$لە پەیوەندیی ئەنقەرە و #هەولێر#دا چی گۆڕاوە؟$
#زوبێر رەسوڵ#
#25-07-2019#
پەیوەندیی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 1992 تا ئێستا بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەوەی لە گشت قۆناغەکانی پەیوەندیی هەردوولادا جێگیرە و نەگۆڕاوە، ئەو ڕەهەندەیە کە تورکیا تا ئێستاش هەرێمی کوردستان وەک پرسێکی ئەمنی دەبینێ کە لە بنەڕەتدا پەیوەندیدارە بە ڕوانینی تورکیا بۆ کێشەی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی.
لە 1992 تا ساڵی 2008 تورکیا بەهیچ جۆرێک نەیدەویست دان به و دیفاکتۆ سیاسی و دەستوورییەدا بنێ کە هەرێمی کوردستان لە دوای 2003 پێیگەیشت. لەم قۆناغەدا خەمی سەرەکیی تورکیا بریتی بووە لە گوشارخستنە سەر هەرێم بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات لە شەڕی دژی پارتی کرێکاران. قۆناغی دووەم لە 2008 تا 2017 دەخایەنێت، واتا تا پێش جاڕدانی بڕیاری ڕیفراندۆم و دڵنیابوونی تورکیا لەوەی هەرێمی کوردستان بەنیازی ڕیفراندۆمە و پاشگەز نابێتەوە. لەم قۆناغەدا پەیوەندیی تورکیا و هەرێمی کوردستان سەرەڕای ڕەهەندە ئەمنییەکەی کە کێشەی کوردە، ڕەهەندێکی تری بەهێزیشی بۆ زیاد بوو، ئەویش پرسی قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوولا بوو کە گەیشتبووە نزیکەی 10 بلیۆن دۆلار. لە ساڵی 2014 ژمارەی ئەو کۆمپانیا تورکیانەی لە هەرێمی کوردستان کاریان دەکرد گەیشتە 1500 کۆمپانیا. دواتر پرسی کڕین و گواستنەوەی نەوت و گازی سرووشتیشی بۆ بازاڕەکانی جیهان هاتەسەر.
پرسی وزە هەنگاوێکی گەورە بوو لە پێشڤەچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستاندا، بە تایبەتی دوای ئەو ڕێککەوتنە نەوتییە پەنجا ساڵییەی نێوان هەردوولا. هەڵبەتە قۆناغی دووەمی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و هەولێر تا ڕادەیەکی زۆر ئەو باوەڕەی لای سەرکردایەتی سیاسیی کورد و بەشێکیش لە سیاسەتوانانی تورک درووستکرد کە ئیتر تورکیا ئەو گرێ سیاسی و ئەمنییەی پێشتر بەرانبەر هەرێمی کوردستان هەیبوو، تێیپەڕاندووە، تا ئەو ئاستەی کە ئەگەر کورد سەربەخۆییش ڕابگەیەنێت، تورکیا چاوپۆشی لێدەکات. بەڵام چەند هۆکارێکی خودی و بابەتی کە لێرەدا جێی نابێتەوە باسی بکەین، بوونە هۆی پێچەوانەبوونەوەی ئەو چاوەڕوانییەی هەولێر لە تورکیا. لێرەدا پرسیاری سەرەکیی ئەم نووسینەی ئێمە ئەوەیە کە ئایا دوای ڕیفراندۆم و ئەو کاردانەوە توندەی تورکیا بەرانبەر هەرێمی کوردستان نیشانیدا، چی لە پەیوەندیی هەردوولادا گۆڕی؟
سەرەتا وا باشە دان بەوەدا بنێین کە پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بژارەیەک نییە تا هەردوولا بە ئارەزووی خۆیان هەڵیانبژاردبێت. چونکە سەرەڕای دەستکەوتی باشی بۆ هەردوولا، بەڵام لە هەمانکاتدا پەیوەندییەکانیان تێچووی سیاسیشی بۆ هەردوولا هەیە. سەبارەت بە تورکیا تێچووەکەی ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە تورکەکان بازرگانی و پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ هەرێم بە مەترسییەک بۆ سەر ئاساییشی نەتەوەییان دەزانن. بۆ نموونە یەکێک لە ئەفسەرەکانی هێزی ئاسمانیی تورکیا مەسعود هاکی کاسین لە 2005 وتی ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات لە ماوەی 10 ساڵدا کوردی ئێراق دەبنە خاوەن سوپا و هێزێکی ئاسمانیی هاوشێوەی ئیسرائیل، دواتریش داوای چەند بەشێک لە خاکی تورکیا دەکەن.
بۆ هەرێمی کوردستانیش، پەیوەندی لەگەڵ تورکیا سەرەڕای دەسکەوتی ئابووری و سیاسیی مەزن، بەڵام پەیوەندییەکان باجی سیاسی زۆریشی تێدایە. بەشێکی بەرچاوی خەڵکی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەشێکی زۆریش لە پارتە سیاسییەکانی هەرێم، پەیوەندی لەگەڵ تورکیا وەک خیانەتێک لە پڕەنسیپە نەتەوەییەکان سەیر دەکەن. ئەوان وای دەبینن کە مەبەستی سەرەکیی تورکیا لە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردن و لێدانی #پەکەکە#یە.
