$رازێکی تەنیا و بەسەرهاتی دیدارێک$
#سیروان ڕەحیم#
#29-03-2020#
هاوینی ساڵی 1996 بوو کاتێک بەرەو لەندەن بۆ سەردانی شاعیرێک بەڕێوە بووم. شاعیرێک لە مێژووی شیعری ئێمەدا ڕازێکی تەنیا بوو. سەرباری ئەوەی لە ماڵی شیعری نوژەندا شوێنگەی گەورە و نایابی خۆی هەس، کەچی ئەو بە هێمنی هات و بە هێمنی ڕۆیشت. سەردانی من بۆ ڕۆژێک بوو، بۆ تاقە ڕۆژێک چووم و مامۆستا هەردی و سەعدیە خان وتیان مەحاڵە، دەبێت شەوێک لە لامان بمێنیتەوە. پێم وایە ئەوەی جارێک لای دابێتە کن ئەو دوو مرۆڤە دەزانێت چەند میهرەبان بوون، میهرەبانییەکی وەها کە میوانپەروەرییان لێدەباری.
سەعدیە خان سەبارەت بە تێکۆشانی مامۆستا هەردی دەیگوت؛ [لەو ڕۆژەوەی ئەم پیاوەم ناسیوە خەریکە و لە خەمی کوردستاندایە. چەند بۆ شانازی و خۆش بوو کاتێک لە پەنجاکاندا سەدەی ڕابردوو خەڵکەکە باسی ئەوەیان دەکرد، کە ئەم و هاوبیرانی کاردەکەن بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان].
مامۆستا هەردی شاعیری ڕۆژگارێک بوو هەموو شتەکان بارگاوی بوون بە سیاسەت. سیاسەت نەیهێشت هیچ بکەین وەکوو خۆی چەندجارێک لەو دوو ڕۆژ و شەوەدا درکاندی، ئەو دوو ڕۆژ و شەوەی من لە لای مامەوە.
بەرێگەوە بەرەو لەندەن من خەیاڵم تژە بوو بە شیعرە تەڕ و پاراوەکانی وی، شیعرە نەرم و نیانەکانی وی و دنیای ڕۆمانسی وی. لە خەیاڵی خۆمدا یان تەماشای لار و لەنجەی ست فاتیمەم دەکرد، لار و لەنجەیەک سەرچاوەی ئاوازی دڵگیر، یاخود لەنێو هەندێ بەیتی لەم جۆرەدا بووم:
(هەموو ڕۆژێ لەبەر سەیری بتی ئەو بەژن و باڵایە
لەسەرڕێیا دەوەستم من هەتاکو ئاوی پێم دایە)
ڕیتم و میوزیک توخمی هەرە سەرنجڕاکێشن لە شیعری مامۆستا هەردیدا، ئێجگار سەرنجڕاکێش. منیش بەڕێگەوە لەنێو ئەو توخمە دڵگیرانەدا خەیاڵم یاری دەکرد.
هەندێ شیعری هەردی هەن، گەر نەڵێم زۆربەیان، لە پارچە نۆتەیەکی ڕەنگینی موزیک دەچن. شیعرن، بەڵام سەرتاپا ئاهەنگ و میوزیک. لەوێدا هەستی ئەو شاعیرە بەڕوونی دەردەکەوێت کە چ هارمۆنی و ئاوازێک لە دەروون و لە شیعریدا هەبووە. ئەمە لە زۆربەی شیعرەکانیدا وایە، جا ئەم شیعرە، شیعرێک خۆی پارچەیەکە لە میوزیک، کاتێک ئاوازی بۆ دادەندرێت و کەسێکی دەنگخۆش، دەنگخۆشێکی وەکوو قادر کابان دەیڵێت، دەبێت بە کارێکی نایاب و لەبیرنەکراو، کارێک نەوە دوای نەوە لە لایان دەبێت بە یادگاری و بە ئاوازی خۆشەویستی.
بەڕێگەوە بەرەو لەندەن، هەندێک جاریش من بە دەم گوتنی ئەو سترانە دڵگیرەی کابانەوە مەسەت دەبووم و لە خەیاڵیشمدا دوو خۆزگەم تاوتوێ دەکرد، دوو خۆزگەم هەڵگرتبوون، دوو خۆزگە بەهیوا بووم لەم گەشتەمدا بەدەستیان بخەم.
(خەڵکی تر پارەپەرستی با بکەن ست فاتیمە
من بە تەنها تۆ پەرستی ئەو پەڕی ئاواتمە)
بێگومان ناکرێت بەڕێوە بیت بۆ لای مامۆستا هەردی و دەنگی دڵبزوێنی عەلی مەردان خەیاڵدانت نەخاتە جووڵە. گوێگرتن لەو شیعرە نازدارە و بەو دەنگە ئاسمانییەی مەردان تەنیا گوێگرتن نییە لە ستران و گوێگرتن نییە لە ڕازێک، بەڵکوو گوێگرتنە لە ئاواز، ئاوازێکی نایاب و دڵکێش، ئاوازێک دەروونی مرۆڤ تژە دەکات لە ئارامی. ئەم بەیتانە هەر وەکوو شیعریش مرۆڤ لەبەرخۆیەوە دووبارەیان بکاتەوە پڕ پڕن لە میوزیک و لە ڕیتمی سرووشتی، ڕیتمێک بێ ئەوەی زۆرلەخۆکردنی تێدابێت. ئەی کاتێک بەدەنگی مەردان گوێی بۆ ڕادێریت؟ دەبێت مرۆڤ بێسنوور سوپاسبژێری یەزدانی دلۆڤان بێت کە دەنگێکی ئاسمانی وەکوو مەردانی بە کوردستان بەخشی.
