$تورکیا چی لە هەرێمی کوردستان دەوێت؟$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#22-06-2020#
پەیوەندیی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 1992 تا ئێستا بە چەندین قۆناخی جیاوازدا تێپەڕیوە، بەڵام ئەوەی لە گشت قۆناخەکانی پەیوەندیی هەردوولادا جێگیرە و نەگۆڕاوە ئەو بنەمایەیە، کە تورکیا تا ئێستاش هەرێمی کوردستان وەکوو پرسێکی ئاساییشی دەبینێت بۆ تورکیا کە لە بنەڕەتدا پەیوەندیدارە بە ڕوانینی تورکیا بۆ کێشەی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەشکراوە.
هەڵبەتە قۆناخی دووەمی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان (2008-2017) تاڕاددەیێکی زۆر ئەو باوەڕەی لای سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و بەشێکیش لە سیاسەتمەدارانی تورک درووستکرد کە ئیتر تورکیا ئەو گرێ سیاسی و ئاساییشیەی تێپەڕاندووە کە پێشتر لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێڕەوی دەکرد، تا ئەو ئاستەی کە ئەگەر کورد سەربەخۆییش ڕابگەیێنێت تورکیا چاوپۆشی لێ دەکات، بەڵام ئەم تێگەیشتنە درووست نەبوو، چونکە لەڕاستیدا ئەو فاکتەرەی پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان ئاڕاستە دەکات فاکتەرێکی ئابووری نییە بەڵکوو فاکتەرێکی ئاساییشی و نەتەوەییە، واتە ئەو بنەمایەی کە خودی دەوڵەتی تورکیای لەسەر بنیاتنراوە، کرۆکی ئەو فاکتەرەش مەترسیی پارتی کرێکارانی کوردستانە - #پەکەکە#. بە جۆرێک لەوانەیە زیادەڕۆیی نەبێت گەر بڵێم تورکیا هەرێمی کوردستان لە چاوی پارتی کرێکاران و کێشەی کورد لە تورکیا دەبینێت. لە چەندان وێستگەدا تورکیا هەرێمی کوردستانی بەکارهێناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ کورد لە باکووری کوردستاندا.
سەرەتا وا باشە ددان بەوەدا بنێین کە پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بژاردەیەک نییە تا هەردوولا بە ئارەزووی خۆیان هەڵیانبژاردبێت، چونکە سەرەڕای بوونی دەستکەوتی باش، بەتایبەت سەقامگیریی سیاسی بۆ هەردوولا، بەڵام لە هەمانکاتدا پەیوەندییەکانیان تێچووی سیاسیشیان هەیە بۆ هەردوولا. سەبارەت بە تورکیا، تێچوونەکەی ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە تورکەکان بازرگانی و پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ هەرێم بە مەترسییەک دادەنێن کە لە ئاییندەدا وەکوو مەترسیی ڕووبەڕووی ئاساییشی نەتەوەییان دەبێتەوە. بۆ نموونە یەکێک لە ئەفسەرەکانی هێزی ئاسمانیی تورکیا مەسعود هاکی کاسین لە 2005 وتی، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات لە ماوەی 10 ساڵدا کوردی ئێراق دەبنە خاوەن سوپا و هێزێکی ئاسمانیی هاوشێوەی ئیسرائیل، دواتریش داوای چەند بەشێک لە خاکی تورکیا دەکەن.
بۆ هەرێمی کوردستانیش، پەیوەندی لەگەڵ تورکیا سەرەڕای دەستکەوتی ئابووری و سیاسی، بەڵام پەیوەندییەکان باجی سیاسی زۆریشی تێدایە، چونکە بەشێکی بەرچاوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەشێکی زۆریش لە پارتە سیاسییەکانی، پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا وەکوو خیانەتێک لە پرەنسیپە نەتەوەییەکان سەیردەکەن؛ بە جۆرێک کە مەبەستی سەرەکیی تورکیا لە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی تورکیا و لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستانە. ئەم بۆچوونە لەوانەیە هەندێک ڕاستیی تێدابێت، بەڵام ڕاستییەکی دیکەش هەیە کە بەبێ بوونی لێکتێگەیشتنێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، ئەستەمە سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان بێتە کایەوە، هەڵبەتە ئەوە بۆ ئێرانیش ڕاستە، چونکە لەدوای ڕاپەڕینەوە مانەوەی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی باش پەیوەستبووە بەو هاوسەنگییەی کە هەرێمی کوردستان لەنێوان تورکیا و ئێراندا درووستیکردووە.
بەڵام لەدەرەوەی ئەو ڕوانینەی باسمانکرد، چەند ڕاستییەکی دیکەش هەیە کە نابێت نادیدەی بگرین لە پەیوەندییەکانی هەردوولادا، ئەویش ئەوەیە کە تا ئێستا هەرێمی کوردستان نەچووەتە ژێرباری هەمانگیکردنی سەربازیی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر پەکەکە. لە ساڵی 2007 تورکیا 100 هەزار سەربازی هێنایە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە پاساوی هێرشکردنە سەر پارتی کرێکاران. تورکیا گوشاری زۆریشی خستەسەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هاوکارییان بکات لە دژی پارتی کرێکاران، ئەنقەرە دەیەویست بە پاڵپشتیی ئەمریکا دەرفەتێکی لەو جۆرە بڕەخسێنێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش گوشاری لە هەرێمی کوردستان دەکرد کە هاوکاریی تورکیا بکەن بۆ دەرکردنی پەکەکە لە سنووری هەرێمی کوردستان. هەر بۆ ئەم مەبەستە کۆندۆلیزا ڕایز لە 23ی ئۆکتۆبەر ئەوەی دووپاتکردەوە کە ئەوان کاردەکەن لەگەڵ دۆستە ئێراقی و تورکەکان بۆ بەدرۆخستنەوەی مەترسیی تیرۆری پەکەکە لە باکووری ئێراق، کە ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکارییەکی زۆر هەیە.