بەڵام لەدەرەوەی ئەو ڕوانینەی باسمان کرد، چەند ڕاستییەک هەیە کە نابێت نادیدەی بگرین لە پەیوەندییەکانی هەردوولادا، یەکەمیان ئەوەیە کە تورکیا لە دراوسێ نزیکەکانیدا کەسی باشتر و پڕدەستکەوتتر لە هەرێمی کوردستانی نییە. لە ڕۆژهەڵات و باشوور: ئێراق و ئێران و سووریا و ئەرمینیا، لە ڕۆژاواش یۆنان و بولگاریا، جگە لە بولگاریا هیچیان پەیوەندی باشیان لەگەڵ تورکیا نییە. ئەگەر بۆ هەرێمی کوردستان تورکیا تاکە دەروازە بێت بەڕووی ئەوروپا و بازاڕەکانی جیهاندا، ئەوا کوردستانیش ئینجا چ بەشی تورکیا یان سووریا یان ئێراق، تاکە دەروازەی تورکیایە بۆ گەیشتن بە وڵاتانی جیهانی ئیسلامی کە ئاکپارتی لە ئایدیۆلۆژیای سیاسیی خۆیدا بە هێزی نەرم و قووڵایی ستراتیژیی خۆی ناوی دەبات.
پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەگەرچی جۆرێک لە پێداچوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام گۆڕانی زۆری بەسەردا نەهاتووە. پێداچوونەوەکە گەر هەشبێت ئەوەیە کە تورکیا لەمەودوا قەبارەی بازرگانی و وزەی چەندە زۆریش بێت لەگەڵ هەرێم، بەڵام پرسی کورد و ئاساییشی تورکیا لەسەرووی ئەو پەیوەندیانە دەبینێ. بە مانایەکی تر، تا ئێستاش ڕوانینی تورکیا ڕەهەندە ئەمنییەکەی تێنەپەڕاندووە و یەکپارچەیی خاکی ئێراق لە پێشینەی ئەجێندای خۆی دەبینێ. واتا تورکیا وەک جاران هەموو هێلکەکانی ناخاتە سەبەتەی هەرێمەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدات باڵانسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بپارێزێ. دوور نییە هەندێک جار بەغداش بەکاربهێنێ بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان ئەگەر پێویست بکات. هەروەک ئەوەی کە تورکیا پێش 2017 هەرێمی کوردستانی لە دژی بەغدا بەکاردەهێنا.
دیوێکی تری ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا پەیوەستە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەریەکە لە ئێراق و ئێران، ئەگەر تورکیا هیچی وای لە ئێراق و ئێران دەستنەکەوێت (ئاسانکاری لە کڕینی نەوت، دژایەتی پەکەکە، بازرگانیی باش) ئەوا بە دڵنیاییەوە پەیوەندییەکانی لە ئاییندەدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان پتەوتر دەبێت.
هەرچۆنێک بێت ئەنقەرە پێویستی بە پەیوەندیی باشە لەگەڵ هەولێر و بەغدا لەبەر زیاتر لە هۆکارێک. یەکەم: چونکە سەقامگیریی ئێراق تا ئاستێکی زۆر بەندە بە سەقامگیری پەیوەندیی بەغدا و هەولێر، لاوازبوونی هەولێر بەتایبەتیش پێگەی سەرۆکی هەرێم ( #نێچیرڤان بارزانی#) واتا بەهێزبوونی پەکەکە و نەیارانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان. دووەم: لە دوای ڕیفراندۆم هەژموونی ئێران ئەوەندەی تر بەهێز بووە لە ئێراقدا، سوپای ئێراق خەریکە دەکەوێتە ژێر دەستی #حەشدی شەعبی#، ئەمەش بێگومان لە بەرژەوەندیی تورکیا نییە. سێیەم: تورکیا پێویستی بە هەماهەنگیی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی نەوت و گازی هەرێم و ئێراقیش بگوازێتەوە بۆ تورکیا و بازاڕەکانی جیهان. کەواتا ستراتیجی تورکیا لەمەودوا پێدەچێت کارکردن بێت لەگەڵ هەریەکە لە بەغدا و هەولێر بە هاوسەنگی. سەرۆکایەتی نوێی هەرێم و حکومەتیش پێناچێت وەک جاری پێشوو هەموو هێلکەکانی خۆیان بخەنە سەبەتەی تورکیاوە. ئەمە جگە لەوەی حکومەتی هەرێمیش خەریکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ بەغدا و ئەوجارەیان دەیانەوێت سەرچاوەی پەیوەندییەکانیان فراوانتر بکەن، چونکە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا تێچووی سیاسی زۆر کەمترە وەک لەگەڵ تورکیا و ئێران، ئەمە جگە لەوەی کە پەیوەندیی باش لەگەڵ بەغدا واتا پەیوەندیی باش لەگەڵ تارانیش. ئەو ڕووداوەی کوشتنی جێگری کونسوڵی تورکیاش لە هەولێر، ئەوەمان پێدەڵێت کە هەریەکە لە هەولێر و ئەنقەرە بەبێ هەماهەنگی و متمانە ناتوانن درێژە بە پەیوەندییەکانیان بدەن، بەڵام ئەم ڕووداوە کار ناکاتە سەر پەیوەندییەکانی هەردوولا. [1]