$دەرفەتێک لە بەردەم مەسروور بارزانیدا$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#19-12-2018#
هیچ گومانێک نییە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو فۆرم و ستایلەی حوکمڕانی کە تا ئێستا هاتووە، ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت. لەوانەیە کەسانێک بڵێن ئەوەی تا ئێستا هاتووە دەکرێت هەرواش بەردەوام بێت! بەڵام، ئەوەی هەتا ئێستا هاتووە لە دۆخێکی تەواو جیاوازدا بووە چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و چ لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش. لە ئاستی ناوخۆ هەم لەڕووی سیاسی و ئابووری و هەمیش لەسەر ئاستی هۆشیاریی خەڵک لە دۆخێکی تەواو جیاوازدا بووە لەوەی ئێستا. لە دوای 1991 تا 2003 ئەوەی پێیدەگوترێ شەرعیەتی شۆڕشگێڕی (Revolutionary legitimacy) ، خۆراکی مانەوە و بەهێزیی حوکمڕانی کوردی بووە، بەڵام دوای 2003 یاخود وردتر بڵێین لە 2009 بەدواوە کە #بزووتنەوەی گۆڕان# دامەزرا، شەرعیەتی شۆڕشگێڕی کە پایە هەرە سەرەکییەکەی حوکمڕانیی خۆماڵی بوو، لە ڕەگەوە هەڵتەکێنرا.
دەتوانین بڵێین لە دوای 2003 وە تا دەگاتە سێپتەمبەری 2017 ستوونێکی تر لەسەر ئاستی ناوخۆ جێگای شەرعیەتی شۆڕشگێڕی گرتەوە کە هەمیشە تەغزیەی پڕۆسەی حوکمڕانی دەکرد، ئەویش ئەو هەستە نەتەوەییە بوو کە دەتوانین بە چەند تایبەتمەندییەکەوە ناوی بنێین ناسیۆنالیزمی کوردی یانیش کوردایەتی. بە جۆرێک خەڵکێکی زۆر بە ئومێدی بنیاتنانی کیانێکی سەربەخۆی کوردی چاوپۆشی لە مۆدیلی حوکمڕانی دەکرد لەبەرانبەر ئامانجێکی گەورەتردا، بەڵام لە ئۆکتۆبەری 2017 ئەم ئومێد و ئامانجە گەورەیش شکستی هێنا، یان شکستی پێهێنرا. هەرەسهێنانی سیاسی و سەربازی و ململانێی حزبیی ناشیرین گورزێکی کوشندەی لە پێگەی پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردی دا نەک تەنیا لە باشوور بەڵکوو لە باکوور و ڕۆژاڤا و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش.
لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیش، لە دوای 2003 و لەکاتی شەڕی #داعش#یش، دوو دەرفەتی زێڕینی تر هەڵکەوتن، بەڵام سەرکردایەتی سیاسی کورد سوودێکی ئەوتۆی لێ نەبینین. مەبەستم ئەوەیە ئێستا هەرێمی کوردستان نابێت وەک ڕابردوو چاوەڕێی دەرفەتی دەرەکی و هاوکاریی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێت بۆ ئەوەی دەستمان بگرن و ئەو بارە لارەی حوکمڕانیمان بۆ ڕاست بکەنەوە. هاتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و قەیرانی ئابووری ئەگەرچی دوو گورزی کوشندە بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا زەنگێکی ئاگادارکردنەوەش بوون بۆ سەرکردایەتی سیاسی و خەڵکیش کە ئەو فۆرمەی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی گەورەدایە. دەکرێت ئەمە خاڵی وەرچەرخان بێت بۆ پەنابردنە بەر چاکسازیی ڕیشەیی لە بواری کارگێڕی و دارایی و سیاسی و یاساییدا. کەواتا ئەگەر لە ڕابردوودا پاساوێک هەبووبێت بۆ ئەو دۆخە سیاسی و ئابووریەی حوکمڕانی، ئێستا ئەو پاساوانە نەماون، بۆیە هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر چیتر نوخبەی سیاسی هەرێم هیوای لەسەر هەڵچنێت.
