$ڕیفراندۆمی شیعەکان$
#زکری موسا#
#01-11-2019#
لە بیست و هەشتی مانگی ئابی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کەسایەتی و هاووڵاتییانی شاری بەسرا سەردانی سەرۆک بارزانیان کرد. پێشتریش شاندی خەڵکی پارێزگاکانی باشووری ئێراق سەردانی سەرۆک بارزانیان کردبوو. ئەوان گلەیی زۆریان لە نەبوونی خەدەمات و گوزەرانی خەراپی خەڵکی هەبوو. سەیر لەوەدا بوو بەسرا کە دەوڵەمەندترین شاری جیهانە ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتووانی نەبوو. ئەوان زۆر بە ڕوونی باسیاندەکرد کە خەڵکی باشووری ئێراق چیدی تەحەمولی نەماوە.
خۆ هاووڵاتییانی باشوور لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا پەیامیان بە دەستەڵاتدارانی ئێراق دا. کەمترین ڕێژەی بەشداربوون تۆمارکرابوو و لە هەندێک شوێن لە 11% تێپەڕی نەکردووە. لەم بەشدارییە کەمە پێشبینیی ئەوە دەکرا کە ڕۆژێک بێت باشوور و بەغدا بەسەر سیستەمی سیاسی تاییفییەکەی ئێراقدا بتەقنەوە.
کە ڕژێمی پێشوو ڕووخا، بڕیار وا بوو ئێراقی نوێ ئێراقی فیدڕاڵی دیموکراتی بێت و تێیدا هەموو لایەک مافی پارێزراو بێت و دەستووریش حاکم بێت. بەڵام بینیمان لە بری ئەوە دەرگەی تۆڵەسەندنەوە لە سوننە و بێبەشکردنی کورد و پێشێلکردنی دەستوور کرایەوە و سیستەمێکی هەتا سەر ئێسقان فاسید و تاییفی خرایە سەر پێ و ئێراق بووە شوێنی دەستێوەردانی دەرەکی و تەڕاتێنی بەرژەوەندیی بیانییەکان.
ئەو ناڕەزایی و گرژییەی ئێستا لەناو شەقامی شیعەدا هەیە دە ساڵ بەر لە ئێستا لەناو شەقامی سوننەدا هەبوو کە بە هاتنی #داعش# شێوەکەی گۆڕا و دواجار بە ئاوارەبوون و ماڵوێرانی و ڕووخانی ئیرادەی سیاسیی سووننە کۆتاییهات و حەشد بوو بە حاکمی موتڵەقی جیۆگرافیای سوننە.
هەر لە سەرەتاوە کورد کێشەی لەگەڵ ئێراقی نوێدا هەبوو. دەستوور پێشێلکرا و چارەنووسی ماددەی 140 بە نادیاری مایەوە. کار گەییشتە ئەوەی دەستەڵاتدارانی بەغدا قووتی خەڵکی کوردستانیان بڕی. لووتکەی ناڕەزایەتیی کوردستان لە ئێراقی نوێدا خۆی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دیتەوە. لە بری گوێگرتن لەو ناڕەزایەتییە ڕەوایە، عەبادی بە حەماقەت و کەلەڕەقی وەڵامی دایەوە و بۆ ڕێگەگرتن لە ڕیفراندۆم پشتی بە گەلەکۆمەکێی ئیقلیمی و ناپاکی هەندێ کورد بەست.
ئێراقی نوێی فاسیدی تاییفی ڕێگەی سەرکوتکاری بۆ ناڕەزایەتیی کورد و سوننە گرتەبەر. ئێستا شەقامی شیعە لە چەشنی کورد و سوننە لە ئێراقە فاسیدە تاییفییەکە ناڕازییە. لە ڕاستیدا ئەوەی لە باشوور دەگوزەرێ ڕیفراندۆمی هاووڵاتییانی شیعەیە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز لە کورد. ئەوانیش وەک کورد و سوننە تەنگیان پێ هەڵچنراوە و ناتوان چیدی بەرگە بگرن. چیتر قسەی خۆش و نمایشەکانی موقتەدا و پەیامەکانی مەرجەعییەت و قسەی پاڵەوانانی سەرکوتکردنی سوننە و کورد شەقامی شیعی هێور ناکاتەوە. دەستێوەردانی دەرەکی و کۆدەتا و زەبروزەنگیش دادی ئەوانە نادات کە پازدە ساڵە دەستیان لە خەراپەکاری و گەندەڵی و تایفەگەریدا هەبووە.
ئێراقی نوێ پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەیە. داڕشتنەوەیەک کە وەڵامێکی واقعیانە و ڕاست و درووستی یاخیبوونی سووننەکان و ڕیفراندۆمی کوردستان و شۆڕشی شەقامی شیعە بداتەوە. ئەگەر هەر دەستکارییەک لە سیستەمی سیاسی و دەستووردا بکرێت پێویستە لە بەرژەوەندیی کورد و سووننە و شیعەدا بێت. هەر سێ پێکهاتە ئازار دراون و ناڕازین. ئەگەر هەوڵ بدرێت لەسەر حیسابی پێکهاتەیەک خەڵکی دیکە ڕازی بکرێت ئەوە ئێراق دەگەڕێتەوە چوارگۆشەی یەکەم و ئەم سووڕە بێکۆتاییە بەردەوام دەبێت. [1]