موزیکی مارشی سەربازی
#ئامانج غازی#
ئەگەر لەجەنگی دووەمی جیهانیدا تۆپەکانی هاوپەیمانان و شەڕکەران هەموو ئەوروپایان هەژاندبێ، ئەوا شاکارە موزیکییەکانی بتهۆڤن و تێۆدۆراکس توانیان بەتەنیا گشت جیهان بهێننە لەرزین و هەژان.
کاریگەریی موزیک بەسەر ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە بۆ ئەو پێگەشتنەی کە بەچاو نابینرێ و بەتەنیا گشت جیهان بەزەڕەبینیش سەیری ناکرێ.
مەبەستمان لەم پێشەکییە ئەوەیە کەدەبێ حکومەتی کوردستان بۆ بەدەنگەوە هاتنێکی خێراو هەنگاوێکی هەنووکەیی و بەپەلە بۆ وەزارەتی ناوخۆ بهاوێژێ بۆ ئەوەی ئەم وەزارەتە بتوانێ بەشێکی زیندوو لە کۆلێژو ئامادەیی پۆلیس کە ئێستا دەرگاکانی واڵان بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بخاتە بەر ئەزموون و وەگەرخستنەوە و بووژانەوە و ڕێکخستنی کاروانی سەربازی و پۆلیسی و هەموو ئەو دەزگایانەی بۆنی باروتیان لێدێت.
ئەم کۆلێژانە پێویستییان بە موزیکێک هەیە گڕوتین وجۆش و کڵپە لە گیانیان بەربدات و دەروونی تینوو بەرەو ئەو ئاسۆیە ببات کە فیداکاری تیایدا دەگاتە ئەو پەڕی پلەی خۆبەخت کردن لەپێناو دوو شت، یەکەمیان (خاک) و ئەوی تریان بۆنی ئەو سرووشتەی کە (خاک) سەرچاوەکەیەتی.
هەڤاڵینە…. کۆلێژو ئامادەیی پۆلیس ئەمڕۆ پێویستی بە و کەلوپەل و ئامێرە موزیکییە سەرەتاییانەیە کە بەیانیان دەبنە سەرقافڵەی ئەو سروودانەی کە لەگەڵ هزر و بیرو ئایدیاو ڕۆح و گیان ئاوێتە دەبن و مرۆڤ بەرەو ئەو کەنارە پڕ ئەمانە دەبەن کە هەرگیز خۆری پڕشەوقی نیشتمانی لێ ئاوا نابێ.
کەواتە کۆلێژی پۆلیس دەبێ بگاتە ئەو کارە زانستییە سەربازییە هونەرییەی کە خەڵک متمانەی هونەری پێ بکات بۆ ئەوەی چێژی موزیکیش لەگەڵ ویژدان و دەروون تێکەڵ و ئاوێتە ببێت و بۆنی خاکی پاش بارانیش تێکەڵ بە جۆش و خرۆشی موزیکی (مارش و ڕەزمە دڵگیرەکان) ببێ و لەبەر ئەوەی شارستانییەتی سەربازیش لە بەشەکانی تری ئاوەدانکردنەوە و هەڵکشانی نەتەوەیی دانەبڕێ و بۆ ئەمەش بە هەموولایەک دەس لە ململانێی گیان بەختکردن بین لەپێناو پاراستنی (کیان و گیان). [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!