$مەسروور بارزانی دەتوانێت چاکسازی بکات؟$
ئەزموونی حوکمڕانی سەرکەوتووی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو پێمان دەڵێ کە لە پڕۆسەی چاکسازیدا ئەگەر دامەزراوەی بەهێزیش نەبێت، بەڵام سەرکردە بەهێزەکان یان نوخبەی سیاسی دەتوانن چاکسازی بکەن، مالیزیا و ڕۆڵی مەهاتیر محەمەد دەکرێت باشترین نموونە بێت لە بواری توانای نوخبەی سیاسی لە ئەنجامدانی چاکسازیی گەورە. سەرۆکی حکومەتی داهاتوو چانسێکی باشی هەیە کە بتوانێت تەکانێکی گەورە بدات بە ڕاستکردنەوەی فۆرمی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان لە ڕێی پڕۆژەیەکی چاکسازیی ڕیشەیی لە بواری دەوڵەتداری و حوکمڕانیدا. ئەو فاکتەرەی کە دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکی بگێڕێت لە پڕۆسەی چاکسازیدا بریتییە لە سەروەرکردنی یاسا و بەدامەزراوەکردنی پایەکانی حوکمڕانی. مەسروور بارزانی لەبەر ئەو کورسییە زۆرانەی کە لە پەڕڵەماندا هەیانە و ئەو کاریگەریەش کە لەسەر کۆتاکان و لایەنەکانی تریش هەیانە، باوەڕ ناکەم هیچ بەربەستێکی پەڕڵەمانی بتوانێت ڕێگرییان لێبکات بۆ تێپەڕاندنی هەر پڕۆژەیەک کە بیانەوێت جێبەجێی بکەن. ئەمە فاکتەر و پاڵپشتییەکی بەهێزە کە دەتوانێت کلیلی سەرکەوتنی پڕۆژەی چاکسازی بێت لە چوار ساڵی داهاتوودا. پێگەی بەهێزی مەسروور بارزانی لەناو حزبەکەی خۆیدا دیسان فاکتەرێکی تری بەهێزە بۆ دەستکاریکردنی جومگە کارگێڕی و داراییەکانی ناو حکومەت و وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی. سەرۆکی کابینەی داهاتوو بە حوکمی ئەزموونی چەند ساڵەی لە بوارەکانی ئاساییشدا، تا ئاستێکی باش ئاگادارە لەوەی سێکتەرەکانی گەندەڵی و ئەو کەس و لایەنانەی تێوەگلاون کێن و لە چ ئاستێکدان. خاڵێکی تر کە وادەکات سەرۆکی کابینەی داهاتوو سەرکەوتوو بێت لە پڕۆژەی چاکسازیدا، ئەوەیە کە ڕای گشتی و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانیش کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێت دەست بە پڕۆسەیەکی ڕیشەیی چاکسازی بکرێت، لەم ڕووەوە سەرۆکی کابینەی نوێ دەتوانێت کەڵک لە ڕای گشتی ببینێت، بەتایبەت ئەگەر ڕێگری هەبوو لە بەردەمیدا. دوای ئەوەی زانیمان زەمینەی چاکسازی لەبارە بۆ ئەوەی سەرۆکی حکومەتی داهاتوو دەست بە چاکسازی بکات، دەکرێت بپرسین ئەی میکانیزمەکانی چین؟
$لە کوێوە دەستپێبکەین؟$
$یەکەم:$ نهێنی سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەکی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە سەروەرکردنی یاسا و جێبەجێکردنی بەبێ جیاوازی بەسەر هەموواندا. زیاتر لە توێژینەوەیەک پێمان دەڵێن کە خەڵک هێندە کێشەیان لەگەڵ بوونی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادی نییە ئەوەندەی کێشەیان لەگەڵ ناعەدالەتی و گەندەڵی هەیە، سەرکردە ئەگەر دیکتاتۆریش بێت، لە چاوی خەڵکەکەیدا باشترە لەوەی نادادپەروەر و گەندەڵ بێت. شکست و ئاوابوونی زۆربەی هەرەزۆری دەسەڵاتدارەکان بەهۆی فاکتەری دووەم بووە نەک یەکەم، هەڵبەتە سەرەڕای گرنگیی فاکتەری یەکەم.
$دووەم:$ گۆڕینی بەشی هەرەزۆری ئەو سەرکردە کارگێڕیانەی پێشتر کە لە 50% کەمتر نەبێت، بەتایبەت ئەوانەی لە پلەی سەرکردایەتی کارگێڕیدا بوونە وەک وەزیر و جێگرەکان و بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکارەکانیان، چونکە ئەمانە بوونەتە توێژێکی بەهێز و ئەزموونێکی زۆریان کۆکردووەتەوە لە گەندەڵی و گرووپبەندی کە دەتوانن شکست بە هەر پڕۆژەیەک بێنن ئەگەر لەبەرژەوەندیی خۆیان نەبێت، بە جۆرێک لە دوای لادانیشیان دەبێت چاویان لەسەر بێت چونکە بەهۆی پەیوەندی و توانای داراییان دەتوانن شکست بە کادیرە نوێیەکان بێنن، هەڵبەتە ناکرێت ئەوەش نەگوترێت کە کەسی باش و دەستپاکیش هەن دەکرێت بمێننەوە، بۆیەش من ئاماژەم بە 50% داوە کە جێگایان نابێتەوە لەناو هیچ پڕۆژەیەکی چاکسازیدا.
