$وەرچەرخانێک لە بوونیادی نوخبە و دەسەڵات لە ئێراقدا$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#01-04-2020#
یەکێک لەو بوارانەی کە کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی بە تایبەتیش لە وڵاتانی پێشنەکەوتوو یان جیهانی سێیەم پرسی دەستەبژێر (élite) یان نوخبەی سیاسییە. لە بەشی هەرە زۆری ئەو وڵاتانە نوخبەی سیاسی گرووپێکن کە لە ڕێگەی شەرعیەتی شۆڕشگێری یان کودەتای سەربازی یان پاڵپشتی دەرەکی هاتوونەتە سەر دەسەڵات و بەشێکی زۆریشیان تا ئێستاش هەر لە دەسەڵاتدان. ئەگەر چی ئەوەی لە بەهاری عەرەبی ڕوویدا تووڕەبوونێکی جەماوەری سەرتاسەری بوو بۆ تێکشکاندنی ئەو جمودە نوخبەویە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هەوڵەش سەرکەوتوو نەبوو بۆ تێکشکاندنی ئەو بەستەڵەکە نوخبەیەی کە لە شەست و حەفتاکانی سەددەی بیستەمدا لە وڵاتانی عەرەبی و ئێران دەستیان بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا گرتووە.
ئەگەرچی ئەمریکییەکان لە 2003 کۆتاییدان بە دەسەڵاتی نوخبەی بەعس هێنا کە زیاتر لە سێ دەیە بوو کۆنترۆڵی دەسەڵات و هەموو فەزای گشتی کردبوو، بەڵام بە گۆڕینی بە نوخبەیەکی تر کە لە زۆر ڕووە و کەمتریان لە ڕژێمی سەددام بە ئێراق نەکرد، بە جۆرێک کە لە ڕووی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، ئابووری، وەبەرهێنان، سەروەری یاسا و لێپێچینەوە..تاد ئێراقی بەعس زۆر باشتر بوو.
نوخەبەی سیاسی لە ئێراقی نوێدا ئەو پارت و لایەنە سیاسییانە دەگرێتەوە کە بەشێک بوون لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕژێمی بەعسی پێشوو لە حەفتا و هەشتاکاندا. لە دوای 2003 ئەو نوخبە سیاسییە لە ڕێگەی هاوکاری دەرەکی واتا ئەمریکییەکانەوە هاتن بۆ سەر کورسی دەسەڵات و بە تایبەتیش لە ڕێگەی شەرعیەتی دژایەتیکردنی ڕژێمی بەعس و ئایدۆلۆژیای مەزهەبگەرییەوە دەسەڵات و پڕۆسەی سیاسی و ئابووریان کۆنترۆڵکرد. بەڵام ئێستا دوایی زیاتر لە 15 ساڵ ئەو نوخبە سیاسییە ڕۆژبەڕۆژ تووشی داخورانی شەرعیەتی سیاسی ناڕەزایی جەماوەری دەبێت، ئەمە بە ئاشکرا لە ڕێژەی بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 دیارە کە سەرەڕای سەرپێچییەکان 44% تێپەڕی نەکرد. ئەو دۆخە ئێستا خەریکە لێکەوتەکانی لە پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی ئێراقدا دەردەکەون.
ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراق گوزارشتی تەواو لە تێکشکانی شەرعیەتی سیاسی و مەزهەبی ئەو نوخبە سیاسیەی ئێستا دەکات. ئەم تێکشکانە نوخبەیە سەرەتا لە ناو ماڵی شیعەکان دەستی پێ کرد. ئێستا نەوەیەکی سیاسی گەنج لە ئێراق بەڕێوەن کە کەمتر کۆنەپارێز و زۆرتر لیبڕالن، لەو دۆخە ناهەموارەی ئێستای ئێراقدا پێگەیشتوون و پەروەردە بوون، لەبەرانبەر ئەو نەوەیەی کە لەدەرەوە و لەژێر کاریگەریی سیاسی و ئایدۆلۆژی و دەستەمۆی هێزی دەرەکی پێگەییون.
