$بۆ کوردستانێکی بەهێز ڕوو بکەنە بەغدا$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#07-02-2019#
دەستەواژەی کوردستانێکی بەهێز سەرەتا لە وتاری ئەمریکی و ئەوروپیەکانەوە هاتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش وەک بەرسڤێک بۆ هەڕەشەکانی بەغدا و ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر، بە تایبەتیش دوای سەردانەکەی هەریەک لە سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بۆ کۆشکی ئەلیزێ لە دیسەمبەری 2017، کاتێک ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا وتی ئێمە پشتگیری لە کوردستانێکی بەهێز دەکەین لە چوارچێوەی ئێراقێکی یەکگرتوودا. ئەم پەیامە ئاشکرایەی وڵاتانی ڕۆژاوا و دۆستەکانی هەرێمی کوردستان زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو: تا دەرفەتێکی تریش کە ڕەنگە ئەو دەرفەتە هەر فەراهەمیش نەبێت، هەرێمی کوردستان دەبێت لە چوارچێوەی ئێراقدا بمێنێتەوە.
پەیامی سەرەکی ئەم نووسینە ئەوەیە کە باشترین بژارە بۆ هەرێمی کوردستان لە ئێستا و تا چەند ساڵێکی تریش، بنیاتنانەوەی پێوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانە لەگەڵ بەغدا پێش هەر لایەکی دیکە، ئەمەش لەبەر هۆکارێکی زۆر سادە و ساکار: ئەوەی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ئێراقێکی تازەپێگەیشتووی لاواز و هاوسنوور و هاوبەرژەوەندیدا دەستی بکەوێت، هەرگیز ناتوانێ لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەکە دەستی بکەوێت. بۆیە زێدە پێویستە ستراتیجی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ئێستاوە تا دەرفەتێکی تر گشت توانا دیپلۆماسی و سیاسییەکانی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا تەبا بێت، بە تایبەتیش لەناو پەڕڵەمانی ئێراق و جومگەکانی تری حوکمڕانی لە ئێراق ئامادەگی باشی هەبێت. چونکە سەرچاوەکانی بەهێزبوونەوەی هەرێمی کوردستان دوای قەیرانی دارایی و شکستهێنانی پڕۆسەی جیابوونەوە لە ئێراق، لەڕووی سیاسی و دارایی و ئابووری و ئاساییشیشەوە، گشتیان لە بەغدان.
ئێراقی نوێ سەرەڕای ئەو ناکۆکی و کێشانەشی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی، بەڵام بواری ئیشکردن و کاریگەریی هەرێم بەسەر بەغداوە زۆرترە تا بەسەر هێزە هەرێمییەکانی تری وەک تورکیا و ئێران. ئەو حسابە دیپلۆماسی و سیاسیەی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد لە بەغدا بۆی دەکرێت، هەرگیز لەسەر مێزی دانووستاندنی تورکیا و ئێران بۆیان ناکرێت. بێگومان پێوەندیی باش لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی زۆر گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر پێوەندیی باشە لەگەڵ ئێراق. چونکە لە هاوکێشەی پێوەندیی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی پێوەندییەکە هەمیشە ناهاوسەنگە و هەرێمی کوردستان ناچارە تەنازولی زۆریان بۆ بکات بۆ کەمترین هەماهەنگی. بە واتایەکی دیکە ئەوەی هەرێمی کوردستان دەستی دەکەوێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەرگیز بەرانبەر ئەوە نییە کە دەیبەخشێت. ئەمە بێجگە لەوەی دواکاریی تورکیا و ئێران تێچوونە سیاسی و ئابوورییەکەی زۆرزۆر لەسەر هەرێم دەوەستێ، زۆربەی جاریش لەسەر حسابی تەنازولکردنە لە مافی پارچەکانی تری کوردستان. کەچی بە پێچەوانەوە پێوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا تێچوونی سیاسی زۆر کەمە و دەسکەوتەکەشی زیاترە لەچاو پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ئێران، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە کە ناچێتە خانەی پاشکۆبوونی سیاسی وەک ئەوەی بەرانبەر ئێران و تورکیا. تا ئەو ئاستەی هەرێمی کوردستان ئەگەر خۆی لە دەستەمۆیی تورکیا و ئێران بپارێزێت، دەتوانێت هەندێک جار کەیسی کوردی باکوور و ڕۆژاڤا و ڕۆژهەڵاتیش لە خزمەت سیاسەتەکانی خۆیدا بەکاربهێنێ.
پێوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران تا ئێستاش پێوەندییەکی زۆر ناهاوتا و ناهاوسەنگە و لەڕووی سیاسی و سەرمایەی سیاسییەوە زۆر لەسەر هەرێمی کوردستان کەوتووە. ئەگەرچی لەبەرانبەردا هەرێمی کوردستان زۆر کەمی دەستکەوتووە، بۆ نموونە لە کاتی جاڕدانی ڕیفراندۆم، ئەو دوو وڵاتە بەقەدەر دەرزییەکیش حسابیان بۆ ئەو پێوەندی و هەماهەنگییە سیاسی و ئابوورییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکرد و ئەگەر دەرفەتیان پێدرابایە ئەو قەوارەیەشیان لەناودەبرد. هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو پێوەندییە ئابووری و ئەو قەبارە بازرگانی و ئەو هاوکارییە ئەمنییەی لەگەڵ تورکیا هەیەتی، کەچی ئێستاش پاڵپشتیی سیاسەتەکانی ئێراق دەکات، ئێرانیش بە هەمان شێوە، بەڵام ئێراق سەرەڕای ناکۆکییەکانمان لەگەڵی، ئەو ڕق و کینە و مەترسییەی نییە بەرانبەر #هەولێر#، بە تایبەت ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بتوانن پێوەندیی باش بنیات بنێن لەگەڵ نوخبەی حوکمڕانی شیعە و سوننە لە بەغدا.
ئەمە بێجگە لەوەی کە ئێراق وەک ئێران و تورکیا نییە بەدوای نفووز و پەلهاویشتن و پیلان و دەستێوەردان لە کاروباری کوردستان بگەڕێت. بەپێچەوانەوە ئێستاش بەغدا لە زۆر ڕووەوە پێویستی بە پشتگیریی هەرێمی کوردستان هەیە. پڕۆسەی سیاسی لە بەغدا پڕۆسەیەکی لەرزۆک و ناسەقامگیرە و هەرێمی کوردستان دەتوانێت وەبەرهێنانی زۆری تێدا بکات ئەگەر حەکیمانە مامەڵە بکات. لەڕووی سیاسییەوە زۆربەی سەرکردە سیاسییەکانی ئێراق ماڵی دووەمیان لە هەولێرە، هەندێکیان بزنسی باشیان لە هەرێمی کوردستان پێکەوەناوە. ئەمە بێجگە لە ڕووە ئابوورییەکەی کە هەرێمی کوردستان بەهۆی سەقامگیرییەکەی دەکرێ ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی بۆ تەواوی ئێراق. بەتایبەتی لەڕێگای مووسڵ و ناوچە سوننیەکان کە #داعش# وێرانی کردوون و پێویستیان بە دووبارە بنیاتنانەوە هەیە. هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا دەتوانێت وەک سەرچاوەیەکی ئابووری و هەروەها لە ڕێگای هێزی نەرمیش ناوچە سوننییەکان لەڕووی بازرگانیەوە ببەستێتەوە بەخۆیەوە. هەڵبەتە ئەو پێوەندی و هەماهەنگییە دواجار کاریگەریی سیاسیشی بەدوادا دێت. ئێراق لەبەر ئەو دۆخە خراپ و ناسەقامگیرەی کە هەیەتی، نزیکەی 15 ساڵە وەک خەزێنەیەکی ئابووری و سیاسی وابووە، کەچی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە دەستی پێی بگات و سوودی لێ ببینێ.
هەرێمی کوردستان ئەوە چەندین ساڵە وزەیەکی زۆر بەهەدەر دەدا لە بنیاتنانی پێوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ ئێران و تورکیا، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەو وزەیە لە بەغدا سەرف بکرێت، چونکە دەسکەوتی زیاتر و سەرمایەی زیاترە و پێگەی بەهێزی هەرێمیش لەوێیە. بە تایبەت لەبەر زەبەلاحیی ئەو دوو هێزە هەرێمییە کورد نەیتوانیوە هیچی وای لێیان دەستکەوێت، ئەوان هەمیشە مەرجی گرانیان بەسەر هەرێمدا سەپاندووە. ئێستا دەرفەتێکی وا خەریکە درووست دەبێت بە تایبەت کە سەرۆکی حکومەتی تازە خوازیاری پێوەندیی پتەو و هەماهەنگییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئێراقیش گەیشتووەتە باوەڕێک کە ململانێی نێوان هەولێر و بەغدا بە زیانی هەردوولا تەواو دەبێت، بەتایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان هەرێمی کوردستان دەتوانێت زۆر هاوکاری بەغدا بێت لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە.
یەکەم دەسکەوتی ئەو هەماهەنگیە لەڕێگای پەڕڵەمانتارانی کورد بوو لە بواری تەرخانکردنی بەشە مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران لە بودجەی ئێراق کە دەکرێت دەسکەوتی تریشی بەدوادا بێت ئەگەر هێزە کوردییەکان بە گیانێکی بەرپرسیارنە کار بکەن لە بەغدا. خاڵێکی دیکە کە دەکرێت کاری لەسەر بکرێت، وجودی دکتۆر #بەرهەم ساڵح#ە لە بەغدا وەک سەرۆکی کۆمار، ئەو کاراکتەرە سیاسییە بەپێی توانا و شارەزاییەکانی و ئەزموونی چەند ساڵەی لەبەغدا دەتوانێت دەسکەوتی زۆر بۆ کورد مەیسەر بکات و بەشدار بێت لە هەڵسانەوەی هەرێمی کوردستان. بۆیە تا زووە پارتی و گشت لایەنە سیاسییەکانی تریش پێویستە گرێی ململانێی حزبی تێپەڕێنن و ئەو وزەیەی کورد لە بەغدا چیتر بەفیڕۆ نەدەن. [1]