گۆرانیی فۆلکلۆری
#ئامانج غازی#
داهێنانێکی تاکەکەسییە کە لە جەوهەرەکەیدا بە ڕۆحی دەستەجەمعی لە لایەک وڕەنگدانەوەی لە لایەکی ترەوە تایبەتمەندە ودواتر لە بابەتێکی هونەریدا دەردەکەوێت کە ڕێوڕەسمێکە لە بەشداریکردن لەو بابەتەدا کە لە بەرجەستەکردنی ژیانێکی دیاریکراوە وە سەرچاوە دەگرێت. ساتێک کە وەک دەستپێکەرێک بۆ کردارێک یان گۆڕانکارییەک وەک لە خۆشەویستی، هاوسەرگیری، زەحمەتکێشی، دروێنە، سەفەر یان لەدایکبوون...هتد فەراهەم دەبێت.
گۆرانیی فۆلکلۆری، وەک چۆن پەیوەستە بە سووڕی ژیانی مرۆڤەوە، وزۆربەی ژیانی مرۆڤەکان لە پڕاکتیکە باوەکانیاندا هەڵدەگرێت ومانا بەخشی دەکات ولەناو بابەتەکانیدا، نیگەرانی وئاواتەکانی مرۆڤ لە ژیاندا دەخرێنەڕوو، هەروەها پێویستی ڕۆحی ودەروونی مرۆڤ لە پەیوەندییە بەرانبەرەکانی نێوان توخمەکانی لە لایەکەوە وجووڵەی ژیانی مرۆڤ لە لایەکی دیکەوە بە یەکەوە گرێدەدا.
موزیکی کوردی بە مێژووی خۆیەوە لە ڕەگ وڕیشەی خۆی دانەبڕاوە. لەبەر ئەوەی هیچ شارستانییەتێک بوونی نابێت بەبێ ئەوەی بەرکەوتن وکارلێکی ناڕاستەوخۆی لەگەڵ شارستانییەتەکانی دراوسێیانیدانەبێت، حەتمیی پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان پێویستی بە درووستبوون و سەرهەڵدانی ئاوێتەکراوی کولتووری هەیە، چونکە کولتوورە جیاجیاکانی گەلان، سنووری سیاسی وبەربەستی ناوچەیی ناناسن.
گومانی تێدا نییە کە پێوەری کارایی یەکێکە لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی میراتی میللی، هەروەها جیاکەرەوەترینە لە هەموو ڕەنگەکانی دیکەی داهێنانی مرۆڤەوە. بەداخەوە دەڵێین ئەو دەنگانەی داوای لەناوبردنی میراتی میللی وپەراوێزخستنی لێکۆڵینەوەکان لەمەڕمیراتی میللی دەکەن جگە لە چەند تۆنێکی نەشازچیترنین، بۆیە گەر کارایی (وظيفة) ی فۆلکلۆر لە کۆنتێکستی بە کۆمەڵ کەوتە خوارەوە، ئەوا ئەو کەلەپووروفۆلکلۆرە وەک میراتێکی مردوو لەنێومۆزەخانەو دەقی پەڕتووکەکاندا دەمێنێتەوە، بۆیە بەرز نرخاندنی هۆشیاری هەمەلایەنەی مرۆڤ لە ڕۆڵی فۆلکلۆر لە پاراستنی ڕابردووی گەلان وبەرگریکردندا ئەرکێکی نەتەوەیی ونیشتمانپەروەرانەیە لە ئێستا وداهاتوویاندا[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!