$خۆپیشاندان هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#29-11-2019#
ماوەیەکە خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەشێکی زۆری وڵاتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی لە 2011 بەر شەپۆلی ناڕەزاییەکانی بەهاری عەرەبی نەکەوتن. ئێستا هەریەکە لە وڵاتانی سوودان، جەزائیر، لوبنان، ئێراق و ئێران شەپۆلێکی ناڕەزایی جەماوەری ڕووی تێکردوون کە بەشێک لە توێژەران بە شەپۆلی دووەمی بەهاری عەرەبی ناوی دەبەن.
هەرچۆنێک بێت داخوازیی ئەمجارەی خۆپیشاندەران جیاوازی هەیە لە داواکاری ناڕەزاییەکانی 2011، چونکە خۆپیشاندانەکانی ئێستا لە زۆربەیان بەشێوازێکی ئاشتیانە بەڕێوەدەچن تا ئێستا و لەلایەن هیچ گرووپێکی سیاسی ڕێکخراوەوە ئاڕاستە ناکرێن.
ناڕەزاییەکانی 2011 لە سەردەمێکدا بوون کە نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستدا بوو، بۆیە ناڕەزاییەکان زیاتر مەبەستیان گۆڕینی نوخبەی سیاسی بوو، بە تایبەت ئەو نوخبە سیاسیەی کە زیاتر لە سێ دەیە دەبوو پانتایی سیاسی و ئابووریی ئەو وڵاتانەیان بە زەبری هێز زەوت کردبوو. کەچی ناڕەزاییەکانی ئێستا لە کاتێکدان کە نرخی نەوت نزمە و بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەی باسمانکردن، تووشی کێشەی ئابووری بوون و ناتوانن خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەش بە خەڵکەکەیان بکەن.
ئەوەی تایبەت بێت بە ئێراق، ناڕەزاییەکان بەشێکن لەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەی کە چیتر ناچنە چوارچێوەی ململانێی ئایینی و مەزهەبی. ناڕەزاییەکانی ئێراق چیتر لەلایەن ئەو بەرهەڵستکارانەوە نییە کە دژی فۆرمی دەسەڵاتی سیاسی ئێراقی دوای 2003 بوون، وەک سوننەکان، بەڵکوو لەلایەن خودی ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەیە کە سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵاتی سیاسی ئێراقی دوای 2003 یە، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە چیتر ئەو فۆرمە لە حوکمڕانی ناتوانێ بیانخەڵەتێنێ بە بیانووی پارێزگاریکردن لە مەزهەب و دژایەتیکردنی نەیارانی ئەهلی بەیت.
واتا بابەتی سەرەکی خۆپیشاندانەکان بریتییە لە دواکاریی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دەرفەتی کار و خۆشگوزەرانی. بە تایبەت کە دانیشتووانی ئێراق ساڵانە یەک ملیۆن کەس زیاد دەکات و نیو ملیۆن کەسی نوێش دێنە ناو بازاڕی کارەوە. هەڵبەتە ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێژەی گەنجانی بێکار لە ئێراقدا گەیشتووەتە 30٪ و لەبەرانبەریشدا نرخی نەوت دابەزیوە. ئەمە لە کاتێکدا 93٪ی داهاتی ئێراق لە ڕێگای فرۆشتنی نەوتەوە دابین دەکرێت. تێکڕای تەمەنی خۆپیشاندەرانی بەغدا لە ساڵی 2015 لە سەرووی پەنجا ساڵ بوو، بەڵام هی ئێستا زۆرینەی خۆپیشاندەران تەمەنیان 17 تا 18 ساڵە، واتا زۆربەیان جگە لە دەسەڵاتی خۆماڵی دوای 2003 هیچی تریان لەبارەی ڕژێمی بەعس لەبیر نییە تا دەسەڵات بەچاویاندا بداتەوە.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەم شەپۆلی خۆپیشاندانەی دەوروبەرمان ئەگەری ئەوەی هەیە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە؟ هەرچەندە جۆرێک لە جیاوازی هەیە لە بەراوردکردن لەنێوان دۆخی خزمەتگوزاری و ئاساییش و ئارامی لە هەرێمی کوردستاندا بەراورد بە بەغدا و پارێزگاکانی تری ئێراق کە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە لە دۆخێکی خراپدان.