$سێیەم:$ بەهێزکردنی دەسەڵات و سیستمی دادوەری کە بتوانێت سەربەخۆ و دەستڕۆیشتوو بێت، چونکە بەشێکی زۆری کاری چاودێریکردنی یاسایی و دارایی و سیاسی لە ڕێگای ئەم دەسەڵاتەوە دەبێت، دانانی کادیر و کەسی چاوانەترس بۆ ئەم دامەزراوەیە هەنگاوەکانی دادپەروەری و سەروەرکردنی یاسا و دواجاریش سەرچاوەکانی گەندەڵی ئەگەر وشکیش نەکات، بەڵام زۆر لاوازی دەکات.
$چوارەم:$ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی سێکتەری نەوت و گازی هەرێم کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان سەرپەرشتییان دەکات. ئەم وەزارەتە لە 8 ساڵی ڕابردوودا خاڵی مشتومڕ و لاوازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. باشتر دەبێت ئەگەر لیژنەیەک کە لە نوێنەری هەموو لایەنەکانی پەڕڵەمان پێکبێت، بتوانێت چاودێریی ئەو وەزارەتە بکات، بۆ ئەوەی چیتر نەبێتە سەرئێشە بۆ حکومەت و دواتریش لەمپەڕ لە بەردەم پڕۆژەی چاکسازیدا.
$پێنجەم:$ دیاریکردنی ئامانجەکانی چاکسازی، بەو واتایەی کە دەبێت هەموو شتێک ڕوونبکرێتەوە بۆ ڕای گشتی ئایا حکومەتی تازە دەیەوێت چی بکات، چۆنیش ئەمە دەکات، بەڵام هەندێک جار لەوانەیە ڕای گشتی ئامادە نەبێت بۆ پێشوازیکردن لە میکانیزمەکانی ئەم چاکسازیە، لەو حاڵەتەدا دەکرێت میکانیزمەکان جارێ باس نەکرێن.
$شەشەم:$ دانانی پلانێکی کوورتخایەن کە دەکرێت ئەو چوار ساڵە بێت. هەروەها پلانی مامناوەند و درێژخایەنیش، چونکە هەموو پلانەکە ناتوانێت لەو چوار ساڵەدا جێبەجێ بکرێت. نەک تەنیا سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، بەڵکوو دەبێت هەر وەزیرێکیش پلانی ئەو چوار ساڵەی خۆی پێشەکەش بە ڕای گشتی بکات. دەکرێت سیمینار و کۆنفرانسیشی بۆ ببەسترێت بۆ ئەوەی خەڵک بەشداری تێدا بکات.
$حەوتەم:$ گەڕاندنەوەی دەسەڵات بۆ ناو دامەزراوە حکومیەکان، واتا وەزارەت و حکومەت. بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی سەرەکی لەدەرەوەی حکومەت و لە دەست حیزبەکان بووە نەوەک حکومەت، سەرۆکی حکومەتی داهاتوو ئەگەر بتوانێت ئەمە بکات ئەوا خزمەتێکی زۆر بە بواری دامەزراوەیی و پڕۆسەی حکومەتداری دەکات لە هەرێمی کوردستان.
هەڵبەتە پرسێکی تر ماوە کە ناکرێت فەرامۆشی بکەین، ئەویش ئەوەیە کە سەرۆکی کابینەی داهاتوو ئەگەرچی لە #دهۆک# و #هەولێر# بەهێز بێت، بەڵام لەوانەیە ئەگەر یەکێتی هاوکاری نەبێت، نەتوانێ ئەم پڕۆژە چاکسازیە جێبەجێ بکات. بۆیە لێرەدا گرنگە بۆ پارتی، یەکێتی و گۆڕان وەک شەریکێک بەشدار بکات. نەک تەنیا پۆست، بەڵکوو دەسەڵات و هێزیشیان لەگەڵ بەشبکات و ڕێگە نەدات هیچ پڕۆژەیەکی چاکسازی سیمای حیزبایەتی وەربگرێت. خۆ ئەگەر ڕێگریش بکرێت، سەرۆکی حکومەت لەڕێگای پەنابردنە بەر میدیا و ڕای گشتی دەتوانێت شکست بەو ڕێگریانە بهێنێ. بۆیە دەتوانم بڵێم ئەوەی هەڵکەوتووە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ مەسروور بارزانی کە لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنی وەک سەرۆکی حکومەت، مێژوویەک تۆمار بکات ئەزموونی مالیزیامان بەبیربێنێتەوە. [1]