$پرسیارێک کە پێویستە هەموومان بەدواى وەڵامەکەیدا بگەڕێین!$
#عومەر عەبدوڵڵا فەتاح#
#03-12-2020#
(1)
هەرگیز ئەو بەیانیەم بیر ناچێتەوە، کاتێک گەنجێک کە تەمەنى نزیکەى (35) ساڵێک دەبوو، لەسەر کورسییەکى گەڕۆک، هاتە ژوورەکەم و باسى خۆى بۆ کردم: من ئەوە دوو ساڵە لەسەر ئەم کورسییە گەڕۆکەم، ئاتاجم بە هاوکارى کەسانى دەوروبەرو منداڵەکانمە تاوەکوو هاتوچۆ بکەم، یان پێویستییەکانى ڕۆژانەم جێبەجێبکەم، خێزاندارم و سێ منداڵم هەیە، لە خانوویەکى کرێدام لە گەڕەکى ڕۆژهەڵات، تا ئەو ڕۆژەى کە بە ڕووداوى هاتوچۆ دڕکە پەتکم پساو لە ناو قەدم بەرەو خوارەوە لە جووڵە کەوت، من ڕۆژانە کرێکاریم دەکرد، کرێکارىی بینا، پێویستیم بە کەس نەبوو کە هاوکاریم بکات و خۆم بە پارەى حەڵاڵى خۆم ژیانى خۆم و منداڵەکانم دابین دەکرد، بەڵام ئەوە دوو ساڵە لەسەر ئەم کورسییەم، بێ زەحمەت پێم بڵێ چۆن بژێوى خۆم و خێزانەکەم دابین بکەم؟
ئەو کاتەى ئەو گەنجە ئەو ڕووداوەى بۆ گێڕامەوە، چوار ساڵ پێش ئێستە بوو، واتە ئەوە شەش ساڵە ئەو گەنجە لەسەر کورسییە جووڵاوەکەیەتى و تەمەنى بووەتە (39) ساڵ و منداڵەکانى هەریەکەیان چوار ساڵ چووەتە سەر تەمەنیان، بەڵام حکوومەتى هەرێمى کوردستان تاوەک ئێستاش ئەو بڕە پارە هاوکارییەى کە بە یاسا مافى خۆیانە، بۆی دابین نەکردوون، هەروەها هیچ شتێکى دیکەیشى بۆ نەکردوون!
(2)
لە مانگى پێشوو، حکومەت بڕیاریدا مووچە لەگەڵ بەغدا ڕێک بکاتەوە، بەمەش وازى لە مووچەى پێنج مانگى فەرمانبەران هێنا، لە هەمانکاتدا وازیشى لە هاوکارییەکانى یانزە مانگى خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هێنا، من نازانم حکومەت چۆن دەتوانێت ئەو هاوکارییەى کە بڕەکەى تەنیا (150 هەزار) دینارەو بۆ منداڵانى (داون، تالاسیما، ئۆتیزم، شەشەل، ...) تەرخانکراوە وازى لێبهێنێت؟ ئەمە بۆ هەر مووچەخۆرێک جۆرە ناوێکى لێبنێت، بۆ کەسێک کە هاوکاریی پێ بەخشى و پێى نابەخشێت، ناودەنێت چى؟
(3)
لە هەموو کورستاندا تەنیا لە ناو شارە گەورەکانى سلێمانى، #هەولێر#، #دهۆک#، پەیمانگەى تایبەت بە نابینایان و نابیستان هەیە، منداڵانى شارۆچکە و شارەدێ و شارۆچکەکان بێبەشن!
(4)
نزیکەى (80000 هەشتا هەزار) هاووڵاتى، مانگانە هاوکارییان هەیە، کە کۆى بودجەکەى نزیکەى (12 ملیار دینار) ە، بەڵام زیاتر لە (20000 بیست هەزار) هاووڵاتى، لە (2012) ەوە چاوەڕوانى ئەوەن حکومەت بڕى ئەو (150هەزار دینار) ەیان بۆ دابین بکات! ئەمە لە دۆخێکدا بەتەنیا پارەى دەستکەوتووى یەک ساڵى بەڕێوەبەرایەتییەکى وەک بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆى سلێمانى، دەتوانێت بودجەى ساڵێکى هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دابین بکات!
