$کێ لە پشت بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە؟$
#زوبێر رەسوڵ#
#12-03-2020#
هەر زوو دوای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەڵکێکی زۆر بە شارەزاو ناشارەزاوە، پرسیاری ئەوەیان لا درووستبووە کە لایەنێکی دیاریکراو لە پشت بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بێت.
نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان بەڵکوو لەسەر ئاستی جیهانیشدا دەنگۆی ئەوە هەیە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە فۆرمێکی تازەیە لە ململانێی زلهێزەکان بۆ لاوازکردنی هەژموونی یەکتری، بۆ ئەم مەبەستەش ناوی هەر یەکە لە چین و ئەمریکا دێت. بەشێک لە خەڵک هەتا سیاسییەکانیش دەڵێن ڤایرۆسەکە درووستکراوی ئەمریکایە بۆ لێدان لە ئابوورییە بەهێزەکەی چین. بۆچوونێکی تریش هەیە کە درووستکردنی ئەم ڤایرۆسە لە تاقیگە زانستییەکانی چین دزەی کردبێت و دواتریش لە کۆنترۆڵ دەرچووبێت.
هەڵبەتە خەڵک ناحەقی نییە کە بە نییەتی پلانگێڕی سەیری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکات، چونکە ئەگەر بە مێژووی ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیاکاندا بچینەوە تا ئێستا چەندان هەوڵ هەبووە بۆ بەکارهێنانی بەکتریا و ڤایرۆسەکان وەک چەکێکی جەنگی. لەسەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم ئەڵمانیای نازی هەریەکە ئەنتراکس و گلاندەرس، کۆلێرای وەک چەکێکی جەنگی دژی ڕووسیا بەکارهێناوە. بەهەمان شێوە یابانییەکانیش لە جەنگی جیهانی دووەم لە تاقیگە بایۆلۆژییەکانیان چەندان میکرۆبیان بەرهەمهێناوە بە مەبەستی بەکارهێنانی لە دژی چین. ئەمریکاش چەندان تاقیگەی تایبەتی جەنگیان هەیە بۆ درووستکردنی ئەو جۆرە ڤایرۆسانە.
ئەگەر بە مێژووی ئەم جۆرە دەرد و پەتا جیهانییانەدا بچینەوە چەندان نموونەی گومانخستنە سەر لایەنی تر لە ئارادان. لە ساڵی 1918 کە ئەنفلۆنزای ئیسپانی بڵاوبووەوە گومانی ئەوەی لێکرا کە لەلایەن دەزگای هەواڵگری ئەڵمانییەوە بڵاوکرابێتەوە. لە 2004 هیندستان، پاکستانی بەوە تاوانبار کرد کە بەناوی جیهاد خەریکی بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسی HIV ین لە کشمیر. کاتێکیش کە لە 2008 ئەنفلونزای باڵندە بڵاوبووەوە وەزیری تەندرووستی ئەوکاتی ئەندەنووسیا ئەمریکای بەوە تاوانبار کرد کە سامپلی ڤایرۆسەکە بۆ درووستکردنی چەکی بایۆلۆژی بەکاردەهێنن، بۆ ئەم مەبەستەش هەستان بە ڕاگرتنی گشت چالاکییەکانی تیمی توێژینەوەی پزیشکی دەریایی ئەمریکای لە جاکارتا.
ئەوەی تایبەت بێت بە ڤایرۆسی کۆڤید-19، دەتوانین بڵێین کە لە ڕووی زانستییەوە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نییە کە ئەم ڤایرۆسە درووستکراوی هیچ لایەنێک بێت، واتا هیچ بەڵگەیەک پشتڕاستی ئەو تیۆرە پلانگێڕیە ناکاتەوە کە ئەو ڤایرۆسی دەستکردی لایەنێکی بێت لە دژی لایەنێکی تر. زاناکان دەڵێن ڕێگای تێناچێت کە جینەکانی ئەو ڤایرۆسە لە درووستکراوای مرۆڤ بێت، نەک هەر ئەوە بەڵکوو ئەستەمە هیچ وڵاتێک بتوانێت ڤایرۆسێکی بەو جۆرە جیناتە درووست بکات.
بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەقۆسترێتەوە بۆ مەرام و ئامانجی سیاسی، بە تایبەتیش لای زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، ڕووسیا و چین، بۆ تۆمەتبارکردنی یەکتری. بۆ نموونە (ستیڤن بانەن) ڕاوێژکاری باڵای پێشووی سەرۆک ترەمپ، هەر زوو چینی بەوە تاوانبار کرد بەوەی کە ڤایرۆسەکە لە تاقیگەکانی وڵاتی چین درووستکرابێت و دواتریش دزەی کردبێت و بڵاوبوبێتەوە.
