی لەو سیاسەتەدا کردووە چ لە ناوەوەی تورکیا یاخود لەدەرەوەی، واتا لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی.
هەڵبەتە ئەمە نەک لەبەر نزیکایەتیی مەزهەبی لەنێوان سوننە و ئایدیۆلۆژیای ئیسلامیی ئاکپارتی، بەڵکوو تورکیا پێیوایە ئەوە سوننەکانن کە پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی دەوڵەتی ئێراقن نەک شیعە و کورد، ڕوونتر بڵێین ئەگەر سوننە ئیندیماج بکەن لەگەڵ فۆرمی دەوڵەتی ئێراقی نوێ، ئەوا کوردیش بیر لە جیابوونەوە ناکەنەوە و پێگەی دەوڵەتی ئێراقیش بەهێزتر دەبێت لەوەی کە بە تەنیا کورد بتوانن هەڵیوەشێننەوە. خاڵی دووەمیش ئەوەیە کە حکومەتێکی هاوسەنگی شیعی-سوننی دەتوانێت پارێزگاری لە ناسنامەی ئێراقی عەرەبی بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا نایەوێت هەرێمی کوردستان تا ئەو ئاستە پەراوێز بخرێت کە بیر لە جیابوونەوە لە ئێراق بکاتەوە، یاخود بیر لە خەباتی چەکداری بکاتەوە.
لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە تورکیا هەرێمی کوردستانی بەو شێوەیە دەوێت کە هەمیشە پێویستی بە تورکیا بێت و لەژێر کۆنترۆڵی خۆی دەرنەچێت. لە کوورتترین دەربڕیندا، دەتوانم بڵێم کە تورکیا حکومەتێکی هاوسەنگی دەوێت لەنێوان هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکانی ئێراقدا، بە تایبەتیش تورکیا بەهیچ جۆرێک نایەوێت نزیکایەتییەکی سیاسی و سەربازی لەنێوان کوردی باشوور و #پەکەکە#دا درووست بێت، لە هەمانکاتدا تورکیا هەرێمی کوردستان وەک دەرفەتێکیش دەبینێت لە هاوکاریکردنی تورکیا بۆ لاوازکردنی پارتی کرێکاران.
سەدر تا ئێستا لە کردار و گوفتاریشدا بەوە ناسراوە کە ئێراقێکی یەکگرتووی عەرەبیی دەوێت دوور لە هەژموونی هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا. بەم پێوەرە بێت، دەکرێ بگوترێ کە سەدر ئەو کەسەیە دەکرێت بخرێتە خزمەتی ستراتیژی تورکیاوە لە ئێراق بەبێ سەرفکردنی وزەیەکی زۆر. چونکە نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە لە 2003 ، ئێراقی نوێ هەرگیز ئەو فۆرمە نەبووە کە مایەی ڕەزامەندیی تورکیا بێت، دواتریش باڵادەستیی هەر یەکە لە ئێران و ئەمریکا هەرگیز لە بەرژەوەندیی تورکیا نەبووە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە سەرئێشەی زۆریشیان بۆ ئانکەرە درووست کردووە. هەر ئەمەش وایکرد تورکیا تا درەنگانێک لە چۆنییەتی سیستمی حوکمڕانی ئێراقی دوای 2003 نیگەران بێت، بە تایبەت لە شەراکەتی شیعە و کورد لەلایەک و لە پەراوێزحستنی سوننە و تورکمانەکانیش لەلایەکی ترەوە.
لوتف نواندنی موقتەدا سەدر بەرانبەر وڵاتانی کەنداو بە تایبەتیش سعودیە و ئیمارات دەکرێت سەرەتای هەنگاوی گەڕاندنەوەی ئێراق بێت بۆ باوەشی جیهانی سوننی، تا ئەو ئاستەی کەسێکی پایەبەرزی وەک عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری ئایەتوڵڵا خامنەیی بۆ کاروباری دەرەوە بڵێت: ئێمە ڕێ نادەین لیبراڵ و کۆمۆنیستەکان حکومەتی داهاتووی ئێراق بەڕێوەببەن.
هەرچەندە نابێت ئەو بۆچوونە نادیدە بگرین کە مامەڵەکردن لەگەڵ سەدریەکان شتێکی ئاسان نییە، چونکە ئەوان خاوەن سیاسەتێکی ڕوون نین بەرانبەر وڵاتانی ناوچەکە و ئەمریکاش، دواتریش ئەو سەدرەی کە بەردەوام جەخت لەسەر وەدەرنانی هێزە هەرێمییەکان دەکاتەوە، نەیگوتووە کە دەرکردنی ئەو هێزانە تورکیا ناگرێتەوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئێران و ئەمریکا تا ئێستا هەڵوێستی نەرمتر بووە بەرانبەر تورکیا. ئەم دڵنەواییەی تورکیا دەتوانرێت لە وتەکانی (فاتیح یڵدز) ی باڵیۆزی تورکیادا لە بەغدا بخوێنرێتەوە کە هەر ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن سەردانی سەدری کرد لە بەغدا.