هەر بۆ ئەم مەبەستە دەیڤد ساتەرفیڵد، ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (ستەیت دیپارتمێنت) David) Satterfield) لە 23ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ ئەوەی ڕاگەیاند کە ئەوان هەوڵی زۆرتریان لە هەرێمی کوردستان دەوێت بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە، ئێمە خۆشحاڵ نین بە نەبوونی هیچ کردارێک (We are not pleased with the lack of action) لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، بێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە کە مەبەستیان چ جۆرە کردارێکە، بەڵام لەڕاستیدا هەرێمی کوردستان ئامادە نەبوو ئەو هاوکارییەی تورکیا بکات. بۆیە وەکوو بیل پارک دەڵێت: دواجار پرسی ڕیفراندۆم دەریخست کە نە بارزانی ئەو هاوکارە ستراتیجییە بوو کە تورکیا چاوەڕێی دەکرد، نە تورکیاش ئەو دۆستە بوو کە هەرێمی کوردستان چاوەڕێی دەکرد.
پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەگەرچی لەدوای 2017 جۆرێک لە پێداچوونەوەیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام گۆڕانی زۆری تێنەکەوتووە. پێداچوونەوەکە گەر هەشبێت ئەوەیە کە تورکیا لەمەودوا قەبارەی بازرگانی و وزەی چەندە زۆریش بێت لەگەڵ هەرێم، بەڵام پرسی کورد و ئاساییشی تورکیا لە سەرووی ئەو پەیوەندییانە دەبینێت. بە مانایەکی دیکە، تا ئێستاش ڕوانینی تورکیا ڕەهەندە ئاساییشیەکەی (Securitizing) تێنەپەڕاندووە، یەکپارچەیی خاکی ئێراق لە پێشینەی ئەجیندای پەیوەندییەکانی تورکیایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان. واتە تورکیا وەکوو جاران هەموو هێلکەکانی ناخاتە سەبەتەی هەرێمی کوردستان، بەڵکوو هەوڵدەدات باڵانسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بپارێزێت. نەک هەر ئەوە بەڵکوو لەو قۆناخەدا بەغداش بەکاردەهێنێت بۆ گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان، ئەگەر پێویست بکات. تورکیا بێهیوابووە کە هەرێمی کوردستان ئیدی لەڕووی سەربازی هاوکاری تورکیا ناکات بۆ لێدانی پەکەکە، چونکە ئەمە بۆ ڕەوایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پرسە ناوخۆییەکان جۆرێکە لە خۆکوژیی سیاسی. بۆیە ئەمجارەیان ڕوودەکاتە بەغدا بۆ ئەم مەبەستە، بێگومان ئەوەش بێ هاوکاری ئێرانییەکان نابێت. سەرەتای ئەم هەماهەنگییەی ئەنقەرە و تارانیش لەو هێرشانەی ئەو دواییەی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان و پارتی کرێکاران بە ئاشکرا دیاربوو. نەک هەر ئەوە، بەڵکوو ئەگەر دووربینانە بڕوانین لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیشدا نییە کە پارتی کرێکاران لەناوبچێت یان نەتوانێت مەترسی لەسەر تورکیا درووستبکات. ئەگینا تورکیا ئەو جارەیان سەردەخاتە سەر هەرێمی کوردستان؛ بەڵام بوونی پارتی کرێکاران ڕێگەی ئەو دەرفەتەی بۆ تورکیا نەهێشتووەتەوە.
هەرچۆنێک بێت ئەنقەرە پێویستی بە پەیوەندیی باشە لەگەڵ #هەولێر# و بەغدا، لەبەر زیاتر لە هۆکارێک، چونکە سەقامگیریی ئێراق تا ئاستیکی زۆر پەیوەستە بە سەقامگیریی پەیوەندیی بەغدا و هەولێر، لاوازبوونی هەولێر بەتایبەتیش واتە بەهێزبوونی پەکەکە و نەیارانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان؛ ئەمەش بێگومان لە بەرژەوەندیی تورکیادا نییە. تورکیا پێویستی بە هەماهەنگیی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی نەوت و گازی هەرێم و ئێراقیش بگوازێتەوە بۆ تورکیا و بازاڕەکانی جیهان، بەڵام پێدەچێت ستراتیجیی تورکیا لەمەودوا زیاتر کارکردن بێت لەگەڵ بەغدا تاوەکوو هەولێر. سەرۆکایەتیی نوێی هەرێمی کوردستان و حکومەتیش پێناچێت وەکوو جاری پێشوو هەموو هێلکەکانی خۆیان بخەنە سەبەتەی ئەنقەرە. ئەمە جگە لەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خەریکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ بەغدا و ئەوجارەیان دەیانەوێ سەرچاوەی پەیوەندییەکانیان فراوانتر بکەن، چونکە پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا تێچوونی سیاسیی زۆر کەمترە وەکوو لەگەڵ تورکیا و ئێران، ئەمە جگە لەوەی کە پەیوەندیی باش لەگەڵ بەغدا واتە پەیوەندیی باش لەگەڵ تارانیش. [1]