$یەکێتی چی دەکات و خەڵک چاوەڕێی چییە؟$
#عومەر عەبدوڵڵا فەتاح#
#14-10-2020#
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، #لاهور شێخ جەنگی#، سەردانی دەڤەری ڕاپەڕینی کرد و لەوێ ژمارەیەک کۆڕ و کۆبوونەوەی کرد کە هێندێک لەو جموجووڵ و چالاکییانە جێگەی سەرنج بوون.
لە ڕاستیدا سەردانی هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ کۆڕ و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکەی مافێکی ئاساییە و هەر سەرۆک و سەکردەیەکی سیاسی ئەو مافەی هەیە کۆڕ و کۆبوونەوەی حیزبی لەگەڵ ئەندام و لایەنگرەکانی حیزبەکەیدا بکات لە #زاخۆ# بۆ #خانەقین# بەبێ جیاوازی، بەڵام ئەوەی نەدەبوو ڕووبدات و نەگونجاوە و پێچەوانەی بنەمای کاری دەوڵەتداری و فرەیی سیاسیی مەدەنیانەیە، کۆڕ و کۆبوونەوەیە لەگەڵ دەزگای دەوڵەتی و نیشتمانی و سەربازیدا. دامەزراوە حکومی و سەربازییەکان دامەزراوەیەکن پێویستە لەژێر ڕکێفی یاسادا بن و نابێت لە هیچ چالاکییەکی سیاسی و حیزبی تێوە بگلێنرێن. تێوەگلانی هێزە سەربازییە چەکبەدەستەکان یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی کوردستان و سیستمی حوکمڕانییە.
چاوەڕوانیی خەڵک و چاودێرانی سیاسی لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوسەرۆک و سەرکردەکانی ئەوەیە لەپاش کۆنگرە خۆیان نوێ بکەنەوە، سیاسەتیان بگۆڕن و درێژە بە سیاسەتی هەڵەی چەندین ساڵەی دەسەڵات نەدەن کە تا ئێستاش ماڵوێرانی و دواکەوتن و لاوازبوونی هەرێمی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت درێژەدان بەمشێوازە لە کارکردن لە داهاتوویەکی نزیکدا بوون و کیانی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە و میللەتەکەمان لەوە زیاتر برسی و پەرتەوازە دەکات و کیانەکەشی زیاتر پاشەکشێ پێ دەکات و ئەوەی بە خوێن دەست گەلەکەمان کەوت، بە خوێنساردیی سەرۆک و سەرکردەکانی لەدەستیدەدەین.
یەکێتی لەگەڵ پارتی هاوبەشی دەسەڵاتە، هەر جموجووڵێکی سیاسیی هەڵەیان ڕاستەوخۆ کاریگەریی زۆر خراپ لەسەر ئاییندەی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی درووست دەکات. لەم ڕوانگەیەوە کۆبوونەوە و کۆکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەردانەکەیدا لە دەڤەری ڕاپەڕین هەڵەیەکی کوشندەیە و درێژەدانە بەو سیاسەتەی پێشمەرگەی کردووەتە دەستەمۆی حیزب و چەکی لە دەستی حیزبی سیاسیدا هێشتووەتەوە کە هەمیشە کوردستان دەخاتە بەردەم ئەو مەترسییانەی کە لە ڕابردوودا بێجگە لە خوێن و قوربانی و ماڵوێرانی هیچی تری بەدوای خۆیدا نەهێناوە و بۆ ژیانی سیاسی و دامەزراوە دەوڵەتییەکان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەڕەشە و مەترسییەکی ئامادە بووە
.
کوردستان لە بەردەم قەیرانی قووڵ قووڵدایە؛ قەیرانی هەمەچەشنەی پەیوەندیدار بە سیاسەتی بەڕێوەبردن، پەیکەری حکومەت، قەیرانی دارایی و ئابووری، نزیکبوونەوەی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان لە هەرەسی تەواوەتی، قەیران و مەترسییە دەرەکییەکان، کێشەی زەوی و جوگرافیا، بە جۆرێک ئەگەر نەخشەڕێگەیەکی ڕوونی نیشتمانییانەی دەوڵەتدارانەی ستراتیجی نەبێت، ئاییندەیەکی زۆر مەترسیدار چاوەڕێمانە. جا هەرکەس ئازادە کام بڕیارە دەدات؛ درێژە بە سیاسەتی چەوتی پڕ هەڵەی ڕابردوو دەدات، یان سیاسەتێکی نوێ پەیڕەو دەکات، بەرژەوەندیی گشتی هەڵدەبژێرێت و واز لە بەرژەوەندیی حیزبی دەهێنێت یان بە پێچەوانەوە سەرقاڵی دەوڵەمەندکردنی خۆی و حزبەکەی دەبێت. خەڵک چاوەڕوانی ئەوە بوو یەکێتی لەدوای کۆنگرە سیاسەتێکی نوێ پەیڕە و بکات و هەر بە ڕاستی نوێ ببێتەوە، کار بکات بۆ ئەوەی سیاسەت و بەڕێوەبردن لە کوردستان بکەوێتەوە سەر سکەی ڕاستەقینەی خۆی، کار بکات بۆ درووستکردنی دامەزراوە و سەروەریی یاسا و بێلایەنیی هێزی پێشمەرگە، وەک چۆن لە ڕابردوودا هاوبەشی خراپەکارییەکان بووە، لەمەودوا ببێتە هاوبەشی گۆڕین و چاکسازی، چونکە خەڵک ئەم چاوەڕوانییەی هەیە، خۆ هەر دەبێت لایەنێک دەستپێشخەری بکات. ئایا نەدەکرا و ناکرێت یەکێتی ئەو لایەنە نەبێت؟ [1]