$لەنێوان نەوەی ئێستا و نەوەی پێشوودا$
#شۆڕش خالید ئاژگەیی#
#19-09-2021#
زۆر گوتراوە و نووسراوە لەبارەی جیاوازییە بوونیادییەکانی نێوان نەوەی پێشوو و نەوەی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی سەرهەڵدان یا درووستبوونی ئەم جیاوازییانە. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، ئێستاشی لەگەڵدابێ نەتوانراوە ئەم دوو جەمسەرە کۆمەڵایەتییە لە ڕووی فیکر و مەعریفە و جیهانبینیەوە لەیەکدی نزیک بکرێنەوە.
ئایا بوونی ئەم جیاوازییانە وەک چەند زەروورەتێکی مێژوویی دەردەکەون و پێویستە هەبن؟ یا نا... جیاوازییەکان ڕووکەش و کڵێشەیین و بەو قەوارەیە نین، کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و توێژەر و نووسەر باسی لێوە دەکەن؟
بەڵام ئایا بە ڕاستی جیاوازی هەیە لەنێوان ئەو دوو توێژە کۆمەڵایەتییەدا؟
نکۆڵی لەوە ناکرێت، لە زۆر ڕووەوە جیاوازی هەیە لەنێوان ئەم نەوەیەی ئێستا کە لە سەرەتای بیست و سییەکانی تەمەنیدایە، لەگەڵ ئەو نەوەی لە پەنجا و شەستەکانی تەمەنیدایە. بەڵام ئایا جیاوازییەکان ڕادیکاڵی و بوونیادین؟ یا سووک و ساکارن؟
من پێم وایە کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی لە ڕووی بیروبۆچوون و هزر و باوەڕە سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، تێڕامانی نێودەوڵەتی و پەیوەندیی نێوان دوو ڕەگەزی جیا ( نێر و مێ) ، و ئامادەیی بوونی خەسڵەتی سەرکێشیکردن و ناڕەزایەتیی دەربڕین و حەز و ئاوات و خواستە تایبەتییەکان، ئەم دوو نەوە لە یەکدی جیا دەکاتەوە.
نەوەی پێشوو هەڵگری کۆمەڵێک بەهای جێگری کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتووریی جێگر و ڕەسەن بوون و لەژێر هەموو ئەو بارودۆخە سەخت و ناسک و ناهەموارانەی بەسەر گەلی کورددا هاتوون، توانیویانە خۆڕاگر بن و ساردی و گەرمی و ناهەمووارییەکان، کاریگەریی نەرێنی نەکاتە سەریان و هەر ئەمەش بووە تاوەکوو ئێستا بووەتە ڕەمزی مانەوەمان بەزیندوویی و نەتوانەوەمان لە ناو بۆتەی ڕەگەزی داگیرکار بە هەموو فۆرم و ناوەرۆک و ئامانجەکانیەوە.
لەمەش زیاتر، گۆشەنیگای نەوەی پێشوو بۆ بابەتەکانی وەک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان گرووپ و تاکەکانی کۆمەڵگە، چۆنییەتیی تێگەیشتن لە بابەتی خوێندن و خوێندەواری و بڕوانامەی زانکۆ و ئەکادیمی، پێکهێنانی خێزان و دەستگرتن بەبەها و دابوونەریتە ڕەسەنە جڤاکی و کولتوورییەکان، شێوازی ڕەفتارکردن لەگەڵ دایک و باوک، تەواو جیاوازە لە هی نەوەی ئێستا.
ئەگەر لە ڕووی فەلسەفیشەوە لە جیاوازییەکان بڕوانین، دەبێت ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی خۆمان بکەینەوە، کام نەوە لەسەر حەقە و کام نەوەش لەسەر ڕێچکەی هەڵەیە؟ کامیان ڕێچکەی ڕاست و درووستی گرتووەتەبەر و کامیش لەسەر ڕێچکەیەکی چەوت و ناڕاستە؟
بەدەر لە ڕووە فەلسەفییەکەی ئەم بابەتە، من پێم وایە نەوەی پێشوو بە سادەیی بیری دەکردەوە، بە سادەیی دەژیا و هەر بە سادەییش سەری دەنایەوە و چاوەڕوانی لە ڕادەبەری لە ژیان و ئاییندە و دونیای ماتریاڵی و ڕەفاهیەتەوە نەبوو. بەڵام نەوەی ئێستا، سادە بیر ناکاتەوە و ناشیەوێت سادە بژیت. هەڵبەتە ئەم بۆچوونە بەو مانایە نییە، نەوەی پێشوو نەزان بووبێت و ئەمەی ئێستا زانا و دانا و حەکیم بێت.