$دوو شت، دوو خۆزگە و دوو پلانم هەیە و دەمەوێت لە لای مامۆستا هەردی دەستگیرم بن:$
1. تۆمارکردنی شیعری ست فاتیمە بە دەنگ و ڕەنگی خۆی.
2. وەڵامی ئەو پرسیارەم بداتەوە؛ ست فاتیمە کێ بوو.
لە خەیاڵی خۆمدا وام دانابوو مامۆستا هەردی هەردوو داواکەی من بە سانایی جێبەجێ دەکات. لەدڵی خۆمدا دەمگووت؛ تەنانەت گەر خۆیشی حەز بە گوتنی ئەو شتانە نەکات، بەڵام ئەگەر تکا و زۆری لێبکەم دڵم ناشکێنێت.
کاتێک ویستمان دەست بە کارەکانمان بکەین و سەری قسەمان کردەوە، مامۆستا هەردی پێشمکەوت و وتی: هەر باسی ست فاتیمە نەکەیت و پرسیار نەکەیت کێ بوو، ئیتر هیچم لێت ناوێ... من خەیاڵم شکا، بەڵام بەسەر خۆمم نەهێنا. گوتم گرنگ ئەوەیە مامۆستا گیان دڵمان نەشکێنیت و شیعری ست فاتیمە بە دەنگ و ڕەنگی خۆت تۆمار بکەین. وتی: بۆچی زۆر گرنگە؟ بەتایبەتی لەم ڕۆژە ڕەشەی کوردستان و گەلی کورددا. لە کوردستان وا وەڵاتەکەیان کاول کرد، هێزەکانی ئێمە لە بری پارستنی گیان و ماڵی کورد و کوردستانیان وا ڕۆڵەکانی ئەو میللەتە بەیەکتر بە کوشت دەدەن، تۆیش هاتوویت ست فاتیمەت بۆ بخوێنمەوە؟ مامۆستا هەردی زۆر بێزار و خەمگین بوو، بێگومان مافدار بوو، شەڕی ناوخۆ لەو ڕۆژانەدا گەیشتبوو بە لووتکەی کارەسات و ماڵوێرانی گەلی کورد.
دەمەوعەسر چووینە دەرێ و پیاسەیەکمان کرد، پیاسەکەمان بە کامێرا تۆمارکرد، بێئەوەی مەیلی قسەکردنی بۆ کامێرا هەبێت، ئەو پیاسەیە و قسەکردنی زۆرمان ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ ئەوەی شەو داوای دووبارەمان پەسند بکات و شیعری ست فاتیمە تۆمار بکەین، شیعرەکەمان تۆمار کرد.
پاشان دڵی خۆم دەدایەوە و بە خۆمم دەگوت: بۆ دیدار هاتم، دیدار ساز کرا، شیعری ست فاتیمەیش تۆمارکرا، ست فاتیمە کێیە؟ نەیگوت، بەڵام ڕەتکردنەوەکەی بە جۆرێک بوو، شتێک لە دڵنیایی دەبەخشی ئەو ناوە بۆ کەسی دیکە نادرکێنێت. ساڵانێک دواتر کاتێک گوێم لە کاک ئاسۆس هەردی بوو وتی؛ لە کاتی نەخۆشی و لە تەمەنێکی زۆر هەڵکشاویشدا بەوانیش، بە کوڕەکانی خۆیشی، نەگوتوە ست فاتیمە کێیە، ئیدی بۆم دەرکەوت مامۆستا هەردی لەگەڵ بەڵێنی خۆی چەند ڕاستگۆ بووە و بەڵێنێکی چەند پتەوی داوە، کە هەرگیز بە دڵڕەق باسی نەکات و نەیزڕێنێت ناوەکەی.
هەردی شاعیرێک بوو ئەگەر عاشقی زمان و گەلەکەی خۆی نەبا، نەیدەتوانی زمان بگەیێنێتە ئەو دۆخە نیان و زراڤەی کە لیریکی وەها ناسکی پێبئافرێنێت. مانەوە و تەمەندرێژیی شیعری بە ژمارە زۆر و بەهێز چەند گرنگن، مانەوەی شیعری بەژمارە کەم و ناسک گرنگتر، ئاخر ئەمەی دوووەم مانەوەی لە هێزەوە نا، لە ناسکی و دڵگرییەوە سەرچاوە دەگرێت، هەردی داهێنەری ئەو جۆرە بوو لە شیعر و لە لیریک.
یادت بەخێر و گۆڕت پڕ لە تیرێژ بێت مامۆستا هەردی. [1]