$لە چاوەڕوانیی گۆڕانکارییە هەرێمییەکاندا$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#19-01-2019#
$لە سەروبەری کۆتاییهاتنی قەیرانی سووریا و مسۆگەربوونی مانەوەی ڕژێمی ئەسەد بۆ چەند ساڵێکی تریش، ئەکتەرە بەشدارەکانی گۆڕەپانەکە خەریکە بە حیساباتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی خۆیاندا دەچنەوە. نەک هەر ئەوە بەڵکوو ئەو سیستمە هەرێمییەی کە لە ناوچەکەشدا پێوەندییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی ئاڕاستە دەکرد، ئێستا خەریکە کۆتایی دێت و سیستمێکی تری هەرێمی جێگەی دەگرێتەوە.$
ئەوەی تا ئێستا ئاشکرایە، ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەو سیستمە هەرێمییە تازەیە بریتین لە تورکیا و ئێران و سعودیە و ئیسرائیل، بە ئاستێکی بەرزتریش ڕووسیا، ئینجا ئەمریکا. قەیرانی سووریا وەک دیارە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا و هاوکارەکانی تەواو نەبوو، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە بەرژەوەندیی نەیارەکانی ئەمریکا تەواو بوو. تورکیا ئەگەرچی هاوپەیمانێکی کلاسیکی ئەمریکایە، بەڵام کێشەکانی نێوانیان ڕۆژ بەڕۆژ کەلێنی گەورەتر دەخاتە نێوانیانەوە، تا ئاستێک ئێستا تورکیا ئەوەندەی نزیکە لە ڕووسیا و چین، ئەوەندە نزیک نییە لە ئەوروپا و ئەمریکا.
کۆتایی قەیرانی سووریا هەرگیز بە مانای کۆتایی کێشە و شەڕ و ململانێ نایەت لە ناوچەکەدا، بەڵکوو سەرەتای قوناغێکی ترە لە ململانێ کە زیاتر لە پشووی جەنگاوەرەکان دەچێت لە دوای جەنگ. ئەم دۆخە ئاڵوزە ڕوونتر دەرکەوت دوای ئەوەی دوناڵد ترەمپ لە تویتێکدا ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەوان لە سووریا دەکشێنەوە، ئیتر ئەمە قەبارەی ئاڵۆزییەکانی دەرخست کە لە ئەنجامی بۆشایی پاش کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دێتە کایەوە. لێکەوتە سیاسی و سەربازییەکان تا ئاستێک کاریگەر بوون کە هەڵوێستی ئەمریکا بگۆڕن و کتوپر بۆشاییەک جێنەهێڵێت لە ناوچەکەدا.
کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا درەنگ بێت یان زوو هەر ڕوودەدات، بەڵام کشانەوەی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکە هەرگیز ڕوونادات. چونکە ئەمریکا ئەرکەکانی بە کۆتا نەهاتوون لە ناوچەکەدا، بە تایبەتیش کە ئێستا لە سەرەتای بە ئەنجامگەیاندنی ئەرکێکی تردایە و بریتییە لە دەورەدانی ڕژێمی ئێران، بۆیە دەکرێ بگوترێت ئەمریکا ئێستا بەدوای ئەڵتەرناتیڤێکی تردا دەگەڕێت کە هێزەکانی تێدا جێگیر بکات نەک بیانگەڕێنێتەوە ماڵەوە.
ئەو هەموو سەردانە یەک لەدوای یەکەی سەرکردە باڵاکانی ئەمریکا بۆ ئێراق لە کەمتر لە مانگێکدا ئەوەمان پێدەڵێ کە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا ئەڵتەرناتیڤی یەکەمی جێگیرکردنی ئەو هێزانە ئێراق دەبێت. بەڵام لەڕاستیدا ئەمە هەروا ئاسان نییە، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێوەندییە پتەوەی لەنێوان ئێراق و ئێراندا هەیە و دواتریش ئەو نفوزە بەهێزەی ئێران لەناو هێزە شیعییەکاندا هەیەتی. بۆیە هەرێمی کوردستان پێدەچێت ئەو شوێنە بێت کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێ لە دووبارە جێگیرکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا و داڕشتنەوەی سیاسەتی ئەمریکا لە دوای کشانەوەی لە سووریا.