نەوەی ئێستا بە نەوەی کۆمپیوتەر، دونیای مەجازی، فەیسبووک، سەتەلایت، ئینتێرنێت، گووگڵ و ئایفۆن و تەلەفۆن و وایرلێس ناسراوە. بە واتایەکی دیکە کاراکتەر و مەلەوانی ناو جیهانێکی پڕ لە شەپۆل و هەڵبەز و دابەز و پڕ لە ئیمکانیاتی جۆراوجۆری پەیوەندییەکانە.
بۆیە زۆر ئاساییە نەوەی ئێستا بە سادەیی نەژی و بە سادەییش بیر نەکاتەوە و چاوەڕوانییەکانی لە کۆمەڵگە و ژیان و دەسەڵاتدار، زۆر لەوە زیاتر بێت، نەوەی پێشوو بتوانێ لێی تێبگات و هەزمی بکات.
ئەم نەوە تێگەیشتنی لە جیهان و ژیان و پەیوەندیی نێوان تاک و ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگە لە وانە دایک و باوک و خێزان و قوتابخانە و مامۆستا و زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و پێکهێنانی خێزان و... تەواو لە هیی نەوەی کۆن جیاوازن.
هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە سەردەمانی پێشوودا، بۆ نموونە 50 ساڵ پێش ئێستا، جیهان سادە بوو، کاراکتەرەکان سادە بوون و هەلومەرجەکەش بەم شێوەیەی ئێستا نەبوو و کۆمەڵگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش نەکەوتبوونە بەردەم زریانی وێرانکەری تەکنۆلۆژیا و تەوژمی شۆڕشی خێرای زانیارییەکان و بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیش بە جێگری دەردەکەوتن و دەپارێزران. بە واتایەکی دیکە، کۆمەڵگەی کوردی زیاتر لە کۆمەڵگەیەکی نەریتپارێز و کۆنسێرڤاتیڤ دەچوو تا جڤاکێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو و تەنراو بە تەکنۆلۆژیای زانیارییەوە.
50 ساڵ بەر لە ئێستا کاراکتەرەکانیش سادەبوون...یا سپی بوون یان ڕەش، یا خزمەتکار و دڵسۆز و پاکوبێگەرد بوون یا خیانەتکار و ئەڵقە لە گوێ و خۆفرۆش (جاشەکان) ، یا هەموو سەرمایەی ماددی و مەعنەوی خۆیان ئەخستە کار بۆ ڕزگاری و ئازادی، یا ئەوەتا پوولپەرەست و شێت و شەیدای پۆست و پلە و پایە و کورسی بوون.... زۆر بە ئاسانی دەکرا چاکە و خراپە لە یەکدی جیا بکرێنەوە.
ڕابردوو و کاراکتەرەکانی وەک پەڕاوی ( هاتوو و نەهاتوو/ حازر و غایب) ی قوتابخانە بوون. چەمک و مەفاهیمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سیاسی پێویستیان بە شرۆڤەکاری و لێوردبوونەوە نەبوو... تەنانەت زۆر بەئاسانی دەزانرا کێ چاکەکارە و کێش خراپەکارە، کێ خاوەنی کەسایەتییەکی پاکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و نیشتمانیی بەرزە و کێش خراپەکاری و گەندەڵی و دزی و ناپاکی و درۆزنی و ڕیاکاری و قۆڵبڕی چووەتە ناو خوێن و دەمارەکانییەوە....هەموو ئەمانە بەهۆی سادەیی ژیان و هەلومەرجەکانەوە دەکرا زۆر بەئاسانی و بێ ماندووبوون لێک جیابکرێنەوە.
بەدەر لەمانە، جاران کەس ناچار نەبوو مێشک و زهنییەتی خۆی بە شیتەڵ کردنەوە و تێگەیشتن لە چەمکەکانی دیموکراسی و ناسیۆنالیزم و کۆمۆنیزم و فاشیزم و ( نیزم) ەکانی دیکەوە سەرقاڵ بکات یا بیەوێ بە ڕووکەش لاسایی وڵاتانی پێشکەوتوو بکاتەوە یا سیستەم و مۆدێلی حوکمڕانی نامۆ بە کولتوور بەها جڤاکی و ئایینییەکان، بەبێ دیراسەکردنێکی ورد و ئەکادیمییەوە، لە کۆمەڵگەی کوردی پیادە بکات.