ئەم نەوە تازەیە بە بەراورد بەو نوخبەیەی لە 2003 هاتنەوە ئێراق زیاتر بەسەر دونیای دەرەوە کراوەتەوە و هۆشیارە کە لە دونیادا چی دەگوزەرێت. ئەم جیلە ئێستا نزیکەی 40% بۆ 45%ی دانیشتووانی ئێراق پێکدێنن کە زۆرینەیان بریتین لە دەستی کاری بێکار، زۆربەیان لەبەر هۆکاری شەڕی مەزهەبی تائیفی خوێندنیان جێهێشتووە. ئەگەرچی سەرچاوەی سەرەکی هێزی نوخبەی سیاسیی شیعەکان لە ئێراقدا تا 2018 ئێران بوو. بەڵام بەپێی تازەترین ڕاپرسی ڕێژەی شیعەکان کە ئێران وەک دۆستێکی باوەڕپێکراو دەبینن لە دوای 2003 بۆ نزمترین ئاست بەڕێژەی 15% دابەزیوە.
ڕێژەی جەماوەری سەرکردە سیاسییە شیعەکانیش لە 2014 تاوەکوو ئێستا بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە. ئەمەمان بە ئاشکرا بینی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەی ئێراق. هەڵبەتە ئێرانیش دەرکی بەو کێشەیە کردووە بۆیە لە دوای کوژرانی قاسم #سلێمانی# تاوەکوو ئێستا چەندجار سەردانی بەغدایان کردووە بۆ ناوبەندیکردنی لایەن شیعەکان بۆ ئەوەی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش کۆکبن بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.
لە ڕاستیدا بەشێکی زۆری ئەو تیۆرانەی تایبەتن بە بزاڤە ناڕازییەکان (الحرکات الاحتجاجیە) لەسەر ئەوە کۆکن کە ناڕەزاییەکان پەیوەستن بە فاکتەرەکانی شەکەتبوونی یان پیربوونی بوونیادی (structural strain) کە ئەمەش لە بنەڕەتدا دەرەنجامی ناکارایی بوونیادە کۆمەڵایەتیی سیاسییەکانی دەسەڵاتی سیاسییە کە چیتر ناتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە خێراکان هاوشان بن.
ئەوەی کەلێنی نێوان بزاڤە ناڕازییەکان و دەسەڵات فراوانتر دەکات زیادبوونی داخوازی خەڵکە لە لایەک، لەلایەکەی تریشدا بێتوانایی سیستمی سیاسییە لە وەڵامدانەوەیان. هەڵبەتە، چەند فاکتەرێک هەن لە ئێراقدا کە بۆشایی نێوانی دەسەڵاتی سیاسی و خەڵک تاوەکوو دێ فروانتردەکەن، بە تایبەت زیادبوونی خێرای ڕێژەی دانیشتووان و لە ناویشیاندا زیادبوونی ڕێژەی گەنجان، لەبەرانبەریشدا دەستەوەستانی سیستمی سیاسی و ئابووری کە وەڵامی ئەو گۆڕانکارییانە بداتەوە. ئەمەش لە ئەنجامدا سەردەکێشێت بۆ زیادبوونی ڕێژەی بێکاری ڕادەبەدەر.