دوای ئەویش سیناتۆری کۆماریەکان (تۆم کۆتۆن) ئەگەری ئەوەی خستەڕوو کە ڤایرۆسەکە لە تاقیگە بایۆکیمیاییە ئاساییشییە باڵاکانی (high-security biochemical lab) شاری وهان دیزاینکرابێت و لە کۆنترۆل دەرچووبێت. بەشێکی زۆری ئەم دیدگایە لە ڕاستیدا پەیوەندی هەیە بەو دەنگانای کە خەریکە ڕۆژبەڕۆژ زیاددەبن لە ئەمریکا و ئەوروپادا بە لێدان لە هێز و پێگەی چین، دواتریش وێناکردنی وەک هێزێکی مەترسیدار بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە جیهاندا، کە زیاتر پڕوپاگەندەکانی سەردەمی جەنگی ساردمان بیردەخەنەوە. بۆ نموونە هەر یەکە لە ڕۆژنامە دیارەکانی دەیلی مەیلی بەریتانی و واشنتن تایمسی ئەمریکی دەنگۆی ئەوەیان بڵاوکردۆتەوە کە ڤایرۆسی کۆڤید-19 درووستکراوە و بەشێکە لە پرۆگرامی جەنگی بایۆلۆژی کۆماری چین.
لەسەر ئاستی وڵاتی چینیش دیسان ڕایەک کە زۆر بەربڵاوە ئەوەیە کە ئەم ڤایرۆسە سەربازە ئەمریکییەکان لەگەڵ خۆیان هێنابێت بۆ بازاڕی خواردنە دەریاییەکانی هونان ( Hunan Seafood Market) کاتێک کە بەشداریان کردووە لە یاریە سەربازییەکانی 2019 کە لە شاری وهان ئەنجامدرا.
هەڵبەتە دوور نییە چەند وڵاتێکی تریش وەبەرهێنانی سیاسی لەو دۆخە بکەن بۆ داپۆشینی شکستیی ڕژێمەکانیان، بۆ نموونە کۆماری ئیسلامی ئێران کە یەکێک لە وڵاتە هەرە شکستخواردووەکانە لە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە، لە ڕێگای چەند دەزگایەکی میدیایی لە ناوەوەی ئێران وا پیشانی ڕای گشتی دەدەن کە ئەمە دەستی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە پشتبێت.
لە ناوخۆی کوردستانیش دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەم ڤایرۆسە درووستکراوی ئەمریکایە بۆ شکستپێهێنانی ئابووری چین. لە ڕاستیدا ئەم ڕایانەی دەوترێن هیچ بەڵگەیەکی زانستی و ئاشکرایان لە پشت نییە تەنیا دەنگۆی سیاسین. ئەگەری درووستکردن و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆس لە ڕێکخراوێکی تیرۆرستییەوە نزیکترە تا لە دەوڵەت. چونکە ئەگەری کۆنترۆلکردنی زۆر لاوازە و هیچ گەرەنتییەک نییە کە دەوڵەتی درووستکەر بە سەلامەتی لێیدەرچێت. دواتر پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیانەی ئێستای جیهان بەرژەوەندی هەموو وڵاتانی تا ئاستێکی زۆر بەیەکتر بەستووەتەوە. ئێستا ڤایرۆسەکە خەریکە هەڕەشە لە خودی ئەمریکاش دەکات و لە هەندێک ویلایەت باری نائاسی ڕاگەیێندراوە.
هۆکارێکی تری ئەوەی کە ڤایرۆسەکە دەستکرد نییە ئەوەیە کە کاریگەریی ئەم ڤیرۆسە تەنیا لەسەر یەک ئابووری دیاریکراودا نییە، بەڵکوو لەسەر تەواوی ئابووری جیهانە. بەپێ توێژینەوەیەکی زانکۆی نیشتمانی ئوسترالیا ئەم ڤایرۆسە بەلای کەمی زیانی2.3 بلیۆن دۆلار بە ئابووری جیهان دەگەیێنێت، کە لە ناویاندا جگە لە ئابووری چین وڵاتانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرنسا و ئەڵمانیاش لە ڕیزی پێشەوەن. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش زیانی زۆر بەر ئابوورییان دەکەوێت بە تایبەت ئەووڵاتانەی لە دابینکردنی بودجەدا پشتی سەرەکی دەبەستن بە فرۆشتنی نەوت و گاز.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو هۆکارانەی ئاماژەمان پێدان، ئەگەری درووستکردنی ڤایرۆسەکە لەلایەن وڵاتێکی دیاریکراوە وە زۆر لاوازە، بە تایبەت ئەگەر مەبەستی بڵاوکردنەوەکەی ڤایرۆسەکە بە ئەنقەست بووبێت. بەڵام لەهەمانکاتدا پرسیاری زۆریش هەن لەبارەی ڤایرۆسەکە کە تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە. [1]