دیارە ئەوەی بەلای تورکیاوە گرنگە لە حکومەتی نوێی ئێراقدا، کردنەوەی دەرگایەکی ترە بەسەر گشت پێکهاتەکاندا، بە تایبەتیش سوننە و تورکمان. لە هەمانکاتدا سەدر دەیەوێت زیاتر وەک سەرکردەیەکی نیشتمانی دەربکەوێت و متمانەی گشت پێکهاتەکانی ئێراقی لەگەڵ بێت. هەڵبەتە نابێت ئەو فاکتەرەش لەیاد بکەین کە تورکیا لەبەر ئەوەی خۆی ئامادەگییەکی ئەوتۆی نییە کێبڕکێی ئێران و ئەمریکای پێ بکات، نایەوێت ئەوانیتری وەک ئێران و ئەمەریکاش خاوەن ئەو هەژموونە بەهێزە بن کە بتوانن ڕەوتی ڕووداوەکانی ئێراق بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانیان بجوڵێنن.
$هەڵکشانی پێگەی تورکمان!$
لە دوای 2003وە تا دەگاتە 2014، تورکمانەکان هەمیشە خاوەن پێگەیەکی ئەوتۆ نەبوون کە تورکیا بتوانێت پشتیان پێ ببەستێ. لە هەڵبژاردنەکانی 2005دا بەرەی تورکمانی کە تورکیا هەموو هیوای خۆی لەسەر هەڵچنیبوون، یەک کورسییان هێنا، دواتریش لەنێوان شیعە و سوننەدا دابەش بوون و لەو پێگەیەدا نەبوون کە بتوانن شتێکی ئەوتۆ بۆ تورکیا بکەن لە ئێراقدا، تا کار گەیشتە ئەوەی تورکیا ڕێنماییان بکات هەماهەنگی لەگەڵ سوننە و کورد بکەن.
لە 25ی ئۆکتۆبەردا، بە تایبەتیش دوای گەڕانەوەی سوپای ئێراق بۆ #کەرکووک# و شکستهێنانی کورد لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، دەرفەتێکی زێڕین بۆ تورکمانەکان ڕەخسا کە بۆ یەکەمجار لە دوای 2003 ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێژەییش بێت، بتوانن حوکمی کەرکووک بکەن. ئەم هەڵسانەوەیەی تورکمانەکان تەنیا بەرهەمی شکستی ڕیفراندۆم نەبوو، بەڵکوو پێشتریش جۆرێک لە ئامادەکاری کرابوو، ئەنجوومەنی باڵای هەماهەنگیی تورکمانەکان کە لە مانگی مایسی 2017 لەژێر چاودێریی هەریەکە لە یونامی و بە سەرپەرشتی سەلیم جبوری سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێراق هاتەکایەوە، یەکێک بوو لەو ئامادەکاریانە، تەنیا 13 ڕۆژ دوای گرتنەوەی کەرکووک لەلایەن سوپای ئێراقەوە، ئەو ئەنجوومەنە لەلایەن ئەردۆغانەوە لە ئێستامبوڵ پێشوازییان لێکرا، لە هەمووی گرنگتر ئەوەبوو کە سەرکردەی لیوای 16ی تورکمانەکانی ناو #حەشدی شەعبی#ش (یڵماز نەجاڕ) یشیان لەگەڵ بوو.
ئەمە دەکرێت وەک پەیامێکی تورکیاش سەیر بکرێت لەسەر گرنگیی پێگەی تورکمانەکانی ئێراق بە شیعە و سوننەوە. ئەم هەموو جموجوڵەی تورکمانەکان و دواتریش ئەو شکستەی کورد لە کەرکووک، تورکمانەکانی هاندا بە لیستێکی یەکگرتوو بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئێراق بکەن لە کەرکووک و 3 کورسی ببەنەوە، ئەمە لەڕاستیدا سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ تورکمانەکانی ئێراق بەگشتی و کەرکووک بەتایبەتی.
دوا سەرنجی خۆم لەوەدا کوورت دەکەمەوە کە ئەنجامی هەڵبژاردنە پەڕڵەمانییەکەی ئێراق ئەگەرچی مایەی نیگەرانی بوو بۆ هەر یەکە لە ئێران و ئەمریکا، بەڵام بۆ تورکیا بە پێچەوانەوە مایەی جۆرێک لە دڵنیایی بوو. ئەمە تەنیا دیمەنێکی کوورتی شانۆکەیە و دیمەنەکانی تر لە دوای پێکهێنانی حکومەت ڕوونتر دەردەکەون. [1]