پسپۆڕێکی خۆراکی ڕووسیی ڕایگەیاند، ڕەنگە زیانەکانی ئەو سەوزە و میوانەی وەرزی پێگەیشتنی سرووشتیی خۆیان نییە، لە سوودەکانی زیاتر بێت.
دکتۆر ئیرینا نیکولینا پسپۆڕی خۆراکی ڕووسیی دەڵێت: سەوزە و میوەی ناوەرزی ڕەنگە بڕێکی زۆر لە قڕکەر و نیتراتیان تێدابێت کە بەکاردەهێنرێت بۆ درێژکردنەوەی هەڵگرتن و تەمەنی بەسەرنەچوونیان.
بە وتەی ئەو پسپۆڕە، ئەم مادانە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر جەستەی مرۆڤ دەبێت و دەبێتە هۆی درووستبوونی حەساسیەت و کێشە لە سیستەمی هەناسەدان و دەمار و هێلکەدان، جگە لەوەش مێروکوژ و نیترات پەیوەندییان بە گەشەکردنی گرێ شێرپەنجەییەکانەوە هەیە.
هۆشدارییداوە لە زیادکردنی سەوزە و میوەی ناوەرزیی بۆ خۆراکی منداڵان، بەوپێیەی پڕۆسەی پاککردنەوەی ژەهر لە جەستەیان خاو دەبێتەوە و پڕۆسەکە وەک گەورەکان خێرا و چالاک نییە.
ئەو پسپۆڕە ڕێنمانیی دەدات بەوەی، تا هاتنی وەرزی هاوین چاوەڕێی کڕینی سێو و ترێ و شووتی و هەنجیر و هتد بکەین، هەمان شت سەوزەواتەکانی وەک بیبەر و کەلەرم و سپێناخ و خەیار و تەماتە دەگرێتەوە.
دەشڵێت: ڤیتامینەکان دەتوانرێت لە بەرهەمە بەستووەکانەوە دەستبکەوێت، لە ئەگەری حەزێکی بەهێزیش بۆ خواردنی میوەی تازە، باشترە میوەی بچووک بکڕدرێت کە ڕەنگ و بۆنی سرووشتییان هەیە، نەک میوەی گەورە بە ڕەنگی سەرنجڕاکێش. [1]