موزیکی ڕۆژهەڵاتی
#ئامانج غازی#
گومانی تێدانییە ئەو پەیوەندییەی لەسەدەی بیستەمدا لەنێوان دوو جیهانی موزیکی جیاوازدا (رۆژهەڵاتیی و ڕۆژاوایی ) ڕوودەدات، لەوانەیە ببێتە هۆی قوربانیدانی بەربڵاو و گۆڕانکاریی دوورمەودا لەشێوەکانی دەربڕینی موزیکدا، کە بەمەرجەکانی وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی و کەلتووری دەسەپێنرێت، ئێمە پێمان وایە درەختی هونەری هەمیشە توانای دەرهێنانی لقە نوێیەکانی هەیە. بۆیە هیچ ترسێک لە میراتی ڕۆژهەڵاتی ئەو گۆڕانە نوێیانەی کە ئەم سەردەمە سەپاندوویەتی نییە، گەر دانەرانی موزیک ژیرانە و بینراوانە و لە ڕوانگەی کولتووریی هاوسەنگەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، نوێبوونەوەی موزیکی هیچ سنوورێکی بۆ بەستنەوەی خەیاڵی هونەرمەند نییە ، چونکە زمانی موزیک بە سرووشتی خۆی نەرمە و دەرگای درککردن بۆ هەمووان کراوەیە بۆخەباتکردن لەپێناو کەلەپووری خەڵک بەوەی هەوڵ بدرێت لەسەر زەمینە بابەتییەکان بابەتەکانی موزیک نوێبکرێنەوە.
بۆیە ئێمە دەبینین و باش ئاگاداریشین کە موزیکی ڕۆژهەڵات لە خۆیدا هیچ توانایەکی دەربڕینی نییە، هەر ئەمەشیان هۆکاریکی کاریگەرە کە وا دەکات تەواوی ئەزموونی موزیکیی ئێمە تەنیا لە گۆرانیدا سنوورداربکرێ ، ئەگەر بە دوای موزیکی بێگەرددا بگەڕێیت، تەنیا ئارگیومێنتی بچوک و سووکی سەرەتایی دەدۆزیتەوە، کە هیچ شتێک دەرنابڕن ولە بنەڕەتیشدا هیچ پەیوەندییەکی بە گۆرانیەکانەوە نییە، سەڕەڕای ئاسانیی تێگەیشتنیشیان، بچوکترین کاریگەریی لەسەر بینەران جێناهێڵن، چونکە ئەم بابەتە بە بێ هۆنراوەی گۆرانیەکە، بە تەواوی بێدەسەڵاتەوئامانجی خۆی ناپێکێ.
بۆیە ئێمە هێشتا لە قۆناغی گوێگرتنەوە نەگوێزراینەتەوە بۆ قۆناغی گوێگرتنی دەروونی، هەموو خۆشیمان چێژێکی هەست و سۆزدارییە کە لە مۆنۆتۆنی ئەو ڕیتمەوە سەرچاوەی گرتووە کە بانگهێشتمان دەکات بۆ پشوودان نەک بیرکردنەوە. بۆیە موزیکی ڕۆژهەڵات هەستی گوێگر دەقۆزێتەوە، نەک هزرومێشکی، ئەوەش کاریگەریی خۆی لاواز دەکات لەسەر هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی، چونکە کاریگەریی هەست لێرەدا بە زەمەنێکی دیاریکراودا بەستراوەتەوەوکاتێک ژەنینی پارچە موزیکەکە تەواو دەبێ، ئەوا ئەوکاریگەرییەش دیار نامێنێت.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!