لای ئەمریکییەکان وەک ڕۆژی ڕوون ئاشکرایە کە کورد لە هەموو نەتەوەکانی تری ناوچەکە زیاتر ئومێدیان لەسەر پاڵپشتیی ئەمریکا هەڵچنیوە، کورد لە هەموو گەلانی ناوچەکە بێکەسترن و خۆشیان بە نزیکتر دەبینین لە ئەمریکا. ئەم ڕاستییە بۆ ئەمریکییەکان یەکلابووەتەوە و جێگەی گومان نییە، بەڵام ئەوەی جێگای گومانی ئەوانە، ئەوەیە کە ئایا کورد لەو ئاستەدان ئەمریکا لە کاتی دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتەکانی لە ناوچەکە پشتیان پێ ببەستێ؟ ئەوان باش دەزانن هەرێمی کوردستان تا ئێستاش لەژێر ڕکێفی جۆرێک لە دوو ئیدارەیی و ململانێی حیزبیدایە و هێزە چەکدارەکانیشی هەر لەسەر ئەو بنەمایە دابەشبوون. ئەوان دەزانن کە دامەزراوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان زۆر لاوازن و هەمیشە گوزارشت لە حیزب دەکەن تا حکومەت.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکییەکان پێدەچێت ئومێدێکیان هەر هەبێت بە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت ئەوەی کە کورد جیادەکاتەوە لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە، ئەوەیە کە کورد هیچ دۆستێکی نییە، لە هەمووشی گرنگتر هیچ لارییەکیان نییە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و ناتوانن کێشە درووست بکەن بۆ ئەمریکا. ڕاستە هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستاش لە ئێراق نیشتەجێن، بەڵام ئەوە چەندین جارە شیعەکان هەڕەشە دەکەن کە هێزەکانی ئەمریکا دەبێت ئێراق جێبهێڵن، تا ئاستێک ئەگەر سەردانەکەی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نەبووایە، کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان خەریک بوو بخرێتە دەنگدانەوە لە پەڕڵەمان. کەواتە ئێراق سەرزەمینێکی ئارام و بێ هەڕەشە نییە بۆ ئەمریکییەکان.
بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستانەوە کە ئەو سەرزەمینە ئارامەیە و هیچیش لەسەر ئەمریکیەکان ناکەوێت، دواتریش پێگەی هەرێم لەڕووی سەربازییەوە هیچی لە هی وڵاتانی کەنداو کەمتر نییە. لەوانەیە هەڵە نەبم گەر بڵێم لە هیچ شوێنێکی جیهاندا ئەمریکییەکان هێندەی هەرێمی کوردستان خەڵکی هاوسۆزیان نییە، هەرچەندە تا ئێستا چەند جارێک ئەمریکا پشتی لە کورد کردووە، بەڵام لە زهنییەتی تاکی کورددا ئەو هاوسۆزیە هێشتا پێگەی خۆی لەدەست نەداوە.
ئەو سەردانەی کاربەدەستانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان کە لەمەودوا هی زیاتریشی بەدوادا دێت، گەڕێکی تری جموجۆڵی دیبلۆماسییە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی خۆی تێدا بگێڕێت ئەگەر بە حیکمەتەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە بکات و بە باشی خۆی بۆ ئامادە بکات. چونکە هەموو گۆڕانکارییەکی سەربازی و سیاسی دۆخێکی نوێ بەدوای خۆیدا دێنێت. مێژووی سیاسی ئێمەی کوردیش پێمان دەڵێت کە خێر و شەڕی کورد زیاتر لە دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکان و دابەشکردنی غەنیمەتی شەڕ و ململانێ سیاسییەکان بووە.
لەو قۆناغەدا ئەوەی لە هەمووی گرنگترە، ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان تا زووە حکومەتێکی سەقامگیر پێکبهێنێ و ئەو ململانێ ئاستنزمەی نێوان یەکێتی و پارتی چارەسەر بکرێت. لە سەرووی هەمووشیانەوە هەرێمی کوردستان دەکرێت کەڵک وەربگرێت لە ئارامبوونەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا و هەوڵی جددی بدات بۆ بووژاندنەوەی سیاسی و ئابووری. لەم چوارچێوەیەدا پڕۆژەیەکی تۆکمەی چاکسازی لە هەرە سەرەکیترین پێداویستییەکانی حوکمڕانی هەرێمە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاست ئەو گۆڕانکارییانەی ناوچەکەدا بێت. [1]