$مووشەکبارانکردنی #هەولێر# و دەستی بێ ئێسقانی بایدن$
#شیروان شەمێرانی#
#16-02-2021#
ئایا بایدنی سەرۆکی ئەمریکا نینۆک لە پەنجەکانیدا نەماوە و دەستی بێ ئێسقانە تا مشتەکۆڵەی پێ بووەشێنێت؟ زۆر لە پەیوەندیداران، کاربەدەستان و چاودێران لە کاتی سەرنەکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکەی ئەمریکادا، دەیانگوت بە هاتنی بایدن ژیری دەگەڕێتەوە و ئەو پۆپۆلیستییەی لە سەردەمی ترەمپدا ئاسمانی سیاسەتی نێودەوڵەتی داپۆشی کۆتاییهات، دەکرێت ئەم قسەیە بە ڕێژەیەک بۆ ئەوروپییەکان گونجاو بێت، چونکە خاوەن وڵاتی جێگیر، یاسادۆست و دیموکراتن، بەڵام ئەوەی مایەی تێگەیشتن نییە ئەوەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەو قسە و لێدوانانە بدرێت.
پێش کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپ بە سێ هەفتە، لە تویتەر وتی: ئامۆژگارییەکی دۆستانە بۆ ئێرانییەکان، هێرشکردنە سەر ئەمەریکییەکان و کوشتنیان باجێکی قوورسی دەبێت، زۆر بیربکەنەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا ئەو ڕێڕەوە سەربازییەی ترەمپ بە تەواوی گرووپە چەکدارەکانی ڕاگرت، دەست و قاچی کۆتکردن، هەموویان لەگەڵ یارمەتیدەرەکانیاندا چرکە بە چرکە کۆتاییهاتنی کاتی ترەمپییان هەژماردەکرد، هەناسە هوڕکێیان بوو.
ئەوانەش کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیانگوت کە ژیری و هاوسەنگی لەگەڵ جۆبایدنی سەرۆکی نوێدا دێنەوە، تەنیا قسە بەڕەونەقەکانی ناو پەرتووکی پەڕتووکخانەکان دەڵێنەوە، دوورە لە تێگەیشتنی هێڵی ڕووداوەکان، کەی لە ڕۆژهەڵاتدا عەقڵکاری کراوە؟ ژیری ئەسڵەن لە کوێی ڕووداوەکانی ناوچەکەماندایە؟
ئێران بە زەبری هێز، چ نەرم و زۆربەی کاتیش ڕەق و دەستی دڕکاوی لەکاتی تەوقەکردندا، توانی خۆی بکاتە هێزی یەکەم لە ئێراقدا و بەزۆر ئەمریکای هێنایە سەر ئەو مێزەی خۆی ویستی، هەروەها لە یەمەن، ئایا لە سووریا عەقڵکارییە؟ ئەو هەژموون و ئامادەییەی تورکیا لە ناوچەکەدا بێجگە لە هێز چی دیکەیە؟ لە ئێراق، کوردستان، سووریا، #عەفرین#، ئەرمینیا، لیبیا و ئەفغانستان.. بەڵام ئەو وڵاتانەی کە لاوازن و دەستێکی نەرم و شل و عەقڵێکی ڕاڕایان هەیە، ناخوێنرێنەوە، شوێنکەوتەن، نەک وڵات، تەنانەت حیزبەکانیش.
لە سووریادا و لە سەردەمی ئۆبامادا، بەشار ئەسەد بە هەرچی لاوازییەوە هەیە، گاڵتەی بە ئۆباما دەکرد، نەک بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵکوو بە ئەمریکای ئۆباما، لەکاتی لووتکەی تاوانەکانیدا دەرهەق بە گەلی سووریا، ئۆباما وتی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هێڵی سوورە، بەڵام خوێندنەوەی ئێرانییەکان و بەشار و ئەوانی دیکەش ئەوەبوو کە ئۆباما پیاوی هێز و حەسم نییە لەو تاقیکردنەوەدا دەکەوێت، هەر واش دەرچوو.
پاش هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر کە بۆ یەکەمین جارە بەو جۆرە هەولێر مووشەکباران دەکرێت، هەندێ لەوانەی گوتمان ڕوون دەبنەوە، بەڵام ترەمپ دۆخێکی لە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان و دۆسییە ئاڵۆزەکاندا بەجێهێشتووە، بەئاسانی بایدن لێی دەرباز نابێت، ئایا ئەگەر ترەمپ لە کۆشکی سپی بووایە، گرووپە چەکدارەکان و هێزە نێودەوڵتییەکانی پاڵپشتییان ئەو بوێرییەیان دەبوو؟
ئێستاش کە مووشەکبارانی دەزگا ئەمەریکییەکان کرا، ئەمریکی لێیدرا، وەڵامی بایدن چی دەبێت؟، تۆڵەی کوشتن و بریندارکردن چۆن دەکاتەوە؟ لەم کاتانەدا بەراورد لەنێوان ئێران و ئەمریکادا ناکرێت ئەوەندەی بەراورد لەنێوان بایدن و ترەمپدا دەکرێت، ئەمریکای بەهێز، ئەمریکای بەهەیبەت، لای ترمپە، یان بایدن؟
ئەگەر بایدن چاوەڕێی عەقڵکاری بێت ئەوە هەرزوو کەوڵ کراوە، ئەوانەی کە ئەو کردەوانە ئەنجام دەدەن، تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن، تا ئەوکاتەی ئیجبارت دەکەن بێیتەسەر سەر ئەو هێڵەی ئەوان دەیکێشن.
دانووستاندن؟ لە سەردەمی حکومەتی یەکەمی نووری مالیکییەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەنێوان واشنتن و تاراندا هەیە، ئەوەش ئەنجامەکەیەتی، لەسەردەمی ئۆبامادا ئەمریکا نیمچە تەواو دۆڕاندی بەرانبەر ئێران، ئێستاش بایدن هاتەوە، یان وەک دەڵێن: ئۆبامای 2، ئەو مووشەکانەی نران بە هەولێرەوە تەنیا تاقیکردنەوە نییە، بەڵکوو بۆ هێنانی جۆ بایدنە هێنانێکی زۆرەملێی بۆ کردنەوەی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران و جەنگی ئاسایی لەگەڵ ئەمریکا لە ناوچەکەدا، چونکە دۆخی ناوچەکەمان بەرگەی هەناسە و نەخشەدرێژی ئەمریکا ناگرێت، دڵنییای ئەنتی - ئەمریکییەکانیشە لەوەی کە جەستەی بایدنی ئۆباما لەرزۆکە، لێرەدا وەڵامی ئەمریکییەکان ڕوونی دەکاتەوە کە ئایا ئەو خوێندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و ئێرانییەکان پێکاوییەتی یان بەهەڵەدا چووبوون و ئێسقانەکانی دەست ئەمریکا زۆر بەهێز و تەندرووستە. [1]