لەلایەکی ترەوە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێز نییە بتوانێت خەڵک بهێنێتە سەر شەقام و جێگای باوەڕی ئەوان بێت، بە تایبەت دوای ئەوەی #بزووتنەوەی گۆڕان# بڕیاری دا بچێتە ناو حکومەت و دواتریش ئەوەی پێیدەگوترا نەوەی نوێ، بە جۆرێک کۆتایهات کە خەڵک ئەستەمە باوەڕ بە بزووتنەوەیەکی سیاسیی تر بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدا. بەڵام لە هەمان کاتدا فاکتەری تریش هەن کە وامان لێدەکەن بڵێین ئەگەری ئەوە هەیە ئەم شەپۆلی خۆپیشاندانە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
کابینەی نۆیەم جۆرێک لە ئومێدی سیاسی بە کەسانێکی زۆر بەخشیوە کە کۆمەڵێک چاکسازیی ڕیشەیی ئابووری و سیاسی بکات، بەڵام ئەمە دەبێت هاوکات بێت لەگەڵ گرتنەبەری کۆمەڵێک هەنگاوی بوێر کە لە کارنامەی حکومەتدا بەڵێن دراوە جێبەجێ بکرێن. دەبێت ئەو بەڵێنانە هەندێک دەرئەنجامی بەرجەستە و دیاریان لێبکەوێتەوە و کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئاستی گوزەرانی خەڵک. بۆ نموونە پڕۆژەیاسای چاکسازی دەبێت تا زووە جێبەجێ بکرێت و دەرئەنجامەکانیشی لە ڕاگەیەندن پیشانبدرێت بۆ ئەوەی خەڵک بزانن بەکوێ گەیشتووە و کێ ڕێگری لێدەکات.
لەڕاستیدا کابینەی نۆیەم لە تەمەنی سەرەتایدایە، بەڵام تا زووە دەبێت دەرئەنجامی کۆمەڵێک چاکسازی و پێداچوونەوە بە فۆرمی کارگێڕی و یاسایی بۆ خەڵک بەیان بکات بۆ ئەوەی خەڵک بزانن چی کراوە و چی دەکرێت لە ئاییندەدا. بۆ ئەم مەبەستە زەروورە سەرۆکی حکومەت هەر شەش مانگ جارێک، یان دوای تەواوبوونی ساڵێک لە کابینەکەی لە ڕێگای میدیاوە دەسکەوت و کارەکانی خۆی لەو ماوەیەدا بۆ خەڵک بەیان بکات. لەوانەیە تا ئێستا کۆمەڵێک شتی گرنگ کرابن، بەڵام هاووڵاتی سادە نازانێت و ئاگاداری نییە، بۆیە پێویستە دەسکەوتەکان بە خەڵک نیشان بدرێن، بۆ ئەوەی خەڵک ئومێدی هەبێت بە هەنگاوەکانی داهاتووش.
فاکتەری دووەم کە وادەکات خۆپیشاندان هەرێمیش بگرێتەوە، ئەوەیە کە بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەرچی ئێستا بەشێکی گرنگن لە حکومەت، بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لەسەر خودی ناڕەزایی بەرەنگاربوونەوەی حکومەت درووست بووە و گەشەی کردووە، بۆیە مەرج نییە و هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە تاسەر لەگەڵ حکومەت بێت، بە تایبەت ئەگەر دەرفەتێکی سیاسی لەباری بۆ بڕەخسێت و زەمینەی خۆپیشاندان لەبار بێت بێ دوودڵی بەرەی ناڕەزاییەکان هەڵدەبژێرێت، چونکە ئەو سەرمایە سیاسییەی گۆڕان لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان دەستیدەکەوێت، هەرگیز لەناو حکومەتدا دەستی ناکەوێت. بە تایبەت ئەگەر پڕۆژەی چاکسازی تووشی بەربەست بێت پێدەچێت گۆڕان قسەیەکی تری هەبێت. ئەوەی لەو ماوەیەدا چاودێریی بەشێک لە وتاری سیاسی سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و میدیای گۆڕانی کردبێت، دەتوانێت هەست بە جۆرێک لە نەشئەی کەشی خۆپیشاندانەکانی دەوروبەر لە وتاری ئەو بزووتنەوەیەدا بکات.
فاکتەرێکی تر کە وادەکات ئەو چوار سەڵە بەئارامی تێنەپەڕێت و هەرێمی کوردستان گەڕێکی دیکەی خۆپیشاندان بەخۆیەوە ببێنێ، بریتییە لە ململانێی باڵەکانی ناو یەکێتی، بە تایبەت لە ئانووساتی کۆنگرەدا ئەگەر کێشەیەک درووست بێت، دەکرێت کاریگەریی لەسەر ئیلتیزاماتی یەکێتی هەبێت لەناو حکومەتدا. ئەمە جگە لەوەی کە تا ئێستا کۆمەڵێک پرسی هەڵپەسێردراو لەنێوان یەکێتی و پارتیدا ماون دەتوانن پەیوەندییەکان گرژ بکەنەوە.
هەڵبەتە نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە تا ئێستاش بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی وای دەبینن هاوسۆزیی جەماوەری خۆیان زیاتر لە ڕێگای دژایەتی و بەرهەڵستیی حکومەت و پارتییەوە کۆدەکەنەوە نەک پارێزگاریکردن لە حکومەت و هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتی. بەتایبەت ئەو گرووپەی یەکێتی کە لەڕووی سۆشیال میدیاوە زۆر ئەکتیڤن و زۆر جاریش وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان نمایش دەکەن. بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەمانە، هیچ دوور نییە شەپۆلی ناڕەزایی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە. [1]