هەموو ئەمانە وایانکرد نەوەی پێشوو ببێتە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بنەڕەتییە، کە من پێم وایە نەوەی ئێستا نییەتی. لەوانە نەوەی پێشوو لەژێر گشت دۆخێکدا هیوا و ئومێدی خۆی نەدەدۆڕاند و هەمیشە پڕ بوو لە ئومێد بە ئاییندەی گەش و لە شکست و نسکۆش ترسی نەبوو و بڕوا و متمانەشی بە تواناکانی خۆی نەدەدۆڕاند.
ڕەنگە سەرچاوەی بە سادەیی ژیان و هیوانەبڕاوی نەوەی پێشوو بۆ بەسادەیی بیرکردنەوەیان بگەڕێتەوە و نائومێدی نەوەی ئێستاش بۆ واقعبینی و واقعگەرایی و بەرزیی ئاستی داواکارییەکانیان بگەڕێتەوە. لەوانە کەڵەکەبوونی دەیان پرسیاری جۆراوجۆری بێ وەڵامی کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و ڕووناکبیری، زانستی و ئەکادیمی، کە ڕەنگە جاران قەت بە زەینی نەوەی پێشوودا نەهاتبن و کەسیش بیری لێنەکردبێتەوە.
لە کۆتاییدا پێم وایە نەوەی پێشوو بەرهەمی سەردەم و هەلومەرجی ژیانی ئەوکاتی خۆی بوو و، نەوەی ئێستاش بەرهەم و دەرەنجامی زەمەنی تایبەت بە خۆیەتی.
هەر بۆیەش جار ناجارێک دەبینین جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو نەوەیە بەهۆی تێڕامان و پەروەردە و بیروبۆچوونە جیاوازەکانیانەوە لە کاتی ڕوودانی ڕووداوەکانی کۆمەڵگە و جیهانی دەرەوە، بە زەقی دەردەکەون.
کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی ژێردەستەیی و ستەمی دەسەڵاتدارانی بەغدا و خەباتی نەتەوایەتی گەلەکەی لەپێناوی ئازادیدا بە درێژایی 80 ساڵی ڕابردوو و دامەزراندنی چەندین پارت و بزووتنەوەی سیاسیی دژ بەیەک و بەرژوەندیخوازەوە، لە هەموو ڕوویەک و بە هەموو پێوەرێک، کۆمەڵگەیەکی ماندوو و شەکەت و هیلاکە.
هەر ئەمەشە وای کردووە نەوەیەک (نەک هەر هەمووی) درووستببێت، لە حاڵەتی درووستبوونی بچووکترین کێشەدا، دەست بۆ هەنبانە بۆرینەیەکی پڕ لە جنێو و سووکایەتیکردن ببات و لایەنی بەرانبەری پێ سووک و چروک بکات. ئەم حاڵەتەش جاران ئەگەر دیاردە بووبێت، بەداخەوە لەم سەردەمەدا بووەتە حاڵەتێکی تا بڵێی قێزەون بۆ ناشرینترکردنی کۆمەڵگە و ڕووبەڕووبوونەوەی تاکەکانی بەهۆی پەروەردەی سەقەت و ڕووحی سەرکێش و وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکان و بە حیزبیبوونی کۆمەڵگەوە لە هەموو ڕوویەکەوە.
نەوەیەکی کۆنی ماندوو و هیلاک کە توانای وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی کۆمەڵگەی بە گشتی و بۆ گەنجان بە تایبەتی نییە و بەهۆی پەرتەوازەیی و بەردەوامیدانی بە دووبەرەکی و ململانێی سیاسی و شکستەکانەوە، نەیتوانیوە بپڕژێتە سەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی و گونجاو بۆ ئەو دەیان کێشەیەی بەهۆی کەڵەکەبوونیانەوە بەرۆکی گرتووە و بووەتە هۆکاری زیاتر ڕووبەڕووبوونەوەی هەردوو جەمسەری نەوەی کۆن و سەرکێشییەکانی نەوەی نوێوە.
ئەوەی بۆ ئێستای دەسەڵاتداران بە گشتی و ناوەندەکانی زانست و ئەکادیمەوە بە گشتی یەکجار گرنگە، تێگەیشتنە لە ڕەگەزە پێکهێنەرە سەرەکییەکان، بەرژەوەندییە دژ بە یەکەکان، بەرژەوەندیی حیزبەکان، پەیامی حیزبەکان، ئامانجی حیزبەکان لە دامەزراندنیان، چین و توێژەکان، داواکاری و خواستەکان، پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکان، ئاسۆی ئاییندە و گەیشتن بە حەز و ئاواتە تایبەتییەکان و خۆشکردنی زەمینەی گەیشتن بە ئامانجەکان، بە هاوکاری هەموو ئەوانەی لەم هەرێمە بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات و نفوز و خەمخۆری ڕاستەقینەن. [1]