(5)
تووشبووانى (تالاسیمیا، شەلەل دەماغ و هێندێک حاڵەتى دیکەیش) ڕۆژانە یان هەفتانە پێویستیان بە چارەسەرى پزیشکییە، بەڵام چارەسەرەکان لە نەخۆشخانەکان وەک پێویست دەست ناکەون، و وەک پێویست بەردەست نین!
(6)
ئەو منداڵانەى ئۆتیزمیان هەیە، ژمارەیان زیاترە لە (1500) منداڵ، بەڵام تەنیا (40) منداڵیان لە سەنتەرى ڕاهێنانى حکومى ڕاهێنان وەردەگرن، ئەوانى دیکە هیچ سەنتەرێک نییە خزمەتگوزاریی ڕاهێنانیان پێشکەش بکات و دەستیان بگرێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ ژیانى ئاسایى، لە سەنتەرە حکومییەکانیش نرخى ڕاهێنان لەنێوان (250000 بۆ 600000) هەزار دینارە، بەڕاستى ئەم بڕە پارانە بۆ خێزانێک زۆر قوورسە، بەتایبەت لە دۆخى قەیراندا.
(7)
وەزارەتەکانى (شارەوانى، تەندرووستى، پەروەردە، خوێندنى باڵا، کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى) زۆر کەمتەرخەمن بەرانبەر هاووڵاتییانى خاوەن پێداویستیی تایبەت و جێبەجێکردنى یاساکەیان، و یاساى ژمارە (22) ى ساڵى (2011) وەک خۆى جێبەجێ ناکەن و ژینگەیەکى گونجاو و شیاو بۆ ژیانیان ناڕەخسێنن!
(8)
بۆ گفتوگۆى هەموو کێشە و گرفتەکانى منداڵان و هاووڵاتییانى خاوەن پێداویستیى تایبەت، لە بەروارى (18-11-2020) ، بە واژۆى (34) ئەندام پەڕڵەمان، داوامان کردبوو پەڕڵەمان بە ئامادەبوونى وەزیرانى (دارایى، تەندرووستى، کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى) دانیشتنێکى تایبەت ڕێکبخات، لە بەروارى (25-11-2020) داواى لێکردین ڕاپۆرتێک بۆ گفتوگۆى ئەو دانیشتنە تایبەتە ئامادە بکەین، لە بەروارى (30-11-2020) لە دووتوێى (10 لاپەڕە) و بە (یانزە خاڵ) ڕاپۆرتەکەمان ئاڕاستەى دەستەى سەرۆکایەتى پەڕڵەمان کردەوە، هیوامان وایە هەوڵەکانمان سەرکەوتووبن لەم بوارەدا و پەڕڵەمان بتوانێت لەم بارەیەوە ئەرکەکانى جێبەجێ بکات، ئەم هەوڵەشمان بۆ ئەوەیە تاوەکوو وەڵامى پرسیارى دەیان و سەدان گەنجى وەک ئەوەى سەرەوە بدەینەوە، پرسیارێک کە هەموو مرۆڤێکى بە ویژدان ڕادەگرێت و ناچارى دەکات بیر لەوانى دیکە بکاتەوە.
ئاخر چۆن دەبێت لە وڵاتێکدا بژین خەڵکێک هەبێت مووچەکەى بگاتە چەند ملیۆن دینارێک و خەڵکێکیش تەنانەت بە بڕێکى کەمى (هاوکاری) ش سوودمەند نەبێت لە داهاتى گشتى؟ بەتایبەتیش ئەگەر ئەو کەسانە هاووڵاتییانى خاوەن پێداویستى تایبەت بن، بەڕاستى ئەمە گەورەترین نادادپەروەرییە لە دابەشکردنى داهات.
(9)
ئەمڕۆ، 3ى 12، کە ڕۆژێکى جیهانى تایبەتە بەوان، پێویستە هەموومان لە بیریاندا بین، بیرى هاووڵاتییانى خاوەن پێداویستى تایبەت، ڕاستە من لەسەرەوە زیاتر تیشکم خستووەتە سەر لایەنە ماددیەکە و ئەرکى دامەزراوە فەرمیی و دەوڵەتییەکان، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان لە هەر هاووڵاتییەک چاوەڕوانیان هەیە، چاوەڕوانى ڕێز و مامەڵەیەکى تەندرووست. [1]