بەپێی ئامارێکی نوێ، ئێستا بێکاری لەناو گەنجانی ئێراقدا گەیشتووەتە لە 60%، ئەمە جگەلەوەی نزیکەی 35%ی ئێراقییەکان ئێستا لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. ئەمەش بەهۆی ئەو گەندەڵیانەی کە تەواوی بوونیادی سیستمی سیاسی ئابووری وەبەرهێنانی گرتووەتەوە. دابەزینی ئەم دوایەی نرخی نەوتیش ئەو دۆخە زۆر خێراتر دەکات کە پێشتر پاڵپشتێکی بەهێزبوو بۆ داپۆشینی ئەو قەیرانە سیاسیی و ئابووری و هەروەها ناڕەزاییە جەماوەرییەکانیش. ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی پاشەکشێکردنی دامەزراوە سیاسییەکان کە لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاووڵاتییان دامەزراون، لە ئەنجامی لەکارکەوتنی دامەزراوەکانی دەوڵەتیش خەڵک ناچارە کرداری سیاسییان بگوازنەوە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان، دواتریش داگیرکردنی بواری گشتی. ئەو قەیرانە سیاسیەی ئێستای ئێراق پێیدا تێپەڕدەبێت ڕێک ئەو دۆخەیە. ئەگەرچی ئێستا لەبەر ڕێکارەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ناڕەزاییەکان نەماون، بەڵام ئەوە ناتوانێت توانەوەی شەرعیەتی نوخبەی سیاسی ڕابگرێت.
ئەم نەوە تازەیە چیتر ناتوانرێت لە ڕێگەی درووشمی مەزهەبی و شەرعیەتی دژایەتیکردنی بەعس و وڵاتانی دراوسێ هانبدرێن، لە هەمانکاتیشدا دەتوانن بەشێوەیەکی باش خۆیان ڕێکبخەنەوە و قەیران بۆ دەسەڵاتی سیاسی درووستبکەن. ئەزموونی خۆپێشاندانەکانی نۆڤەمبەری 2019 ئەوەی سەلماند کە ئەم نەوە گەنجە لە توانایاندا هەیە قەیران بۆ دەسەڵاتی سیاسی درووستبکەن. باشترین نموونەش ناچارکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بوو بە دەستهەڵگرتن لە دەسەڵات. نەک ئەوە بەڵکوو کاریگەرییەکی وایان درووستکردووە کە تاوەکوو ئێستاش نەتوانرێت کەسێکی گونجاو بۆ سەرۆکایەتی حکومەت بدۆزرێتەوە.
ئێستا ئێراق لە بەردەم ململانێی نەوەی نەیارانی ڕژێمی بەعسی پێشوو کە داوای چاکسازیی لەناو سیستمەکە دەکەن لەگەڵ نەوەی نوێی ناڕەزاییەکان کە داوای هەڵوەشانەوەی کۆی سیستمەکە دەکەن. هەڵبەتە ئەگەر نەوەی تازە (شیعەکان) نەشتوانن لەو قۆناخەدا ئەو نوخبە سیاسەی دوای 2003 تێپەڕێنێت، بەڵام نوخبە کۆنەکە ناچار دەکات کە هەماهەنگی لەگەڵ ئەو نەوە تازەیە بکات.
پێشنیازکردنی محەمەد عەللاوی دوای ئەویش عەدنان زورفی تا ڕادەیەک بەندە بەو دۆخەوە. واتا بە گۆرانی بوونیادی نوخبە و پڕۆسەی سیاسی لە ئێراقدا کە ئێستا بە قۆناخی ململانێی دوو نەوەی جیاوازدا تێدەپەڕێت. لە دەرەنجام دەتوانین بڵێین کە بزاڤە ناڕازییە نوێکان دیاردەیەکی سیاسی تازەیە لە ئێراقی دوای 2003، گوزارشت لە وەرچەرخانێکی سیاسی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری قوڵ دەکات لە بوونیەی دەسەڵاتی سیاسی ئێراقی دوای 2003، ئەم دۆخە نوێیە خەریکە هۆشیاریەکی سیاسی و ڕۆشنبیری جیاواز درووستدەکات لەگەڵ پێشخۆی، کە لە ئاییندەدا کاریگەریەکانی زەقتر دەردەکەون بەسەر پڕۆسەی سیاسی لە ئێراق و هەرێمی کوردستانیشدا. [1]