$یاسای دارستانی خەزعەلی و وتاری پووچی کوردی$
#زکری موسا#
#02-02-2021#
ڤیدیۆیەکی قەیس خەزعەلیم بینی کە سەرکردەیەکی گرووپێکی تووندڕەو و چەکداری شیعەیە. قسەکانی سەرنجڕاکێشن، بۆچی سەرنجڕاکێشن؟ چونکە ڕاستگۆیانە دەدوێت و تەعبیرە لە ڕوانگەی گشتیی ئەو نوخبە سیاسی و سەربازی و تاییفییەی کە پلان و سیاسەتی دەوڵەتی ئێراقیان لە حوکمڕانی و یاسادانان و ئابووری و کارگێڕیی لەبەردەستە. ئەوەی خەزعەلی باسی دەکات بەسەرچوونی هاوپەیمانێتیی شیعە و کوردە، ئەویش بەهۆی نەمانی زەرف یان هەڕەشەیەکی بابەتییانە کە سووننەیە. لە پشتەوەی قسەکانیدا ئەوە دیارە کە مادام سووننە لاواز و بێ ئیرادە و دەستەمۆ بووە، چیتر هەڕەشە نییە. کەواتە بۆ شیعە ناچار بێت باجی هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ کورد بدات کە هۆکارەکەی لە ئەرزی واقعدا نەماوە. ئەو زۆر بە ڕوونی، بە لۆژیک و زمانی یاسای دارستان دەدوێت. کە لۆژیکی هێزە، بەهێز دەبێت بەدوای بەرژەوەندی بێت و پشوو نەدات تاوەکوو ئەو ساتەی لاوازەکە نەخوات. ئەو ڕاشکاوانەتر دەدوێت و پێیوایە ئێستا شیعە کە باڵادەستبوونی بۆ ڕەخساوە دەبێت بەدوای ئەوە بێت کە خۆی بەهێز بکات و بەرەو چڕکردنەوەی دەستەڵات لە ناوەند بڕوات و کار بۆ لاوازکردنی کورد بکات.
لەو لۆژیکە فراوانخوازەدا لاوازکردنی کورد بە مانای وشککردنی سەرچاوەکانی هێز و داهات و سەندنەوەی سەڵاحیات و خاک و جیۆگرافیایە. دوا وێستگەی حەسانەوەی لۆژیکی خەزعەلیزم لەبەرانبەر کورددا سەندنەوەی شوناسە لە کورد. لە یۆتۆپیاکەی خەزعەلیدا وڵات سەرتاپا عەبدی ئایدیۆلۆژیای تاییفییە و کورد وەکوو نەتەوە هیچ داواکارییەکی نییە و بە مەمنوونی هاووڵاتیی پلە دوو و پلە سێی بەهەشتەکەی خەزعەلییە. هۆکارەکەیشی تەنیا ئەوەیە کە دەوڵەتی ئێراق لەسەر فۆرمی خەزعەلی و هاوبیرەکانی دەبێت لەسەر بنەمای لۆژیکی هێز و یاسای دارستاندا قەد بگرێت. ئاخر ئێستا ئەوان بەهێزن و بارودۆخ لە بەرژەوەندیی ئەوانە. بۆیە گەمژەییە کە ئەوان بیانەوێت بەپێی بنەماکانی فیدراڵیزم (دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامان) لەگەڵ ئەوی دیکەدا بژین یانیش لانی کەم لەسەر بنەماکانی هاووڵاتیبوون دەوڵەت پێکەوە بنێن.
ئێستا پرسیارێکی جەوهەری هەیە. ئایا بۆچوونەکەی خەزعەلی هەڵەیە؟ وەڵامەکەی ئاسانە. بۆچوونی خەزعەلی هەڵە نییە و زۆریش درووستە، چونکە ئەوان ستراتیژ و ئامانجیان ئەوەیە و کاری بۆ دەکەن و بڕوایان پێیەتی.
زۆر باشە.. لایەنێکی هاوکێشەکە کوردە، کورد چی بکات؟ ئایا ئەم لۆژیکە قبووڵ بکات و هەرچییەک خەزعەلیزم داوای بکات بەڵێ قوربانی بۆ بکات و لەعنەت لە خۆی و نەفت و شوناسی بکات، تەنیا لەبەرئەوەی خەزعەلی خۆی بە بەهێز دەبینێت؟
ئێمە بە داخەوە ڕۆژانە گوێبیستی دیسکۆرسی خۆڕادەستکردن و ڕادەستبوونین لەناو بەشێکی نوخبەی سیاسیی کورد، بەرانبەر سالارانی تازەی شیعە و ملکەچبوونی کورد بۆ یاسای دارستانین. تەبعەن هاوشێوەی ئەم وتارە خۆبەکەمبینە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا بەدیناکرێت. وتاری ڕادەستبوون، لە بنەڕەتدا وتارێکی خاڵی و بێ مانا و شەرمهێنەرە. ڕادەست بەرانبەر چی و بۆچی و لەپێناو چیدا؟ ئەو هەموو شتی تۆی دەوێت بە شوناسیشەوە. بە هاووڵاتی و شەریکی دەوڵەتت نازانێت و سیاسەتت لەگەڵ دەکات و بە ڕاستیشت نازانێت، تەنانەت ئەگەر بوون و نەبوونی خۆیشتی پێ ببەخشی. ئەی ئەگەر وایە بۆچی ئەو مامەڵەیەی لەگەڵدا دەکەیت؟ بۆ حەز دەکەیت بچیتە ناو هاوکێشەیەک کە لە ئێستاوە دەزانیت تێیدا هەموو شتێک دەدۆڕێنیت؟ نەفت و ڕیفراندۆممان لەعنەتین؟ ئەی کە ئەنفال کراین خۆ نەفت و ڕیفراندۆم لەئارادا نەبوو، ئەی بۆ کورد قڕکرا؟ وەڵامەکەی زۆر وازحە.. کێشەی ئەوان لەگەڵ تۆدا نەفت و ڕیفراندۆم نییە، کێشەکەیان بوونی تۆیە.
نوخبەی سیاسی و فکری و ڕووناکبیری و میدیایی کورد پێویستی بە بەخەبەرهاتنەوەیە. ئەو ڕێگەیەی بەشێکی سیاسییەکانی کورد لە ڕقی پارتی ملیان لێ ناوە و بە شانازیشەوە لە بەغدا کار بۆ پووچکردنی خۆیان و گەلەکەیان دەکەن، لە سیاسەتدا هیچ مانا و مەفهوومێکی نییە. هەروەک پێشتر باس کرا، وتاری خەزعەلیزم زۆر وازحە، دەستبەسەرداگرتنی هەموو شتێکی تۆ. وتاری پارتیش زۆر وازحە، کورد دۆزێکی وجوودی و جیۆگرافی و دەستووری و سیاسیی هەیە و ئەو سیستەمەی ئێستا هەیە لەوە بچووکترە بتوانێت وەڵامی داوا و مافی کورد وەکوو نەتەوە بداتەوە. بەڵام پێمان بڵێن وتاری ئێوە هەڵگری چ مانایەکە و لە کوێی دونیا و لە کام ململانێی جیهانی و ناوچەیی دیکەدا هاوشێوەی هەیە؟ [1]