تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانیی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە هەر شەش کەس لە جیهاندا یەکێکیان ناتوانێت لە قۆناغێکی ژیانیدا منداڵی ببێت، ئەوەش بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ناوچەیەی تێیدا دەژین یان ئەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستیاندایە.
ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی جەختی کردووەتەوە، کە ئەم دۆخە گوزارشت لە کێشەیەکی تەندرووستی گەورە دەکات کە کاریگەریی لەسەر 17.8%ی دانیشتووانی پێگەیشتوو لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان و 16.5%ی دانیشتووانی وڵاتانی کەم داهات یان مامناوەند هەیە.
گێبریسیۆس دەڵێت: ئەو ڕاپۆرتە یەکەم ڕاپۆرتی لەو جۆرەیە کە لە ماوەی 10 ساڵدا بڵاودەبێتەوە، ڕاستییەکی گرنگی ئاشکرا کردووە کە بریتییە لەوەی نەزۆکی جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکاندا ناکات.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بە هۆکارە پزیشکیی و ژینگەییەکانی پشت نەزۆکیی نەکردووە، یان چۆن ئەم کێشە تەندرووستییە بە تێپەڕبوونی کات پەرەی سەندووە، بەڵام بیرۆکەیەکی سەرەتایی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو کێشەیە بە شیکردنەوەی هەموو ئەو توێژینەوەیانەی کە لەنێوان ساڵانی 1990 و 2021 دا مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، خستۆتە ڕوو.
ڕاپۆرتەکە دەریخستووە کە نەزۆکیی کاریگەریی لەسەر بەشێکی زۆری دانیشتووانی جیهان هەیە، بەوپێیەی ئەم کێشە تەندرووستییە تووشی 17.5%ی گەورە ساڵانی جیهان دەبێت. [1]